شێرزاد شێخانی: مەرجە تەعجیزیەكانی پارتی و گۆڕان.
بۆچی بەبێ پێچوپەناو ڕاشكاوانە دوو قسە لەسەر ئەو دانوستانەی نێوان گۆڕان و پارتی نەكەین و، ڕێك نەڵێین هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی لێناكەوێتەوە. هەڵبەت ئەمەش نە رەشبینیە نە كوفریشە، بەڵكو واقیعەو لەوانەیە كەسانێكیش هەبن وەكو ئێمەی هەستی پێبكەن.
(1)
پارتی لەسەرەتاوەو پێش چوار ساڵ، نەك دو ساڵ و دو مانگ و دوو رۆژ پێش ئێستا بەراشكاوی چرپاندویەتی بەگوێی هەمو لایەكدا كە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمو كورسیەكەی كاك مەسعود خەتی سوورە. لەدوای تەواوبونی ویلایەتە یاساییەكانی بەسەفقەیەك لەگەڵ یەكێتی دو ساڵی بۆ درێژ كرایەوە، دواتر بەبڕیارێكی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان دو ساڵی تریشیان خستەسەر، كەواتە هیچ تروسكاییەك لە تونێلەكەوە نابینرێ بۆ دەربازبون لەم قەیرانە، چونكە بەكورتو موختەسەر پارتی ئامادە نیە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بێت بەم هەمو دەسەڵاتەوە، ئەوەی ئێستاش لەئارادایە تەنها یاریكردنە بەكات و هیچیتر، ئەویش لەبەرژەوەندی پارتیدایە، چونكە هەمو حزبەكان ئێستا بەهۆی فشاری جەماوەرو قاعیدەكانیان توشی دەیان كێشە بونە، تەنها پارتییە كە قاعیدەیەكی كەڕوڵاڵی هەیە كەدەنگی نیەو نابیسترێ، ئەمەش سروشتی ئەم حزبەیەو گۆڕینی بەدەست خوایە نەوەك عەبدەكانی.
پارتی كە هەمیشەو هەتا هەتاش چاوی لەكورسی سەرۆكایەتی بێت، بەچ عەقڵ و مەنتیقێكەوە رازی ئەبێت سیستەمی سیاسی لەكوردستان بگۆڕدرێت بەپەرلەمانی و پۆستی سەرۆكی هەرێم ببێتە پۆستێكی پرۆتۆكۆلی و سەرۆك هیچ ئیشوكاری نەبێ مەگەر لەسەر كورسییەكەی بخەوێ، یان خەریكی راوە ماسی بێت، دەسەڵاتەكانیشی هەمویان بگوازرێنەوە بۆ سەرۆكی حكومەت كە رەنگە بەپێی پێشهاتەكانی هەڵبژاردن یاخود هاوپەیمانی سیاسی لایەنەكان لەداهاتودا ئەو پۆستەشیان لەدەست بچێ،جا چۆن پارتی ئەتوانێ بەبێ دەسەڵات و دەستگرتن بەسامانەكانی وڵات هەڵبكاو، رێز لەئەنجامی هەڵبژاردن یا دیموكراسی بگرێ و ئەو دەسەڵاتە رەهایەی ئێستای تەسلیم بەلایەنیكیتر بكات، كە لەوانەیە یەكێك بێت لەدوژمنەكانی خۆی؟ّ!. پارتی یەعنی پارەو دەسەڵات ئەمە هەمومان ئەیزانین، بۆیە بەهیچ لۆژیگێك نابێ و ناكرێ پارتی دەستبەرداری ئەمانە بێت چونكە مانای لەناوچونیەتی، بۆیە پێموایە ئەوەی ئەم حەقیقەتە نەزانێ گاڵتە بەخۆی ومیللەتەكەشی ئەكات.
(2)
گۆڕان لەبەیاننامەكەیان پێنج مەرجی تەعجیزیان داناوە بۆ رێكەوتن لەگەڵ پارتی، هەرچەندە سەرەتا ویستیان پارتی هێور بكەنەوە بەوەی ئەمانە پێشمەرج نین، بەڵام لەهەمو حاڵەتێكدا خۆمان لەگێلی نەدەین ئەمانە مەرجی سەرەكی گۆڕانن، هەلبەت ئەو مەرجانەش لەژێر فشاری بنكە جەماوەرییەكەی گۆڕٍانەوە دانراوە كە سەركردایەتی گۆڕان ناتوانن لەبەر خاتری پارتی متمانەی ئەو بنكەیەیان لەدەست بدەن.
ئەگەر سەیری مەرجەكانی گۆڕانیش بكەین ئەبینین هیچ كامیان قابیلی قبوڵكردن نیە لەلایەن پارتیەوە. یەكەم گۆڕینی سیستەمی سیاسی بۆ پەرلەمانی، لەسەرەوە باسی مەحاڵبونیم كردوە، چاكردنی موچەی فەرمانبەران ئەمەش خەیاڵە پارتی دوای دو ساڵ لەسیاسەتی برسیكردنی میللەت ئەو دەسكەوتە گەورەیەی بداتە گۆڕانو ئەویش بیكات بەدروشمێكی هەڵبژاردنی داهاتو. مەرجی سازانیش لەناو پەرلەمان و لەدەرەوەی پەرلەمان ئەویش مەرجێكی تەعجیزی ترە، چونكە پارتی هەڵویستی لەسەر سیستەمی سیاسی وازحەو سازانی ئەو تەنها لەسەر مانەوەی كاك مەسعودە نەوەك شتێكیتر.
(3)
ماوەتەوە سەر یەكێتی. ئەگەر چی یەكێتی بەشێك نیە لەم ناكۆكییەی نێوان پارتی و گۆڕانداو وەكو تەماشاكارێك سەیری وەزعەكە ئەكاو، لەبەر بێ ئیرادەیی خۆی و نەبونی بڕیارێكی یەكگرتو لەناو حزبەكەیدا خۆی لەگەڵ هەردولادا گونجاندوەو ئەویش وەكو ئێمە چاوەڕێی كۆتایی یاریەكەیە كە ئەمەش هەڵوێستێكی زۆر لاواز ونامەسئولانەشە، چونكە یەكێتی بەم حاڵەی ئیستاشیەوە رۆڵێَكی گەورەی لەهاوكیشە سیاسیەكاندا هەیەو ماوەو بەردەوامیش ئەبێ، بۆیە یەكێتی ئەتوانێ رۆڵێكی باشتر ببینێ لەو پاشكۆیەتیەی بەشێكی سەركردەكانی بۆ پارتیو، گەورەترین كارەسات لەم نێوەندەدا ئەوەیە سەركردایەتی یەكێتی بچێتە ژێرباری دو مەسەلەی زۆر گرنگەوە، ئەوانیش:
یەكەم: كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ گۆران.
دوەم: درێژكردنەوەی ویلاتەكەی كاك مەسعود
چونكە لەهەردو حاڵەتدا باجێكی گەورە ئەكەوێتە سەرو، جەماوەرو خەڵكێكی زۆرتریشی لێ ئەبێتەوە كە ئەمەشیان هەر لەبەرژەوەندی پارتیدایە، نابێ سزا قوڕسەكەی 30 حوزەیرانمان لەبیر بچێ كە 10 كورسی پەرلەمانی یەكێتیمان كردە قوربانی كورسیەكەی بارزانی، ئەمجارەیان خەڵك زۆر تووڕەتریشە، نانبڕاوە، لەپارتی و یارییەكانی بێزارە، هیچ دوورنیە 10 كورس تریشی لێ ببێتەوە، ئەوسا حەجمی ئەو یەكێتیەی شۆڕشی نوێی داهێناو خاوەنی ئەم هەمو شەهیدو ئەو سەروەرییانە ئەبێتە حزبێكی هاوشێوەی یەكگرتوو كۆمەڵ ئەوسا پارتیش حیسابێكی ئەوتۆی بۆ ناكات. لێرەدا تەنها یەك فرسەت لەپێش ئەم سەركردایەتییەی یەكێتیدایە، یان ئەوەتا ئەو بەشەی ئێستا بەدوای پارتیەوەن، رێكەوتنە ستراتیژیە كۆنەكە تازە بكەنەوەو خۆیان بخەنە بن باڵی پارتی و بەیەك لیستی هاوپەیمانی لەگەڵیدا بچنە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمەش بێگومان ئەبێتە سەبەبی ئینشقاقێكی گەورەو لێَكترازانی ریزەكانی یەكێتی، یاخود ئەبێ بگەڕێنەوە پاڵ بەرەی میللەت و بەلیستێك لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بێنە مەیدانی هەڵبژاردنەوە. لەنێوان ئەم دو بژاردەیەیشدا هەلێكیتر ماوە لەبەردەم سەركردایەتی یەكێتیدا، ئەویش یەكگرتنەوەی سەركردایەتیەكەی و دەستكردن بەچاكسازییەكی ریشەیی و خۆ رێكخستنەوەو خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتو بەلیستی خۆیەوە، ئەویش دوای ئاشتبونەوەی گشتی نێوان سەركردایەتی و بنكە جەماوەرییەكەو یەكخستنی گوتارو بڕیاری سیاسی یەكێتی، بەمەش ئیعتبارێك بۆ خۆی ئەگێڕێتەوە، ئەگینا بەم دابەشبونەی ئێستاوە رۆژ لەدوای رۆژ لاوازترو ناكاریگەر تر ئەبێ لەسەر گۆرەپانەكەدا.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts