كارۆخ عوسمان: 31 ئاب لەنێوان شانازی و خیانەتدا.
ئەوان كەھاتن نەك تەنھا ئیدارە، سیاسەت، ئابوری، پەروەردەو بنەمای كۆمەڵایەتی، بەڵكو تێڕوانین و دیدەگای تاك بەتاكی كۆمەڵگەی كوردیشیان كرد بەدوو، كۆمەڵگەی كوردستانیان بەجۆرێك دابەشی دوو كرد كە نزیك كردنەوە لەئەستەمەوە بوو بەمەحاڵ.
البادئ اظلم پارتی وادەڵێ
منیش وادەڵێم، بەڵام ئەزڵەم تا ئەزڵەمێكیتر جودایی ھەیە، ئەزڵەمی 31ی ئاب زامێكەو لە زوڵم گەورەتر، بكەرانیشی لەزاڵم ئەولاترن.
كێ جاری یەكەم دەستی چووە خیانەت زاڵمە، خائینە، بەڵام خیانەتی سەركردایەتی كورد دەسپێكەكەی لەدوای ڕاپەڕینەوە نیە، بەڵكو لەڕۆژی دروستبوونی كۆماری مھابادەوە سەر ھەڵدەدات.
ئەوانەی ئێستا حوكمی ھەرێمی خوێن تێزاو دەكەن، ئەوانەی ئێستا سوڵتەی كوردستانی پڕ لەزامیان بەدەستە، كە ھاتن وەك ڕەوە كوللەی مانگی گوڵان ھەرچی سەوزایی ئەم نیشتمانە ھەبوو لەسەر ڕووی زەمینەوە قرتاندیان، ئەم وڵاتەیان كرد بە پووش و پەڵاش.
كەچی بەناوی شۆڕشی كوردایەتی و ڕزگاری نیشتمانی و چەسپاندنی دیموكڕاسیەوە گەلی كوردستانیان جۆش دەدا، ھەر لەشاخەوە مەدرەسەی بنەماكانی خەڵەتاندن و درۆكردنیان بونیادنا، سەدان كەسیان لەم مەدرسەیەدا پێگەیاند، بەگرتنەدەستی ئیدارەی وڵات ئێمەشیان لەخراپەكاریەكانیان تێگەیاند.
31ی ئاب ڕۆژێكی تاریكە لەدیرۆكی كورد، بەڵام ئەوەی دوای ئەو ڕۆژە ھاتەبوون سەدان جار تاریكترە، چونكە بەدرۆكانیان وایان نیشاندا كەلەپێناو دەركردنی دەستی بێگانە بێگانەیەكیتریان ھێنا، ھەرچەندە سوپای ڕژێمی بەعس داوەتی ڕۆژی 31ی ئاب كرا، بەڵام ئەم سوپایە تەنھا بۆ 15 ڕۆژ لەھەرێم مایەوە، لەوێ بەدواوە پیسترین و دوژمنترین بێگانەی داگیركەری تریان ھێناو لەم ھەرێمە شوێنی بارەگا سەربازیەكانیان بە بنەموڵكی پێ بەخشین.
توركیا كە دوژمنێكی سەرسەختی دۆزی ڕەوای كوردە لەوێ ڕۆژێ بەولاوە لەم پارچە كوردستانە بووە بەخانەخوێ و ئازادتر لەھەر تاكێكی كورد چالاكی و ھامشۆ دەكەن.
گەلی باشور دوو بەشە، دوو بەشی زۆر لەیەكتری پڕ، زۆر لەیەكتری جودا.
بەشی یەكەم كە ھەمیشە دوژمنی داگیركەرەو بەنەستی نیشتمانپەروەری جۆشدراوە 31ی ئاب بە خیانەتێكی گەورە دەزانێ، ھەرچی بەشی دووەمە بەھۆی بەرژەوەندی چەپەڵ و دوژمن دۆستیەوە ئەم ڕۆژە بەشانازیەكی گەورە دەزانن، چونكە بنەماڵەی خیانەت كردار ئەو ڕۆژە بەپڕشنگداری نمایش دەكات، وا دادەنێ كە گەل مێگەلەو لەگوتەی ئەوان زیاتر توانای دیدەنی ئەودیو پەردە ڕەشەكانی نیە.
31ی ئاب تەنھا ھێنانی سوپای داگیركەر نیە بۆ كوردستان، بەڵكو رووشاندن و قوڵكردنی برینی نیشتمانی كوردستانە.
بەزاندنی ئەو ھێڵەیە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەیاسایەك بۆ پاراستنی گەلی كورد لەدەستی ڕژێمی بەعس دیاری كردبوو، بەم پێیەش دەبێت سەركردایەتی پارتی و خودی مەسعود بارزانی لەسەر ئەم دۆسیەیە لەدادگای باڵای نێودەوڵەتی سەربەنەتەوە یەكگرتووەكان (لاھای) دادگایی بكرێت.
دواتریش لەدادگایەكی نێوخۆیی كوردستان لەبەردەم دادوەرێكی داوەری كورد لەم ھەرێمە دادگایی بكرێت و سزای گشت خیانەتەكان بەتایبەت ڕۆژی ڕەشی 31ی ئاب وەرگرێ.
ئێستا لەم ھەرێمی كوردستانە شتێكی غەریب لەعەجیبتر دەبینرێت.
ئەوانەی بە نەشتەری ڕۆژی 31ی ئاب ورگیان ھەڵدرا، ئەمڕۆ داكۆكیكاری مانەوەی بكەرانی ئەم ڕۆژەن و سەرسەختانە دیفاع دەكەن لەبەردەوامی خیانەت، بوون بەخەربەندەو خزمەتی مەبەستە چەپەڵەكانی خیانەتكاران دەكەن، خیانەتكاریش جۆری ھەرە گەورەی جاشایەتیە، كەواتە ئەوان جاشی جاشن و پلەی ھەرە نزمیان لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا وەرگرتووە.
31ی ئاب ڕۆژێكە كە خیانەت تێیدا گەیشتە لوتكەو ھیچ ئاسمانێك نەما ھاواری مەزڵومانی كورد لێی دەنگ نەداتەوە.
كەچی ئێستێ ھێندە بێ شەرمانە ئەم ڕۆژە شانازیكاری ھەیە كە مرۆڤ عارەقی شەرم خەریكە دیسوتێنێ…
دەبێ چ موتعەیەك ھەبێت لە شانازی كردن بەو ڕۆژانەی كەخیانەتیان تێدا ئەنجام دراوە؟ ئەگەر بەرژەوەندی پیس و وەلانانی عیززەت نەبێت.!!!
سفر بوونی عیززەتیش ئەو كاتە دەست پێدەكات كە مرۆڤ ڕەوشتەكانی دەخاتە سندۆقێك و قوفڵی دەدات، لەپێناو دەستكەوتنی بڕێك دراوی ناشەرعی.