ئارام قادر حەمەسور: سەرۆک گوتی سوپاکەم پەرلەمانە!
سیاسەت دوو ڕووی هەیە، ڕوویەک سپییەو پاکەو بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانە، ڕوویەکی تری ڕەشەو مایەی مەترسییە بۆ هاووڵاتیان و مایەی قەڵەوبوونی بەرپرسانە، دیوەڕەشەکەی سیاسەت تونێلێکەدەمانبات بەرەو ستەمکاری و گەلفرۆشی و نیشتمان فرۆشی، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پڕەلە سیاسی خیانەتکارو نیشتیمان فرۆش، دەریایەکە بە ڕووبارەکانی عەقڵیەتی ستەمکاری و دیکتاتۆری پڕکراوەتەوە، بۆیە مرۆڤی ئەم ناوچەیە بەردەوام لە هەڵاتندایە بەرەو خۆرئاواو کەناری ئارامی، عەبدولڕەحمان مونیف لە ڕۆمانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەڵێت: خۆزگە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەریایەک بووبا بۆ نەهەنگ نەک بۆ مرۆڤ، ڕۆمانی قەپێلکی مستەفا خەلیفەش دیوە ترسناک و ستەمکارییەکەی ئەم ناوچە نیشاندەدات و خوێندنەوەی توشی شۆکت دەکات، دیوە ئەهریمەنەکەی سیاسەت مرۆڤی توشی بێئومێدی و نامۆبونی سیاسی کردووە، لەم ناوچەیەدا بەردەوام سوپاو چەک فیکەی کۆتایی یارییەکانن، عەقڵیەتی سەربازیی بەڵایەکی گەورەی سیاسەتی ئێرەیە، کاتێک سوپا قسەدەکات هەموو بانگەشەکانی دیموکراسیی و ئازادی دەبنە سەراب، جوڵەی سوپا لەم ناوچەیەدا بەردەوام هەورێکی ڕەشبووەو بارانی کارەساتی باراندووە بو خەڵک.
هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە چاڵە تاریکەکانی سیاسەت، ئەو چاڵانەی سیاسییە پراگماتیزمەکان لە دژی یەکتر هەڵیان کەندوون، لە چرکە ساتێکدا نیشتمان دەدرێتە دەستی بێگانەو خیانەتی گەورە تۆمار دەکرێت، مێژووی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بخوێنەوە شەرمەزار دەبیت کە ڕابردوویان چەند سوربووە بە خوێنی یەکتری، دەبینیت هەر کوردەو کوردی کوشتووە، هەرکوردەو سەری خراوەتە ژێر دەبابەکانی بێگانە، کریس کۆچێرا دەیگوت کورد یەک دوژمنی هەیە ئەویش کوردە!، سیاسیەکانی کورد تا بەعەقڵیەتی شاخ و سوپا بیر بکەنەوە هەرگیز ناتوانن ببنە خاوەنی دەوڵەت، هێزێک پاسداری هێناوەتە نیشتمان و هێزێک گەورەترین دوژمنی کورد کە ڕژێمی بەعس بووە هێناوەتە نیشتمان!! گەر ئەمانە ڕابردو بوون ئەوا ڕووداو و خیانەتی تری تازەیان نوێکردۆتەوە و ئێستا بەشێکی هەرێم بۆتە سەربازگەی تورکیی و دەزگا هەواڵگرییەکان چالاکی دەکەن و بەدوای کوشتنی سەرکردە کوردەکانەوەن، تا ئێستاش ڕوبارێکی دەریای سیاسەتمان خیانەتی نیشتمانی و دوژمن پەرستییە.
ساڵی 2015 پارتی دیموکڕات بەبڕیارێکی بنەماڵەی و بە عەقڵیەتی سەربازی گەورەترین خیانەتی سیاسی و قانونی تۆمارکرد بە داخستنی پەرلەمان و ڕێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمان، ئەمە خیانەت بوو لە دەنگی دوو ملیۆن دەنگدەر کە دەنگیان بە پەرلەمان دابوو، پاشگری دیموکڕاتیش تەنیا سەرابێک بوو، حیزبێک دیموکڕات بێت هەرگیز لەپەرلەمان ناترسێت و خیانەتی دیموکڕاتی ناکات، ئەو حیزبانەی بیر لە بژاردەی چەک دەکەنەوە بۆ بڕیارەکان تاکڕەون، پێیانوایە وڵات هەموی موڵکی ئەوانە، بەردەوام سڵ لە دیموکڕاتی دەکەنەوە چونکە لە دیموکڕاتی ڕاستەقینەدا حیزبە عەقڵ سەربازییەکان دۆڕاون، دەبێت حیزبە دەسەڵات دارەکان وازلەو عەقڵیەتە بێنن کەدەڵێت برسیکردن و ترسانی خەڵک مایەی بەردەوامی ئێمەیە چونکە خەڵک بێدەنگ دەکەین.
جوڵە سەربازییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان پێمان دەڵێت پەرلەمان و دیموکراسی جگە لە ماسکێک بۆ جوانکاری دەسەڵات و شکستەکان شتێکی تر نییە، عەقڵییەتی سەربازی بڕیار دەدات نەک پەرلەمان! چونکەلای ئەم حیزبانە پەرلەمان وەک پۆلەکانی قوتابخانەیە، کەی جەرەس لێبدەن دەبێت بچنە ژوور، کەی ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە دەبێت بڕۆنەوە، ئەمە کۆمیدیای حکومڕانی کوردییە! داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان خیانەتێکی تری مێژووی سیاسەتی کوردییەلە هاوڵاتیان و دەنگدەران کرا، تاکەکان دەبێت سزای ئەم هێزانە بدەن، دەبێت ڕابردو بکەینە پێوەروپەیژە بۆ سەرکەوتن بەسەر داهاتوو، چونکە ئێمە گرفتی زوو بیرچونەوەی ڕابردوو و شۆک نەبونمان هەیە، خیانەتەکان دەبێت بەردەوام شۆکمان بکەن و نابێت لەبیر بکرێن، تا چیتر سوپاو عەقڵی سەربازی جێگەی یاساو پەرلەمان نەگرێتەوە، سەرۆکی میسر جەمال عەبدولناصر بوو گوتی سوپاکەم پەرلەمانەکەمە، بۆیە دواتر میسر بوو بە دەسەڵاتی تاکڕەو و ستەمکار و یەک ڕەنگ.
بەردەوام بوونی عەقڵیەتی چەکداری و خۆسەپێنی و بینینی پەرلەمان وەک دەستکەلا و یاری، پێمان دەڵێت کە دەسەڵات بڕوای بەدیموکراسی نییەو داهاتو ناچێتە دەستێکی ئەمینەوە.