عیماد عه‌لی: مافی سه‌ربه‌خۆیی و قۆناغه‌كه و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی.
له گفتوگۆ هه‌میشه‌یی و بهردهوامهكانم له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب له‌م كاتانه‌دا كه باسوخواسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له ئارادایه، زۆرێك له رۆشنبیران و دڵسۆزانی میانره‌و به شێویهیكی عه‌قڵانی و دوور له ره‌گه‌زپه‌رستی وبه به‌ڵگه‌ی باوه‌رپێكراوه‌وه ده‌ڵێن؛ به‌ڵێ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی مافێكی ئاسایی گه‌لی كوردستانه و غه‌درێكی مێژوویه كه تا ئێستا به‌و هه‌موو بنه‌ما سه‌ره‌كیانه‌وه كه هه‌یه‌تی ئه‌و مافه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه و وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ له‌م ناوچه‌یه‌دا جێگه‌ی خۆی نه‌گرتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م قۆناغه‌ی عیراق و ناوچه‌كه هه‌ڵسه‌نگێنین و ئاڵۆزیه‌كانی له‌به‌رچاو بگرین و ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانی ئه‌م و ئه‌و بژمیرین و به‌رژه‌وه‌ندخوازه چاوچنۆكه‌كان دیاری بكه‌ین، ئه‌وا زۆر گونجاو نیه بۆ خۆی له پێش گه‌لانی تر كه كورد له‌م كاته‌دا ئه‌م رێگه‌یه بگرێته به‌ر كه له كۆتایی هاوكێشه‌كان و ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی له‌به‌ر ده‌میدایه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ناكه‌وێته‌وه و، تۆ له باردۆخێكدایت كه به‌وه ناسراوه ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسی و حوكمێكی ره‌شید و یاسایی تێدانیه‌و له سایه‌ی خۆفه‌رزكردنی خۆسه‌پێنانه‌ی كه‌سێك و حزبێك و عه‌شیره‌تێك و ده‌سته و تاقمێكی دیاریكراو و ناته‌بایی نێوخۆیی و ناله‌باری ژیانی سیاسی و ئابووری قه‌یراناوی، خه‌ڵك ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، بۆیه ئه‌گه‌ری به‌هێزی له‌دایكبونی ده‌وڵه‌تێك كه تا سه‌رئێسقان دكتاتۆریه‌ت و چه‌قبه‌ستوو به دابونه‌رتی دواكه‌وتوانه‌ی خێڵه‌كی و گۆرستانی رۆشنبیر‌و ژیاندۆستان زۆر زاڵتره له هه‌ر حوكمێكی ئاساییتر.
هه‌ر وڵاتێكی ئاوای بێده‌ربه‌ست به سیفه‌ته ناشیرینه‌كان به‌رێوه‌بچێت ئه‌وه‌نده له‌زه‌ره‌ری كورد ده‌كه‌وێته‌وه نیوبهقهد ئه‌وه له قازانجی نابێت، به‌ڵی سوربهخۆیی مافی خۆیه‌تی به‌ڵام دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندیه دوورمهوداكهیهتی، واته ده‌بێت گه‌لی كوردستان له نێوان به‌رژه‌وه‌ندی و ماف و، قازانج و ماف و، ئه‌ڵته‌رناتیڤی باشتر و كاتی گونجاوتر و ماف و، ریكخستنهوهی نێوخۆیی و بنیاتنانی زه‌مینه‌ی له‌بار و سه‌رهه‌ڵدانی حوكمێكی دیموكراسی و ژیانێكی ئازادانه‌ی نێوخۆیی كوردستان و ململانێی حزبی زانستی و ره‌خساندنی سه‌رجه‌م فاكته‌ره‌كانی سه‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌تی نوێ و فه‌وزا و پشێویدا، ده‌بێت یه‌كێك هه‌ڵبژیریت؛ واته یان ده‌وڵه‌ت به‌و سلبیاتانهوه وه‌ك مافێكی ئاسایی یان چاكه‌ی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ئه‌م قۆناغه‌ی گه‌لی كوردستان و دواخستنی ریفراندۆم و جاردانی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كاتی دیار و گونجاوی خۆی.
له‌به‌رامبه‌ر، خه‌ڵكێكی زۆری كوردستان له‌وباره‌وه وه‌ڵامه‌كانیان ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی به دوور له پشتخانی حزبی و به‌رژه‌وندی ته‌سكی حزبی و به پشت به‌ستن به پاڵنه‌ره زانستیه‌كانی زه‌روره‌تی ده‌وڵه‌ت و دیاریكردنی قۆناغه‌كه و له‌به‌رچاوگرتنی هه‌له‌كه وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه به‌وه‌ی؛ تائێستا هه‌لێكی له‌مه گونجاوتر نه‌هاتۆته ئاراوه و چاوه‌رێش ناكرێت له مه‌ودایه‌كی نزیكدا دووباره بێته‌وه، ئه‌و مافه‌ی كه ئێستا به قوربانیدان به به‌رژه‌وه‌ندی قۆناغه‌كه وحاڵی حازری نه‌یه‌ته دی قه‌ت نایه‌ته‌دی، واته یان ئه‌م نه‌وه‌یه و ژیان و گوزه‌رانی و خۆشیه‌كانی یان ده‌وڵه‌ت به‌بێ زۆرێك له خۆشیه‌كان،له‌به‌رئ ه‌وه‌ی چاوه‌رێ ناكرێت عیراق ببێت به ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی عه‌یار بیست و چوار له كاتێكی دیاریكراودا، كه مافی هاوڵاتیبون و یه‌كسانی و دیموكراسی و ئازادی تێدا به‌رقه‌راربێت، له نێوان ژێرده‌سته‌یی هه‌میشه‌یی و رزگاربون و قوربانیدانی كاتی كامه‌ی به چاكتر بزانیت ههیڵدهبژیریت، له نێوان قۆناغێكی دیاریكراوی پێویست به خه‌باتی نێوخۆیی چینایه‌تی له‌كاتی هه‌بوونی ده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به خۆت و ژێرده‌سته‌یی هه‌میشه‌یی كامه‌یان باشتره، له نێوان حوكمێكی ناله‌باری كاتیی و داگیركاری هه‌میشه‌یی له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌ست بریاری چاكتر ده‌ده‌یت، له‌نێوان ژێرده‌سته‌یی ئه‌ویتری داگیركا‌ر و زاڵم و نه‌بونی ئاواتێكی گه‌وره له گۆرێنی ریشه‌یی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له حاله‌تی مانه‌وه‌ی عیراق وه‌ك خۆی و هه‌بونی ئاواتێكی گه‌وره له گۆرینی ریشه‌یی له ده‌سه‌ڵات و جۆری سیستمی نێوخۆیی له وڵاتێكی تازه‌دامه‌زراو و پێگه‌یشتووی وه‌ك ده‌وڵه‌تی كوردستان، ئه‌وه‌ی قوربانی كه‌متر و ئاسانتر و اقزانجبهخشتره یان زیانی كه‌متره، ئه‌وه هه‌ڵده‌بژیریت.
بۆیه زۆرێكیش له رۆشنبیرانی مه‌یلدار و پاڵپشتیكه‌ری ده‌وڵه‌تی كوردستان و دوور له كاری حزبی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ده‌ڵێن؛ با نه‌یارانی ده‌وڵه‌ت پێشه‌كیه‌كه‌ی (ئبین خه‌لدون ) بخوێننه‌وه كه ده‌ڵێت؛ هیچ ده‌وڵه‌تێك به بێ ره‌گه‌زپه‌رستی خێڵه‌كی و نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك مه‌رجێكی سه‌ره‌كی سه‌ره‌تای بنیاتنان دروست نه‌بووه، هیچ ده‌وڵه‌تێك و نه‌هاتووه و بنیاتنه‌نراوه و ناشیه‌ته ئاراوه . بۆیه سه‌ره‌تای سروشتی دروستبونی ده‌وڵه‌ت له‌وێوه ده‌ستپێده‌كات و، هه‌ر له‌و چركه‌وه خه‌باتی چینایه‌تی ده‌ستپێده‌كات، واته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تێك نا‌بینیت كه به قۆناغی چه‌مكی ده‌وڵه‌تی كه‌سایه‌تی و ئینجا ده‌وڵه‌تی خێڵه‌كیدا ره‌ت نه‌بێت و دواتر چه‌مكه پێشهوتنخوازه سه‌رده‌میه‌كان خۆیان فه‌رزده‌كه‌ن و نهكون كیبركێ و ململانێوه .
بۆیه ده‌لێین ماف شتێكه و به‌رژه‌وه‌ندی ههمهجۆر و چاكه‌ی گه‌لی كوردستان شتێكی تره، هه‌ر بۆیه له‌و روانگه‌وه پرسیار ده‌كه‌ین كه ئایا هه‌موو كاتێك پیداگیری له‌سه‌ر ماف به چاكه ده‌كه‌وێته‌وه یان پاشه‌كشه‌ش له حاڵی حازر یه‌كێكه له ئه‌گه‌ره باشه‌كان و له‌وانه‌یه داواكاری ئه‌و مافه مێژووییه‌ت بتباته‌وه بۆ قۆناغی په‌یدابونی دژهبهرژهوهندیهكی یه‌كجار قه‌به‌ی سیاسی و ئابووری بۆ كورد.