نەبەز گۆران: بۆچی گۆڕان و پارتی رێكنەكەوتن؟
لەم قۆناغەدا، بەم مۆدێلی سیاسەتەی پارتی پەیرەوی دەكات، پێناچێت بزوتنەوەی گۆڕان بتوانێت ئامادەی رێككەوتن بێت لەگەڵی. ئەم ئامادەنەبوونەی بەشێكی پەیوەندی بە نەبوونی متمانەوە هەیە، بەشەكەی دیكەی پەیوەندی بەو فۆڕمەی سیاسەتەوە هەیە پارتی گرتویەتییە بەر. پارتی وێنەیەكی كێشاوە، هەموو رێككەوتنێك لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بەو جۆرە دەبینێت بیانخاتە ناو ئەو وێنەیەوە كە خۆی كێشاویەتی، هەر رەنگ و دیدگایەكی جیاواز لە دەرەوەی وێنەكەی بە كۆسپ دەزانێت! كاتێك هەوڵدەدات بۆ رێككەوتن لەگەڵ هێزەكانی دیكە، لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵدەدات ئەویتری دەرەوەی خۆی بهێنێتە ناو وێنە كێشراوەكەوە، نەك وەك خۆی قبوڵی بكات! لەرووی سیاسییەوە ئەمە رێككەوتن نییە، بەڵكو هێنانی ئەویترە بۆ ناو وێنە كێشراوەكە.
ئەم سەرنجە دەكەمە بیانوێك بۆ قسەكردن لەسەر دواكۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و پارتی. لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بەراشكاوی سەرنجەكان و دیدگای خۆیان خستووەتە روو. بزوتنەوەی گۆڕان خاڵەكانی ناو بەیاننامەكەی كردوە بە بنەوانی گفتوگۆكان، ئەو خاڵانەش ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی خەڵكی و كۆی سیستەمەكەوە. (هەڵبەت بۆ هەموولایەك بەیاننامەكە و خاڵەكان روونن و من دووبارەیان ناكەمەوە)
بەڵام داواكانی پارتی، وەك هەمیشە داواگەلێك بوون دور لە گوتاری واقیع. پارتی داوای لە گۆڕانكردوە بەبێ هیچ هەڵوەستە لەسەركردنێك بگەرێتەوە بۆناو پەرلەمان و حوكومەت! بێگومان گۆڕان متمانەی نییە. بەبێ هەڵوەستە لەسەركردنیش نایەوێت بگەرێتەوە و، نایەوێت لەم كۆتایی خولەدا ببێتە بەشێك لە شكستەكانی حوكومەت. شاندەكەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكەدا بەبێ رتوش لەم بارەوە وەڵامی پارتییان داوەتەوە.
خاڵی دووهەم: پارتی داوایكردوە بزوتنەوەی گۆڕان بێتە ناو كەمپینی ریفراندۆمەوە. شاندەكەی گۆڕانیش بەپارتیان راگەیاندوە، ریفراندۆم پرسێكی نیشتیمانییە و ئەركی حیزب نییە بریاری لەسەر بدات، ئەركی پەرلەمانە و دەبێت لەرووی یاسایی و نیشتیمانییەوە پەرلەمان لەو بارەیەوە پرسەكە تاوتوێ بكات.
شاندەكەی پارتی بەشێوەیەكی رژد خواستوویانە بزوتنەوەی گۆڕان ببێتە پاڵپشتی ئەم كابینەیەی حوكومەت و بەرگری لێبكات! بزوتنەوەی گۆرانیش لەوەڵامدا قسەی لەسەر ئەوەكردوە، كاتێك پێویستە پاڵپشتی حوكومەت بكەین، داهاتی ناوخۆ، داهاتی نەوت تێواربێت و، كێشەی موچەی فەرمانبەران و كێشە ئابوورییەكان بەشێوەیەكی روون یەكلایی ببنەوە و دەستی حیزب لە داهاتەكاندا كورتبكرێتەوە و حوكومەت ببێتە حوكومەتی هاونیشتیمانیان.
بۆ مەسەلەی گۆڕینی سیستەمی حوكمرانی لەم سیستەمەوە بۆ سیتەمی پەرلەمانی، پارتی نارازییە و بەرگری لەم سیستەمەی ئێستا دەكات. بزوتنەوەی گۆڕانیش پێی وایە: ئەم سیستەمە نە بەكەڵكی ئەم قۆناغە دێت و نە توانای بەرێوبردنێكی تەندروستی هەیە( ئەزمونەكەش دەریخستووە) بۆئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت پێویستە دەسكاری سیستەمەكە بكات. (ئەمە تەكیدكردنەوەی بۆچوونەكانی نەوشیروان مستەفایە لەلایەن شاندەكەی گۆڕانەوە بۆ شاندەكەی پارتی)
گەرچی شاندەكەی پارتی بێهوانەبوون و ئارەزویانكردوە كۆبوونەوەی دیكە بكرێت، بەڵام شاندەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دیدگای خۆی بەروونی خستوەتە بەردەم پارتی وتوویەتی: دیدگاكانی گۆڕان بۆ سیستەم و ئابووریی و ژیانی خەڵك ڕوونن، ئەوەی كێشەیە لەبەردەم ئەم دۆخەدا پارتییە، هەركاتێك پارتی ئامادەبوو بەهاوكاری گۆڕان و لایەنەكانی دیكە دەستبكەن بە گۆڕینی سیستەمەكە و باشكردنی دۆخی ئابووریی خەڵك و موچەخۆران، كۆبوونەوەی دیكەی دەكەین، ئەما كۆبوونەوە لەپێناو كۆبوونەوە ناكەین. ئەم بریارەی شاندەكە وەڵامێكی دروستی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ پارتی، كە گۆڕان نایەوێت كات بكوژێت و سەرقاڵی كۆبوونەوەبێت. لەتەنیشت ئەوەشدا جۆرێكە لەسەرپشككردنی پارتی بۆئەوەی لەگەڵ هەرلایەنێكی دیكە رێكبكەوێت بۆ كودەتای دووهەم بەسەر دامەزراوەی پەرلەمان و حوكومەتدا. (وەستاندنی كۆبوونەوەی بێ بەرهەم، بڕوابوونە بە سیاسەتی كردەیی)
ئەم جیاوازییە بنەرەتییانە بۆ سیستەم، بۆ خۆ بەرێوەبردن، بۆ دۆسیە گرنگەكانی سیاسەت و ژیانی خەڵك، لە كۆبوونەوەی هەردوولادا بەباشی دەركەوتووە. ئەو وێنەیەی پارتی كێشاوییەتی وێنەیەكە بزوتنەوەی گۆڕان ناتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە، ئەو وێنەیەش بزوتنەوەی گۆڕان دەیكێشێت بۆ ئایندەی سیستەم و ئەم هەرێمە، وێنەیەكە بۆ پارتی قورسە بتوانێت قبوڵی بكات، چونكە لە وێنە نوێیەكەی بزوتنەوەی گۆڕاندا، هێزی بنەرەتی حوكومەتی هاونیشتیمانی و دامەزراوە یاساییەكانن، نەك حیزب. جیاوازییەكان زۆرن، ئەما گەر تێگەیشتنێكی دروست هەبێت بۆ ئایندەی ئەم هەرێمە، جیاوازییەكان دەبنە بونیادێك بۆ دروستكردنی سیستەمێكی دروست.