نەبەز گۆران: كۆبوونەوەی كەڕەكان.
دەمەو بەیانییەك لەگەڵ (ئەحمەد میرە) لای كاك (نەوشیروان) بووین. ئەوكات گەرمەی كۆبوونەوەكانی یەكێتیی و پارتی و گۆڕان بوو، لەكاتی قسەكردندا لێمان پرسی: ئەم كۆبوونەوە زۆرانە چییە و، ئەنجامەكەی چییە؟ ئەویش پێكەنینێكی كردو وتی: لەناو سیاسەتدا ئەم جۆرە كۆبوونەوانە پێیاندەوترێت، كۆبوونەوەی كەڕەكان، ئەملا قسە دەكات و ئەولا گوێی لە قسەكانی ئەملا نییە و، ئەولا قسە دەكات و ئەملا گوێی لە قسەكانی ئەولا نییە. ئەم جۆرە كۆبوونەوانە تەنها بۆ سڕكردنی كێشەكان و كوشتنی كاتە، ئەنجامی نییە و من خۆم زۆر ئومێدم بەم كۆبوونەوانە نییە. هەر ئەوكاتە پێشنیازی كرد من و (ئەحمەد میرە) وتار لەسەر ئەم كۆبوونەوە بێ ئەنجامانە بنووسین. ئێمە تەمەڵیمانكردن و نەمانووسی، ئێستا دوای ئەو هەموو ماوەیە دێمەوە لەسەر هەمان بابەت دەنووسم و دڵنیام دوای چەند ساڵێكی دیكەش نووسەرێكی دیكە دێت لەسەر هەمان بابەت دەنووسێت، چونكە ئەم بابەتە بووە بە نەریتی سیاسیی حیزبی كوردی.
رستەیەك هەیە دەڵێت: كۆبوونەوە ئیش نییە” هەریەك لە ئێمە شاهیدی ئەو هەموو كۆبوونەوە بێ ئەنجامانەین لەم بیست و پێنج ساڵەی رابردوودا حیزبی كوردیی بەردەوام دووبارەی كردونەتەوە. ناكرێت ئیدی چاوەڕوانییەك لەم كۆبوونەوانە بكرێت و ناشكرێت ئومێد لەسەر ئەم كۆبوونەوانە هەڵچنین. راستی كۆبوونەوەی نێوان حیزبەكان بووەتە هەواڵێكی بێكەڵك، كە هیچ بەرهەمێكی نییە. ئەشێت حیزبی كوردیی بەهۆی ئەو دونیا ئایدۆلۆژییەی دروستیكردوە پێویستی بەوەبێت دیمەن دروستبكات، دیمەنەكانیش بریتین لە كۆمەڵێك جوڵەی ناجوڵە لەنێوان دەستەی باڵادەستی سەرەوە، هەموو ئەو جوڵە ناجوڵانەش لە چوارچێوەی كۆبوونەوەدا خۆیان نما دەكەن. بۆ ئەوان ئەم دیمەنانە ئیشن، بەڵام لە راستیدا پەكخستنی ئیشن.
پێناچێت لە هیچ شوێنێكی ئەم دونیاییە، هێندەی ئەم هەرێمە كۆبوونەوەی تێدابكرێت و هێندەی ئەم هەرێمەش كێشەی هەبێت. كێشە سیاسییەكان و كێشە ئابوورییەكان و كێشە كلتووریی و فەرهەنگی و ئایدۆلۆژیییەكان تادێت زیاتردەبن و كۆبوونەوەكانیش لەگەڵ كێشەكاندا زۆتر دەبن، كەچی هیچ بەرچاو رونییەك لە ئارادا نییە! سڕكردنی كێشەكان لەشوێنی خۆیان و جێهێشتنیان نەریتی حیزبی كوردییە. حیزبی كوردی نایەوێت كێشە چارەسەربكات، لەبری چارەسەركردن كێشەكان سڕدەكات و بەجێیاندەهێڵێت. یەكێك لەو بارگرانییەی بەسەر خەڵكەوە هەیە، ئەم نەریتەیە. ئەم نەریتە حیزبییە بووەتە هۆی كەڵەكەبوونی كێشەكان و لە كۆتایدا تەواوی كۆمەڵگە دەرگیری ئەو كێشانە بووە.
ئەوەی كە كاك (نەوشیروان) وتی، زۆر راستە. ئەمانە كۆدەبنەوە، ئەما كەسیان گوێ لە ئەویتر ناگرێت و هەریەكەو لەشوێنی خۆیەوە قسەی خۆی دەكات! گەر كۆبوونەوە بۆ پیشاندانی وێنەكانی خۆیانبێت، ئەمە ئەركی شارەزایانی سایكۆلۆژیاییە لەو دیوەوە قسەیان لەسەربكەن، گەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانە بۆچی ناتوانن كێشەكان چارەبكەن؟ گەر هەمان میتۆدە بۆ قسەكردن بەبێ گوێگرتن لەیەكدی، لەوانەیە ئیدی كاتی ئەوە هاتبێت كۆبوونەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەبێت نەك لەپێناو جێهێشتن و سڕكردنی. لەهەموو حاڵەتێكدا دەتوانین بڵێین: ئەم كۆبوونەوە زۆرانە تەنها ناوێكی دروست هەبێت لێیان بنێیت، ئەو ناوەیە: كۆبوونەوەی كەڕەكان.
-تێبینی: لە زمانی ئێستادا وەك رێزێك، هەرچۆن بە نابینا دەوترێن: دڵ روناك، بە كەڕیش دەوترێت، نابیست. داوای لێبوردن دەكەم لە نابیستان بەهۆی مانا سیاسییەكەوە، من وشە كۆنەكەم بەكار هێناوە.