نەوزادى موهەندیس: دواى ڕیفراندۆم چى؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ماوەى 3 مانگ زیاترە هەموانمان سەرقاڵى باسوخواسى ڕیفراندۆم بووین بۆ سەربەخۆى کوردستان و هەموانمان لە ترس و دڵڕاوکێدا دەژیاین، پێکەوەش لە کەشوهەوایەکى گەرمى بەرەى بەڵێ و نەخێردا تۆمەت و ناوزڕاندن و هەندێکجاریش تۆوى دووبەرەکى و… هتدمان. بە ئگادایى یان بێئاگایى دەچاند. و لەناوخۆدا ئەوەى کە پێویست بوو بکرێت لە پێکەوەنانى بەرەیەکى ناوخۆیى یەکگرتوو و پتەو لە یەک دەنگى و کۆدەنگیدا نەتوانرا چێ بکرێت، لە دەرەوەى هەرێمیش لەناوچەکە و دونیاشدا بەرەیەکى دژى ڕیفراندۆم و خواستەکانى کورد ئامادەگى گەرموگوڕ و جدیان هەبوو بەوەى کە دوابخرێت یان نەکرێت و تەنانەت لەلایەن وڵاتانى دراوسێى و داگیرکەرانى کورستانیشەوە جۆرەها هەڕەشە و گوڕەشەى سیاسى و ئابورى و سەربازیان لێدەکردین بۆ پەشیمانبونەوە لە چێکردنى ڕیفراندۆم.
بۆیە بەڕاستى کەشوهەواى سیاسى و دەروونى ئەم 3 مانگەى ڕابووردوو زۆر مەترسیدار و نائارام و ترسێنەر بوو.بەڵام کورد چى کرد؟
بۆ یەکەم جارە سەرکردایەتى سیاسى کورد بەو پەرشوبڵاوى و ڕاڕایى و جیاوازى بۆچوون و ڕێکنەخستنى نێوماڵى خۆیدا، کە هیچ مژدەبەخش نەبوو بۆ سەرگرتن و سەرخستنى پڕۆسەیەکى وا گرنگ و چارەنوسساز ،بەڵام توانى بەسەر هەموو جیاوازیەکاندا بازبدات و بتوانێت بڕیارێکى نەگۆڕو کۆنکرێتى بدات بە بەرژەوەندى چێکردنى ڕیفراندۆم و سەرخستنیشى،سەرەڕاى بەڵێن و پێشکەشکردنى هەندێ جێگرەوەى زارەکى لەلایەن گەورەترین وڵاتانى دونیا و نەتەوە یەکگرتوەکانیشەوە. بۆیە ئەم بڕیارە و سەرخستنى پڕۆسەکە بەخاڵێکى زۆر ئەرێنى حساب دەکرێت بۆ ئەو سەرکردە و حیزبە سیاسیانەى کە ڕابەرایەتى و پشتیوانى و بەگەرمى هەڵسوڕاو بوون بۆ سەرخستنى ئەم ڕیفراندۆمە و بەلاپەڕەیەکى ڕۆشنیش بۆیان حساب دەکرێت، بەپێچەوانەشەوە هەموو ئەو حیزب و سەرکردە و لایەن و گروپانەشى کە دژى ڕیفراندۆم بوون ئەوا بەدڵنیایى دەچنە بەرەى دژ بە بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانى گەل و نیشتیمان و نەتەوەوە و لەمێژووشیاندا بە لاپەڕەیەکى ڕەش تۆمار دەکرێت.
لەئێستادا و دواى سەرکەوتنى پڕۆسەکە و بەدەستهێنانى ڕێژەیەکى بەرزى دەنگى ((بەڵێ)) بۆ ڕیفراندۆمەکە، ئەرکى کورد چیە؟ و دەبێت هەنگاوەکانى ئایندەى چى بێت؟ و چۆن ئەم دەنگى بەڵێ یە وەبەربهێنێت بۆ بەرژەوەندیەکانى کورد و کوردستان ؟ و سەربەخۆیى کوردستان چۆن هەنگاوى بۆ بنرێت؟
کورد و سەرکردایەتى سیاسى و حیزبە باڵادەستەکانى هەرێم چەند ئەرکێکى گرنگیان دەکەوێتە ئەستۆ، کە ئەرکى سەخت و دژوارن لەبەرامبەر قۆناغى پێش ڕیفراندۆمدا و پێویست بە پشوودرێژى و نەرمى نواندن و گوێگرتن بۆ هەموان و وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە عینادى سیاسى و ڕقوکینەى کۆن و پاراستنى بەرژەوەندى تەسکى حیزبى و کەسى خۆیان و لەسەروو هەمووشیانەوە دوورکەوتنەوەیە لە غرورو سەرمەستى بەهۆى سەرکەوتنى پڕۆسەکەوە.
ئەرکى سەرکردایەتى کورد لەناوخۆدا بریتیە لە:
* هەوڵدان بۆ سەرخستنى پڕۆسەیەکى ئاشتەوایی نیشتیمانى سەرتاسەرى لەگەڵ هەموو سەرکردە و پارتە سیاسیەکاندا.
* گڕوتینى جەماوەر خاو وسارد نەکاتەوە و ئەو متمانەیەى کە تاڕادەیەک دروستبۆتەوە لە نێوان جەماوەرى میلەتەکەمان و سەرکردایەتیدا بەگەرموگوڕى بهێڵریتەوە و متمانەیان لەق نەکات و توشى بێئومێدى و دڵڕەنجاویەکى تریان نەکاتەوە.
* هەوڵ و کارى جدى بکات بۆ بەدامەزراوەیکردنى سەرجەم ئۆرگانەکانى حوکمڕانى لەهەرێمداو هەوڵى دووبارەکردنەوەى هەڵەکانى ڕابووردوو نەدات دژى دامەزراوە شەرعیەکانى حوکمڕانى لە کوردستاندا. بەمەبەستى توندوتۆڵکردنى ژێرخانى حوکمڕانى دەوڵەتە سەربەخۆکەى ئایندەمان.
* تابتوانێت دەستبگرێت بەبنەماکانى دیموکراسى و ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى و دادپەروەرى و یەکسانى و پێکەوەکارکردن و ڕێزگرتن لەمافى کەمینەکانى ناو هەرێمى کوردستان.
* هەوڵى جدى بدات بۆ دامەزراندن و پێکەوەنانى حکومەتێکى ڕەشید کە بتوانێت داهات و سەروەت و سامانى وڵات بخاتە خزمەتکردنى جەماوەر و دووربکەوێتەوە لە گەندەڵى و ناشەفافیەت و هەوڵى خۆشگوزرانى و خزمەتکردنى هاونیشتیمانیان بدات.
* هەوڵى نوسینەوەى دەستورێکى مۆدێرنانە بدات بۆ هەرێمى کوردستان بەهێمنى و لەسەرخۆ و دوور لە دروستکردنى بارگرژى و هەستیارى لەگەڵ عێراق و وڵاتانى ناوچەکە، بەپێچەوانەى ئەوەى کەلە ڕیفراندۆمدا کردمان.
ئەرکى سەرکردایەتى کورد لە گەڵ بەغداد بریتیە لە:
دەستکردن بە گفتوگۆیەکى هێمنانە و لێپرسراوانە و جدى لەسەر ئەنجامى ڕیفراندۆم و چۆنێتى دانانى پلانێکى هێمنانەى دوور لە گرژى و ئاڵۆزى نانەوە بۆ خۆ ئامادەکردنى هەردوولا بۆ ئایندەیەکى نوێ و ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى و جیابونەوە، و دەکرێت سوود لە ئەزموونى وڵاتانى تازە سەربەخۆ یان هەلومەرجى جیابونەوە و هەڵوەشانەوەى هاوپەیمانیەکان بدرێت لەدونیادا.
پێویستە گفتوگۆیەکى بوێرانە و ڕوون و ئاشکرا بێت لەسەر هەموو مەسەلەکانى (سنور و نەوت و پێشمەرگە و داهات و ئاو و ئاسمان و… هتد.) کە هەموو ئەمانە پایەى گرنگن بۆ بەردەوامى دەوڵەتە سەربەخۆکەى ئایندەمان. کە هەموو ئەم ئەرکانە زۆر سەخت و دژوارن و پێویست دەکات تاتبتوانرێت دوور لە جەنگ و پێکدادان بکرێت.و لە ژێر سایە و چاودێرى زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتوەکانیشدا ئەنجام بدرێت،چونکە عێراق و دەسەڵاتدارانى عەرەبى بە سانایى دەستهەڵناگرن لەم هەرێمى کوردستانە.
ئەرکى کوردە کە لە دەسەڵاتدارانى بەغداد بگەیەنێت کە کورد و دەوڵەتەکەى ئایندەى دەبێتە دراوسێیەکى باش، نەک بەم شێوەیەى ئێستا نەشەریک و نە بەشدار و نە خاوەن ماڵ و نە دراوسێیەکى باشە بەڵکو هەردوولا لە جەنگ و ململانێیەکى نەبڕاوەدا دەبن کە بە زیانى گەورە بۆ هەردوولا دەشکێتەوە.
ئەرکى سەرکردایەتى کورد لەبەرامبەر وڵاتانى داگیرکارى کوردستان لەناوچەکە و ئەوانى تریشدا بریتیە لە:
دەبێت هەموان تێبگەیەنرێت کە دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان لە ئایندەدا بریتیە لە دراوسێیەکى باش لەسەر بنەماى ڕێزگرتن لەسەروەرى هەردوولا و پەیوەندى باشى دراوسێیانە و ئەم دەوڵەتە نابێتە مایەى هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمن و ئاسایشى ئەوان ، بەڵکو دەبێتە هاوکار و پشتیوانى هەموان لەگەشە و پێشکەوتنى ناوچەکە و دابینکردنى ئەمن و ئاسایش بۆ وڵات و گەلانى ناوچەکە .و هەموانیش لەناوچەکەدا هەمان چارەنوس و مەترسى و ئاڵنگارى بەرەو ڕوویان دەبێتەوە و پێویستیشە هەموان پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنى بەرژەوەندیەکانیان. هەموو ئەم کارانەش دوور لە زمانى هەڕەشە و بەکارهێنانى چەک و جەنگ و گەمارۆو گەلەکۆمەکى دوژمنکارانە دەبێت.
ئەرکى سەرکردایەتى کورد لەبەرامبەر وڵاتانى زلهێز و نەتەوە یەکگرتوەکانیشدا بریتیە لە:
* دەبێت کورد بەڵێن و پابەندبوونى خۆى دووپاتبکاتەوە بەوەى کە بەردەوام دەبێت لەبەرەى دژ بە تیرۆریستان و لە جاران زیاتر گەروموگوڕ تر و مکوڕتر دەبێت لە دژى داعش و هاوشێوەکانى.
* هیچ کات دژ بە پلانى ئەوان و بەرژەوەندیەکانیان ناوەستێتەوە .
* وەک دەوڵەتێکى یاسایى و ئەندامێکى کارا و ئاکتیڤى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى مامەڵە دەکات و خۆ دەپارێزێت لە توندوتیژى و زمانى زبر و هەڕەشە.
* کاریش دەکات بۆ پاراستنى ژیان و مافى کەمە نەتەوە و ئاینى و مەزهەبیەکان لەکوردستاندا .
* دەشبێتە ئەندامێکى چالاکى نەتەوە یەکگرتوەکان و لە چوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتیەکاندا هەڵسوکەوت دەکات.
بەم شێوەیە کورد لەئایندەدا دەبێت لەجاران زیاتر ڕووى پرشنگدار و دیموکراسیەت و ئازادیەکان و شارستانێتى خۆى پیشان هەموان بدات و وەک دەوڵەتێکى خاوەن سەروەرى و سیادە و چوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتیەکان خۆى نمایش بکات نەک وەک وڵاتێکى دەرچوو لەیاسا و هەڵگەڕاوە لە خواست و یستە نێونەتەوەیى و ناوچەییەکان، پێویستە زیاتر پەیوەندیە سیاسى و ئابورى و سەربازیەکانى خۆى گەشەپێبدات لەگەڵ هەمواندا.
بۆیە کور د و سەرکردایەتیەکەى لە دواى سەرکەوتنى ڕێفراندرمەوە ئەرکەکانى ئێجگار سەخت و دژوارتر دەبێت،چونکە گەر نەتوانرێت ئەم ئەنجامە دڵخۆشکەرەیەى ڕیفراندۆم وەک کارتێکى بەهێز وەبەربهێنرێت بۆ بەرژەوەندیەکانى ئایندە و ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى ،ئەوا تەنها وەک مەرەکەبى سەرکاغەز دەمێنێتەوە و بوون و نەبوونى وەک یەک وادەبێت.
بۆیە گرنگترین هۆکار بۆ بەردەوامبوون لەسەرخستن و هەنگاونانى زیاتر بۆ پێشەوە بریتیە لە یەکڕیزى نیشتیمانى و نەتەوەیى و کۆدەنگى و پێکەوەکارکردن و ئاشتەوایى نێوخۆیى و لەدەستنەدانى متمانەى زیاترى جەماوەرى گەلەکەمان و ئامادەسازیش بکرێت بۆ هەموو ئەگەرە چاوەڕوان نەکراوەکان کەلەلایەن وڵاتانى دەرودراوسێوە دژمان ئەنجام بدرێت،کە خۆشبەختانە ئەم سەردەمەى جیهان و بەرژەوەندیە ئابوریەکان هێندە تێکچڕژاون کە ئاسان نیە وڵاتانێک پەلامارى سەربازى گەل و نیشتیمانێکى تر بدەن بە بەرچاوى زلهێزەکانەوە جەنگ و شەڕێکى نەخوازراو هەڵبسێنن و بەتایبەتیش لە ئێستادا کە زلهێزەکان لەئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپیەکان هێزى زۆر و زەوەند و ئامادەیان هەیە لەناوچەکەدا.
بۆیە هەموو ئەم ئەرکانە کارى جدى و لەخۆبووردن و پێکەوەکارکردنى زیاترى دەوێت دوور لە عینادى سیاسى و حساب بۆ نەکردنى یەکترى .دەبێت هەموان ئەو ڕاستیەش لە بیر نەکەن کە ئەم سەرکەوتنەش بۆ هەموانە و تایبەت بە کەس و حیزب و لایەنێکى دیاریکراو نیە،خۆئەگەر کۆدەنگیەکى باشتر و ئامادەسازیەکى لەبارتربکرایە ئەوا دەکرا ڕێژەى دەنگى(( بەڵێ ))کان بەرزتر و بەهێزتر بوایە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی