عەتا قەرەداخی: کێ پاڵەوانەکانی ململانێ دەبن لە رووبەرى سەوزدا ؟
باشوورى کوردستان لە سەرەتاى شەستەکانەوە لە رووکەشدا بەسەر دووبەرەدا دابەشبووە، بەرەى مەلایی و بەرەى جەلالی، بەڵام ئەو دابەشبوونە دابەشبوونێکی رووکەشەو لە گەوهەردا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نەبووەو تاکو ئێستاش نیە، ئەگەر پێوانە بۆ جیاوازى، بەرنامەو پرۆژەى کارکردن بێت لە روانگەى گوتارى نەتەوەییەوە ئەوا ئەو دوو هێزە ناکۆکە ململانێی کەسی و کێشەى داننەنان بەیەکتریاندا هەبووە نەک جیاوازى بنیادى، چونکە هیچ کام لەو دوو لایەنە هەڵگرى پرۆژەى نەتەوەیی نەبوون کە بریتیە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردى، تا لەسەر ئەو بنەمایە جیاواز بن. بۆ قۆناغی گەیشتن بە دەسەڵاتیشیان لە راپەڕینەوە، لە رووى بەڕێوەبردن و نزیکی لە خواستەکانی خەڵک و مەنسوبیەت و مەحسوبیەتەوە هاوشێوەبوون. ئەمەش ئاشکراى دەکات ئەم دوو هێزە کە دابەشبوونێکی گەورەیان لە جەستەى کوردى باشووردا درووستکردووە لە بنەڕەتدا یەک بەرەو یەک هێزن.
بزووتنەوەى گۆڕانیش کە لەساڵی 2009 و لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا خۆى راگەیاندو واى نیشان دەدا کە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ئەم بەرەى سێیەمەو بنیادو گەوهەرو تێڕوانینێکی ترى هەیە بۆ ژیانی حیزبایەتی و سیاسی و بەڕێوەبردن لە کوردستانداو کەسێتی نەوشیروان مستەفاش ئەو تواناو لێهاتوویی و سیحرەى هەبوو کە بتوانێت هەڵوێستی بوێرانە لە کاتی گونجاودا نیشان بدات، هەم ژیرى و لێکدانەوەى ئەوەى هەبوو کە بزانێت کەى بڕیار دەدات و چۆن سوارى شەپۆلی ناڕەزاییەکانی خەڵک دەبێت. هۆى سەرکەوتنەکەشی لە کۆکردنەوەى جەماوەرى ناڕازیدا ئاشکرایە یەکەم بێ باکی لە پۆست و پلەو پایە، دووەم بێ دەربەستی لە سامان و پارەو دنیا، سێیەمیش خوێندەوارى و بوێرى و و تواناى رووبەڕوووبنەوەو سەراحەت و بێ باکی لە چۆنێتی دەربڕین و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی تر یان خەڵکدا، کە هەموو ئەمانەش ئاستێکیان لە کاریزماى لۆکاڵی بۆ درووست کردبوو، کە ئەم خاسێتانەى ئەو هەیبوون لاى زۆرینەى بەرپرسانی ترى کوردستان دەست ناکەون، چی لاى ئەوانەى لە ریزى ئەودابوون، چی لاى ئەوانەى ریزى دواى ئەو. بەو خاسێتانەشیەوە کە ئاماژەمان بۆ کردن، نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بەرەى سێیەم درووست بکات و بیگەیەنێتە ئاستێک کە بەرەکەى تر یان وەکو خەڵک دەڵێن: بەرەکانی تر کە پارتی و یەکێتین پێکەوە بخاتە دواى خۆیەوەو دەسەڵاتیان لێوەربگرێت. بێگومان کۆچی دوایی ئەویش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەى کە بزووتنەوەکەى چیتر لە هەڵکشاندا نەبێت بەڵکو لە پاشەکشەدا بێت. مەبەستمان لەم قسەیەش ئەوەیە کە زەمینەى ئەوەى کە گۆڕان ببێتە بەرەیەکی ترو لەمەودوا بتوانێت جێگا بە پارتی و یەکێتی لەق بکات ئەگەرێکی چاوەڕوان نەکراو و لاوازە.
ئێستا شاسوار عەبدولواحید وەکو سەرمایەدارێکی گەنجی کەم ئەزموون و کەم تەمەن، باسی ئەوە دەکات کە ئەو دەبێتە رابەرى بەرەى سێیەم. سەرەتا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە هەمیشە سەرمایە ترسنۆکەو سەرمایەدارانی خاوەن ئەزموون لە جیهانی سەرەمایەداریدا نزیکترین کەسن لە دەسەڵاتەوە بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان. لە کوردستاندا سەرمایەداران ئەگەر هاوبەشی بەرپرسانی حیزبی و سیاسی و دەسەڵات نەبن ئەستەمە بتوانن هەنگاو بنێن، بەڵگەى زیندووشمان لەبەچاوەو زۆرى بەسەردا تێنەپەڕیووە کە سەرمایەدارێکی نیشتیمان پەروەرى وەکو عەلی بۆسکانی چۆن و بۆچی شەهید کرا. لێرەوە ئاشکرا دەبێت کە شاسوار سەرمایەداریکی بێ ئەزموونە، هەرچەند ئەستەمە بێ بوونی پشتی سیاسی و حیزبی و دەسەڵاتی ناوخۆ هیچ سەرمایەدارێک بتوانێت بەو شێوەیە پەل بهاوێت. بەهەرحاڵ گریمان شاسوار سەرمایەدارێکی بێ غەل و غەشە، بەڵام خۆتێکەڵاوکردنی بە سیاسەت لە کوردستاندا ئەگەر خەڵکی تر هانیان نەدابێت و ئەوەى پێ نەکەن، ئەوا ئەو هەڵوێستەى ئەو جۆرێکە لە نەگبەتی و بەدبەختی و لەدەستدانی کارکردن بە لۆجیکی عەقڵ چونکە ئەو لە رووبەرێکدا دێتە ململانێوە کە ئەو رووبەرە خاوەنی ترى هەیە بۆ ململانێ، خاوەنێک کە پێشتر هەموو ئومێدێکی نەوشیروان مستەفایان بۆ بوون بە کەسی یەکەمی ئەم رووبەرە خنکان و دکتۆر بەرهەم ساڵحیان ئابڵوقەداو خستیانە پەراوێزى بڕیارو ئامادەبوونی سیاسیەوەو ئەگەرى بوون بەکەسی یەکەمی ئەویشیان لەم جوگرافیایەدا لەباربرد. ئایا شاسوارى عەبدولواحیدى کەبابچی کە ئەگەر کار بۆ یەکێک لە دوو جەمسەرەکەى ململانێی ئەمەو دواى ئەم رووبەرە نەکات، دەتوانێت بە پێوە بمێنێت؟ دیارە ئەگەر کاریش بۆ یەکێک لەو دوو جەمسەر ئایندەییە بکات ئەوا تەنانەت ئەگەر جەمسەرەکەى ئەمیش سەربکەوێت هێشتا ئەم هەر لە پەراوێزدا دەبێت چونکە ئەم بکەرى ململانێ نیە بەڵکو بەکارهێنراوە بۆ ململانێ.
کەواتە با بپرسین ئایا خاوەنی ململانێی ئەمەودوا لەسەر ئەو رووبەرەى کە سلێمانی یان رووبەرى ئەوسا سەوزە کێیە؟ ئایا ململانێ لەسەر ئەم جوگرافیایە لە نێوان شاسوارو پارتیدایە؟ یان لە نێوان شاسوارو یەکێتیدایە؟ یان لە نێوان شاسوارو گۆڕاندایە؟ یان لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندایە؟ یان لە نێوان گۆڕان و پارتیدایە؟ یان لە نێوان یەکێتی و پارتیدایە؟ یان لە نێوان هەموو ئەمانەو پارتیدایە؟ یان لەسەر ئاستی کەسی ململانێی نێوان بارزانی و شاسوارە، یان شاسوارو کۆسرەت رەسوڵە، یان شاسوارو سەید عومەر سەید عەلیە، یان شاسوارو دکتۆر بەرهەمە. نەخێر ئاراستەکانی ململانێی ئەمەودوا لەسەر رووبەرى سەوز هیچ کام لەمانە نین.
ململانێی داهاتوو لەسەر سەکردایەتی کردنی ئەم رووبەرە لە نێوان هیچ کام لەمانەدا نیەو ئەم رووبەرە کە پێشتر نەوشیروان مستەفا بە هەموو هێزو کەسێتی خۆیەوەو بەو هەموو جەماوەرەوە کە هەیبوو نەیتوانی ببێتە خاوەنی، ئایا شاسوار دەبێتە خاوەنی؟ بێگومان نەخێر. تەنانەت سەربارى رەگوریشەى بەهێزى یەکێتی و پایەى دارایی و پێشمەرگایەتی و ئاسایش و جەماوەریی ئێستا و لە غیابی مام جەلالدا ئەم رووبەرە جێگاى ململانێی کاک کۆسرەت و هیچ کەسی تر نیە، هەروەک جێگاى ململانێی دکتۆر بەرهەم و هیچ کەسی تر نیە، هەروەک چۆن جێگاى ململانێی سەید عومەرى سەید عەلی و هیچ کەسی تر نیە.
لە ئێستاوە سیماکانی ململانێی داهاتوو لەسەر سەرکردایەتی ئەم رووبەرە جوگرافیایە بەئاشکرا دیارە، کە ململانێکە لە نێو ئامۆزا تاڵەبانیەکاندا دەبێت. کامیان دەبنە جێگرەوەى ئەو پیاوەى کە چل ساڵە لە شاخ و لە شار کەسی یەکەم و سەرکردەى تاکو تەنیاى ئەم رووبەرە بووە کە پێشتر بە جوگرافیاى سەوز ناودەبرا، کە ئەویش مام جەلال بووە. هیچ کام لەو ناوانەى باسمانکردن نابنە جێگرەوەى مام جەلال، ئەمەش نەک تەنیا لەسەر ئاستی یەکێتی نیشتیمانی وەکو حیزب، بەڵکو لەسەر ئاستی هەموو ئەم رووبەرە جوگرافیایەى کە دەکەوێتە ئەم دیووى پردى دێگەڵەوە. سەرکردایەتی داهاتووى ئەم رووبەرە بۆ یەکێک لەم دووانە دەبێت: پاڤڵ تاڵەبانی کوڕى مام جەلال و نەوەى مامۆستا برایم ئەحمەد، یان شێخ لاهور تاڵەبانی برازاى مام جەلال و دوور لە ماڵی مامۆستا برایم ئەحمەد؟ ئایا ئەگەرى ئەوەش هەیە ئەم دوو ئامۆزایە سەوداگەرى بکەن و بەوەش چەمکی هێز لە یەکێـیدایە بکەنە نموونەى باڵاى خۆیان و یەکێک پاشەکشە بۆ ئەویتر بکات؟ یان لە ململانێدا ئەوە یەکلا دەبێتەوە؟ ئاراستەى رووداوەکان بەهەرکام لەم دوو ئاراستەدا بڕوات، مەیدانی ئەو ململانێیە جێگاى شاسوارى تێدا نابێتەوە، مەگەر یەکێکیان بۆ دژایەتی ئەویتریان بیخاتە خزمەتی خۆیەوە کە لەبارێکی وەهاشدا ئەگەرى ئەوە هەیە نەک هەر سەرمایەکەى بەڵکو خۆیشی لە دەستبدات چونکە کوردستان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیە، سەرمایە کەسێکی ناهاوسەنگی وەکو ترامپ بگەیەنێتە لوتکەى دەسەڵات.
- Latest Posts by عەتا قەرەداخی
عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی چوارەم و کۆتایی.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی سێیەم.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی دووەم.
- All Posts