بورهان شێخ ڕەئوف: داعشى دواى عێراق و عێراقى دواى داعش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر چى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام لە ساڵى 2014 لە مزگەوتى نورى لە شارى موسڵ ڕاگەیەنرا لە لایەن ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەى دەوڵەتەکەوە وا ئێستا لە دواى پووکانەوەى ئەو دەوڵەتە و لە دەستدانى زۆربەى ڕووبەرەکانى بندەسەڵاتیان لە عێراق و بەرتەسک بوونەوەى دەسەڵاتى ڕەشیان لە چەند شارۆچکەو گوندێکدا لە عێراق و لە شامیش لە ڕەقە لەگەڵ هێزەکانى سوریاى دیموکراتدا لە شەڕێکى قورسدان و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە قاڵب دەدرێن.
بۆیە لە عێراقدا لەمەودوا هیچ بنەمایەکى ئەو دەوڵەتە وەحشیگەرییە نامێنێت چونکە نە خاک و نە خەڵکیان لە بندەستدا نامێنێت و بەڵکو دەبنەوە بە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکەى جاران وخۆیان لە گەڵ بارودۆخى نوێدا ڕا دەهێنن.
ئەوەى ڕوون و ئاشکراو بەڵگە نەویستە ئەوەیە کە هێزەکانى عێراق بە پشتیوانى هاوپەیمانان بست بە بستى خاکى عێراق پاک دەکەنەوە لەو هێزە تیرۆریست و وەحشیگەرە کە سێ ساڵى ڕابردوو هەموومان شاهیدى تاوان و حەماقەتەکانیان بووین. بەڵام ئەوەى قورسەو کارى جدى و هەوڵ و تێکۆشانى هەموو لایەکى ناوخۆ ودەرەکى گەرەکە ئەو بیرو مێشک و هزرو بۆچوونان کە هەڵگرى بیرى توند ئاژۆیى ئەو زەمینە لە بارو بە پیتەن کە تووندڕەوى بەرهەم دێنن چۆن و بەچى ڕیگایەک بەریان لێدەگیرێت؟
نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت ئەمڕۆ داعش هەر لە عێراق و سوریا خاوەنى پێگەو گۆڕەپانى ململانى نەبووە، بەڵکو هەر لە باکورى ئەفریقیا لە میسرەو تاوەکو مۆریتانیا بوونى هەیە جگە لە بوونى باڵێکى بەهێز لە ڕۆژهەڵاتى ئاسیا بە تایبەتى لە فلیپین و هەروەها جگە لەوەى کە شانەى تریان لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕوسیا هەیە.

چارەنووسى چەکدارە تیرۆریستەکانى داعش
ئەوەى جێگەى ترسى زۆرێک لە وڵاتانە چارەنووسى چەکدارەکانى دەوڵەتى ئیسلامیە لە دواى هەڵوەشانەوەى دەوڵەتەکەیان چونکە ئەو چەکدارانە لەزۆر کونج و کەلەبەرى دنیاوە کۆببوونەوە هاتبوونە عێراق و شام ئێستا مەترسى ئەوە هەیە و پێشبینى ئەوە دەکرێت ئەوانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانى پێشووى خۆیان و لەوێ دەست بکەنەوە بە کارو چالاکى تیرۆریستى هەروەکو پێشتر لە زۆر جێگەدا باسى کراوە کە سەدان لەوانە خاوەنى ناسنامەى ئەوروپى و بە تایبەتى فەرەنسى بوو ن.
پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین هەندێک لە شارەزایان و لێکۆڵەرانى بیرى تووندڕەوى باسى ئەوە دەکەن کە هەندێک لەو چەکدارانە پووچەڵى ئەو بیرو بۆچوونانەیان بۆ دەرکەوتووە دەکرێت ڕابهێنرێنەوە بۆ کارى ئاسایى ژیانى تایبەتى خۆیان.

عێراقى دواى داعش
ئەوەى جێگەى نیگەرانى و بگرە سەرسووڕمانیشە هەڵوێستى حکومەتى عێراقە بۆ ناوچە ئازاداکراوەکان لە دەستى داعش و هەموو عێراقیش چونکە هیچ پلان و بەرنامەیەکى ڕاگەیەنراو یان ئامادەکراوى نیە بۆیان بەڵکو ئەوە وڵاتانى ئیقلیمى و دراوسێ ى عێراقن زیاتر چاویان لەو ناوچانەیەو لە هەوڵى پڕکردنەوەى بۆشایى دواى نەمانى داعشن.
لە هەمانکاتدا ئەوەى شایانى هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە زۆرێک لە چاودێرانیش لەسەرى هاوڕان ئەوەیە کە ململانێ ئتنیکى و تائیفیەکانى ناوچەکە ئێستا لە ساڵى 2014 ى کاتى سەرهەڵدانى داعش زیاتر لە برەو گەشەدان بۆیە بە دوورى نازانن کە ململانێ لە سەر دەستکەوتەکان لە نێوان وڵاتانى ئیقلیمى ببێتە فاکتەرێک بۆ دوورکەوتنەو لە شەڕى تیرۆر و داعش.
هەروەکو دیارە ئەو وڵاتانەى لە سەر گۆڕەپانى عێراق و شام ڕۆڵ و کاریگەرییان هەیە لە هەوڵى ئەوەدان کە فراوانترین ڕووبەرى خاکى ئازادکراو لە دەستى داعش بخەنە بندەستى خۆیان بۆ نمونە ئێران عێراق وەکو باخچەیەکى پشتەوەى ماڵەکەى خۆى دەبینێت و تورکیا چاوى لە ولایەتى موسڵەو بە تایبەتى هەرێمى کوردستان و ئەمریکاش لە هەوڵى کەمکردنەوە و دانانى سنوورە بۆ هەژموون و دەستێوەردانى ئێرانە لە عێراق و سوریا بۆیە وردە وردە ململانێکان زیاتر دەردەکەون ئەگەر جاران لە ژێر پەردەى شەڕى تیرۆر و داعشدا شاراوە بوون.
ماوەتەوە بڵێین کوردیش ئێستا کە بە ماڵێکى شێواو قەیرانگەلێکى جدى و نیگەرانى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە سست بوون وپەککەوتنى پرۆسەى دیموکراسى لە هەرێمەکەدا چاوى لە دیاریکردنى چارەنووسى خۆیەتى وەکو لایەکى براوە و بەشداربوویەکى جەنگى تیرۆر بەتەماى غەنیمەو دەستکەوتى ئەو جەنگەیە کە بەشداربوویەکى کاراو کاریگەربوو لە سێ ساڵى ڕابردووداو قوربانى گەورەو زەبەلاحى بۆبەخشى.
شیعەش وەکو پێکهاتەیەکى سەردەستە و براوەى شەڕەکە ئێستا خۆى بە سەرکەوتوو دەژمێرێ و خوازیارى عێراقێکى سنتراڵ و بە هێزە بە هەمان ڕیتمى پێشوو دەڕوات و بە تایبەتى کە ئێستا خاوەنى هێزى تائیفى حشدى شەعبیە خۆیەتى.
سوونەش لە دۆخێکدایە کە ئیرەیى پێ نابرێت چاوەڕوانى مەرحەمەتى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانێتى کە بە هانایانەوە بێنەوە پێگەو جێگەى لە دەستچوویان بۆ بگێڕنەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت