محەمەد بەرزی: مەترسییەکانی گرتنەوەی حەویجە.
لەم ڕۆژانەدا حکومەتی عیراق بە پاڵپشتی ئیران هێزیکی زۆری لە سوپا و حەشدی شەعبی کۆکردۆتەوە بۆ گرتنەوەی حەویجە، پاشان بە بەردەوامیش میدیا عەرەبییەکان وتەکانی نەجمەدین کەریمی پارێزگاری کەرکوک دووبارە دەکەنەوە، کە لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا وتویەتی: دوای ریفڕاندۆم عەرەبەکان دەردەکەین. بێگومان ئەم کارە لە دوو لاوە مەترسی بۆ کورد هەیە. ڕەنگە لە ژێر سێبەری ئازادکردنی حەویجەدا یەکێک لە ئامانجەکانی حکومەتی عیراق و ئێران هێرشکردنە سەر کەرکوک و دەوروبەری بێت، یان تەنها دەستبەسەراگرتنی بیرە نەوتەکانی کەرکوک بێت، تا بیرە نەوتەکان لەژێر دەستی حکومەتی هەرێمدا دەربهێنن و فشار بخەنە سەر بارزانی واز لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بهێنێت. بێگومان لە کاتی هێرشی هێزەکانی عیراقدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو دوو پڕۆسەیە، لەوانەیە هێزەکانی تورکیا کە لە کوردستاندا جێگیرن بۆ مەرامی گڵاوی خۆیان هاوکاری بارزانی بکەن. لەم حاڵەتەشدا ئەگەری ئەوە هەیە وڵاتە زلهێزەکان لەسەر پیێ داگری بارزانی بۆ ڕیفڕاندۆم وەک پێشوو هاوکاریی و کۆمەکی کورد نەکەن. دیارە ئەمەش جێگای مەترسییە و لەوانەیە هەرێمەکەمان ببێت بە گۆڕەپانی شەڕێکی خوێناوی، کە تەنها کورد زەرەرمەندی سەرکی دەبێت. بۆیە پێویستە هیچ لایەنێک باوەڕی بە نەخشەو پیلانە پڕ مەترسییەکانی ئێران و تورکیا نەبێت و، بە وریاییەوە کارێکی وا بکەن هێزەکانی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ سەرقاڵی ئازادکردنی حەویجە نەبێت و باشتر وایە هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ پاراستنی خاک و سەروەت و سامانی میللەتەکەمان بەکاربهێنن و زۆر بە وریاییەوە ئامادەباشی تەواو بۆ هەموو ئەگەرەکان بکەن.
- بابەتەکانی تری محەمەد بەرزی
محەمەد بەرزی: خــۆر..!
-محەمەد بەرزی: منداڵی ترسنۆک و شەرمن.
-محەمەد بەرزی: مـنـداڵ و نـوسـتـن.
- All Posts