شه‌ریف هه‌ژاری: داوایه‌ك له‌ ئه‌كادیمییه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بۆ به‌رپرسانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ هه‌مو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رپرسیارێتیان هه‌یه‌ و، به‌شێكیان له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌ناسم و، به‌شێكی دیكه‌یان ناناسم، ئه‌م داواكارییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌تان ئاراسته‌ ئه‌كه‌م، هیوادارم قوڵتر بیر له‌ ڕیفراندۆم و هه‌ڕه‌شه‌كانی (داگیركه‌رانی فارس و تورك و عه‌ره‌ب) له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌ و، هه‌رچۆنتان كردووه‌ ئه‌مشه‌و ‌به‌ فه‌رمی بڕیارێك ڕایگه‌یه‌نن كه‌: (به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم) باشتره‌ بۆ چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هه‌تا (نه‌چون بۆ ڕیفراندۆم) یاخود (نه‌خێر له‌ ڕیفراندۆم) ـه‌كه‌دا.
زۆر ڕونه‌، وه‌ك تاكێكی نه‌ته‌وه‌یی، پارتیی-یه‌كێتیی دونیایه‌ك سته‌میان له‌ خودی من كردووه‌. ده‌یان به‌ڵگه‌م لایه‌ له‌سه‌ر ڕێگریكردنیان لێم له‌ خوێندنی به‌رز، له‌وه‌ی پاداشت بكرێم، له‌ زۆر زوڵمی ترسنۆكانه‌ و نامرۆڤانه‌ و نانه‌ته‌وه‌ییانه‌ لێم. هه‌مو ئه‌مانه‌ زۆر كاری كردۆته‌ سه‌ر ڕێڕه‌وی ژیانم، چ له‌ ڕوی ئه‌وه‌ی بڕوانامه‌ی زۆر به‌رزم هه‌بێ و، هه‌روه‌ها چ له ڕوی مادییه‌وه‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌زاران به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنیی به‌ریتانیا و، چه‌ندان كتێب و، توێژینه‌وه‌ و، سه‌دان بابه‌تی نه‌ته‌وه‌ییم بۆ هه‌رچوارپارچه‌كه‌ی كوردستان نووسیوه‌، ئه‌وا ته‌نها چركه‌یه‌ك ئاماده‌نه‌بووم و نیم كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ (دۆزی كورد و بژێوی جه‌ماوه‌ری كوردستان) بابه‌تێك بنووسم و، پاداشتی زۆری ‌ماددیی و پله‌ و پۆستی پێ وه‌رگرم!
ئێستا له‌ ساته‌وه‌ختێكی ته‌واو خێرا و مێژوویی داین، من (وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری) تا مردنم زوڵم و سته‌می پارتیی-یه‌كێتیی لێم له‌ یادناكه‌م و، هه‌مو به‌ڵگه‌كان كۆ ئه‌كه‌مه‌وه‌ و، گه‌ر خودا ته‌مه‌نی دا له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانم ده‌ینوسمه‌وه‌.
هه‌میشه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له‌سه‌ر دۆزی پارچه‌كانی تر و له‌ پێناو به‌ره‌ی له‌ سته‌ملێكراوانی كۆمه‌ڵگا بابه‌تم نووسیوه ، ئه‌وا پارتیی-یه‌كێتیی جاش-قه‌ڵه‌مێكیان له‌ من لا باشتر بووه‌! هه‌رگیزیش ئاماده‌نه‌بون له‌ خراپترین دۆخم دا سه‌رم نه‌وی بكه‌م بۆ پاره‌ و پۆست و بڕوانامه‌ی به‌رز!!
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌ش دا، له‌ پێناو مێژوویه‌كی ته‌واو خۆخۆر و ڕیڕه‌وی دیرۆكێكی ناسیۆنالیزمی كوردانه‌ی ته‌واو شوانكاره‌ و خێڵه‌كی و، له‌پێناو خوێنی ملیۆنان شه‌هیدی ناو مێژووی هه‌مو گه‌للی كورد، ئه‌وا (ده‌نگی به‌ڵێ) له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌دا ده‌ده‌م.
ئه‌گه‌رچی پێموایه‌ كه‌مێك كاته‌كه‌ی دره‌نگه‌ و منیش كه‌سێكی نا-حیزبیم، به‌ڵام داواكارم له‌ سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌رچۆنیان كردووه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی ڕاگه‌یه‌نن و، داوا له‌ جه‌ماوه‌ر بكه‌ن به‌ (به‌ڵێ ده‌نگ بده‌ن) له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌دا.
ده‌بێت یه‌ك حه‌قیقه‌تمان لا گرنگ بێ: ئه‌وانه‌ی كه‌ زوڵمیان له‌لایه‌ن پارتیی-یه‌كێتییه‌وه‌ لێكراوه‌ و ئه‌وانه‌شی حیزبی ئۆپۆزسیۆنی دژه‌ سته‌مكارییه‌كانی پارتیی-یه‌كێتیین، نابێت وه‌ك پارتیی-یه‌كێتیی (بیر بكه‌نه‌وه‌!).
چونكه‌ ئه‌گه‌ر وا بیریان كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ پارتیی-یه‌كێتیی دا هیچ جیاوازییه‌كیان نیه‌! به‌ڵكو وا باشتره‌ له‌ نێوان به‌ره‌ی (مه‌سعود به‌رزانی، هیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، سه‌لاحه‌دین به‌هادین، محمدی حاجی مه‌حمود و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌ و حیزبی شوعی) و به‌ره‌ی (خامنه‌یی- مالیكی- عه‌بادی و ئه‌ردۆگان)، ئه‌وا به‌ره‌ی (مه‌سعود به‌رزانی، هیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، سه‌لاحه‌دین به‌هادین، محمدی حاجی مه‌حمود و بزوتنه‌وه‌ و حیزبی شوعی) هه‌ڵببژێرین. چونكه‌ به‌ره‌ی یه‌كه‌م به‌ زمان كوردن و، ئێمه‌ش هه‌زاران ساڵه‌ ته‌نها له‌به‌ر (كورد)بوونمان قه‌له‌پاچه‌ ده‌كرێین!
مێژوو ئه‌م داواكارییه‌ی من ئه‌هێڵیته‌وه‌ و، هه‌ڵوێستی ئێوه‌ش، بۆیه‌ وه‌ك ئه‌كادیمیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌یڵێمه‌وه‌ باشتره‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و ڕایگه‌یه‌نن: (به‌ڵێ له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌دا) لامان په‌سه‌ندتره‌ تا نه‌چون بۆ ده‌نگدان یاخود (ده‌نگدان به‌ نه‌خێر) له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌دا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت