کارۆخ فەهمی: پێش دەوڵەت. بەشی یەکەم.
بۆچی نەخێر؟
ئاشکرایە پارتی و لەناویشیدا سەرۆکی حیزبەکە رابەرایەتی ئەو هەڵمەتە دەکەن کە قەرارە سەربەخۆیی لێ سەوز ببێت. نەیارەکانی ئەو حیزبەو دۆستە نا دڵنیاکانی هەندێکجار وەک دژ بەم پرسە دەردەکەون، بەڵام ئاخۆ هیچ لایەنێک بە ئاشکرا دەتوانێ بڵێ: نەخێر؟
وتنی نەخێر وەک جۆرێک لە ئینتیحاری لێهاتووە. ئەوانەی بە ئاشکرا بەیانی نەخێر دەکەن، هەر زۆر بەئاسانی دەچنە ریزی خۆفرۆشان و وەک پەیڕەوکەری ئەجێندای دەرەکی دەناسێنرێن.
بەڵام کێن ئەوانەی دەڵێن نەخێر؟ بۆچی نەخێر لە بەرامبەر بەڵێدا هەڵدەبژێرن؟ ئاخۆ ئەو گروپ و کەسانەی دەڵێن نەخێر، هەر بەڕاستی دژی دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستانن؟ هیچ نرخێک بۆ ئەو هەموو قوربانیدانە دانانێن، کە ئەم میللەتە دەیان ساڵە بۆ هەوای ئازادیی دەیدا؟ ئاخۆ دەبێ چی وا لەوانە بکا دژی دەوڵەتێک بوەستنەوە کە دەبێ بە نیشتیمانی ڕاستەقینەی ئەوان؟ ئێمە بۆ دەبێ سەربەستی و نیشتیمانی سەربەخۆ و دەوڵەت ڕەتبکەینەوە؟ ئاخر ئەوانەی دەڵێن نەخێر کوڕو کچی ئەم میللەتەن، لەسەر ئەم خاکە گەورەبوون و بەکوردی خوێندوویانەو کوردستان بە نیشتیمانی خۆیان دەزانن. ئەوان نەدەستی دەرەکیان لە پشتەو نە بە فیتی وڵاتانی ناحەز هەڵدەپەڕن. ئەم رێژە بەرزەی نەخێر بۆ بابەتێکی ئاوا گرنگ شایەنی لێوردبوونەوەیە.
نەخێرگووتن ڕەنگە زۆرجار بڕێک لە هۆشیاریی سیاسیی لەپشتەوەبێت، بەوەی ئەوانەی بە کارە دزێو و نابەجێکانی دەسەڵاتیان وتووە نەخێر، کەسانێک بوون زۆرتر بەتەنگ ئەو ژینگە سیاسیی و ژیارییەوەبوون کە تێیدا ژیاون. ئەم پەرۆشییەوە بۆ باشترکردنی دۆخەکەو دەنگبەرزکردنەوە لەئاست چەوتییەکانی حوکمڕانی، زۆرجار بە مردنی خۆیان کۆتایی هاتووە. واتا نەخێر زۆرجار خەمێکی گشتیی هەڵگرتووە، نەخێرێک کە زۆرینە نەیتوانیوە بەدەنگی بەرز بیڵێت. نەخێر گووتن جگە لەوەی هۆشییارییەکی سیاسیی بووە، ریسکێکی گەورەشبووە بە ژیان. ئەگەر مونەوەرانی ئێمە بەردەوام بە حوکمە زۆردارییەکانیان وتبێ نەخێر، ئێستا بۆچی بە حوکمڕانی خۆماڵی و بە پرۆسەیەکی نیشتمانی وەک درووستکردنی دەوڵەت دەڵێ نەخێر؟
ئەو وردەکارییەی لەدوای وتنی ئەم نەخێرەوە دێت، زۆرترین موناقەشەو زۆرترین ڕای جیاوازو زۆرترین ناکۆکیی درووستکردووە. لە راستیدا کێشەکە رێفراندۆم یان درووستکردنی دەوڵەت نیە، کێشەکە بەڵێ و نەخێر نییە، بەڵکو ئەو تەفسیر و جەدەل و وردەکارییەیە کە دوای گوتنی بەڵێ یا نەخێر درووستدەبێ.
رۆژبەرۆژ ژیانی ئەوانەی دەڵێن نەخێر تاڵتر دەبێ، هێرشی جۆراوجۆریان دەکرێتەسەر. وەک خۆفرۆش و خادمی عروبە دەناسێنرێن. ئاشکرایە زۆربەی ئەوانەی هێرشدەکەنە سەر نەخێرەکان، لایەنگر یان کەسانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانن. تیایاندایە پارتیش نیە، بەڵام خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینێ و هەستی ناسیۆنالیزمی نایەوێ گوێی لە گووتنی نەخێر بێت. هەیانە عاشقی کارێزمای بارزانییە، مادام بارزانی سەرکردەی یەکەمی درووستکردنی ئەو دەوڵەتەیە، ئەوا ئەو دەوڵەتە دۆزەخیش بێت کەسانێکی زۆر تەنهاو تەنها لە پێناو خۆشەویستی بارزانی هەموو شتێک دەکەن بۆ سەرکەوتنی. رەنگە هێرش بۆ سەر ئەوانەی پێچەوانەی بارزانی بیردەکەنەوە یەکێک بێت لەوانە.
ئەوەندەی من دیقەتی هۆکاری نەخێر هەڵبژاردن دەدەم، ئەوەیە کە بارزانی هۆکارە بۆ دەنگنەدان بە جیابوونەوە. واتا هەندێک لەو دەنگە ناڕازییانە دەنگدان بە دەوڵەت یەکساندەکەنەوە بە دەنگدان بە بارزانی. ئاخۆ بۆچی دەبێ جەستەی بارزانی و جەستەی دەوڵەت وەک یەک ماددە سەیربکرێ؟ بۆچی بارزانی لە پڕۆسەی بەدەوڵەتبوون جیاناکرێتەوە؟ خۆ دواجار هەر دەبێت کەسێک هەبێت وەک سەرلەشکر رابەڕایەتی پرۆسەکە بکات. ئیدی لەم ئان و ساتەدا ئەوا بارزانی کارەکە دەکا.
ئەسڵی بابەت لێرەدایە، لە تێڕوانینی نەخێردا بارزانی نابێ سەرلەشکربێ بۆ درووستکردنی دەوڵەت. زۆرێک لە دەنگی نەخێر، لەبەر سەرلەشکر دەوڵەت رەفزدەکاتەوە. واتا رەنگە لەگەڵ دەوڵەتدابێ، بەڵام دەبێ کەشتییەکە کاپتنێکیتری هەبێت. مادام بارزانی ماوەی بەسەرچووەو لاناچێ، مادام بارزانی پەرلەمانی داخستووە، مادام بارزانی حکومەتی ئیفلیج کردووە، مادام بارزانی قەیرانی درووستکردووە… دەبێ هەموو شتێک رەفز بکرێتەوە کە بارزانی پەسەندی دەکات. لە دیدی نەخێرەکاندا هەموو هەنگاوێکی بارزانی بە زیانی ئەم میللەتە دەشکێتەوە.
لێرەوە بارزانی چۆن دەتوانێ وەک سەرکردەی حیزب خۆی نمایش نەکا، تەنها ئەندامانی حیزبەکەی و نزیک لە حزبەکەی بانگهێشتی دانیشتنەکانی نەکا؟ بۆچی تا ئێستا لە سلێمانی و گەرمیان دانیشتنێکی بەڕێوە نەبردووە؟ ئەگەر قەرارە سەرۆکی هەرێم بێت بۆچی زیاترو زیاتر وەک سەرۆکی حیزبێک دەردەکەوێت و وەک سەرۆکێکی راستەقینە ڕۆڵ نابینێ؟ ئاشکرایە بارزانی و حزبەکەی درووستکەری بەشێکی گەورەی ئەو قەیرانە گەورانەن که ئەمڕۆ لەم هەرێمەدا هەیە، خۆی وەک (سەرۆکی هەرێم) و برازاکەی وەک سەرۆکی دەرزەنێک کابینەی یەک لەدوایەک. وەک دوو دەسەڵاتی هەرەگەورەی ئەم هەرێمە زۆرترین رەخنەیان بەردەکەوێت.
بەرەی نەخێر بەشێک حەقیقەتی دەکەوێتە لا، کە بیر لەم چەند ساڵەی دوایی دەکاتەوە، مافی خۆیەتی بیر لەو دەوڵەتە بکاتەوە کە کوڕو مام و برازاکان درووستیدەکەن. ئەوان لە خەیاڵدانیاندا بیر لە دەوڵەتێک دەکەنەوە کە خاڵی دابڕان درووستناکات لەگەڵ ئێستا. کە هەمان ئەو رووخسارانەی ئێستا دەوڵەتەکە درووستدەکەن و بەڕێوەی دەبەن.
لە یەک دوو بۆنەدا بارزانی وتی باوەڕم نەدەکرد کەسانێک هەبن بڵێن نەخێر. دەبوو ئەم خاڵە ببووایەتە جێگەی پرسیار بەلای بارزانییەوە کە بۆچی کەسانێک هەن دەڵێن نەخێر؟ چییە وا لەو خەڵکە دەکا بڵێن نەخێر؟ دەبوو پرسیار لە هۆکاری نەخێربکا، نەک لەگەڵ حەشاماتی بەرەی بەڵێدا دابنیشێ. بۆئەوەی ڕێژەی بەڵێ بەرزبکاتەوە دەبوو لەگەڵ ئەو دەنگە ناڕازییانە دابنیشێ، نەک ئەو بەڵێ گرەنتیانەی یەکلایی بوونەتەوە. دەبوو بەدوای هۆکاری نەخێردا بچێ، ناکرێ ئەویش وەک میدیاو نووسەرانی حیزبەکەی هەموویان بە نەیارو دەهۆڵژەنی مالیکی و پێشخزمەتی بەغدا بزانێ.
لەڕاستیدا بۆ پرسیار لە هۆکاری نەخێر درەنگە. ئەمە دەریدەخات کە ئیشێکی ئەوتۆ بە شاراوەیی و نهێنی بۆ دەوڵەت نەکراوە. دەبوو بەر لەناوهێنانی ڕیفراندۆم بۆ درووستکردنی دەوڵەت کار لەسەر کەمکردنەوەی دەنگی نەخێر بکرایە. ناکرێ لەئێستاداو وەک حاڵەتێکی سەیروسەمەرە و شتێکی چاوەڕواننەکراو سەیری نەخێر بکرێ.
نەخێرگووتن بۆ دەوڵەتێک کە کورد دەیان ساڵە خەونی پێوە دەبینێ شایەنی تێڕامانە، ئەوانەی حوکمی ئەم هەرێمەدەکەن دەبێ لەسەری بووەستن و بیری لێبکەنەوە، هەتا ئەگەر رێفراندۆمیش نەکرێت. مەبەستم لەوگرووپە ناشیرینەی ئێستانیە کە بانگەشەی نەخێردەکەن، بەڵکو ئەونەخێرانەی کە خۆڕسکن و دوای هاشوهوشی بازرگانە گەنجەکە نەکەوتوون. دەبێ ئەو نەخێرانە ببێتە هۆکارێک بۆ لەخۆڕوانین بەچاوێکیتر، زەنگێکی هۆشیارکردنەوەو دیقەتدان و ئاوڕدانەوە لەو چەندساڵەی حوکمڕانی، حوکمڕانیەک نەوەیەکی وا مەئیوسکردووە ئامادەیە لەدەرەوە لەسەرما ڕەقبێتەوە نەک بچێتە ناو ئەو خانووەی کە باوکە زاڵمەکەی بۆی درووستدەکات.
دەیان ڕێگا هەبوون بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخێر، بەوەی کارێک بکرێ خەڵک متمانەی بە حکومەت هەبێ، هەستبکا سەرۆکێکی راستەقینەی هەیە، ئازادی ڕادەڕبڕین بۆ بەرزترین ئاست بەرزبکرێتەوە، هەستبکا هەمووکەس ناتوانێ ئەو نوێنەرانە بنرێتە ماڵەوە کە دەنگی بۆ داون. سنوورەکانی دووئیدارەیی کاڵبکرێتەوەو وەک ئینسان کەرامەتی پارێزراوبێ، لایەنی کەم لە مووچەی مانگانەی دڵنیابێ، لە شەفافیەتی داهاتی وڵات دڵنیابێ.. هەموو ئەمانە دەبوو پێش ناوهێنانی رێفراندۆم کاریان بۆ بکرێ. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نیە کوردێک لەم بارودۆخەدا بە دەوڵەتی کوردیی بڵێ نەخێر. ئەو بەڵێ یەکسان دەکاتەوە بە بەڵێ بۆ حاڵی ئێستا. ئیدی لەم دۆخەدا نابێ سەرسامبین ئەگەر ڕێژەیەکی بەرزی نەخێر چوونە ناو سندووقەکانەوە.