نەوزادى موهەندیس: ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان و بەرژەوەندیە جیاوازەکان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لە ڕێکەوتى یەکەم کۆبونەوەى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستاندا لە 7/6/2017داو، بڕیاردانیان بەجێ بەجێکردنی پڕۆسەى ڕیفراندۆم لە 25/9/2017دا، ئیدى لاپەڕەیەکى نوێ لە خەباتى کوردایەتى هەڵدرایەوە و هەموان یان زۆرینە بە ئاشکرا و نهێنى دژ یان لەگەڵ پڕۆسەکەدا بوون لەناوخۆى کوردستان و وڵاتانى دەوروجیرانى ناوچەکە و تەنانەت زلهێزەکانیش هەڵوێستى خۆیان ئاشکراکردوە.
هەرچەندە ڕیفراندۆم پڕۆسەیەکى ئاسایى و یاسایى و مافێکى سروشتى و زۆر سەرەتایى هەموو گەل و نەتەوە و کۆمەڵگایەکى ئیتنیە و هەنگاوێکە بەرەو دیاریکردنى مافى چارەنوسیان، هەروەها پێویستى بەکۆدەنگیەکى سیاسى و نیشتیمانى و میللى هەیە و دەبێت بۆ سەرخستنى پڕۆسەکەش هەمووان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن و تەبایى و متمانەى سیاسیش بەهێزبێت لەنێوان هێز و سەرکردە سیاسیەکاندا و پڕۆسەکەش بەدوور بگرن لە دەسکەوت و هەوڵى تاکەکەسى و حیزبى، بەڵکو دەبێت پڕۆسەکە بکرێتە دروشم و ئامانجێکى گەورەى نیشتیمانى و نەتەوەیى بەمەبەستى هەنگاونانى زیاتر بۆ سەربەخۆیى و ئازادبوونى یەکجارەکى.
ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان جیا لەهەموو ڕیفراندۆمى گەلانى تر ،گرنگى و کاریگەرر زیاترى هەیە لەناوخۆى عێراق و ناوچەکە و دونیاشدا بەهۆى هەڵکەوتە جیۆسیاسیە گرنگەکەى لە (جەرگەستانى) دونیادا نەک ((کەنارستان)، کە دەکەوێتە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوینى هەستیارو گرنگ و دەوڵەمەند بەسەرچاوەکانى وزەوە. هەربۆیە لە بەروارى 7ى حوزەیرانەوە ئیدى هەموان لەناوخۆ و ناوچەکە و دونیاشەوە بە گرنگیەکى بێوێنەوە لەم بڕیارەى سەرکردایەتى کوردیان نۆڕیوە و هەریەکەیان لە گۆشە نیگاى بەرژەوەندیەکانى خۆیانەوە سەیریان کردوە و هەڵیانسەنگاندوە کە تاچ ڕادە و ئاستێک لە بەرژەوەندى خۆیاندایە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەشەوە هەڵوێست و گوتار و کردارى خۆیان ئاشکرا کردوە.
بەرژەوەندى کورد لەم ڕیفراندۆمەدا بەئاشکرا دیارە کە بریتیە لەهەنگاونان بۆ سەربەخۆیى بەشێکى کوردستانى گەورە و ڕزگاربوون لە داگیر و دابەشکردنى 100ساڵەیى و ڕزگاربوون لەژێر دەستەیى و زوڵم و زۆر و و چەوساندنەوە و قاتوقڕکردن و لەناوبردنى بێبەزاییانەى ڕژێمە یەک لەدوایەکەکانى عێراق. کورد لەبەرژەوەندیدایە کە ئەم هەنگاوە هەڵبنێت و ڕێگەش خۆش بکات بۆ بەشەکانى تر و ببێتە خاوەن سەروەرى و سیادە و سنور و ئاڵاو مافى ئەندامێتیش بەدەستبێنێت لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان و ببێتە ئەندامێکى کارا و ئاشتیخواز لەناوچەکە و دونیاشدا.
بەرژەوەندى وڵاتانى دراوسێ لەهەریەکە لە عێراق و تورکیا و ئێران و تەنانەت وڵاتە عەرەبى ( بە سونە و شیعەیانەوە ) و ئیسلامیەکان ، وەک ئاشکرایان کردوە هیچ بەرژەوەندیەکیان لەسەربەخۆبون و جیابونەوە و ڕزگاربونى کورددا نیە، چونکە دەبێتە هۆى بچوکبونەوە و لێکردنەوەى بەشێک لەو وڵاتانەى کە کوردستانى بەسەردا دابەشکراوە لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاداو دەبێتەى مایەى هەژارتربون و بچکوبونەوە و لاوازبونیان لەڕووى سیاسى و ئابورى و سەربازیەوە،بۆیە زۆر بەگەرمى لەسەر هێڵن بۆ دواخستن یان ڕەتکردنەوەى بەتەواوەتى بۆئەوەى درێژە بەدۆخى 100 ساڵەیى داگیر و دابەشکردنى کوردستانى گەورە بدەن. وڵاتانى ترى ناوچەکەش هەریەکە بەبیانویەکەوە دژى ئەم ڕیفراندۆمەن و نایانەوێت وڵاتێکى ترى وەکو ئیسڕائیل لەناوچەکەدا دروستببێت و بەلاى ئەوانەوە ببێتە مایەى سەرئێشە و کێشەى زیاتر بۆیان کە هەرچەندە کورد نەتەوەیەکى ڕەسەنى ناوچەکەیەو لەسەر خاک و وڵاتى خۆى خەبات دەکات.
زلهێزەکان لە ئەمریکا و ڕوسیا و بەریتانیاو وڵاتانى ترى ئەوروپیش ، هەریەکەیان لە ڕوانگەى بەرژەوەندى و باڵادەستى لەناوچەکەدا دەڕواننە ئەم هەنگاو و مافەى کورد و نایانەوێت بەدروستبوونى دەوڵەتێکى تر لەناوچەکەدا تاڕادەیەک نەخشە سیاسى و ئابورى و سەربازیەکانیان بگۆڕدرێن و بەرژەوەندیەکانیان بکەوێتە مەترسیەوە و پلان و نەخشە داڕێژراوەکانیان گۆڕانیان بەسەردا بێت. ئەمریکا لەئیًستادا گرنگى تەواو و سەرەکى دەداتە کۆتایهێنانى جەنگى دژى داعش و تیرۆریستان و گەرەکێتى ناوچەکە و بەتایبەتیش عێراق ئارام و ئاسایش بێت و وڵاتانى ئەوروپیش بەهەمان شێوە بیردەکەنەوە، وڵاتانى زلهێزیش تاڕادەیکى زۆر بەرژەوەندى خۆیان و هاوپەیمانەکانیشیان لەناوچەکەدا ڕەچاو دەکەن لەم پرسە گرنگەدا.
نەتەوە یەکگرتوەکانیش وەک ڕێکخراوێکى نێونەتەوەیى و چەترى کۆکەرەوەى گشتى وڵاتان و دامەزراوەیەکى شەرعى و دانپیادانراوى نێونەتەوەیى و جێگەى دانپیادانان و بەڕەسمى ناساندنى هەر وڵاتێکى نوێى ئەندام، هەمیشە وابەستەى ڕاوبۆچونى وڵاتانى زلهێز و باڵادەستە وەک ئەمریکا و ڕوسیا و ئەندامانى هەمیشەیى ئەنجومەنى ئاسایش، بۆیە نەتەوە یەکگرتوەکان هەمیشە وەک پاشکۆى بڕیارەکان دەردەکەوێت نەک بڕیاردەرى کۆتایى.
بەم شێوەیە لە چانسى کورد، ڕیفراندۆم لەناوخۆو ناوچەکە و دونیاشدا بۆتە مایەى نانەوەى کێشە و گرفتى زۆر و دروستبوونى ڕاو بەرژەوەندى جیاواز و هەریەکەیان بە بیانویەکەوە لەگەڵ دواخستن یان نەکردنیدان و ئەوەى دەمێنێتەوە تەنانەت لەناو کورد خۆشیدا دووبەرەى دژ بەیەک لە ( بەڵێ و نەخێر ) دروستبوون کە ئەم جیاوازى بۆچونەى ناوخۆ لەهەماون مەترسیدارترە.و هەرلایەنەش لەبەرژەوەندى تەسکى خۆیەوە دەڕوانێتە پڕۆسەکە و هەموانى پەرت و بڵاوکردۆتەوە لەجیاتى کۆکردنەوە و یەک و یەکگرتوویى لە هەڵوێست و گوتار و کرداریاندا.
لەکۆاتایدا ئەوەى دەمێنێتەوە بیڵێین ئەوەیە کە ئەم کات وساتەى ئێستا کە کورد هەڵیبژاردوەو و ئەوانى تر دژایەتى دەکەن باشترین و گونجاوترین زەمان و زەمینەیە، چونکە لەئێستادا زۆرێک لە مەترسى و ئاڵنگاریەکان بچوک و دوورن بەڵام لە ئایندەدا زیاتر گەورەتر و نزیک دەبنەوە و دێنە بەردەمى ماڵى کورد، بۆیە پێش ئەوەى دوژمنان بێنە دەست هەق وایە کورد دەستپێشخەرى بکات، دیاریکردنى زەمان و زەمینە لە هەر لایەکەوە بێت ئەوا بە قازانجى سەرکەوتن و چانسى ئەو لایەنە دەبێت و دژى بەرژەوەندیەکانى ئەوانیتر دەبێت، جا لەئێستا دا تەنها کورد ئەم کات و ساتەى پێباشە چونکە لەقازانجێتى بەڵام ئەوانى تر لە بەرژەوەندى خۆیانى نابینن. لەگەڵ ئەم ڕاستیەشدا بەڵام کوردیش بۆخۆى و لەنێوماڵى خۆیدا باش خۆى ئامادەنەکردوە و داروپەردووى ڕیفراندۆمێکى سەرکەوتووی بەو هەموو گرنگى و هەستیاریەوە دابیننەکردوە لەڕووى سیاسى و ئابورى و سەربازیەوە و پەلەکردنێکى نا لۆژیکى پێوەدیارە، هەربۆیە دەکرێت بۆ کاتێکى کەم و دیارکراو گوێ بۆ بیروبۆچون و هەڕەشەى دۆستەکان و دوژمنەکانیش بگیرێت لەلایەک بۆ هێورکردنەوەى ئەوان و و دوورخستنەوەى مەترسیەکان و هەڕەشەکان و لەلایەکى تریشەوە بۆ ئامادەسازى باشتر و بەهێزکردنى بەرەى ناوخۆى کورد خۆیدا بۆ مسۆگەرکردنى زیاترى سەرکەوتنى پڕۆسەکە و بەدەستهێنانى سەربەخۆیى و چێکردنى کۆدەنگیەکى ناوخۆیى و ناوچەیى و نێودەوڵەتیش ودانپیادان و بەڕەسمى ناساندن و هاوکارى و پشتیوانیشیان بۆ دەوڵەتە سەربەخۆکەمان لە ئایندەدا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی