نەوزادى موهەندیس: لەنێوان بەڵێ و نەخێر دا، کامیان بۆ ڕیفراندۆم ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لە ئێستادا 12-08-2017 دا 2 مانگ و 6 ڕۆژى ڕێک تێپەڕ بوە بەسەر یەکەم کۆبونەوەى پارت و سەرکردە سیاسیەکاندا لە 06-07-2017 دا کە تیایدا بڕیارى سازدانی ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاند لە 25-09-2017 دا. ئیدى ئەو ماوەیە هێندەى باسى ڕیفرندام کراوە لەم هەرێمەدا باس لە هیچ بابەتێکى تر نەکراوە و بەهەق بۆتە بابەتى پلە یەکى گەرمگوڕى هەموو کۆڕ و گفتوگۆگان هەر لە شەقامەوە تا لوتکەى سەرکردایەتى و دەسەڵات لەم هەرێمەدا.
هەر لەسەرەتاشەوە بەداخەوە دووبەرەى دژ بەیەک دروستبوون لەسەر ڕیفراندۆم و لەسەر وەڵامدانەوە بە ( بەڵێ ) و ( نەخێر ). ئیدى ئەم دووبەرەیى و جیابونەوە و دوورکەوتنەوە لەیەکتریە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو سادەترین جومگە و ئۆرگان لەم کۆمەڵگایەدا و خێزان و تاکەکانیشى دابەشکردوە.کەلەبنچینەدا پێویست بوو پرسى ڕیفراندۆم بۆخۆى ببوایاتە هۆکارێکى سەرەکى بۆ کۆکردنەوە و یەک ڕیزى و تەبایى و متمانە دروستکردن و کۆدەنگیەکى گشتگیرى نیشتیمانى و نەتەوەیى.چونکە پڕۆسەکە بۆخۆى پێویستى زۆر و گەورەى بە کۆدەنگى و دەنگى تاک بەتاکى میلەتەکەمانە.ئەم دووبەرەییەش لە ئەنجامى 26 ساڵ حوکمڕانیى گەندەڵى و بێ پلانى و قۆرخکارى و ناعەدالەتى و بێ ویژدانى دەسەڵاتدارانەوە هاتۆتە بوون.کە بەشێک لە ڕەوایى و حەقیانەتى تیادایە.
لەهەمان کاتدا لێکدانەوە و شیکردنەوەى ڕیفراندۆم و ئامانج و ڕوونکردنەوەى مەبەست و تێڕوانینە جیاوازەکان لەسەرى ،ڕیفراندۆمى لەهەنگاو و هۆکارەوە کردە ئامانج و هەموان لەهەوڵداین بەرگێکى پیرۆز بکەینە بەر بەروارى 25-09 و ڕیفراندۆمیش وەکو دوائامانج و کۆتایى دونیا و ژیان و خەباتیش لێیانبڕوانین.
لەئێستادا و دواى تێپەڕبوونى ئەو دوومانگە و مانەوەى تەنها 43 ڕۆژ بۆ 25 ى ئەیلول، نەک کارى زۆر جدى نەکراوە بۆ سەرخستن و زەمینەسازى گونجاو و شیاو و هەنگاو هەڵگرتنى بوێرانە لەناوخۆ و ناوچەکە و دەرەوەشدا ،بەڵکو لەناوخۆدا بەرەیەکى فەرمى ڕاگەیەنراوە بۆ کارکردن دژى سەرگرتنى ئەم پڕۆسەیە لە ژێر ناونیشانى ( نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا). کە ئەم کارە بۆخۆى بەمەبەست بێت یان بێمەبەست دەچێتە خانەى دژایەتى خەباتى چەندین ساڵەى گەلەکەمان کە هەموو خەون و ئامانجى بریتى بوە لە ئازادى و سەربەخۆیى و ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى.و دژى هەموو خەون و ئاواتە لە مێژینە نیشتیمانى و نەتەوایەتیکانمانە.بەڵام ئەم بەرەیە لەپێکهاتە و ڕابەرانیدا بەرەیەکى لاواز و نەناسراو و خاوەن مێژویەکى پرشنگداریش نین لەنێو کۆمەڵگەى کوردەواریدا. بۆیە بەرەى نەخێر لاواز و کەم و بچوکن لە بەرانبەر بەرەى بەڵێی زۆرینەدا.
پرسیارى گرنگ ئەوەیە لەنێوان (بەڵێ و نەخێردا) دا کامیان هەڵببژێرین بۆ ڕیفراندۆم؟ دوور لە تێڕوانینى تەسکى حیزبى و دەسکەوت و بەرژەوەندى مادى و پلە و پۆست ؟
گەر وەک تاکێکى کورد و خەمخۆر بۆ مەسەلەى کورد و کوردایەتى و ئایندەى میلەت و نەوەکانى داهاتوومان بڕوانینە هەنگاوى ڕیفراندۆم کە ئامانجى سەرەکى بریتى بێت لە ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى . ئەوا دەبێت بەبێ دوودڵى بڵێین (بەڵێ ).
خۆ ئەگەریش بە چاویلکەى تەسکى حیزبایەتى و دەسکەوتى هەڵبژاردن و دەنگ کۆکردنەوە و بەدەستهێنانى دەسکەوتى مادى و پلە و پۆستى حکومى و حیزبى،ئەوا دەبێت نەخێر هەڵببژێرین.
بەڵام لەڕاستیدا ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى موڵکى هیچ سەرکردە و حیزب و بنەماڵەیەک نیە،بەڵکو دروشم و ئامانجێکى دێرینى نەتەوە و نیشتیمانیە بەدرێژایى 100 ساڵى ڕابووردوى خەباتى کوردایەتى لەهەر چوار بەشەکەى کوردستاندا،بەڵام سەرکەوتن و ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆییش دەبێتە دەسکەوتێکى گەورە و گرنگى ئەو حیزب و سەرکردەیەى کە پێشنیازى کردوە و کارى جدى بۆ دەکات و خەبات و خوێنى لەپێناودا دەدات و ناو و ناونیشانى لەمێژوودا بە درەوشاوەیى دەمێنێتەوە.
بەڵام هەردوو وشەى ( بەڵێ و نەخێر) یش ، زەمان و زەمینە و داروپەردووى پێویستى خۆیان گەرەکە، چونکە گەر تەنها بە هەست و سۆز و حەماسەتى نیشتیمانى و نەتەوەییەوە کاربکەین دوور لە حساب کردنى هەلومەرج و فشار و کاریگەرى و ئاڵنگاریەکانى دەوروبەر و ناوچەکە و دونیاش ،ئەوا دەکەوینە هەڵەى گەورە و کارەساتى دڵتەزێنیشى لێدەکەوێتەوە.
وتنى( بەڵێ ) باجى خۆى هەیە و نەخێریش بەهەمان شێوە.بەڵێ ڕووبەڕووى فشار و گەمارۆى ئابورى و سیاسى و سەربازیمان دەکاتەوە و ڕووبەڕووى برسێتى و کوشتن و قاتوقڕیمان دەکاتەوە،ڕووبەڕووى ململانێى توندى ناوخۆیى و ناوچەیمان دەکاتەوە.
(نەخێر) یش بەهەمان شێوە دەبێتە هۆى بچوکبونەوەى زیاترى مەسەلەى کور و سوک و چروکبوونى لەناوخۆ و ناوچەکە و جیهانیشدا،دەبێتەهۆى لێکترازانى زیاترى نێوماڵى کورد،دەبێتە هۆى چەسپاندنى داگیر و دابەشکردنى زیاترى کوردستان، دەبێتە هۆى زاڵبونى زیاترى دوژمنانى کورد و کوردستان.
بەم شێوەیە گەرەکە زۆر بەووردى و جدیەوە کاربکرێت بۆ سەرخستنى ئەم ڕیفراندۆرمە ئەویش بەهەڵبژاردنى کات و ساتى گونجاو کە بریتیە لەوەى کە تەواو دڵنیابین لە ( بەڵێ ) کانى ناوخۆ و ناوەچەکە و دۆستەکانمان لە زلهێزەکانى دونیا و متمانەى جەماوەرەکەشمان هەبێت،بۆ پشتگیرى و مقاوەمەتکردنى ئایندە.بۆیە گەر لەوادەى 25 ئەیلولیشدا ئەم ڕیفراندۆمە چێنەکرا ماناى کۆتاى کوردایەتى و ژیان و مانمان نیە،بەڵکو تەنها دواخستنێکى کاتیە بۆ کەشوهەواو دۆخێکى گونجاوتر کە سەرکەوتنمان مسۆگەر تر بکات نەک وەک ئێستا دوودڵى و ڕاڕاییمان تیادا بڵاوبکاتەوە و ترسمان هەبێت لەسەر خستن یان سەرنەگرتنى.
لەکۆتایدا بەرەى ناوخۆى میلەتەکەمان لە هەموو کاتێکدا زۆر گرنگتر و کاریگەرترە لەبەرەى دەرەکى چونکە هەمیشە فاکتەرى ناوخۆ سەرەکى و فاکتەرى دەرەکیش لاوەکى بوە هەرچەندە بەهێز و کاریگەریش بێت. بۆیە بۆ مسۆگەرکردنى زۆرینەى ( بەڵێ ) ى میلەتەکەمان پێویستە کاربکرێت بۆ خۆشگوزەرانکردنى میلەت چونکە ( نان و ئازادى ) بێ یەکتر نابن وئاشتەواییەکى ڕاستەقینەى بە متمانە چێبکرێت و دواتر پێویستە ڕیفراندۆم سەرجەم ناوچە کوردنشینەکان بگرێتەوە و پڕۆسەکەش دەبێت بەڕێکار و ڕچە یاسایەکاندا تێبپەڕێت و ئامانجەکەشى تەنها سەربەخۆی بێت، گەر بمانەوێت دەوڵەتێکى سەربەخۆیى یاسایى دابمەزرێنین کەببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا وەک ئۆرگانێکى یاسایى نێودەوڵەتى باوەڕپێکراو.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی