ئاریتما موحه‌ممه‌دی: ڕۆڵی میدیا له‌سه‌ر زمان و كولتوور! به‌شی چوارەم.
میدیا به هه‌ر هه‌وڵێك نێودێر ده‌كرێ كه ئامانجی گه‌شه‌كردنی په‌یام بێ و له گه‌یاندنی په‌یام له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێك، یانخود له تاكه‌وه بۆ گه‌ل و له گه‌لیشه‌وه بۆ تاك ڕۆڵ بگێڕێت. كه‌واتا میدیا ده‌توانێ خۆی له چوارچێوه‌ی ته‌له‌فۆن، نامه، ڕادیۆ و كۆمپێتریشدا ڕێكبخات، یان هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌ك كه ڕۆڵێكی له‌و چه‌شنه بگێڕێ و له گه‌یاندنی په‌یامدا گورجوگۆڵ بێ خۆی ده‌خزێنێته ژێر باڵی یه‌كێ له لهقوپۆكانی میدیا. میدیا به ته‌نیا واتایه‌كی ئه‌وتۆ ناگه‌ینێ، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌كارهێنه‌ری نه‌بێ و نه‌یخاته بواری كاره.
به‌ڵێ بێگومان له‌و كاته‌وه كه مرۆڤ هاتووه‌ته سه‌ر گۆی زه‌وی به‌رده‌وام به دوای ئه‌وه‌دا گه‌ڕاوه كه چۆن پێداویستیه‌كانی ژیانی دابین بكات و كارئاسانیی بۆ ژیانی بكا و دۆخه‌كه له‌گه‌ڵ خۆی بگونجێت، بۆ ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام به شوێن زانست و ده‌سه‌ڵاته‌وه بووه. بێگومان مرۆڤ به شوێن زانسته‌وه بووه بۆئهوهكه ژیانی بۆ ئاسان بكات و ده‌سه‌ڵاتی پێ كۆبكاته‌وه.
میدیا كاتێك ده‌توانێ به باشی ڕۆڵی بنه‌ڕه‌تیی خۆی بخاته چوارچێوه‌ی كرداره‌وه كه كه‌س یا كه‌سانێك بیانهه‌وێت پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌س یانخود پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بگرن یانخود بیانهه‌وێ په‌یامێك ئاره‌سته‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك، ناوچه یانخود ده‌ڤه‌رێك بكه‌ن، ئه‌وكات پێویستیان به‌و كه‌ره‌سته ده‌بێ كه خۆی له چوارچێوه‌ی میدیادا پێناسه ده‌كات.
له دۆخێكی له‌و چه‌شنه‌دایه كه پێویستیی میدیا خۆی ده‌نوێنێت. میدیا كاتێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ كه په‌یامێك له كه‌سێكه‌وه وه‌ر بگرێت و به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هه‌مان په‌یام بۆ كۆمه‌ڵگا یان گرووپێكی دیاریكراو ڕۆڵی خۆی بخاته‌گه‌ڕ. میدیا ده‌توانێ بۆ گه‌یاندنی په‌یام له شێوه‌گه‌لی جیاوازی وه‌ك ده‌نگ و ڕه‌نگ كه‌ڵك وه‌ربگرێت. باییخی میدیا له گرینگی په‌یامدا خۆی ده‌رناخات، به‌ڵكوو له گه‌یاندن و بهرفهراوانكردنی په‌یامدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. ئه‌مه به‌و واتایه دێ كه میدیا كه‌ره‌سته یانخود كرداری ئاگاداركردنه‌وه و بهرفهراوانكردن و گه‌یاندنی په‌یامه.
هه‌ستیاریی میدیا
ئه‌مڕۆ میدیا بووه‌ته كه‌ره‌سته‌یه‌ك كه وڵاتان شه‌ڕی ده‌روونی پێ ده‌كه‌ن و له ڕێگای میدیاوه كولتووری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی پێ لاواز ده‌كه‌ن. ئه‌وه میدیایه كه وای كردووه جیهانی سه‌رمایه‌داریی هه‌ژموونی سیاسیی، كولتووریی و ئابووریی خۆی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و گه‌لانی دیكه‌دا بسه‌پێنێت و له‌و ڕێگانه‌وه پڕۆژه‌ی سه‌رمایه‌داریی به‌ره‌وپێش ببات و سامانی سرووشتیی گه‌لانی دیكه داگیر بكات.
ئه‌گه‌ر له ده‌لاقه‌یه‌كی دیكه‌وه چاو له ڕۆڵی میدیا بكه‌ین و میدیای نه‌ته‌وه‌ی داگیركه‌ری كوردستان وه‌ك ئه‌زموون و ئاماژه بهێنینه‌وه، ده‌بینین كه كاریگه‌ریی نه‌رێنیی میدیای وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد و له‌سه‌ر كولتوور و ناسنامه‌ی كورد ده هێنده زایتر بووه له‌و ڕێژه له هێز و وزه كه كورد له شه‌ڕه‌كاندا له ده‌ستی داوه.
واتا چه‌نده كوردیان كوشتووه و ژینۆسایت كردووه، به قه‌د ڕۆڵی نه‌رێنیی میدیا كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد دانه‌ناوه. میدیای داگیركه‌ر شوناس و ناسنامه‌ی كوردی چه‌واشه كردووه، كه داگیركه‌ر قه‌د نه‌یتوانیوه به‌شه‌ڕ و كوشتن و ماڵوێرانكردن ئه‌و كاره بكات. به‌ڵام له ڕێگای میدیا و به‌شه‌ڕی نه‌رم ئه‌و پیلانه‌یان به‌ره‌وپێش بردووه.
واتا داگیركه‌ران سه‌دان ساڵه شه‌ڕی كورد ده‌كه‌ن و ده‌یانهه‌وێت كه نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌نێو بچێت و به كرده‌وه هه‌نگاوی مه‌ودا درێژێیان هه‌ڵهێناوه‌ته‌وه تا ئاستێك كه كوردیان ژینۆسایت و كۆمه‌ڵكووژ و زینده‌به‌چاڵ كردووه، به‌ڵام قه‌د نه‌یانتوانییه‌وه زمان و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌نێو به‌رن یانخود لاوازی بكه‌ن، چونكه ڕۆڵی میدیا له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌گاته لووتكه و پێش سه‌ده‌ی بیسته‌م ڕۆڵی میدیا ته‌نیا له گۆڤار، ڕۆژنامه و كتێبدا كورت ده‌بووه‌وه و نه‌ته‌وه‌ی كورد و به‌گشتی نه‌ته‌وه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش نه‌ته‌وه‌گه‌لێكی خوێنده‌وار نه‌بوونه تاكوو له ڕێگای چه‌واشه‌كردنی مێژوو و دیرۆكی كورده‌وه كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر بیروهۆشی كورد دابنێن.
به‌ڵام له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا پیلانی چه‌واشه‌كردنی مێژووی كورد له ڕێگای نووسینی بابه‌ت و وتار و كتێبه‌وه له لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، وه‌ك ئاماژه‌م پێی كرد، پێش سه‌ده‌ی بیسته‌م و ته‌نانه‌ت له سه‌ده‌كانی نێوه‌ڕاسته‌وه و بگره هه‌ر له‌سه‌رده‌می ڕۆخانی ده‌وڵه‌تی ماده‌وه كتێب و نووسراوه‌ی دژبه كورد له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه نووسراوه، به‌ڵام كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌و ئاسته‌دا نه‌بووه كه ئه‌مڕۆ په‌له‌كانی دیكه‌ی میدیا وه‌ك فلیم، ته‌له‌فیزیۆن، ڕادیۆ و میدیای ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر مێژوو، كولتوور و زمانی كورد دایده‌نێت.
پێشتر كتێب له‌لایه‌ن فاشیستانی عه‌ره‌به‌وه نووسراوه كه گوایه كورد به‌شێكن له جن، یانخود له‌لایه‌ن فاشیستانی فارسه‌وه ئه‌فسانه سازكراوه كه گوایه كورده‌كان پاشایه‌كیان هه‌بووه كه دوو مار له‌سه‌ر شانی ڕوواوه و هه‌ر ڕۆژێ ده‌بوو مێشكی دوو لاوی كورد ده‌رخواردنی ئه‌و دوو مارانه بدرایه‌وه و ئه‌وه نه‌وه‌ی پارس بووه كه كوردیان له‌و كاره‌ساته ڕزگار كردووه و كورده‌كانیان بۆ چیاكانی زاگرۆش به‌ڕێ كردووه و دواتر كورد گه‌شه‌ی كردووه و په‌ره‌ی سه‌ندووه.
واته ده‌بێ كورد به‌رده‌وام بنده‌ست و ملكه‌چی فارس بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌كه كوردیان له‌و دۆخه‌دا ڕزگار كردووه، یان توركه‌كان كورد به توركی شاخ هه‌ژمار ده‌كه‌ن. شانامه‌ی فهردهوسیی باوكی فاشیزمی فارس ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌كه ڕۆڵی میدیای داگیركه‌ر له ڕابردوودا دژبه كورد چۆن بووه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانتوانیوه زمان و كولتووری كورد له‌نێوبه‌رن، هه‌رچه‌ند مێژووی كورد و دیرۆكی كوردیان چه‌واشه‌كردووه و نه‌وه‌یان كوردیان بێهیوا و زه‌لیل و خۆخۆر بارهێناوه.
درێژه‌ی هه‌یه…