عه‌تا قه‌ره‌داخی: له نێوان دوانه‌ى دهوڵهتسازى و نه‌ته‌وه‌سازیدا: ده‌وڵه‌ت و شوناس!
شوناس و ده‌وڵه‌ت دوانه‌یه‌كی پێكه‌وه به‌ستراون كه بوونی هه‌ردووكیان پێكه‌وه ماناى بوونی نه‌ته‌وه، دووه‌میان بنه‌ماى پێویسته بۆ ده‌ستهێنانی یه‌كه‌میان. واته ناشێت پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی یان نه‌ته‌وه‌یی ببێته خاوه‌نی شوناس به بێ بوونی ده‌وڵه‌ت. به‌بێ بوونی شوناس مرۆڤــ چ وه‌كو تاكه‌كه‌س و چ وه‌كو كۆمه‌ڵگه یان نه‌ته‌وه بوون و ئاماده‌بوونی نابێت یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ناسه‌لمێنرێت و دانیپێدا نانرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر بهشدارییهكیشی هه‌بێت له بنیادنانی شارستانێتی مرۆڤایه‌تیدا ماده‌م شوناسی نیه ئه‌و بهشداریكردنهش تۆمار ناكرێت، چونكه هه‌موو تۆماریك به ناوى شوناسه‌وه ده‌كرێت. شوناسیش به بێ بوونی ده‌وڵه‌ت بوونێكی جیهانی نیه. واته ئه‌گه‌ر بوونیشی هه‌بێت ئه‌وا بوونێكی لۆكاڵیه. كه‌واته كورد وه‌كو نه‌ته‌وه چی بكات و چی پێشكه‌ش بكات له داهێنان، له هونه‌ر له ئه‌ده‌ب، له دیموكراسی له پاراستنی مافی تاكه‌كه‌س، یه‌كسانی ژن و پیاو، له سیماكانی كۆمه‌ڵگه‌ى هاوچه‌رخ، ماده‌م ده‌وڵه‌تی نه‌بێت، ئه‌وانه‌ى پێشكه‌شی ده‌كات هیچ به‌هایه‌كیان نابێت بۆ ئه‌م خۆى وه‌كو نه‌ته‌وه له رووى دانپێدانانی ئه‌وانیتره‌وه، چونكه به‌بێ بوونی ده‌وڵه‌ت شوناسێك نیه ناوى شوناسی نه‌ته‌وه‌یی بێت. بۆ كوردیش ئه‌مه راسته، واته كاتێ كورد ده‌وڵه‌تی نیه، ئه‌وا ماناى وایه خاوه‌نی شوناسێكی دانپێدانراو نیه، هه‌تا ئه‌وه‌ى پێشكه‌شی ده‌كات به‌ناوى ئه‌و شوناسه‌وه له مێژووى مرۆڤایه‌تیدا و له یاده‌وه‌رى مرۆڤایه‌تیدا تۆمار بكرێت. بێگومان بوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیش به‌و به‌رهه‌مانه دیارى ده‌كرێت كه پێشكه‌شی ده‌كات، كه‌واته هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی یان نه‌ته‌وه‌یی تاكو شوناسی نه‌بێت هیچ پێشكه‌شكردنێك به ناوى ئه‌وه‌وه نابێت، واته له‌بارێكی وه‌هادا بوون و ئاماده‌بوونی نابێت یان كۆى به‌رهه‌مه‌كانی و به‌شداریكردنه‌كانی له غیابی شوناسدا به‌هایه‌كیان نابێت. ئه‌و شوناسهى كه بوونی گه‌وهه‌رو ماهیه‌ت و ئاماده‌بوونی نه‌ته‌وه‌یه به‌بێ بوونی ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ست نایه‌ت. له كاتێكدا كه شوناس بنه‌مایه بۆ ئه‌وه‌ى بوونێكی دانپێدانراو بیت، به‌بێ بوونی ده‌وڵه‌ت نه چاوى ئه‌ویتر ده‌تبینێ، نه گوێی ئه‌ویتر ده‌نگت ده‌بیستێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ى ده‌یڵێیت نابێت به ده‌نگ، نه بهشدارییهكانت بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ن كه ناهێلن تۆ وه‌كو نه‌ته‌وه بوونت بۆ تۆمار بكرێت. واته له‌بارێكی وه‌هادا تۆ له په‌راوێز یان له ده‌ره‌وه‌ى مێژوو ده‌بیت. به‌ڵام كه ده‌وڵه‌تت هه‌بوو ماناى وایه ناوت هه‌یه، به‌و پێیه شوناستیشت ده‌بێت، شوناسێك كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تۆى هه‌ڵگرتووه‌و تۆى پێ ده‌ناسرێته‌وه‌و تۆى له‌وانی تر پێ جیاده‌كرێته‌وه. كه‌واته كه ده‌وڵه‌تت هه‌بوو بوونت ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه كه ده‌وڵه‌تت نه‌بوو تۆ له رووى واقیعیه‌وه بوونت نابێت، یان ئه‌وانیتر دان بهبوونتدا نانێن چونكه تۆ نه‌بوویته‌ته بووه‌یه‌كی خاوه‌ن شوناس.
كه‌واته كورد بۆ ئه‌وه‌ى ببێتـه خاوه‌نی شوناس، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیتر دان به بوونیدا بنێن، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداریكردنه‌كانی له بنیادنانی شارستانێتی و مێژووى مرۆڤایه‌تیدا به‌هێند وه‌ربگیرێن و دانیان پێدا بنرێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌بێت و بوونی بۆ تۆمار بكرێت، ده‌بێ ده‌وڵه‌تی هه‌بێت. كه‌واته ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌مانه‌وێت ببینه بوویه‌كی خاوه‌ن شوناس و ئاماده‌و به‌شدار له كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تیدا ده‌بێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆى كوردستان پێكبهێنین. هه‌وڵنه‌دان و هه‌نگاونه‌نانی جیدى بۆ پێكهێنانی دهولهَتی سه‌ربه‌خۆى كوردستان ماناى مانه‌وه له په‌راوێزدا، مانه‌وه له سایه‌ى داگیركه‌رانی كوردستاندا ، واته رازیبوون بهوهوى كۆیله‌و ژێرده‌سته‌ى داگیركه‌ران بین، رازیبوون به كۆیلایه‌تی ماناى رازیبوون به داننان به‌وه‌دا كه ئێمه له‌وانی تر كه‌مترین، ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه كه ئێمه ده‌مانه‌وێت ملكه‌چ و خزمه‌تكارى داگیركه‌رانی كوردستان بین، ماناى ئه‌وه‌یه ئێمه خۆمان به‌شایانی ئه‌وه نازانین بچینه نێو كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تیه‌وه، ماناى ئه‌وه‌یه ئێمه خۆمان له‌و ئاسته‌دا نابینین كه ببینه خاوه‌نی شوناسی تایبه‌ت به خۆمان كه ئه‌و شوناسه گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی ئێمه‌ى وه‌كو تاكه‌كه‌س و وه‌كو نه‌ته‌وه‌ش له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه. سه‌ربه‌ستی مرۆڤ ته‌نیا له ده‌وڵه‌تدا بوونی ده‌بێت، بوونی مرۆڤیش ته‌نیا له‌سه‌ربه‌ستیدا پێناسه‌ى ته‌واوه‌تی هه‌یه، كه‌واته ئێمه‌ى كورد بۆ ئه‌وه‌ى شوناسمان هه‌بێـت، ده‌بێ رزگاربین له ده‌ستی داگیركه‌ران، رزگاربوونیشمان ته‌نیا له سه‌ربه‌خۆیی و دهولهَتدا ده‌گاته ئه‌نجام. كه‌واته ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تمان نه‌وێت ماناى وایه كه‌موكورتی له بوونی كه‌سێتی ئێمه‌دا هه‌یه، چ وه‌كو تاكه‌كه‌س و چ وه‌كو كۆمه‌ڵگه. بێگومان مرۆڤـــ ته‌نیا له سایه‌ى ده‌وڵه‌تدا ده‌توانێت گوزارشت له بوونی خۆى بكات، ئه‌ویش ده‌بێ ده‌وڵه‌تێكی ئازاد و دیموكراتی بێت. بۆیه ئه‌ركی ئێمه‌ى كورد ئه‌مه‌یه: یه‌كه‌م درووستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆى كوردستانی بۆ ئه‌وه‌ى بێینه ریزى ئه‌وانی تره‌وه‌و ببینه خاوه‌نی شوناس و له ده‌ره‌وه‌ى مێژووه‌وه بگوازینه‌وه بۆ ناو مێژوو. دواى درووستبوونی چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌بێ هه‌موو تواناى خۆمان بخه‌ینه‌كار بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته بكه‌ینه نموونه‌یه‌ك كه شایانی ئه‌وه بێت مرۆڤ به سه‌روه‌رى و به كه‌رامه‌ته‌وه له‌سایه‌یدا بژى و به‌كرده‌وه هه‌ست بكات، ئه‌م ده‌وڵه‌ته له‌و ئاسته‌دایه كه مرۆڤ به كه‌رامه‌ته‌وه له سایه‌یدا بژى و پارێزه‌رى سه‌رو بوون و شوناس و هه‌موو مافه‌كانیه‌تی و له رێگاى ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌وه قۆناغی هه‌ست بهكهمیكردنی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی و مانه‌وه‌ى دوور‌و درێژى له په‌راوێزى مێژوودا كۆتایی دێت و ئه‌م وه‌كو نه‌ته‌وه ده‌بێته بكه‌رێكی به‌شدارو كارا له بنیادنانی مێژوو شارستانێتی مرۆڤایه‌تیداو له‌ئاستی ناوخۆشدا له ناو چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا نه‌ته‌وه‌سازی ده‌كات، واته كورد له رێگاى پێكهاتنی ده‌وڵه‌ته‌وه له كارى به‌رده‌وامدا ده‌بێت بۆ بوون به نه‌ته‌وه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ به جیدى كاربكات بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى نموونه‌ى فه‌رمانڕه‌وایی و به‌ڕێوه‌بردنی باش بێت و شایان به ئه‌وێك بێت كه به‌درێژایی مێژووى نووسراو و زانراوى چه‌وساوه‌و ژێرده‌سته‌ى ئه‌وانی تربووهو پێ له بوونی نراوه‌و نه‌ك هه‌ر مافی خوراوه، به‌ڵكو له مافی بوون و ژیانیش بێبه‌ش كراوه. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه ئاستی بوون، بگه‌ینه ئاستی به‌ده‌ستهێنانی شووناس، بگه‌ینه قۆناغێك كه ئیتر بێ ترس و نیگه‌رانی بژین، ده‌بێ ده‌وڵه‌ت پێكبهێنین. بێجگه له كۆشش كردن بۆ درووستكردنی ده‌وڵه‌ت، هه‌رچیه‌ك بكه‌ین بێ ئه‌نجامه‌و خولانه‌وه‌یه له‌سه‌ر بازنه‌ى داخراوى رابردوو، ئه‌و بازنه‌ى كه كورد تا لێی نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه نه ده‌بێته خاوه‌نی شوناس، نه بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت، نه تامی ئازادى و سه‌ربه‌ستی ده‌كات، به‌ڵكو به ژێرده‌سته‌یی و له‌به‌رده‌م مه‌ترسی به‌رده‌وامدا ده‌مێنێتـه‌وه. هاتنه ده‌ره‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بازنه داخراوه، ته‌نیا به درووستكردنی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت، ئه‌وه‌ش ماناى درووستكردنی دابڕانه له‌گه‌ڵ رابردوودا، رابردوویه‌ك كه ئه‌م تێیدا داگیركراو و چه‌وساوه‌و ژێرده‌سته بووه، رابردوویه‌ك كه تێیدا ئه‌وانی داگیركه‌ر بكهرو ئه‌میش بهركاربووه. بۆ ئه‌وه‌ى ببێته خاوه‌نی شوناس ده‌بێ ببێته بكه‌رێكی رووداو درووستكه‌رو به‌رهه‌مهێن، ئه‌ویش ته‌نیا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مێژووى داگیركردن و سه‌ربه‌خۆبوونی ده‌بێت.
ئێمه ده‌زانین كه تاكه چاره‌سه‌ر بۆ كورد پێكهێنانی ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام ئایا چۆن سه‌یرى پرۆسێسی به‌نه‌ته‌وه‌بوون بكه‌ین له درووستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا؟ ئایا ته‌نیا ئه‌وه به‌سه ئێمه ده‌وڵه‌ت پێكبهێنین یان ده‌بێ شانبه‌شانی ئه‌وه‌ش نه‌ته‌وه‌سازى بكه‌ین واته به‌جیدى كاربكرێت و زه‌مینه‌سازى بكرێت له چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا بۆ ئه‌وه‌ى كورد وه‌كو نه‌ته‌وه ببێته بكه‌رێكی خاوه‌ن شوناس و ئاماده‌و رووى ئه‌وه‌ى هه‌بێت به‌شدارى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تی بكات وه‌كو ره‌گه‌زێكی ئه‌رێنی و شارستانی؟ نه‌ك وه‌كو هه‌ندێ له ده‌وڵه‌تانی ئێستاى دنیا ناكاراو په‌راوێزى بێت و زه‌مینه‌یه‌ك بێت بۆ دیلێتی مرۆڤ و كوشتنی ئازادییه‌كان و له‌برى به‌شدارى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تی باربێت به‌سه‌رئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه وه‌كو زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی به‌شێك له ده‌وڵه‌تانی ئه‌فریقاو ئاسیا‌و ئه‌مه‌ریكاى لاتین. بێگومان زه‌مینه له‌باره بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تی پێشبینیكراوى كوردستانى له جۆرى ئه‌و ده‌وڵه‌ته شكستخواردو خراپانه نه‌بێت.
بێگومان كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی نه له‌سه‌ر شێوه‌ى رۆژئاوایه كه چینی ناوه‌ند درووست بووبێت و ئه‌و چینه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه یان دوڵه‌تی نوێی دروست كردبێت. واته شێوه‌ى په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له‌به‌ر هۆكاره‌كانی كۆنه‌بوونه‌وه‌ى ئابوورى و درووستنه‌بوونی فیدراسیۆن و به شێواوى ده‌ركه‌وتنی هه‌ست و هوشیارى نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ركه‌وتنی ناسیونالیستێكی نابه‌كام و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ركی ئه‌و ناسیونالیزمه له‌برى درووستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه بووه‌ته رابهرایهتیكردنى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى و له‌و رووه‌شه‌وه نه‌بووه‌ته هه‌ڵگرى پرۆژه‌ى ناسیونالیزم كه درووستكردنی ده‌وڵه‌ته، ته‌نانه‌ت له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی رزگاریی نیشتیمانیشدا جدى و به توانا نه‌بووه‌و به‌رده‌وام سهوداگهرى له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی وڵات‌دا كردووه‌و ئه‌گه‌ر له كاتێكدا له باشوورى كوردستان دژى داگیركه‌رى عێراقی جه‌نگابێت ئه‌وا له په‌یوه‌ندى باش‌دا بووه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی تر‌ى به‌شه‌كانی تر‌ى كوردستان، ئه‌مه‌ش له لایه‌ك واقیع ده‌ورى هه‌بووه له ناچاركردنیدا له لایه‌كی تریشه‌وه بێ به‌رنامه‌یی و بێ شوناسی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ى ئێمه ده‌رده‌خات كه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی ئاشكرا له‌و توخم و ره‌گه‌زانه رووتكراوه بوون كه بانگه‌شه‌یان بۆ كردوون. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌یه كه له ئێستاشدا گومان ده‌كرێت كه ئه‌م هێزانه‌ى ئێستا بتوانن درووستكه‌رى ده‌وڵه‌تی كوردى بن به‌و شێوه‌ى كه شایانی هاووڵاتیانی ئه‌م وڵاته بێت، به‌ڵام نابێت ئه‌م گومانه ببێته هۆى ره‌تكردنه‌وه‌ى درووستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردى چونكه وه‌كو گوتمان چاره‌سه‌ر ته‌نیا ده‌وڵه‌ته. كه‌واته پرسیار ئه‌مه‌یه ئایا ئه‌م هێزانه ده‌توانن نه‌ته‌وه‌سازى بكه‌ن، یان ده‌توانن نه‌ته‌وه كه وه‌كو ماده‌یه‌كی خاوه ئاماده‌ى بكه‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌ت؟. تا ئێستا نه‌توانراوه له رێگاى نهتهوهسازیهوه ده‌وڵه‌ت درووست بكرێت، واته نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن شوناسمان هه‌بێت و له په‌ره‌سه‌ندنی سرووشتیی خۆیدا چینی ناوه‌ند یان بۆرژواى نیشتیمانی ده‌وڵه‌ت پێكبهێنێت، له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ى كه له رۆژئاوا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه پێكهاتووه، یان وه‌كو ئه‌وه‌ى له هوانگ كۆنگ و تایلاند و سه‌نگافوره‌و… كه ده‌وڵه‌ت له دواى پرۆسێسه‌كانی نهتهوهسازىهوه دێت.
شێوه‌ى دووه‌م ئه‌و تێزه‌یه كه له لایه‌نگرى ئه‌وه‌یه له رێگاى دهوڵهتسازیهوه نه‌ته‌وه درووست بكه‌ین كه ئه‌مه‌یان ئه‌و چه‌مكه باوه‌یه ئێستا مۆدێرنێته پاڵپشتی ده‌كات. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى له دواى جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ندێ شوێنی تر له غیابی نه‌ته‌وه‌دا درووستكران، وه‌كو چوارچێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى له ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا نه‌ته‌وه درووست ببێت، ئه‌وه راسته ده‌وڵه‌ت درووست بوو، به‌ڵام له ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه چوارچێوه یان قاڵبی ده‌وڵه‌تی ئاماده‌كراو بوو، زۆرینه‌ى ره‌گه‌زو به‌رهه‌مه‌كانی مۆدێرنێته هێنرانه نێو قاڵبی ده‌وڵه‌ته‌كه‌وه، به‌ڵام دوو توخم یان دوو ره‌گه‌زى سه‌ركی تیایدا غائیب بوون، ئه‌ویش یه‌كه‌میان بكه‌رى نه‌ته‌وه بوو، دووه‌میان عه‌قڵی مۆدێرن بوو، واته به‌رهه‌مه‌كانی مۆدێرنێته هێنران به بێ ئه‌و عه‌قڵى به‌رهه‌می هێناون یان به‌رهه‌میان ده‌هێنێت كه ئه‌وه‌ش رژێمه تۆتالیتاره پاڵپشتكراوهكانی به چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی رۆژئاواوه به‌رهه‌مهێنا. كه ئازادى و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و چه‌مكی هاووڵاتیبوون و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی ژن و پیاو به بێ بوونی بكه‌رى نه‌ته‌وه‌و عه‌قڵی مۆدێرن له‌چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌ته‌دا درووست نابن و جێناگرن. سه‌رئه‌نجام ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى به‌و جۆره درووستكران نه‌یانتوانی لهرێگاى دهوڵهتسازیهوه نه‌ته‌وه‌سازی بكه‌ن و نه‌ته‌وه درووست بكه‌ن. ئێمه كاتێ ده‌ڵێین ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌ره هه‌رگیز نامانه‌وێت چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌ت درووستبكرێت به‌بێ بكه‌رى نه‌ته‌وه‌و عه‌قڵی مۆدێرن كه عه‌قڵی درووستكردنی نه‌ته‌وه یان نهتهوهسازیه. واته ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌تێك درووست بكه‌ین جیاواز له‌و شێوه‌یه‌ى ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ى پێ درووست بوو، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌تێك درووست بكرێت له كوردستاندا كه بنه‌ماى سه‌ركی و ئه‌ركی یه‌كه‌می ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌سازى بێت، واته پێكهێنانی نه‌ته‌وه ئه‌ویش به‌و چه‌مكه نا كه له ناوچه‌كه‌دا نه‌ته‌وه‌ى شۆڤێنیزم یان ره‌یسیزمی به‌رهه‌مهێنا، به‌ڵكو نزیك له‌و شێوه‌یه‌ى كه له ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ى بیستدا ده‌وڵه‌تی كۆریاى باشوورى پێدرووستبوو، كه نه‌ته‌وه‌سازى بوو به رۆحی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى كه له دواى رزگاربوون له كۆریاى باشووردا درووستكرا. ئه‌ركی نوخبه‌ى سیاسی و حیزبی و ئیدارى و رۆشنبیرى سیاسی و هێزى نه‌ته‌وه‌یی كراوه‌و بڕوابوو به ئاینده‌و نوخبه‌ى پیشه‌یی و ته‌كنۆكراتی كوردستانیه كه به دوو ئاراسته ئیش بكه‌ن: یه‌كه‌م كاركردن بۆ درووستكردنی ده‌وڵه‌ت، دووه‌م هاوكات نه‌ته‌وه‌سازی و به‌ستنه‌وه‌ى ئه‌و كاركردنه‌ش به نهتهوهسازیهوه. واته ئێمه ناتوانین بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و شێوازه‌ى له رۆژئاوا ده‌وڵه‌تی به‌رهه‌مهێنا، ناشتوانین به‌وه رازیبین كه ده‌وڵه‌تی كوردى له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ى پێكهێنانی ده‌وڵه‌تانی وه‌كو عێراق و سووریا‌و یه‌مه‌ن و سعودیه‌و تونس و مه‌غریب و سۆماڵ و به‌نگلادیش و لیبیا… پێكبێت. كه‌واته ده‌بێ ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌سازیی پێكه‌وه ببه‌ستینه‌وه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه شوناسی نه‌ته‌وه‌و شوناسی ده‌وڵه‌ت ده‌بێ وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو سه‌یر بكه‌ین. به‌ڵام دیسان لێره‌شدا گرفتی غیابی بكه‌رى هه‌ڵگرى پرۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره‌مان هه‌یه. ئه‌ویش بكه‌رى نه‌ته‌وه‌یه به مه‌رجێ هه‌ڵگرى دیدو عه‌قڵی مۆدێرن بێت، عه‌قڵێك كه بڕوا به‌وه بهێنێت كه بۆ ئه‌وه‌ى كورد ببێته خاوه‌نی شوناس و بێتـه ناو مێژووه‌وه ده‌بێ بكه‌رێتی خۆى به كرده‌وه بسه‌لمێنێت و كار بۆ سه‌ربه‌خۆیى و بنیادنانی ده‌وڵه‌ت بكات و ده‌بێ له‌وه‌ش تێبگات كه رۆحی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى درووست ده‌كرێت ده‌بێ نه‌ك هه‌ر بارگاویكرابێت به‌ڵكو داگیركرابێت به نهتهوهسازییهكی كراوه‌و هاوچه‌رخ و به عه‌قل َو تێڕوانینی نوێی بڕوابوو به ده‌وڵه‌تی یاسا‌و ده‌وڵه‌تی ماف و ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی، كه له سایه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا شوناسی كورد شوناسێك بێت جێگاى شانازى پێوه‌كردن بێت و هێزى ئه‌وه‌ى هه‌بێت له ململانێی شوناس و شارستانێتیهكاندا له‌سه‌ر پێی خۆى رابووه‌ستێت و خۆى بۆ ده‌ره‌وه‌ى خۆى نمایش بكات.