بورهان شێخ ڕەئوف: پەیوەندییەکانى ئەمریکاو تورکیا بەرەو کوێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر ساڵى پار شاهیدى داڕمان و هەرەسى پەیوەندییەکانى ئەوروپاو تورکیا بووین بە تایبەتى دواى کودەتا شکستخواردووەکەى 15 تەمووز 2016، کە ئەردۆگان زۆرێک لەوڵاتانى تۆمەتبار دەکرد بە پشتیوانى و نەخشەکێشانى، وا ئێستا دەبینین حکومەتەکەى ئاکەپە لە دروشمى زیرۆپرۆبلمەوە بووەتە فوول پرۆبلم نەک لە ناوخۆى وڵاتەکەى و دراوسێکانى بەڵکو لە گەڵ ئەوروپا و ئەمریکاش بە قۆناغێکى هەستیارو ژانێکى قورسدا تێپەڕ دەبێت پەیوەندییەکانیان.
بەڵێ ئەوەى مایەى نیگەرانى و خەمباریە بۆ تورکیا و ئەردۆگان لێدوانەکانى نوێنەرى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا برێت ماککۆرگە بۆ شەڕى تیرۆر کە وتبووى تورکیا یارمەتى و کۆمەکى ئەو گروپ و ڕێکخراوە تیرۆریستیانە دەکان کە نزیکن لە ڕێکخراوى تیرۆریستى ئەلقاعیدەوەلە ئەدلب.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا ئەو لێدوانانەى ماککۆرگ وا دەخوێنێتەوە و ڕۆژنامەو ماڵپەڕە تورکیەکانى نزیک لە ئەردۆگانیش والێکى دەدەنەوە کە ئەمە هەوڵ و هەنگاو نانى ئیدارەى ئەمریکایە بۆ ناونووسکردنى تورکیا لەسەر لیستى تیرۆر واتا ئەو سحرەى کە ساڵانێکە ئەردۆگان و حکومەتەکەى دەیانەوێت بەسەر ڕۆژئاواى کوردستان و شەڕڤانان و یەکینەکانى پاراستنى گەلى دا بسەپێنن ئێستا بەسەر خۆیاندا دەشکێتەوە و ئەو پەندە کوردییەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت کە دەڵێت ئەوەى چاڵ بۆ یەکێکى تر هەڵبکەنێت خۆى تێدەکەوێت.
لەلایەکى ترەو ڕۆژنامەو ماڵپەڕە تورکیەکانى نزیک لە ئەردۆگان ترسى زۆر و نیگەرانى خۆیان ناشارنەوە لە تێکچوون و شڵەژانى دۆخى پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەمریکا و دەڵێن ئەگەر زۆر بە هۆشیارى و بەرپرسیارێتیەوە کارنەکرێت ئەو ئەگەرى ئەوە هەیە تەواو پەیوەندییەکانمان هەرەس بهێنێت.
بەڵێ ئەوەى زیاتر تورکیاى نیگەران کردوووە کۆمەک و هاریکارییە فراوان و هەمە چەشنە سەربازى یەکانى ئەمریکایە بۆ شەڕڤانانى کورد لە باکوورى سوریا کە تورکیا بە باڵى سوریاى pkk ئەژماریان دەکات و کە لە لیستى تیرۆردان و بە مەترسى گەورەو ڕاستەقینەیان دەزانێت بۆ سەر ئاسایش و یەکپارچەیى خاکەکەى هەرچەندە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) دڵنییایى تەواو پێداون لەسەر جۆرى چەکەکان و بەکارهێنانى.
بەڵام تورکەکان لەو بڕوایەدان پڕچەککردنى کورد لە سەر سنوورەکانى باشوورى وڵاتەکەیان لە ئەندازەى پێویستى خۆى زیاترە گوێ نەگرتنى ئەمریکا لە مەترسى و نیگەرانیەکانیان لە خواست و هیواى کورد بۆ پێکهێنانى قەوارەیەکى کوردى تر وەکو باشوورى کوردستان لە عێراق لە باکورى سوریا پەیوەندییەکانى ئەمریکاو تورکیا بەرەو هەڵدێر و داڕمان دەبات سەرەڕاى ئەوەى کە هاوپەیمانى دێرینى چەندین ساڵەو لە پەیمانى ناتۆ.

فاکتەرى مەترسیەکانى تورکیا
ئەوەى زیاتر تورکیاى ناڕەحەت و نیگەران کردووە ئەو کۆمەک و هاریکارییە فراوانانەیە کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا گەیشتوونەتە دەستى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کە زۆرینەو بڕبڕەى پشتى لە کورد پێکدێت، هەروەکو ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆڵ بڵاوى کردووتەوە زیاتر لە112 بارهەڵگرن کە لە عێراقەوە چەکو پێداویستى سەربازییان گواستۆتەوە بۆ سوریا و پێشتریش 909 بارهەڵگرى تریان بۆ ناردوون کە بەهەمووى زیاتر لە 1000 بارهەڵگرە.
وەزارەتى بەرگرى ئەمریکاش ئەوەى ئاشکرا کردووە ئەو چەکانەى کە نێرراون بریتین لە 12000 کلاشنکۆفى (AK47)و 6هەزار تفەنگى ئۆتۆماتیکى و 3500 ڕەشاشى ئۆتۆماتیکى و 3هەزار RPG ئەمریکى و 1000 ڕۆکێت وەشێنى (at4 ) ئەمریکى و (SPG9 ) ڕوسى دژەتانک 235 هاوەن 100 قەناسەو 450 دووربینى شەو و 150 دوربینى تیشکى ژێر سوور.
تورکیا دەترسێت هەموو ئەو چەکانە ببنە مایەى زیانو قوربانى زۆر بۆ هێزەکانى کە بە تەمایە لە داهاتوودا ئۆپەراسیۆنى شمشێرى فورات جێبەجێ بکات دژ بە کانتۆنەکانى عەفرین و دەوروبەرى.
لەلایەکى ترەوە هەندێ سەرچاوەى تر باس لەوە دەکەن کە کە تانک و هەمەر و ڕۆکێتى دژەتانک ى زۆر ڕادەستى یەکینەکانى پاراستنى گەلى کوردى کراوان هەرچەندە پنتاگۆن ئەوانەى بە فەرمى ڕەت کردۆتەوە بەڵام سیاسیەکانى تورکیا ترس و لەرزى گەورەیان لێهاتووەو ئەمە بە مەترسیەکى زۆر گەورە بۆ سەر ئاسایشى ئایندەى وڵاتەکەیان دەبینن.

کاردانەوەى تورکیا
هەرچەندە ئەردۆگان هەوڵى دا ترەمپ و ئیدارەى نوێ ى ئەمریکا قایل بکات کە کۆمەک و هاریکارى کورد نەکات بەڵام نەیانتوانى چونکە ڕێکخراوى و دیسپلینى ئەو هێزانە لە شەڕى تیرۆردا ئەمریکیەکانى گەیاندە ئەو بڕواییەى کەئەمانە باشترین و لێهاتووترین هاوپەیمانن لە شەڕى تیرۆردا بۆیە ئێستا تورکیا لە هەوڵى دروستکردنى هاوپەیمانێتیەکى چوار قۆڵیە لە گەڵ ڕوسیاو ئێران و ڕژێمى ئەسەد دژ بە ئەمریکا و پەیەدە و لە هەمان کاتدا لە دواى کێشانەوەى ڕۆکێتەکانى پاتریۆت هاوپەیمانى ناتۆ لە تورکیا خەریکى کڕین وبە دەستهێنانى سیستمى بەرگرى S4OO ڕوسیە.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت