دلێر حسێن: پێویستە هەمومان بڵێین ستۆپ.
لەسەروبەندی بانگەشەکانی ڕێفەراندۆمچیەکان لە پێناو مانەوەی خۆیان بەجۆرێک ئامادەن یاری بەچارەنوسی میللەتێک بکەن هاوشێوەی قومارەکانی (دانە گاز) کە بێ شەرمانە دەڵێن ئەگەر سەری گرت ئەولا باشتر.
ئەگەر لەودێرەی ووتەکانی بارزانی ورد ببینەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەوانە نەک پیاوی دەوڵەتداری نین، بەڵکو هەمیشە ئامادەن قوربانی بەخەڵك و خاكی نیشتمانی كوردستان بدەن تەنھا بۆ ئەوەی بەرژەوەندیە شەخسی و حزبیەكانیان قەبە بكەن و كۆمەڵێكیش بەپاڵەوان و قارەمان وەسفیان بكەن تا زۆرتر لەكورسی بمێننەوە بەناشەرعی.
بارزانی و پارتی بەدرێژایی مێژووی خۆیان هەرگیز ئەوەندەی دووساڵی ڕابردوو لە دۆخێکی ناجێگر نەژیاون، نە لەڕووی سیاسی نە لەڕووی کۆمەڵایەتی، چونکە بەردەوام دەست لەسەر سینگ و بەڵێ ئەزبەنیان بۆگوتراوە، (نەخێر و نابێت) یان بۆ نەکراوە بۆیە ناهەقیان نیە.
دووساڵە سەختەکەی بارزانی و پارتی:
دوای تەواو بوونی ماوەی خولەکە درێژكراوەكەی 30ی حوزیران، هەمیشە بارزانی بیری لای ئەوە بووە چۆن و بەچ ڕێگایەکیتر خەونی سەرۆکی هەتا هەتایی بێنێتەدی، خەونێک لەبەرگی دیموکراسی و بە چەپڵە ڕێزان و کۆدەنگی لە نادامەزراوەی شەرعی و یاسایی کە پەرلەمانە، دواتر شێر ئاسا بێتە سەر تیڤیەکان بەمنەتەوە بڵێت: گەر خواستی پەرلەمان و حیزبەکان و جەماوەر نەبێ یەک دەقەش لەسەر کورسی دانانیشم، بەڵام چی لەخواستی ئێوە بکەم واز ناهێنن خۆمن خەباتم بۆ ئەوە نەکردووە.
لەشانسی بارزانی، ئەو خولەی پەرلەمان و هاوکێشەکان و ڕیزبەندی کورسی لەلیستەکان گۆڕانی بەسەردا هات، خەون و خولیای ئەویش لەگۆڕنرا و ئەو سەردەمە بەسەرچوو پەرلەمان فەرموو لەبارزانی بكات و چەپڵەڕێزانی بۆبكەن، هەمیشەش هەوڵیداوە لەڕێگەی دەست و پێوەندەکانی چ بەھۆی پاداشت چ بەهەڕەشە دەستە لەرزۆك و ڕاھاتووەکان بەرزبن بۆ سەرۆک و چەپڵەکانیان قایمتر بکەن لەحزووری جەنابی ئەزبەنی.
کە نەکرا چی ڕوویدا؟
بەر لەوەی هۆکارەكان بخەینەڕوو، ئەوەمان بیرت نەچێت هەمیشە هەوڵی دروستکردنی قەیران دراوە، چونکە چاک لەو ڕاستیەحاڵی ببون لەپاڵ مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات پێویستە قەیران هەبێت بۆ خافڵاندنی خەڵك تاكو شەرعیەت بەکارە نایاسایەکانیان بدەن، بەنمونە; شەڕی داعش، هەڕەشەو گوڕەشەكانی بەڕووی مالیکی و عێراق.
ناچینە ناو وردەکاریەکانی ئەو شەڕە و هەڕەشەکردن لە مالیکی لەنەورۆزی 2013 چونکە زۆر بیستراوە، کاردانەوەو دەرەئەنجامەکان بینراون.
ڕێفەراندۆم وەک دواین کارتی مانەوە دوای بێ هیوا بوونی بارزانی لەهەوڵەکانی بۆمانەوە لەکورسی دەستەڵات، كارتە تاقیکراوەكانی وەكو داخستنی پەرلەمان و برسیکردن و تەخوین و شارچێتی و ئیرهابی فیکری و كوشتنی جەستە.
ڕاوێژکارە دڵسۆزە خۆنەویستەکانی بارزانی ئەو کارتەیان پێ تاقیکردەوە، کەخەریکە هاوشێوەی کارتەكانیتر بێ ئەرزش دەبێ و دەست بەتاڵ لێ دەردەچێ.
بارزانی خۆشی قەناعەتی نەکرد ئەو کارتەیان ئەوەندە درێژە بکێشێ، وای نیشاندا بەڕاکێشانی ئەو کارته لایەنەکان ملکەچی داواکاریەکانی دەبن و خۆشی پاڵەوانێك لەشێوەی گاندی و ماندیلا دەچێتە وەسفەوە، ماندێلایەکی هەتاهەتا سەرۆک پاڵەوانتر و جیاوازتر لەماندێلاکەی ئەفریقیا و گاندیەك كەوەسف بكرێت بەدەرھێنانی كوردستان لەژێر چەپۆكی كۆڵۆنی نێودەوڵەتی، ناهەقی ناگرم خودا ڕاوێژکارەکانی بگرێت كەبەهەڵەیاندابرد.
کاردانەوەکان ھێندە خێرا بوون كەخودی بارزانیش چاوەڕوانی نەدەكرد، وایان تێگەیاندبوو كە ئەفسانەی تێکشاندنی داعش بەس بارزانیە و جیھانیش وەكو پاداشت ملکەچی خواستەکانی دەبێت، وابەگوێچكەیدا چرپێنراوە كەئەمریکا و ئەوروپا دۆستمانن، ئەھا بەردەوام لەسەر ئاستی باڵا سەردانی هەرێم دەكەن و هاوکارمانن، بێ خەبەر لەوەی ئەمریکا و زلهێزەکان لەستراتیچی خۆیان لانادەن.
دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ بارزانی ئاماژەی ڕوونن کەئەمریکا ڕێفەراندۆمی ناوێت و ناشیھەوێ ھەرێم لەكۆڵۆنی دەولی بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی بگوازرێتەوە بۆ كۆڵۆنیەكی توركی لەشكڵی قوبڕس.
پێیان گوتراوە گەر سەركێشی بكەن كاردانەوەی ئەولاتر دواتر دەردەکەون، بەڵام عەجەب لەسیاسەتی یەکێتی و یەکگرتوو دایە، کاتێک گلەیی و گازاندەی زۆریان لە یوسف محەمەد و گۆڕان کرد کە گرنگیان بەداواکاری نوێنەری ئەمریکا نەدا لەکوبونەوەی 19ی ئاب لەسەر دواخستنی کۆبونەوەی پەڕلەمان، کەخۆیان لەگۆڕان پێداگرتر بون بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە، بەڵام ئێستا بوێری ئەوەیان تێدا نیە بڵێن ستۆپ بارزانی ئێستا کاتی نیە.
كەچی سەرەڕای شەراكەت لەپڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم بەگۆڕانیان گوت: ستۆپ، وەك ئەوەوایە بەخودی خۆیان بڵێن; ستۆپ.
ستۆپەكان ئەوكات گرنگن كەترس و بەرژەوەندی لەپشت نەبێ، ئێستا كە پارتی سوڵتەی موتڵەقی ھێزو پارەیە جگە لەگۆڕان و گۆڕانخوازان كێیتر پێی دەڵێ; ستۆپ؟
ھیچ كەسێ.