شێرزاد شێخانی: مەترسییەكانی ریفراندۆم بەسەر گەلی كوردستانەوە.
لەگەڵ هەمو ئاماژەكانی ناوخۆو دەرەكی و فشارەكانیان بۆ دواخستنی پرۆسەی ریفراندۆمی پارتی، بەڵام سەرانی ئەو حزبە تا ئەمرۆش جەخت لەسەر ئەنجامدانی ئەكەنەوەو، میدیا حزبیەكەشیان رۆڵیكی چەواشەكارانە ئەگێڕێ بە فووتێكردنی سەركردەكانیان و بەگزی و فزی لەهەوڵی بەلاڕێدابردنی پرۆسەكەو هەڵخەڵەتاندنی سەركردەكانیانە.
هەرچەندە خۆم باوەڕم بەوە نیە سەرانی پارتی ئەوەندە گێل و نەفام بن گوێ نەدەنە ئەم هەمو فشارەی دەوڵەتانی جیهان لەپێشیاندا ئەمریكاو روسیاو بەریتانیاو فەرەنساو، هەڕەشەكانی توركیاو ئێرانیش، بەڵام لەهەمانكاتیشدا ئەبێ چاوەڕێی هەمو شتێكی خراپ لەو حزبەی پارتی بكەین بە تایبەتیش كە سەرۆكەكەیان یاسای هەرێم پێشێل ئەكاو ئەیخاتە ژێر پێیەكانیەوەو بەزۆری زۆرداری كورسییە ئێكسپایەرەكەی داگییر ئەكاو، جورئەتی ئەوەش ئەكا پەرلەمان قفڵ بداو وەزیر لەحكومەت دەربكا، تەنانەت وەك یەكەم زەعیمی دونیاش لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن بەراشكاوی بڵێ (ریفراندۆم ئەكەمو با میللەتەكەم لەبرسا بمرێ)، ئەمجۆرە سەركردەیە هەمو شتێكی لێ چاوەڕێ ئەكرێ بكەوێتە عینادی و پرۆسەكە بەڕێوە ببات، ئاخر ئەو هەم بەعەقلیەتی سەرۆكی عەشیرەت بیر ئەكاتەوەو نابێ قسەی بێتە خوار، هەمیش زۆر گوێ ناداتە بەرژەوەندی میللەتەكەی و هاتو هاواری خەڵكە برسیەكان.
هەڵبەت پارتی و سەرۆكەكەیان ئەو مەسەلەی ریفراندۆمەش بەمەسەلەیەكی (مان و نەمان) بۆ خۆیان سەیر ئەكەن. لەراستیشدا هەروایە،چونكە ئێستا ئەو حزبە دوای ئەو هەمو كارەساتە سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتیەی بەسەر میللەتەكەیدا هێناوە، رەسیدی جەماوەری چۆتە سەر (سفر)، بۆیە ئەیەوێ بەم پرۆسەو تەزویركردنی ئەنجامەكانیشی وا پیشان بدات كە میللەت لەگەڵیدایەو تا ماوەیەكیتر لەدەسەلات بمێنێتەوە بەحیساب میللەت دەنگی بەریفراندۆم داوەو مەسعود بارزانی تەخویل كردوە دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ دامەزرێنێ. گریمان ئەو پرۆسەیە بەم عینادییەوە بەڕێوە چو، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چی ئەقەومێ؟. وەڵام:
1- حكومەتی عیراق كە لایەنی سەرەكی مەسەلەكەیە، بەهیچ شێوەیەك بێدەنگ نابێ لەدابڕینی ناوچەیەكی فراوانی خاكی وڵاتەكەی و تەسلیمكردنی بەدەست گەورەترین دوژمنی كە مەسعود بارزانی و حزبەكەیەتی.حەشدی شەعبی كە ئێستا شەڕی موقەدەسی خۆی بەفەتواو پشتگییری مەرجەعە باڵاكانی شیعە لەسەر بستێك خاكی عیراق ئەكات، ئەوسا بێدەنگ نابێ بەرامبەر دابڕینی ناوچەكانی هەرێم بەم سنورە فراوانەو بەم هەمو سەروەتو سامانەشیەوە. ئەگەری شەڕو پێكدادان ئەگەرێًكی زۆر بەهێزە، بەتایبەتیش بیرمان نەچێ لەسەردەمی حوكمڕانی نوری مالیكیدا،مەسعود بارزانی سڵًی لەكۆكردنەوەی هێزەكانیشی نەكردەوە بەرامبەر بەسوپای عیراق و خەندەقیشی لێدا بۆ روبەڕوبونەوەی خوێناوی لەگەڵ ئەم سوپایە، ئەمەش دەرخەری ئەو درۆیە گەورەیەیە كەپارتی وسەرانی ئەڵێن دراوسێیەكی باش ئەبین لەگەڵ عیراقدا!.
لەئەگەری هەڵگیرسانی شەڕیشدا ئەمریكاو حكومەتی عیراق رێكەوتنامەیەكی ئەمنیان لەنێوانیادا هەیە بەناوی( یاداشتی هاوكاری ئەمنی عیراق- ئەمریكا) كە ئەمریكا ناچار ئەكات هاوكاری حكومەتی عیراق بكات لەهەر شەڕێك كە دێتە پێشی.. لەبەر ئەوەی ئەمریكا پێشتریش هۆشداری داوە بە هەرێم كەوا ریفراندۆم دوابخاو گوێی پێنەدراوە، گومان لەوەدا نیە لەدژی ئەم پرۆسەیە هاوكاری عیراق بكا، یاخود لانیكەم بێدەنگ بێ لەو شەڕەی لەنێوان حكومەتی عیراق و پارتی دا روو ئەدات.
2- ئێرانو توركیا ڕاشكاوانە وتویانە دژی ریفراندۆمن، ئێستا سەركردە سەربازییەكانیشان كەوتونەتە جموجۆل بۆ رەتكردنەوەی ئەم پرۆسەیە، خۆ ئەگەر هیچ كاردانەوەیەكی عەسكەریشیان نەبێ كە گومانم هەیە لەوەی بێدەنگ بن، بەڵام لانیكەم سنوورەكان دائەخەن و میللەت توشی برسیەتی ئەبێ. هەرێمی كوردستانیش قەتەر نیە بەترلیۆن دۆلاری هەبێو وڵاتێكی وەكو توركیای چاوچنۆك بەهانایەوە بێو ئاوی خواردنەوەی بۆ دابین بكا، هەرێم كێی هەیە بەیانی بەهانایەوە بێ لەكاتێكدا هەمو وڵاتانی عەرەبی و دەورەبەریش دژی ریفراندۆمەكەین.
3- ناوچەی سەوزو نیلی بەگشتی دژی ریفراندۆمن، ئەگەر بەیانی خوانەخواستە عیراق یا توركیا یا ئێران سەربازیان رژاندە سەر هەرێمو شەڕی پارتییان راگەیاند، چۆن چۆنی چاوەڕێی ئەوە ئەكرێ یەكێتی هێزەكانی خۆی بخاتە ناو ئەو شەڕەو پشت لەئێران بكا؟ خەڵكی ئەم دەڤەرەش چۆن ئەچنە بەرەكانی شەڕ بۆ بەرگریكردن لەپارتی و حكومەتەكەی كە میللەتی نانبڕاو كردوەو هیچ كاتێكیش خۆی بەخاوەنی ئەم زۆنەی سەوز نیلییە نەزانیوە؟. ئەمە شەڕی داعش و ماعش نیە بۆ ئەوەی رۆڵەكانی كوردستان لەهەر شوێنێك بن هەڵسن بۆ روبەروبونەوەیان، تۆ بڵێی بۆ پاراستنی پارتی و مەسئولە گەندەڵەكانی هەولێر هێزەكانی ئەم ناوچەیە خوێنی خۆیان ببەخشن، گومانم هەیە.
4- میللەت دوو ساڵ زیاترە برسی ئەكرێو نانی ئەبڕێو كەڕامەتی ئەشكێنرێ، بیست و شەش ساڵیشە بەدەست گەندەڵیو دزی و تاڵانی سەرانی پارتی و ناعەداڵەتی دەسەڵاتەكەیەوە ئەناڵێنێ، تۆ بڵێی بەیانی كەسانێك هەبن گیانی خۆیان یا مناڵەكانیان بكەنە قوربانی ئەم دزو گەندڵ وماڵوێرانكەرانەی پارتی وبچن لەبەرەكاندا بەرگری لەتەختی پاشاكەی سەری رەش و ئاغاكانی مەسیف و سەرۆكەكانی هەولێر بكەن؟.
ئەمانە هەموی مەترسی گەورەن ئەگەر پارتی و سەرانی سوور بون لەسەر ریفراندۆمێك كە لەئێستاوە شكستەكەی دیارەو تەزویركردنیشی دادی ئەو دەسەڵاتە بۆگەنەی پارتی نادات. باشتر وایە پارتی لەپێناو بەرژەوەندی خۆی نەوەك میللەتەكەی لەم پرۆسەیە پاشگەز ببێتەوەو، بگەڕێتەوە سەر چارەسەركردنی وەزعی میللەتەكە بەراگەیاندنی ئاشتەواییەكی سەرتاسەری و گەڕانەوە بۆ ناو میللەت ئەویش بە گێڕانەوەی قووتی خەڵك و ژیاندنەوەی پرۆسەی پەكخراوی سیاسی و رێزگرتن لەیاساو بەهاكانی و، دەستبەردار بون لەحوكمی تاكڕەوی دیكتاتۆریانەو كۆتایهێنان بەگەندەڵی و دزینی سامانی میللەت، ئەوسا دوای ئەم چاكسازیانە ئەتوانێ بەشێوەیەكی قانونی و پشتبەستن بەمیللەتەكەی خۆی داوای ریفراندۆم بكات، ئەو كات هەمو میللەت بەیەك دەنگ ئەڵێن ( بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) و ئامادەشن خوێنی خۆیان لەپێناویدا ببەخشن.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts