ستارە عارف: لەنێوان دەکرێت و ناکرێت دا کەرکوک دەفەوتێنن.
پێدەچێت ئەمە هەر تاکتیکی نێوان یەکێتی و پارتی خۆیان بێت، ئەم گومان و دڵەڕاوکێیە دەخەنە ڕۆژەڤەوە و سەر لەمیللەت دەشێوێنن، بەڵگەیە لەسەر گفتوگۆی نێوان خۆیان و تاقیکردنەوەی ڕای گشتی ناوخۆیی و جەماوەرکەیان، چونکە هەردوکیان ئێستا لەژێر بارێکی قورسی ڕیفراندۆمدان، کە لەهەردو حاڵەتی دواخستن و ئەنجامدانیشیدا ئەم دو بنەماڵەیە هەر دۆڕاون و هیچ دەستکەوتێک بۆ میللەتەکە ناچننەوە و دوچاری ئاشبەتاڵێکی تازەیشی دەکەنەوە، لەئەگەری هەر هێرش و پەلامارێکی تورکیا و ئێران و عێراقیشدا، وڵاتانی هاوپەیمان و ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتوەکان ئەرکەکەیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان و بڕیاریانداوە نەیانپارێزن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەدا ئەمە غەمە سەرەکیەکەی ئەو دو بنەماڵەیە نیە، کە میللەت زیان بکات، بەڵکو ئەوان لەزیانی سەرەکی تایبەت بە خۆیان دەترسن، کە بە قورسی بەریان دەکەوێت.
ئێستا بارزانی بەهۆی ئەو هەمو هاش و هوشو و خۆ کیڤکردنەوەیەی گوایە سەربەخۆیی و دەوڵەت بۆ کوردستان بەدی دەهێنێت و ئەو هەمو بەڵێنە پوچەی بە خەڵکی داوە، بوە بە ژێر دوڕیانێکی سەختەوە و نایشیەوێت گۆزەکە لەسەری خۆیدا بشکێت و بۆ هەتایە ئەم شەرمەزاریەی تریش بۆ خۆی و بنەماڵەکەی تۆمار بکات و هەر بە شەرمەزاری بمرێت، چونکە لەسەرەتاوە بۆیە دەستی دایە ئەم کاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە، هەتا بتوانێت دوای مێژویەک لەتیرۆری کوردی باشور و پارچەکانیتری کوردستان و دزی و تاڵانی و ناوبانگێکی شکستخواردو لەحوکمڕانی و مێژویەک لەخیانەتی نیشتمانی و خوێنڕشتنی کورد، ئەم مێژوەی بە ناوی سەربەخۆیی و دەوڵەتەوە هاوسەنگ بکاتەوە و مێژویەکی تر لەکۆتایی تەمەنیدا تۆمار بکات، ئەگەرچی ڕیفراندۆمەکەی بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتیش نەبێت، بەڵام بۆ ئەو گرنگە ناوی لەکۆتایدا باش بچێتە مێژوەوە.
بەڵام ئەوەتا نەک هەر لەناوخۆی کوردستاندا یەکڕیزی و ڕەزامەندی لەسەر ئەم کارەی بارزانی نیە و متمانەی پێناکرێت و بۆ هەمومان ڕونە ئەهلی دەوڵەتمەداری و بەڕیوەبردن نیە و ناتوانێت چارەنوسی میللەتێک بە کەناری ئارامی بگەیەنێت و هەمو ساتێک نەتەوەیەک لەژێر سەیوانی ئەودا هەست بە ترس و ئاشبەتاڵ دەکات، هەرچەندە هاوار دەکات و دەیەوێت گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆم بە کاری هەمو لایەنەکانی کوردستان بناسێنێت و بۆی نەکراوە، تەواوی وڵاتانی دۆست و پشتیوانی کوردیشی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کردوە بە گژی کورد دا و دوژمن و نەیارەکانیشی یەکخستوە.
بۆیە ئەم دڵەڕاوکێیەی ئەمڕۆ 23ی 9ی 2017، کە کوڕی تاڵەبانی بەیاننامەی دواخستنی ڕیفراندۆم لەفەیسبوک بڵاودەکاتەوە و کتوپڕ بارزانی لێی دێتە دەنگ و بە درۆی دەخانەوە و ئەویش خێرا لەفەیسبوک دەیسڕێتەوە، تەنیا تاکتیکە و بێگومان، بارزانی دەیەوێت گۆزەکە نەک لەسەری خۆیدا لەسەری یەکێتیدا بشکێنێت و یەکێتیش بە ئاگاداری و فێڵی پارتی ئەم کارە دەکات و بە یەکجاری تەسلیمی بنەماڵەی بارزانی بوە و هیچ تایبەتمەندی و سەربەخۆیەکی حزبی و سیاسی نەماوە، خۆیان بە تەنافەکەی بارزانیەوە هەڵواسیوە، هەڵبەتە ئەمەیش لەشکست و دۆڕاندنی سەرتاسەریانەوەیە، ئەو تاکتیکە بۆ ئەوەیە تا پاساوی بەهێزتریان بۆ دواخستنی گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆم هەبێت، لەبەرئەوەی ئەوە ڕونە هیچ پاڵپشتیەکی ناوخۆیی و دەرەکیان نیە و کارەکەیان بنەمای یاسایی و ئیرادە و لۆژیکی نیە و تەنیا هاش و هوشی سەرۆکی پارتیە، کە بە ناڕەوا و نا یاسایی و نەخوازراو لەسەر کورسی سەرۆکی هەرێم ماوەتەوە، گەلەکەیشی بە شایستەی هیچ کارێکی سەخت و متمانە پێکراوی نابینێت، لەکۆتایشدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە بێ کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی سەد و چل، گەورەترین شکست و ساختەکاریە و دەچێتە سەر خەرمانی تاوان و ساختەکاریەکانیتری یەکێتی و پارتی، چونکە ئارەزومەندانە کەرکوک لەدەست کورد دەکەنەوە و دەیخەنە سەر عێراق، کە پاش ئەم گاڵتەجاڕیە عێراق و وڵاتانی تریش ئەم کارەتە بەکاردەهێنن و پێیاندەڵێنەوە، خۆتان بە دابڕینی کەرکوک و ناوچەکانیتری لەباشوری کوردستان ڕازی بون، کەواتە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئەم گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆمەوە پیلانی تورکیایە و ئامانجە مەزنەکەیش گەڕاندنەوەی کەرکوکە بۆ عێراق و تورکیا، نەک گەڕاندنەوەی بۆ سەر هەرێم و باشوری کوردستان، بۆیە نابێت ئەم خاک فرۆشیە پەسند بکرێت.
بە تایبەتیش ئەگەر یەکێتی ئەم پیلانەی تورکیا و بارزانی پەسند بکات و بەمجۆرە پەرتەوازەیە بڕۆن، مەرگی خۆیان لەپێش مەرگی کەرکوک و کوردستانەوە ڕادەگەیەنن و ئەم جارە پارتی نا یەکێتی 31ی ئاب دوبارە دەکاتەوە.
ستارە عارف