نەبەز گۆران: یەكێتیی، پارتی بردە سەرئاوەكە.
زۆر ڕوونە، ئێستا تێگەیشتنی بەشە بەهێزەكەی یەكێتیی بۆ ریفراندۆم لەگەڵ تێگەیشتنی پارتی، جیاوازییەكی زۆری تێدایە. یەكێتیی پێی وایە ئەم ریفراندۆمە پێویستە بكرێتە كارتێك بۆ دەستكەوتی سیاسیی و ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان. گەر پێش ئەنجامدانی ئەو كارتانە وەك خۆیان بەكار نەهێنرێن، لەوانەیە پاش ئەنجامدانی كارتەكان سودیان نەمێنێت. هەمان تێگەیشتن لای پارتیش بوونی هەیە، بەڵام بۆ دوای ئەنجامدانەكەی.
ئەو رۆژەی (ماكگۆر) هات بۆ گقتوگۆكردن، بۆ شەوەكەشی (قاسم سلێمانی) هات، تەواوی زانیارییەكان ئەوەیاندەردەخست، كە یەكێتیی نیشتیمانی ئامادەیە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو دەسكەوتانەی ئەو دوو كەسە خستبوویانە ڕوو، بەڵام لەڕووی میدیاییەوە ئەم تێگەیشتنە شارایەوە و ئێستا كەوتە ناو میدیاوە. بە دیوێكدا یەكێتیی بەحەقی خۆیدەزانێت بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا بكات، چونكە لەناو یەكێتیی نیشتیمانیدا تێگەیشتنێك هەیە بۆ شاری (كەركوك) ئەم تێگەیشتنە پێی وایە: گەر شەڕێك ڕووبدات لەو شارەدا ڕوودەدات، ئەو شارەش یەكێتیی بە هی خۆی دەزانێت و نایەوێت لەدەستی بدات. هەندێكیشیان پێیان وایە: پارتی بۆی گرنگ نییە لەو شارەدا چی ڕوودەدات، بۆیە یەكێتیی هەوڵێكی زۆر دەدات دەسەڵاتەكانی خۆی بپارێزێت و لەناویشیدا كەركوك وەك شارێكی زۆر گرنگ لەدەست نەدات.” ( گەر پرۆسەكە كەركوكی تێدا نەبێت، چاوەڕواندەكرێت هەندێك هێزی سیاسیی كوردیی بەیاننامە دەربكەن و داوا لە خەڵك بكەن دژی ریفراندۆم بێت، بەبێ كەركوك.
ئێرانییەكان و ئەمریكاییەكان و تەواوی جیهان و دراوسێكانیش دژی ریفراندۆمەكەن. بەڵام هیچ كام لەو دژانە هێندەی پاشەكشێی یەكێتیی گورزی كوشندە نادات لە پرۆسەكە. ناشكرێت لەم تایپە سیاسییەدا لە پرۆسەیەكی وادا بەشوێن خوێندنەوەی ئاكاریی سیاسیدا بگەرێین، دەبێت بەشوێن بەرژەوەندیدا بگەڕێین. بۆ پارتیش پرۆسەكە بەرلەوەی كردەیەكی ئاكاری بێت، كردەیەكی بەرژەوەندییە، ئەما ئاكارەكە لە میدیادا دەخاتە روو بەرژەوەندییە سیاسییەكە دەشارێتەوە.
لەم كاتە كەمەی لەبەردەمی پرۆسەكەدا ماوە، بەشە بەهێزەكەی یەكێتیی لە دۆخی پاشەكشێیدایە، ئەم پاشەكشێیە بێگومان لەرووی جەماوەرییەوە نیگەرانییەك و رەخنەیەكی زۆری دێتە سەر، بەڵام لەرووی دەسكەوتی سیاسیی و هەرێمییەوە یەكێتی لە پاشەكشێكەدا سودێكی زۆر دەبینێت.
لەسەرەتای پرۆسەكەوە تا ئەم چركەساتە، تاقە بۆچوونێكی تەندروست هەبووبێت، بۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بوو. ئەم دوو هێزە جگە لەوەی زانیارییان لەسەر دانیشتنە نهێنییەكان هەبوو، خەمەكەیان لەوەوە سەرچاوەی دەگرت سەركەوتنی پرۆسەكە گرنگترە نەك كردنی. لێشیانەوە دیاربوو لەم ساتەدا پێناچێت بەو جۆرەبێت پرۆسەكە ئامانجی خۆی بپێكێت و، بەو جۆرەێت لێشاوی هاوڵاتییان لێتێگەیتشبوون. ئێستا كە فشارەكان زۆر بوون و هەرەشەكان نزیك بوونەتەوە، هەمان بۆچوون بۆ بەشە بەهێزەكەی یەكێتیی نیشتیمانی دروستبووە، ئەگەر یەكێتیی بۆچوونە تازەكەی بگۆڕێت و بچێتەوە سەر سووربوون بۆ كردنی ریفراندۆمەكە، دەبێت بەرژوەندییەكی لەوە گەورەتری سیاسیی دەستكەوتبێت كە لەنەكردنیدا دەستی دەكەوێت. (لەوانەشە بانگەشەی ریفراندۆم كە بانگەشەیەكی زۆر پارتیانەبوو، كەمێك ئازاری سەركردایەتی یەكێتیی دابێت و ئەم ئازارەشیان نەدەشاردەوە و لەشوێنان باسیاندەكرد.)
گومانم نییە لەم دۆخەدا تێگەیشتنی پارتی بەرامبەر یەكێتیی لۆژیكی نەبێت. چونكە تەواوی پرۆسەكە بە كردەیەكی ئەخلاقی بارگاوی دەكات، نەك كردەیەكی سیاسیی پەتی! تا ئەم ساتەش (بارزانی) سوورە لەسەر ئەنجامدانی و، پێناچێت پاشگەز ببێتەوە، گەر دواجار یەكێتیی دواكارتی خۆی دژ بەپارتی بەكار بهێنێت لەوانەیە تەواوی پرۆسەكە شكست بهێنێت. (دواكارتی یەكێتیی ئەوەیە بە پارتی بڵێت: لە پارێزگاكانی كەركوك و سلێمانی و هەڵەبجە، رێگری لە دانانی سندوقەكان دەكەم.)
سیاسییەكان دەڵێن: تەنانەت لەو حاڵەتەدا لەوانەیە پارتی سووربێت لەسەر پرۆسەكە و لە دووشارەكەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا ئەنجامی بدات و، بۆ ماوەیەكی كاتی لەرووی میدیاییەوە یەكێتیی لەبەرچاوی جەماوەر بخاتە ژێر فشارەوە، بەڵام لەروی دەسكەوتی سیاسیی هەرێمییەوە دەسكەوتەكان بۆ یەكێتیی دەبن.
ئەم دۆخە بەم ئەنجامەیەوە كە ئێستا دەبینرێت، چاوەروانناكرێت هیچ هێزێكی بێگانە ببێتە هەرەشە بۆ سەر پرۆسەكە، ئەوەی چاوەرواندەكرێت خودی حیزبەكان و تێگەیشتنیان بۆ پرۆسەكە، ئەنجامەكە كاڵدەكاتە و ئەو هێزەی نامێنێت كە پێشتر هەیبوو. پارتی و چاودێرە ئەخلاقییەكانی وای بۆ دەچن، كە یەكێتیی نیشتیمانی پارتی دیموكراتی بردوەتە سەر ئاوەكە و خۆی گەڕاوەتەوە، یەكێتیی نیشتیمانی و چاودێرەكانی پێیان وایە: ریفراندۆم كارتێكی بەهێزە بۆ دەستكەوتی سیاسیی و ئابووری.