دانا تەیب مەنمی: دەوڵەت یان میرنشین!
ئەو هێزانەی لە ئێستادا لە باشووری كوردستان بانگەشەی ڕیفراندۆم و دەوڵەتداری دەكەن، خودی خۆیان بەربەستن لەبەردەم سەربەخۆیی كوردستاندا.
ئەم هێزانە كە لەمێژوودا چەندین هەلی دیكەی دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆیان بۆ كورد فەوتاندووە، یان شكست پێ هێناوە، ئێستا بەچی زەمینە و ئامادەسازییەكەوە بانگەشەی سەربەخۆیی دەكەن؟!
ئاشكرایە، بەپێی پرنسیپ و یاسا نێودەوڵەتییەكان، بۆ دامەزراندنی هەر دەوڵەتێكی نوێ چەند بنەماو كۆمەڵە پرنسیپێكی بنەڕەتی و پێویست هەن لەوانەش: گەل، خاك، زمان و كلتور، مێژوو، و دەستوور، و دامەزراوەی شەرعی یاسادانان و حوكمڕانی دادپەروەر و كارا.
هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن كە ئەوانەی زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە فەرمانڕەوایی ئەم هەرێمە دەكەن، هیچ پاساوێكیان نییە و كەس دەستی نەگرتبوون لەوەی زەمینەسازی بكەن بۆ دروستكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت، و فەراهەمكردنی دیمۆكراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و دامەزراندنی ئابوورییەكی بەهێز و مسۆگەركردنی متمانەی خەڵك.
هەمووشمان دەزانین كێ نەیهێشتووە هەتا ئێستا هەرێم دەستوورێكی سەردەمیانەی هەبێت، و دەستوور مەرجەعییەتی باڵا بێت!
ئەو هێزانەی كە ئێستا بانگەشەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەن، بانگەشەكانیان لەكاتێكدایە كە پەرلەمانی كوردستان – گەورەترین دامەزراوەی شەرعی خەڵكی كوردستان- پەكخراوە و بچووككراوەتەوە بۆ ئاستی دوكانێكی لاكۆڵان، بەوەی هەركاتێك بیانەوێت دایدەخەن و هەركاتێكیش بیانەوێت هەوڵدەدەن بیكەنەوە!
دەستوور دایكی یاساكانە، و خەیاڵی سەربەخۆیی و بەبێ بوونی پەرلەمانێكی كارا و گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، و فەراهەمكردنی ئازادی، و دیموكراسی، و میدیایەكی ئازاد، و ئامادەیی ناوخۆیی و دەرەكی، هیچی دیكە نییە بێجگە لە موزایەدەكی سیاسی سواو بۆ مەرامی حزبی.
لە كاتێكدا ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم 26 ساڵە كێشە، شەڕ، قەیران، ماڵوێرانی، نەخۆشی، ئاوارەیی، هەژاریی و بێكاری، تیرۆر و ئەشكەنجەدان، و كپكردنەنەوەی دەنگی ئازاد، و پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ، و هەڕاجكردن، و دزینی داهاتی ئەم میللەتەیان كردووە بە دیاری بۆ كۆمەڵگای كوردەواری، ئێستا لە “ڕیفریودان” ێك و گەمەیەكی سیاسیدا بۆ مەرامی سیاسی خۆیان، و هێشتنەوەی دەسەڵاتی ناشەرعی خۆیان، دەیانەوێت میللەتەكەمان تووشی برسێتی و شەڕ و ئابڵوقەو كێشەی زیاتر بكەن.
سەرجەم وڵاتانی زلهێزی جیهان، و وڵاتانی دراوسێ، و تەنانەت عێراق، و بەشێکی فراوانی خەڵک لەناوخۆدا، دژی ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمەن، کە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل وادەکەی دەستنیشان کراوە، و لەدەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم بڕیاری لێدراوە.
تاریق حەرب، پسپۆڕی یاسایی ناسراوی عێراق، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا پێی ووتم ” بەپێی بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەرێمی کوردستان مافی بڕیاردانی چارەنووس نایگرێتەوە، چونکە هیچ ڕاسپاردەیەک لەوبارەوە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەرنەچووە بەو پێیەی ئەو ئەنجومەنە دەسەڵاتی یاسادانانی نێودەوڵەتی هەیە،وەکو لە کەیسی یوگوسلاڤیای جاراندا بریارێک لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەرچوو، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دەستوروی فراوانی هەیە.”
ئەوانەی ئێستا بانگەشەی ریفراندۆم و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەکەن، خودی خۆیان ڕێگرن لەبەردەم دروستکردنی دەوڵەتدا، و ئەوانە دەوڵەتیان ناوێت بەڵکو میرنشینێکی شکستخواردووی ستەمکاریان دەوێت، کە میر لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، و هەرچی میر ووتی ئەوان تەنها گوێڕایەڵی کوێرانەی بۆ بکەن!