عیماد عه‌لی: كورد له‌م ئاڵۆزیه‌ی ناوچه‌كه سهردهردهكات؟
تۆ ته‌ماشای ئه‌م هاوكێشانه بكه و به راست و چه‌پدا لێكیانبدهوه و كاریگه‌ریه‌كانیان له‌سه‌ر كورد و ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و پیلانه هه‌مه‌جۆره‌كان و جموجوڵی گوماناوی زۆری توركیا و روسیا و ئێران و سوریا به وردی بخوێنه‌وه و، ئه‌م روداوانه ببینه و رێگه‌ی ده‌ربازبون له هه‌ر پیلانێك دژ به تۆ بكرێت بۆ خۆت دابنێ، ئه‌وسا سه‌رت له‌ودیوی تونێڵهكهوه ده‌رده‌چێت.
رێكه‌وتنی حزبوڵا و داعش و ناردنیان بۆ سنوره‌كانی عیراق و بێده‌نگی توركیا و روسیا و كپبونی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وانه‌ی به تایبه‌تی خۆیان به دوژمنی داعش ده‌زانن و سه‌ر به جه‌مسه‌ری سونهگهران. خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی داعشه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و تۆمه‌تباركردنی كورد به یاری پیكردنیان. هه‌وڵی روسیا بۆ رۆڵبینینی زیاتر له عه‌فرین كه ئه‌گه‌ر به رووكهشیش بێت له خزمه‌تی توركیا بكه‌وێته‌وه. هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئۆروپا و حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌مه‌ر جموجوڵ و رووداوه‌كانی ناوچه‌كه و پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دابه‌شبونی هه‌ڵوێست به‌سه‌ر هه‌ردوو جهمسهرهكهدا. چركردنه‌وه‌ی هاوكاری روسیا توركیا له‌سه‌ر شه‌ری نێوخۆی سوریا و، هاوپه‌یمانێتی و هاوكاری عه‌سكه‌ری و سیاسی و ئابووری و ئه‌و په‌یامه سیاسیانه‌ی توركیا كه ده‌یه‌وێت وه‌ك یاریه‌كی ئاشكرا ده‌یكات و له‌و رێگه‌وه وه‌ك په‌یامێك بۆ ڕۆژئاوا ده‌ینێرێت، هه‌رچه‌ند تا راده‌یه‌كیش له‌سه‌ر حسابی ئێرانیش بێت، یه‌ڵام ڕوسیا و ئێران لێكتێگهیشتنێكیان له‌و باره‌وه هه‌یه. وڵاتانی ناتۆ و ئۆرپا و هه‌ڵوێستی هه‌مه‌جۆریان له‌مه‌ر هاوكاری توركیا و روسیا و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابووری ئه‌و وڵاتانه و جێگۆركێی رێوشوێنی په‌وه‌ندیه ئابووریه باوه‌كانی چه‌ندین ساڵی پێش و پرۆژه گه‌وره‌كانی ناوچه‌كه. ئه‌گه‌ری گۆرینی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه به پێی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری زۆرێك له وڵاتانی رۆژئاوا و رۆڵبینینان له دانانی پلانی نوێ بۆ جێگیربونی وه‌زعی ناوچه‌كه به شێوه‌یه‌ك كه رێكه‌وتنی لایه‌نه خاوه‌ن توانا و قورساییه‌كانی لێ بكه‌وێته‌وه.
ئه‌گه‌ر كورد له‌م ناوه‌دا ورد نه‌بێته‌وه و به‌خۆی بواری به‌شداریكردنی وه‌ك ژماره‌یه‌كی قورس نهرهخسێنێت له‌وانه‌یه پاشبكهوێت و به گوێره‌ی پێویستبوی هاوشێوه‌ی ئه‌وانیتر رێژه‌ی بهرژهوهندیهكهی له‌به‌رچاو نه‌گیرێت یان توشی له‌به‌ریه‌ك كه‌وتن بێت له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌نی له‌خۆی به‌هێزتردا. هه‌مووان ده‌زانن كه كاراكته‌ری یه‌كه‌می نه‌یاری كورد توركیایه سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌م كاته‌دا توركیا هه‌ڵوێستی له‌مه‌ر ریفراندۆم وادهدخات كه له ئیران نه‌رمتر بێت و، له‌دوای ئه‌و وڵاتانی تر دێت كه كوردستان به‌سه‌ریاندا دابه‌شكراوه. ئێستا روسیا و توركیا به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له هاوكاریه‌كی نهێنی و ورددان له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وه‌زعی نێوخۆی سوریا ( هه‌رچه‌ند له‌زۆر لاوه ناته‌با و ناكۆكن، به تایبه‌تی بابه‌تی دیدو بۆچونیان له‌سه‌ر چارهونوس و دوارۆژی سه‌رۆكی سوریا ) به‌ڵام ئامانجیان له‌و كاره هاوبه‌شانه بۆ نیشاندانی نارهزایهتیهكانیانه له رۆژئاوا و به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا زیاتر له‌وه‌ی هاوكاریی راسته‌قینه بێت. له لایه‌كی تره‌وه ده‌یانه‌وێت زاڵ بن به‌سه‌ر بۆچون و هه‌وڵی كورد له كوردستانی رۆژئاوادا و بتوانن رێگری له هاوكاریه‌كانی ئه‌مریكا و كورد بگرن و، به تایبه‌تی توركیا ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی روسیاوه ئه‌م ئامانجه‌ی بپێكێت و له‌و باره‌وه دوو چۆله‌كه به ك به‌رد بكوژێت؛ یه‌كه‌م رێگری له كورد ده‌كات كه یه‌كه‌مین ئامانجیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی وا بیر ده‌كاته‌وه ده‌ردانی ههرپێشكهوتنیكی كوردستانی رۆژئاوا به‌روه كوردستانی باكوور شۆر نه‌بێته‌وه و، دووه‌میش هه‌وڵی فشار خستنه سه‌ر ئه‌مریكایه بۆ ئه‌وه‌ی وا نیشان بدات كه روسیا ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌وه له هاوپه‌یمانێتی و هاوكاری له‌ناوچه‌كه‌دا و، ته‌نانه‌ت زۆر جار ئه‌و فشارانه‌ش ده‌كات كه زیاتر كوردی باشوور له كوردی رۆژئاوا جیابكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا پاشگه‌زبێته‌وه له‌و رێگه‌ی گرتۆتیه‌به‌ر، به‌ڵام تا ئێستا بۆی نه‌چۆته سه‌ر و هیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر دیدوبۆچونی ئه‌مریكا له‌هیچ بارێكه‌وه نه‌بووه. له‌م نێوه‌نده‌دا رۆڵی ئێران و توركیا له‌مه‌ر بۆچونی هه‌ر لایه‌ك له‌سه‌ر كار‌و بۆچونی ئه‌مریكا به خیرای جێگۆركێ ده‌كات و زۆرجار ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یه‌وێت و روسیا هاوكاری ده‌كات له دژی ئێران ده‌كه‌وێته‌وه بۆیه ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه دروست ده‌كات و هاوبۆچونی كاتیی ئه‌مریكا و ئێران كۆتایی دێت. ئه‌مه ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیه روسی و ئۆروپی و توركی و ئهورۆپیهكه له‌م باسه ده‌ركه‌ین و ته‌نها هاوكێشه ناوچه‌ییه‌كه به پێی ئه‌وله‌ویاتی هه‌ر لایه‌ك بخوێنینه‌وه. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه ناكۆكی گه‌وره‌ی به‌رده‌وام له نێوان روسیا و توركیا له زۆر رووه‌وه به‌رده‌وامه و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه ئه‌مریكا تاوه‌كو كۆتایی له دوا هه‌نگاوی هاوكاری توركیا وروسیا بێمنه‌ت بێت، له‌و ناكۆكیه مێژوییانهش كه چاره‌سه‌ری كۆتایی نه‌كراوه و ناتوانرێت بنبربكرێت؛ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ریای ره‌ش و جۆرجیا و ئه‌رمینیا و ئازه‌ربه‌یجان و ده‌سه‌ڵاتی توركیا به‌سه‌ر هه‌ردوو ته‌نگه‌به‌ری بۆسفۆر و ده‌رده‌نیل و پاشماوه‌ی ناكۆكیه‌كانی زه‌مانی ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی و روسی و كێبركێ و ململانێ هه‌مه‌جۆره‌كانیان.
ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه بۆ په‌ویه‌ندی توركیا و كورد و روسیا و كورد و ئه‌مریكا و كورد و ئێران و كورد و، قورسایی كورد له هه‌ر یه‌ك له‌و په‌یوه‌ندیانه و توانای یاریكردن و ده‌ربازبون له هه‌ر ته‌ڵه و رێگریه‌كی ئه‌و وڵاتانه به تایبه‌تی توركیا و ئێران، به یاریكردن له رێگه‌ی به‌كارهێنانی كارتی پهویهندیهكانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسرائیل و توانای به‌رگریكردنی.
توركیا تا ئه‌وكاته له‌گه‌ڵ كوردا ده‌بێت كه بزانێت ناچاره و له نێوان دوو ئه‌گه‌ری خراپ‌دا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد دا له‌وباره‌وه له پیش بێت و له باری ئابووریه‌وه ناچار بێت هه‌نگاوی سه‌لبی نه‌نێت، وه‌ك سه‌ره‌تای خۆفه‌رزكردنی دیفاكتۆی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی كورد و توركیا و گۆرینی سیاسه‌ته‌كانی و لێكتێگیشتنی دوولایه‌نه‌یان. له‌م كاته‌دا، ئێران زیاتر پێداگری له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئامانجه دوورمه‌وداكانی ده‌كات، له بنیاتنای هیلابی شیعه و به دژ به‌هه‌ر گۆرانكاریه‌كه كه له به‌رژه‌وه‌ندی توركیا یان وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌ب بكه‌وێته‌وه كه له ده‌رئه‌نجامدا له دژی ئه‌و پرۆژهتایبهته ستراتیجیه‌ی ده‌كه‌وێته‌وه، بۆیه توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌مه‌ش ئیستغلال بكات و ئه‌گه‌ر بزانێت سه‌ركه‌وتو ده‌بێت هه‌مان هه‌ڵوێستی ئێران وه‌رده‌گرێت له‌مه‌ر ناوچه‌كه و به‌تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نوسسازی وه‌ك ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌و مه‌رجه‌ی ئێرانیش له‌سوریا هه‌ڵوێستێكی توند به‌رامبه‌ر كورد وه‌رگرێت. كه‌چی له‌وێشدا تاكه رێگر هه‌ڵوێستی ئه‌مریكایه كه ناوبڕی ئه‌و ئامانجه‌یه و بێ یارمه‌تیدان و هاوكاری ئه‌و ئه‌مه‌ش ئاسان نیه، هه‌رچه‌ند روسیا له‌م باره‌وه خودپارێزی بكات یان ته‌نانه‌ت هاوكاریشیان بكات.
له سایه‌ی ئه‌م نه‌خشه سیاسیه‌ی له‌م ناوچه‌یه له ئارادایه، رۆژ نیه پرۆسه‌ی هه‌مه‌چه‌شن و هه‌وڵی فراوانبونی خودی وڵاتانی ناوچه‌كه و سیاسه‌تی جیهانی و ئامانجه سیاسی و رۆشنبیریه‌كانیان و جموجوڵی ئه‌وتۆ نه‌بینین، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆرانی ئه‌م وه‌زعه ده‌كات، ئه‌م ئاڵۆزیه هه‌ر هه‌مووی به تێكرا له‌سه‌ر ساحه‌ی عیراق و سوریای ئێستا به كوردستانی باشوور ورۆژئاواوه ده‌بینرێت، بۆیه هه‌ر جموجوڵێكی ته‌نانه‌ت ناوه‌كی له‌هه‌ر به‌شێكی كوردستان یان سوریا و عیراق بێت، ده‌بێت سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كانی ئه‌م ناوچه فراوانه بخوێنرێته‌وه، بۆیه بۆ ریفراندۆم ده‌بێت ئه‌م هاوكێشانه به زۆر وردی لێكوڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و بخوێنرێته‌وه و بریار و هه‌ڵوێستی راستی ده‌وێت كه ده‌ردانی زیانبه‌خشی هه‌ر كرده‌وه و هه‌ڵوێستێك روو له ئێمه نه‌كات.
له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هیچ هه‌وڵێكی هه‌ریه‌ك له‌م لایه‌نانه له دژی كورد بێ به‌رامبه‌ریان بێ ئهنتیكردهوه و دژ نابێت و، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردستان وریا بێت ده‌توانێت به‌خودی هاوكێشه‌كان و دژهفاكتهرهكان كاریگه‌ری ئه‌و هه‌ڵوێستانه بێ نرخ بكات یان بسرێته‌وه، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت سوكی بكاته‌وه و لهدواجارد له و ته‌نگه‌به‌رانه‌وه ده‌ربچێت كه ئه‌م هه‌موو ئاڵۆزیه‌ی هاوكێشه‌كانه له‌م ناوچه‌دا خوڵقاندونی. كار‌و جموجوڵی ئێران بێ كاردانه‌وه نابێت، جموجوڵی توركیا بێ ركابه‌ر و ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌نتی ئامانجه‌كه‌ی به ئاسانی تێناپه‌رێت، عیراق تا راده‌یه‌ك له‌وباره‌وه كاردانه‌وه‌كانی سوكتر ده‌بێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر نه‌گاته حه‌دی ئه‌وه‌ی فرتوفێڵی عه‌سكه‌ری و به‌هانه هێنانه‌وه‌ی بونی داعش وابكات كون و كه‌له‌به‌ر له‌نێو خودی وه‌زعی كورد و له به‌رده‌م پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی دروستبكات.
بۆیه، ده‌توانین بڵیین تاكه گرفت و ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره‌ی كورد له‌م كاته‌دا و له‌م هه‌له‌ی كه دووباره بوونه‌وه‌ی مه‌حاڵه، خودی ناكۆكیه نێوخۆییه‌كانی خۆیه‌تی، كه له‌پێشدا و له مێژووی كورددا هه‌میشه پێچه‌وانه بووه و رێگری گه‌وره فاكته‌ری ده‌ره‌كی بووه، كه‌چی ئه‌مجاره پێچه‌وانه‌بۆته‌وه. به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌ك و ئامانجه تایبه‌ته‌كه‌ی و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا و دانانی پلانی دروست بۆ چۆنێتی كاردانه‌وه و په‌نابردن بۆ ئامرازی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی و به‌كارهێنانی وه‌ك به‌دیلی عه‌سكه‌ری و به‌رگری له‌خۆ كردن و نه‌هێشتنی فشار و له‌خۆگرتنی ده‌رئه‌نجامی هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كیان، واده‌كات كه هه‌نگاوه یه‌كه‌مه‌كان تێپه‌رێنین و له‌دواتردا كارئاسانی زۆرتر ده‌بێت.
بۆیه، له‌سه‌ر ئه‌م ساحه‌یه‌ی كه به‌یه‌كگه‌یشتن و یهكتربر و دابرانه هه‌مه‌جۆره‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان و یهكدابرانی پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان ته‌نیوه، سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی و گۆرانكاریه گه‌وره‌كان و ئامانجه دوور مهوداكانن، كه هاوكێشه‌ی ئاڵۆزی وای دروستكردووه، وای لێهاتووه ئه‌مجاره باشترین مامه‌ڵه له‌مه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد و كوردستان دا، عه‌قڵ و سیاسه‌ت رێبه‌ری راسته‌قینه‌ی سه‌رخستنی ململانێكه بێت و تا راده‌یه‌كی باش هێز پاشه‌كشه‌ی كردووه، ئه‌مه‌ش رێگه‌كه‌ی كوردی فراوان كردووه و گه‌شبینمان ده‌كات.