ئەحمەد ڕەسوڵ: بەڕاست ئەمە چ جۆرە پڕۆژەیەکە؟!
ئایا کڵپەکردنی جەنگی ناسیۆنالیستی و دینیی-مەزهەبی و بەرپابوونی ئاشوبێکی گەورە لەم ناوچەیە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە؟! ئایا بڵندبونی نەعرەتەی قەومی و زاڵبوونی ماڕشی دینیی-مەزهەبی هیچی بۆ خەڵک پێیە جگە لە وێرانەیی و خەراب و کوشتار؟
ئایا سیاسەتکردن و بردنە پێشەوەی پڕۆژەی سیاسیی گەورە و ڕاستەقینە بە وروژاندنی هەستی نەژادپەرستانە و تۆخکردنەوەی جیاکاریە دینیی-مەزهەبیەکان دەبێت؟
ئایا دەکرێت سیاسەت و پڕۆژەیەکی سیاسیی-جڤاتیانە شاندابداتە سەر دەمارگیری و هەڵویستوەرگرتنی پەرچەکردارانەی توند؟! ئایا دەمارگیرانە سیاسەتکردن و هەڵویستوەرگرتن جگە لە هەڵەی کوشندە و ئاکامی خۆوێرانکەر هیچیدی لێدەکەوێتەوە؟
ئایا حساباتی هاوکێشە سیاسیە نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیەکان و خۆبینینەوە و خۆبەراوردکردن لە نێو باڵانسی هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا لە دید و تێڕوانین و خوێندنەوەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندا هیچ گرنگیی و پێگەیەکی هەیە؟
ئایا بۆ ئینسانی سادە و هاونیشتمانی ئاسایی لە مەملەکەتی ئێمەدا هێندە سوک و بچوکە لە نیگای دەسەڵاتدارانەوە کە تەنها بۆ ئەوە باشن بکرێنە سوتەمەنی جەنگەکان، هێز و سوپای گەورەی هەڕەشەکردن و هەڵویست و پەرچەکرداری دەمارگیرانەی دەسەڵاتداران؟! ئایا بۆ هەمیشە دەبێت سیاسەتی چەوتی دەسەڵاتداران ببێتە کابوس و ژیانی خەڵک هەراسان بکات؟! ئایا بۆ دەبێت بڕیاری هەڵە و سیاسەتی هەڵەی ئێوە، ئێمە “خەڵکی سادە و ئاسایی” بەقورسی باجەکەی بدەین؟
ئایا بەڕاست ئینسانی بەردەوام نێرڤس، دەکرێت عەقڵانی و لۆژیکی بێت؟! ئایا سیاسەت، دیپلۆماسیەت و پڕۆژەیەکی سیاسیی-جڤاتیانەی گەورە بە نێرڤسی سیاسی و حەماسەتی بۆش و بێبنەما و گوتاری هەڵئاوساو بە ناسیۆنالیزمێکی فەیک “ساختە” و بێناوەڕۆک و بەتاڵ، لەبەرژەوەندی کۆمەڵگا تەواو دەبێت؟
ئەوانەی “نوسەر!، چاودێر! و شیکەرەوە!” بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هیچ پڕۆژەیەکی مەزن بێقوربانی و بێچەرمەسەری نابێت، ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەبێ جەنگ و کوشتار و برسێتی زەحمەتە بچینە نێو مێژووەوە، ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن پڕۆژەیەکی مێژوویی و گرنگی لەو جۆرە برسێتی و خۆڕاگریشی دەوێت و ئەوانەش هیچ نین لە ئاست مەزنیی پڕۆژەکە، بیانەوێ یان نا، بە ئاگاوە بێت یان بە بێئاگاییەوە بێت، ڕێگا تەخت و ئاسان دەکەن “بۆ پڕۆژەکە نا” بۆ سیاسیەکان و دەسەڵاتداران تا نابەرپرسیارانە بڕیاری هەڵە و سیاسەتی هەڵە بگرنەپێش و نابەرپرسیاریش بن لە ئاست ئاکامەکانی. ئەوان بیانەوێ یان نا، بە ئاگاوە بێت یان نا، شەیپوڕی جەنگێک لێدەدەن کە ئەمسەری دیارە بەڵام ئەوسەری نا. ئایا بەڕاست، بۆچی لەژێر وەهمی پڕۆژەی مێژویی و گەورە دا ژیانی ئینسان و کۆمەڵگا و فەزای گشتی و ئەمنیەتی خەڵکی سادە و ئاساییتان بۆ هیندە لابچوک و بێنرخ بۆتەوە کە ئیتر وایلێهاتووە لە دیدی ئێوەوە خەڵک “رەشوڕووت بە قەولی خۆتان” لە سوتەمەنی و قوربانییەک بۆ جەنگەکان و بۆ پڕۆژەکان شتێکیدی نیە؟
ئایا سیاسەت و دیپلۆماسیەت و کاری نوسین و شرۆڤەکاری، چیە جگە لە خوێندنەوەی بارودۆخ، هەڵویست و ئاماژەکانی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان؟! ئایا سیاسەت و شیکاری سیاسی چیە جگە لە خوێندنەوەی هەڵویستی هێزە نێوخۆییەکان و ئاماژە و بارودۆخە نێوخۆییەکانی کۆمەڵگاکەی خۆت؟! ئایا سەرەتاییترین و سادەترین پرەنسیپەکانی نوسین و خوێندنەوە و بیرکردنەوە و تێگەیشتن و زانین بە سێنتەر وەرگرتنی ئینسان و ڕیز و کەرامەت و ژیانی نیە؟! مەگەر مرۆڤ و ژیان و ئەمنیەت و مافەکانی لە چەقی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی ڕۆشنبیراندا نیە؟! مەگەر ژیان و فەزای گشتی و پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کلتوری و کۆمەڵگا گرنگی و بایەخێکی تایبەتی نیە لەنێو چێوەی زانین و فیکر و بیرکردنەوە و تێگەیشتندا؟
ئایا کە تۆ هیچ یەک لەمانە ناتگرێتەوە، ئیتر سیاسەتی چی و خوێندنەوە و شیکار و تێگەیشتنی چی هەم لە هەڵویست و بارودۆخی نێوخۆیی و هەم لە هێز و ئاماژە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان؟
یان تۆ بڕیارت داوە کە تەنها ئەو دەهۆڵە بکوتی و بە زرموکوتی دەهۆڵکوتان هەم گوێت لە هیچ نەبێت و هەم گوێ بۆ هیچ نەگری؟!
- بابەتەکانی تری ئەحمەد ڕەسوڵ
ئەحمەد ڕەسوڵ: فیاسکۆ.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: ڕووتبوونەوەی سیاسەت.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: خۆڕاپسکاندنی پدک.
- All Posts