بەختیار نامیق: (بەڵێ) و (نەخێر) ی ڕیفراندۆم وەک ماکیاج.
ڕیفراندۆم بەهەر دوو بەرەکەوە جۆرێکە لە سیناریو و ماکیاج بۆ ئامانجێکی دیاری کراو، جگە لەوەی کە پرسێکی نیشتمانی گەورە دێنن و وەک دروشمی هەڵبژاردن بەکاری دینن بۆ ئامانجێک هیچی تر نیە، ئەمەش کوفرێکی نیشتمانیە، خۆ ئەگەر لەم کاتەدا ئێمە بنەماکانی دەوڵەت بونمان هەبوایە زەمینەی ناوچەیی و جیهانی لەبار بوایە، ئەوا ( بەڵێ ) ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی بو، بەڵام لە ئێستادا کە ئێمە هیچ ئامادەگیەکی دەوڵەتداریمان نیە و زەمینەی لەبار نیە، بە هەردو بەرەکەوە جگە لە درۆیەک بە ناوی پرسێکی نیشتمانیەوە هیچی تر نیە، ئەم دو بەرەیە ئەوە دەزانن کە شکستیان هێناوە و لە بەرامبەر گۆڕاندا بچنە هەر هەڵبژاردنێکەوە ئەوا دەدۆڕێن، چونکە گۆڕان خاوەنی ئارامگەکەی کاک نەوشیروانە، دوای مەرگی ئەم زاتە بە فرسەتی دەزانن لە ڕێی ئەم جۆرە لە سیناریو و ماکیاجەوە ئەم یارییە لە گۆڕان ببنەوە، کە دەتوانین هەردو بەرەکە بەم شێوەیە بخوێنینەوە و قسە لەسەر پشتی کەوالیس بکەین:
بەرەی بەڵی
ئەم بەرەیە کە بە بەرەی پارتی و پاشکۆکانی ناسراوە، ئەم پرسە نیشتمانیە دێنێنێت وەک پرسێکی جوان دەیکات بە ماکیاج بۆ دەمو چاوێکی ناشیرینی نایاسایی، پارتی لەم کاتەدا هیچ دروشمێکی پێ نیە کە بۆ هەڵبژاردنەکان بەکاری بهێنێت، لەسەر هەمو ئاستەکان فەشەلی هێناوە، چونکە زۆربەی دەستەڵاتی بەدەسەتەوە بوە، زیاد لە قەبارەی خۆی ، بۆیە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی و یاری کردن بە درێژ کردنەوەی زەمەنی ئەم حکومڕانیە، دێت ئەم پرسە نیشتمانیە وەک ماکیاج بەکار دێنێت، لای پارتی ئامانجی سەرەکی کورسیەکەی مسعود بارزانیە، هەر بۆیە وا دەکات کە کۆی پرسە نیشتمانیەکان ببەستیتەوە بەم کورسیەوە و ناچارە هەمو پرسە نیستمانیەکان بکاتە ماکیاج و دەمامک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی ناشەرعی، لای پارتی هیچ ئامانجێک بەقەد مسعود بارزانی گرنگ نیە ، بۆیە ئەم ڕیفراندۆم و دەوڵەتبونە دەکاتە دەرمانی بێهۆشکەرو دەرخواردی تاکی دەدات، لای پارتی هەرێم بە نەخۆشخانەیەک سەیر دەکرێت و دەیەوێت هەر یەکێکمان ئاوێکی لە ڕیفراندۆم بۆ هەڵبباستێت و هۆیەک نەبێت بۆ چارەسەری نەخۆشیەکە، تەنها نەخۆشەکە دەخەڵەتینن.
بەرەی نەخێر
ئەم بەرەیە ئامانجی ئەوە نیە کە ئێمە بنەمای دەوڵەت بونمان نیە وەک ئەرکی لێپرسراویەتی بەرامەبەر فاوڵیکی گەورەی سەرکردایەتی کورد بەم کارە هەڵسا بێت، چی خۆیان چی بەرەی بەڵێ ئەوە دەزانن کە جگە لە ماکیاج هیچی تر نیە، ئەم بەرەیە بەرەی بەرهەم سالح و زاڵمای خەلیل زادەیە و شاسوار تەنها واجیهەیەکە، لەبەر ئەوەی بەردەوام دەوترێت کە بازاڕ قۆڕخکراوە لە لایەن حیزبەوە، ئەمان بۆ پاراستنی سەرمایە و بازاڕەکانیان پێویستیان بە حیزب هەیە، ئەم دو کەسە بە دراسە دێنە ناو ڕاگەیاندنی لیستەوە، چونکە ئەگەر پێشتر نۆکان و قەیوان کە دوکۆمپانیای سەر بە یەکێتی و ئیدارەی گشتی بون، ئەوا لە ئێستادا بەرهەم ساڵح بەرە و دەرکردن دەڕوات و بگرە تەنگ بە کارە بزنسەکەیان هەڵچنیوە، بۆیە پێویستی بە حیزبێک و کورسی پەرلەمانی هەیە تا لە دەرەوەی یەکێتی بەرگری لە بزنسەکەی بکات و جیا بێتەوە لە یەکێتی، وە کۆسرەت ڕەسول هەمو بزنسەکەی لە هەولێرە و لەگەڵ پارتی بزنسی خۆیان دەکەن و ئەوەی لە زۆنی سەوز بزنس دەکات تەنها بەرهەم ساڵحە و دەبێت فریای خۆی بکەوێت و حیزبێک و چەند کورسیەکی پەرلەمانی هەبێت تا برەو بە بزنسەکەی بدات، بەڵام لە بەرامبەر هەمو ( بەڵێ ) یەکدا ( نەخێر ) ێک هەیە کە پارتی دەلێ ( بەڵێ ) کەواتە لە بەرامەبەردا بۆشایی دروست دەبێت بۆ (نەخێر ) بۆیە ستافەکەی بەرهەم ساڵح عاقلانە ئەمە دەقۆزنەوە وەک دەمامکێک بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان.
بەرەی ( بەڵی ) و بەرەی ( نەخێر ) ساختەن
هەردو بەرەکە ئەوە دەزانن کە ئێستا هیچ بنەمایەکی دەوڵەت بون نیە چی لە ڕوی نێودەوڵەتیەوە و چی لە ڕوی یاسایی و سیاسی و ڕازی بونی وڵاتانی جیهانی و ناوچەییەوە، سەرەتایی ترین شت خۆ بژێویە، کە نیە، سەرەتایی ترین خاڵی خزمەتگوزاری کە کارەبا و موجەیە نیە، ئیتر سەرەڕای ئاسایشی نیشتمانی فرەی لەسەرچاوەی داهات و باڵادەستی دەستەڵاتی قەزایی و کارا بونی هەر پێنج دەستەڵاتەکە و ئاشتەوایی نیشتمانی و….هتد.
خۆ ئەگەر ئێمە بنەماکانی دەوڵەت بونمان هەبێت و تەنها ئەوەمان مابێت کە ڕیفراندم بکەین و دەوڵەت ڕابگەیەنێن ، ئەوە دەزانین کە هەمو کەس لەگەڵ ئەم پرسەدایە، واتا ئێمە هێزێکی چەکداری نیشتمانیمان هەبێت و هەر پێنج دەستەڵاتەکە ڕێچکەی خۆیان وەرگرتبێت و هاوڵاتی هەست بەوە بکات کە بەشێکە لەم دەوڵەتە و دەزانیت ماف و ئەرکی چیە، بەڵام کە ئەمانە نەبێت دەکاتە ئەوەی هەردو بەرەکە وەک دروشمێکی هەڵبژاردن بەکاری دێنن بۆ ئامانجێکی بزنسی سیاسی.
بزوتنەوەی گۆڕان
گۆڕان دەزانێت هەردو بەرەکە ساختەن و لە بەرامبەر ئارامگەکەی کاک نەوشیرواندا دەیانەوێت دروشمێکیان پێ بێت، دەزانن گۆڕان خاوەنی کاک نوشیروانە ئەوان خاوەنی شکست، هەر بۆیە هەردو بەرەکە ساختەن لەبەرامبەر پڕۆژەیەکی گەورەی وەک دەوڵەتی نیشتمانی یان هاوڵاتی، گۆڕان ئەوەش دەزانێت تا ئێستا ئەجێندایەکی ورد نەخراوەتە بەردەم تاکی دەنگدەرەوە کە بڵێن ڕیفراندۆم بۆ ئەم دەوڵەتەیە کە ئاوا دروستی دەکەین ، خۆ ئەگەر ڕیفراندۆم وەسیلە بێت ئەوا دەبێت ئامانجەکە دیاری بکرێت، هەردو بەرەکە ناوێرن ئامانجی ڕیفراندۆم وەک ئەجێندایەک ڕون بکەنەوە تەنها دەڵێن بۆ دەوڵەتە ئەمیان بە (بەڵێ) ئەویان بە (نەخێر)، بەڵام جۆری دەوڵەتەکە دیاری نەکراوە ئایا نیشتمانی دەبێت یان نەتەوەیی یان هاوڵاتی، گۆڕان هەمو ئەمانە دەزانێت، دەشزانێت دور نیە بەری (نەخێر) شاسوار بێت و بیەوێت ئارامگەکەی کاکا نەوشیروان لە گۆران داگیر بکات، کە تاکە هۆکاری بەهێزە بۆ هەڵبژاردنەکان بۆ گۆڕان، ئەوەش وا بکات شاسوار بێت و بڵێت ئەمانەی خانەی راپەڕاندن ناتوانن بڵێن (نەخێر) هەر وەک لە سیمینارەکەیدا ئاماژەی پێدا، دور نیە لە پلانی (B) دا بڵیت من وەسیەتەکانی کاک نەوشیروان جێ بەجێ دەکەم، بیەوێت ئەو هۆکارە بەهێزەش لە گۆران داگیر بکات، بۆیە دەبێت گۆڕان بتوانێت ئەم ڕاستیانە بگەیەنێتە خەڵک و بەرەی سێیەم دروست بکات کە نا بۆ هەردو بەرەکە کە ساختەن.
- Latest Posts by بەختیار شارەزوری
بەختیار نامیق: دوو ( میم ) کە.
-بەختیار نامیق: هەڵبژاردن ئەم حیزبانە بە کۆێ دەگەیەنێ؟
-بەختیار نامیق: سێ جوت برا شەش کەسیەکە.
- All Posts