شه‌ریف هه‌ژاری: هێنده‌ی پارتی- یه‌كێتی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر كوردانی خۆرهه‌ڵات هه‌یه‌، نیو هێنده‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر شوێنكه‌وته‌كانی خۆیان نیه‌!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تیرۆری بیرمه‌ندێكی وه‌ك قاسملو و سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك (شه‌ره‌فكه‌ندی)، ئه‌م گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ی لێ هاته‌كایه‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی كوردی ئێران (هه‌ندێكیان وا ناوی خۆیان دێنن و پارتی- یه‌كێتیش زۆرجار وا ناویان ئه‌به‌ن) توانای په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌ندام و كادیرانیان نیه‌.
به‌ جۆرێ هێنده‌ی ئه‌ندام و كادیرانیان شه‌ڕه‌ ده‌نوك له‌سه‌ر پارتی- یه‌كێتی ئه‌كه‌ن و به‌رگریان لێ ئه‌كه‌ن، نیو هێنده‌ بۆ هینانه‌كایه‌ی ئایدیای نوێ بۆ حیزبه‌كانی خۆیان هه‌وڵ ناده‌ن!
ته‌نانه‌ت هێنده‌ له‌سه‌ر كاروكرده‌وه‌كانی پارتی- یه‌كێتی به‌گژیه‌كدا ده‌چن و كاتی خۆیان ئه‌كوژن: نیو هێنده‌ ئاماده ‌نین كاتی خۆیان به‌ خوێندنه‌وه‌ی (چوار كتێبی) كوردناسه خۆراواییه‌‌كان ته‌رخان بكه‌ن كه‌ له‌سه‌ر بیرمه‌ندێكی وه‌ك قاسملوو نوسیویانه‌!

هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌ش:
1- لاوازی زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌كانی خۆرهه‌لات و، شوێنكه‌وته‌ییان بۆ پارتی- یه‌كیتی و، لادان له‌ ڕیبازی بیرمه‌ندێكی وه‌ك قاسملو و، هه‌وڵدانیان بۆ پێگه‌یاندنی وه‌ره‌سه‌كانیان و، هه‌ڵبژاردنی ڕێبازی وه‌ره‌ساتگه‌رایی پارتی- یه‌كێتییه‌ تا تێ بكۆشن ئایدیاكانی داهێنه‌رێكی وه‌ك قاسملوو درێژه‌ پێ بده‌ن!
2- كاركردنی (له‌ پێناو پاره‌)ی به‌شێك له‌ ئه‌ندام و كادیرانی حیزبه‌كانی خۆرهه‌لات به‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی پارتی- یه‌كیتی و حیزبه‌كانی باشور. پێموایه‌: ئه‌م میدیاكارانه‌ی خۆرهه‌لات‌ سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی بون كه‌ كوردانی خۆرهه‌لات به‌هۆیانه‌وه‌ فێری شه‌ڕه‌ ده‌نوك و گرنگیدانی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر به‌ دۆخی باشوری كوردستان ببن و، خه‌باتی جدی بۆ به‌شه‌كه‌ی خۆیان فه‌رامۆش كه‌ن.
من چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا بابه‌تێكم نوسی به‌ناونیشانی: (دیموكرات ده‌بێت ئاگای له‌و كادیرانه‌ی بێت كه‌ له‌ ویبسایت و تی ڤیه‌كانی پارتی) ی و یه‌كێتیی دا كار ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌تا ئێستا ببینن چۆن ئایدیاكانم هاتنه‌دی!! چۆن به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ كوردانی خۆرهه‌لات فێربوون زیاد له‌ پێویست گرنگی به‌ دۆخی باشوری كوردستان بده‌ن و خه‌باتی سه‌ره‌كی خۆیان فه‌رامۆش بكه‌ن.
سه‌یر ئه‌وه‌ ده‌بێ: ئه‌گه‌ر ڕۆژگارێك خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ڕزگار بوو، ئه‌م میدیاكارانه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی (ڕوداو، كوردستان تی ڤی، زاگرۆس، كوردستان 24، كوردسات، ئێن ئاڕ تی، گه‌للی كوردستان، كه‌ی ئێن ئێن و، وێبسایته‌كانی باس نیوز و رۆژنامه‌ی هه‌ولێر و… هتد) خۆیان به‌ (خه‌باتگێڕ) به‌ خه‌ڵكی خۆرهه‌لاتی كوردستان بفرۆشنه‌وه‌، له‌كاتیكا ئه‌مانه‌ (شوێنكه‌وته‌ی پاره)‌ ن و، ئه‌گه‌ر شۆڕشگێڕ ببونایه‌ نه‌ده‌كه‌وتنه‌ دوای پاره‌ و، تێ ده‌كۆشان بلاوكراوه‌ی حیزبه‌كانی خۆرهه‌لات ببوژێننه‌وه‌.
ته‌واو دڵنیام (چه‌ندین مامۆستای زانكۆ و ڕۆژنامه‌نوسی خه‌ڵكی سلێمانی بۆیان گێڕاومه‌ته‌وه‌) كه‌ ئه‌و میدیاكارانه‌ی كوردی خۆرهه‌لات زۆرینه‌ی ئیشوكاری حیزبه‌كانیان بۆ به‌رپرسی كه‌ناله‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌ و، پارتی- یه‌كێتی به‌ چه‌ندان پیلان و ئاراسته‌ (!!!) بۆ داهاتوو كۆت و به‌ندی وایان كردون كه:‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژگارێك ڕۆشتنه‌وه‌ نێو ڕیزی حیزبه‌كانی خۆشیان، ئه‌وا له‌ قسه‌یان ده‌رنه‌چن!!
سه‌دانجار بینه‌ری بون كه‌ میدیاكارانی كوردی خۆرهه‌لات چۆن له‌ واشنتنه‌وه‌ تا كوردستان ، سه‌دان ڕاپۆرت پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و، ڕاپۆرته‌كانیان لێوان لێوه‌ له‌ (خه‌یارماڵیی و مامه‌حه‌مه‌یی) بۆ منالی به‌رپرسه‌ فه‌سادكاره‌كانی پارتی-یه‌كێتیی، كه‌ خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئێره‌‌ زۆریشیان به‌سه‌ر حیزبه‌كانی خۆرهه‌لاتی كوردستان هێناوه‌!!
3- بونی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌كانی كوردی خۆرهه‌لات له‌گه‌ل به‌رپرسه‌كانی پارتی- یه‌كێتی وایكردوه:‌ به‌رده‌وام نه‌قیزه‌ی ئه‌ندامه‌ (ناهوشیاره‌كانیان) بده‌ن كه‌ به‌رگری كوێرانه‌ له‌ پارتی- یه‌كێتی بكه‌ن.
ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ شه‌خسیانه‌ هه‌ر له‌ بڕینه‌وه‌ی موچه‌ی خانه‌نشینی بۆیان (هه‌روه‌ك چۆن له‌ بابه‌تێكا ڕه‌خنه‌م له‌ پێشوازیه شاهه‌نشاییه‌‌كه‌ی (مه‌سعود به‌رزانی و نێچیر و به‌رهه‌م سالح و یوسف محومود) گرت له سه‌حراڕودی بكوژی قاسملوی بیرمه‌ند، كه‌چی كادیرانی پارتی- یه‌كێتی بۆیان نوسیبوم: ئوستاز ئێمه‌ به‌ لیست لامانه‌ كه‌ چه‌ندێك پاره‌مان بۆ زۆرێك له‌ به‌رپرسه‌كانی كوردی خۆرهه‌لات بڕیوه‌ته‌وه و… هتد‌!‌))، هه‌روه‌ها ناردنی وه‌ره‌سه‌كانیان بۆ ڕاوێژكاری وه‌زاره‌ته‌كانی پارتی- یه‌كێتی و دواتریش به‌ سه‌ركرده‌ كردنیان له‌ ڕیزه‌كانی حیزبه‌كانی خۆرهه‌لاتدا و، زۆر به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی دیكه‌.
4- له‌م خاله‌دا ئه‌مه‌وێت بیرهێنانه‌وه‌یه‌كی كورت كه‌ له‌ كتێبی (ڕامانێك له‌ تراژیدیای براكان، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی 2010)م بخه‌مه‌ڕو، كه‌ تێیدا داهاتوه‌: كاتێ قاسملو ئه‌بێته‌ سكرتێری دیموكرات، زۆر هه‌ول ده‌درێ كه‌ (ئه‌میری قازی) بكرێته‌ لێپرسراوی په‌یوه‌ندیه‌كانی دیموكرات. به‌لام خودی قاسملوو ڕێگر ئه‌بێ له‌و كاره‌.
كاتێك سه‌ركرده‌كانی دیموكرات له‌ قاسملو ئه‌پرسن: بۆچی دکتۆر قاسملو ڕێ به‌و كاره ناده‌یت؟ دکتۆر قاسملو وه‌لام ئه‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌میری قازی بكه‌مه‌ لێپرسراوی په‌یوه‌ندیه‌كان، هه‌رچی سڕ و پلانی حیزبه‌كه‌مان هه‌یه‌، هه‌ر هه‌موی ئه‌داته‌ ئیدریس به‌رزانی!
ئه‌مه‌ وا ده‌كات تا ماوه‌یه‌ك به‌شێك له‌ (سه‌ركرده‌ مه‌هابادیه‌كانی حیزبی دیموكرات) ناته‌بایی له‌گه‌ڵ قاسملو دا بگرنه‌به‌ر. به‌لام پاش چه‌ند مانگێكی كورت (ئه‌و سه‌ركرده‌ مه‌هابادیانه‌) كه‌ خۆیان به‌دواداچون ئه‌كه‌ن و حه‌قیقه‌ته‌كه‌یان به‌ ته‌واوی بۆ ڕون ئه‌بێته‌وه‌، ئیدی له‌گه‌ڵ قاسملو دا ته‌با ئه‌بنه‌وه‌ و، بۆیان ئه‌سه‌لمیت كه‌: قاسملو زۆر وردكارانه‌ و سیاسه‌تزانانه‌ به‌و مه‌سه‌له‌ی زانیوه‌!
لێره‌دا پرسیاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئاخۆ تۆ بڵێی ده‌زگای پاراستن و ده‌زگای زانیاری هێنده‌ (كاڵ فام)بن به‌ وردی ئیش له‌سه‌ر ئه‌و میدیاكارانه‌ی كوردی خۆرهه‌لات نه‌كه‌ن كه‌ كادیر و ئه‌ندامی حیزبه‌كانی خۆرهه‌لاتن و، له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ئه‌وان دا كار ده‌كه‌ن!؟
هه‌ر هیچ نه‌بێت خۆ ئه‌و میدیاكارانه‌ی كوردی خۆرهه‌لات، به‌هۆی به‌رگریان له‌و حیزبانه‌ی باشور كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانیان دا كارده‌كه‌ن دۆخێكیان خولقاندوه‌: زۆرینه‌ی كوردانی خۆرهه‌لات شه‌و و ڕۆژ جه‌زبی دۆخی باشوری كوردستان بن و، شوێنگه‌ی خه‌باتی سه‌ره‌كی خۆیان له‌ یادبچێته‌وه‌!!
هه‌ر ئه‌و شه‌ڕ و به‌رگریه‌‌ی كه‌ كوردانی خۆرهه‌لات به‌هۆی ئه‌و میدیاكارانه‌یانه‌وه‌ فێربون له‌سه‌ر حیزبه‌كانی باشور بیكه‌ن، ‌وایكردوه‌: هه‌م له‌ لای یه‌كتر ناشیرین ببن و، هه‌م به‌شێكی كوردی باشور ڕق له‌ حیزبه‌كانی خۆرهه‌لات هه‌ڵ بگرن و، هه‌م خه‌باتی سه‌ره‌كی خۆیان له‌ یاد بكه‌ن و، هه‌روه‌ها له‌ ڕێبازی بیرمه‌ندێكی جیهانی وه‌ك (قاسملو) لابده‌ن.
ئه‌وه‌ش ناڕێكخراوه‌یی و ناپه‌روه‌رده‌یی ته‌ندروست هۆكارێتیی! ئه‌گینا ئه‌و میدیاكارانه‌ نه‌یان ده‌توانی هێنده‌ كاریگه‌ربن كه‌ سه‌رنجی كوردی خۆرهه‌لات به‌لای دۆخی باشور دا به‌ به‌رده‌وامی ئاڕاسته‌ بكه‌ن.
له‌ كۆتایی دا ئه‌وه‌ ده‌لێم: ئه‌م بابه‌ته‌ مه‌به‌ستی ته‌واوی سه‌ركرده‌ و هه‌مو كوردی خۆرهه‌لات نیه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستی: زۆربه‌یانه‌!
گرنگه‌ حیزبه‌كانی خۆرهه‌لات به‌ خۆداچونه‌وه‌ی ورد له‌ په‌یكه‌ری ڕێكخراوه‌یی و، ڕێكخستن و، دبلۆماسیه‌تیان دا بكه‌ن و، ئاگاداری ئه‌وه‌بن كه‌ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌كانیان به‌ نیازی كۆپی كردنی ڕژێمی وه‌ره‌ساتگه‌رایی پارتی- یه‌كێتین بۆ خۆرهه‌لات به‌ پشتیوانی پارتی- یه‌كێتی لێیان و، به‌ ڕونی به‌كرده‌وه‌ش ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێبازی بیرمه‌ندێكی وه‌ك قاسملو لا بده‌ن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت