هۆمه‌ر نۆریاویی: ده‌نگی سووتانی ئه‌شق، دڵی ئاشقان سترانباران ده‌کات.
له په‌راوێزی گه‌شته هونه‌رییه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند “ئه‌ییووب عه‌لی” و گرووپه‌که‌یدا
له حاڵێکدا کوردستان هاوینێکی ههڵقرچێنهر ده‌رباز ده‌کات، شنه‌ی گۆرانیی سه‌ر ناخ، ئۆقره و سوکنایه‌ک به دڵ و گیان ده‌به‌خشێت و فێنکایی ستران بۆ سه‌ر دڵان ده‌گوێزێته‌وه.
دواڕۆژانی خه‌رمانانی 2717(2107)سۆزی نێو دڵێکی سووتاوی ئه‌ڤین، ده‌نگێکی ئه‌رخه‌وانیی نێو گوڵجاڕی سترانی کوردی و نه‌غمه‌ی بلاوێنی هونه‌رمه‌ندێکی ناسراوی کورد به شه‌قام و کووچه و کۆڵانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا زایه‌ڵه‌ی به‌رز بوو و چێژی له‌به‌ردڵانی ئاوازی ڕه‌سه‌نی کوردی به دڵان ده‌به‌خشی.
گه‌شتی هونه‌ریی گرووپه مۆسیقاییه‌که‌ی هونه‌رمه‌ندی سترانبێژ “ئه‌ییووب عه‌لی” گه‌ییشته ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و باژاڕی سنه و داژداران و لاگرانی موزیک و گۆرانیی کوردی سترانباران کرد. به هاوکاری و ڕه‌زامه‌ندی لیژنه‌ی پێوه‌ندییه فه‌رهه‌نگی، ئابووریی و وه‌رزشییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی مۆسیقای ئێران، لقی پارێزگه‌ی سنه و به پاڵپشتی فه‌رمانگه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی سنه، کارئاسانی بۆ ڕێکخستن و به‌ڕێوه‌چوونی کۆنسێرت و گه‌شته هونه‌رییه‌که‌ی ئه‌ییووب عه‌لی و گرووپه‌که‌ی کرا.
به درێژایی مێژوو ،گۆرانی بۆ کورد ته‌نیا هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ند و لایه‌نی هونه‌ری نه‌بووه و کارتێکه‌ریی ئاواز و سترانی کوردی هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیانی مرۆی کوردی خستۆته بن کاریگه‌ریه‌تی خۆیه‌وه. گۆرانی هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه بۆ کورد ئه‌ستوونده‌ک و کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کی پارێزه‌ری زمان و فۆلکلۆر و کولتووره‌که‌ی بووه و له ڕێی مۆسیقاوه ئه‌م زمانه زه‌نگینه هه‌رده‌م گه‌شه‌ی کردووه و ناحه‌زان نه‌یانتوانیوه پشتگوێی بخه‌ن. له چاخ و سه‌رده‌مانێکدا کورد له باکوور به “تورکی کێویله و شاخی” ناوزه‌د ده‌کرا و حاشا له بوونی خۆی و زمانه‌که‌ی ده‌کرا، ئه‌وه ده‌نگی دلێری ستران بوو نه‌یهێشت ئه‌م میلله‌ته پشتگوێخراوه‌ی دیرۆک، بکه‌وێته به‌ر به‌رداشی زه‌مانه و بهاڕدرێت. ده‌نگی دلێر و بڵندی گۆرانیی کوردی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئاواز و مێلۆدییه کوردییه‌کان ، هه‌رگیزا و هه‌رگیز که‌س نه‌یتوانی به بۆته‌ی فه‌رامۆشی بسپێرێت و له ڕێی ده‌یان هونه‌رمه‌ندی باکووره‌وه هاته‌وه مه‌یدانی خه‌بات و ڕه‌گه‌زپه‌رستی که‌مالییه‌کانیش نه‌یتوانی ئه‌م سۆزه ڕه‌سه‌نه‌ی نێو ناخ، کپ بکات.
به درێژایی سه‌دان ساڵ یه‌ک له‌و هۆکاره سه‌ره‌کییانه‌ی که نه‌یهێشت کورد له خۆراسان له نێو فه‌رهه‌نگ و زمانی سه‌رده‌ست و زاڵدا بتوێته‌وه ،دیسان ئه‌وه هه‌ر ستران و کولامی زه‌نگینی کوردی بوو که درێژه‌ی به خه‌باتی هێور و ئارامی خۆی دا و ئه‌مڕۆکه له بن نسێی سترانی کوردیی ئه‌و ناوه‌دا، کۆمه‌ڵه‌ی کوردانی خۆراسان ده‌ستی داوه‌ته خه‌باتێکی دی و ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ناسنامه دێرینه‌که‌ی خۆی.
بۆ ساڵانێک ده‌چێت له سای ئه‌و ڕه‌وشه تایبه‌ته‌ی بۆ کورد هاتۆته ئاراوه، ئه‌مجاره ئیدی نه به یاساخ بگره به ڕۆژی ڕووناک، پێوه‌ندییه‌کی چاندیی و فه‌رهه‌نگیی به‌رفره‌تر له جاران له نێوان کوردی دوو پارچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و باشووردا ده‌ست پێ بووه و به دڵنیاییه‌وه به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئه‌م پێوه‌ندیی و هاریکارییه، گه‌لێک ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنی لێ ده‌که‌وێته‌وه و پردی پێوه‌ندی نێوان کوردان له هه‌موو بوارێک‌دا پته‌وتر ده‌کاته‌وه و یه‌ک له ئاکامه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌کانیشی، وشیاربوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌رانبه‌ر به زمان و کولتووری کوردی ده‌بێت که هه‌ر ئه‌م پرسه ده‌توانێت ته‌کانێکی باش به ڕابوون و خه‌بات و ڕاسانی فه‌رهه‌نگیی کوردان ببه‌خشێت.
“ئه‌ییووب عه‌لی” یه‌کێکه له‌و ده‌نگه تایبه‌ت و ناوازانه‌ی ئێستای نێو گۆرانیی کوردی که خاوه‌نی جه‌ماوه‌ر و داژدارێکی زۆره و له هه‌موو کوردستاندا به‌رده‌نگی خۆی هه‌یه. ده‌نگێکه لێوڕێژ له وشه‌ی ناسک و شه‌یدایی بۆ دڵان ده‌گوێزێته‌وه. ئاشقبوونی ئه‌م که‌سایه‌تییه هونه‌رییه و چڕینی ئاشقانه‌ی گۆرانی، ئه‌وه‌نده‌ی دی له جه‌ماوه‌ری نزیک ده‌کاته‌وه. ده‌نگێکی له‌به‌ردڵان له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه‌وه که هه‌نووکه له هه‌موو کوردستاندا ده‌بیسترێت. هونه‌رمه‌ندێکی ڕۆحسووک و خودان ستایل که ده‌زانێت چلۆن چێژ و حه‌زی مۆسیقایی بۆ جه‌ماوه‌ر بگوێزێته‌وه. ئه‌ییووب عه‌لی، خودانی ئه‌و ده‌نگه دڵنشینهیه که هه‌ر که گوێبیستی گۆرانییه‌کانی ده‌بیت ئه‌وه‌نده‌ی تر سترانی کوردیت لا خۆشه‌ویست تر ده‌بێت؛ چونکه ئاشقانه ده‌سترێت و په‌یڤه مۆسیقایییه‌کانی له ناخێکی شه‌یدا و له هه‌مان حاڵیش‌دا پڕ حوزنه‌وه دێنه ده‌رێ هه‌ر بۆیه زوو به زوویش له‌سه‌ر گیان و دڵ ده‌نیشن. له کۆنسێرته‌که‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له شاری “سنه”دا ئه‌ییووب عه‌لی ئه‌وه‌نده له دڵی داژدارانیهوه نزیک بوو که به‌ده‌م گۆرانیگوتنه‌وه، جه‌ماوه‌ریش هاوڕێتی هونه‌رمه‌ندیان ده‌کرد و پێکه‌وه به سترانی ئه‌شق، ههژانێکیان ده‌خسته نێو هۆڵه‌که‌وه. ئه‌م هه‌ژانه له گۆرانییه‌کانی “بهحهسرهتم”، “لێم ڕه‌نجا”،” زارا”، “نازدار”،”ئه‌سووتێم”،”ده‌لال” و “ئێستاش چاوه‌ڕێم بێیته‌وه”پتر به‌رهه‌ست و ئاشکرا بوو.
سۆزی بلاوێنی نێو سترانه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده بۆ خه‌مه قووڵه‌کانی مرۆی هه‌میشه خه‌مینی ئه‌م سه‌رده‌مه وه‌ک مه‌رهه‌م و هه‌توانه و زۆر جار ساڕێژی زامه کارییه‌کان ده‌کات و له گۆشه‌ی ته‌نیایی ئه‌م چاخ و خوله‌دا ده‌بێته هاوڕێ بۆ ئینسانی خهڵوهتنشین و ته‌نیای ئه‌م ڕۆژگاره.
ڕه‌نگه یه‌کێک له هۆکاره‌کانی کاریگه‌ریه‌تی گۆرانییه‌کانی ئه‌ییووب عه‌لی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر، ساده و ساکاربوونی په‌یڤ و وشه‌کانی نێو ستران و گۆرانییه‌کانی بێت که به‌شی فره‌یان زاده‌ی ناخ و هه‌ڵقوڵاوی گیانه‌که‌ی خۆی و فۆلکلۆری ده‌وڵه‌مه‌ندی کوردیین. ئه‌ییووب عه‌لی له ڕێی گۆرانییه‌کانیه‌وه باس له خه‌م و ئازاره‌کانی مرۆی تهریکهکهوتهی ئه‌م ڕۆژگاره ده‌کات و ناڵه‌ی له ده‌ست ئه‌م هه‌موو غه‌ریبییه به‌رزه. ده‌مانباته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی که ئه‌وین، وه‌فا و میهره‌بانی ده‌ست له‌ملانی باڵای ئینسان بوون و وه‌کوو نها، ئه‌م گشت په‌رته‌وازه‌یی و شپرزیییه، مرۆی گیرۆده و یه‌خسیری خۆی نه‌کردبوو.
جار جار بۆ خۆی تێکستی گۆرانییه‌کانی ده‌نووسێت، جاری وایشه ده‌ست بۆ هێشووه شێعرییه‌کانی شاعیرانی وه‌ک فه‌ره‌یدوون به‌رزنجی،ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د،به‌رزان هه‌ستیار،کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی،ئه‌دیب چه‌لکی،زانا جه‌به‌لی،جه‌بار حه‌بیب، عارف چۆپان و گه‌لێک شاعیری دی کورد ده‌بات و ئه‌و شێعره‌ی له ناخیه‌وه نزیک بێت، به‌رگی گۆرانی ده‌کاته به‌ر. فۆلکلۆری ده‌وڵه‌مه‌ندی کوردیش گه‌لێک جاران به هانایه‌وه دێت و ده‌بێته پاڵپشتێکی به‌هێز بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌نده. له ڕاستیدا ئه‌ییووب عه‌لی له‌م ڕێگه‌وه هه‌م فۆلکلۆری کوردی ده‌بووژێنێته‌وه و هه‌میش به‌ره‌ی ئێستا، ئاشنا به سه‌نگ و قورسایی فۆلکلۆری میلله‌ته‌که‌ی ده‌کات.
ئه‌ییووب عه‌لی له‌به‌ر به‌رفره‌بوونی بازنه‌ی هاریکاری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان به شێوازێکی جوان، سترانی کورمانجییش ده‌سترێت؛ خۆزیا خۆی له گۆرانیی هه‌ورامیی و کهڵهوڕییشدا تاقی بکاته‌وه و ڕه‌چاوی داژدارانی خۆی له هه‌موو کوردستاندا بکات.
به بێ سێ و دوو یه‌ک له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به درێژایی ساڵانی چالاکی هونه‌ریی ئه‌ییووب عه‌لی، پاڵپشت و هاریکاری ئه‌م سترانبێژه بووه و ده‌ورێکی هه‌ره گرینگ له سه‌رکه‌وتووبوونی ئه‌م سترانبێژهدا ده‌بینێت، هونه‌رمه‌ندی ناسراو “گۆران کامیل”ه که هه‌میشه یارمه‌تیده‌ری بووه و بۆ سه‌رخستنی پرۆژه و به‌رنامه هونه‌رییه‌کانی خه‌مخۆرانه یارمه‌تی داوه و ئه‌م خاڵه‌یش له که‌س شاراوه نییه. گۆران کامیل، ئه‌و ژه‌نیاره به‌توانایه‌ی نێو هونه‌ری مۆسیقای کوردی دێته ئه‌ژمار که به ئاوازدانان و ده‌ست و قامکه هونه‌رییه‌که‌یه‌وه ده‌مێک ساڵه هاریکار و پاڵپشتی گه‌لێک سترانبێژی کورده. به‌ڵام له کۆتایی ئه‌م کورته نووسینه‌دا به پێویستی ده‌زانم چه‌ند پێشنیازێک بخه‌مه به‌رده‌م لاگرانی کۆنسێرت و کۆڕ و به‌رنامه هونه‌رییه‌کان که جگه له خزمه‌تکردنی زێتر به مۆسیقای کوردی ،چێژ و حه‌زی فره‌تری موزیکیش به ئێمه‌ی کورد ده‌به‌خشێت.
یه‌که‌م خاڵ، ئه‌وه‌یه که ئێمه‌ی کورد شوێنی کۆنسێرت له شوێنه گشتییه‌کان جیا بکه‌ینه‌وه و ڕه‌چاوی هۆڵی کۆنسێرت و به‌رنامه‌ی هونه‌ری بکه‌ین. ئه‌م پرسه خزمه‌تێکی زۆر به به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی وشیاریی هونه‌رییمان ده‌کات. کۆنسێرت و هۆڵی کۆنسێرتکردن و که‌شی زاڵ به‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی هونه‌رییدا زۆر له شوێنی گه‌شت و گێڵ و سه‌یرانگه و مه‌کۆ گشتییه‌کان جیاوازه و له‌سه‌ر هه‌مووانه ڕه‌چاوی ئه‌م پرسه بکه‌ن و له هۆڵی کۆنسێرتدا ته‌نیا خۆیان به گۆرانی و هونه‌ری موزیک ببه‌خشن و ته‌نیا وه‌ک شوێنێک بۆ کات به‌سه‌ربردن سه‌یری ئه‌م پرسه نه‌که‌ن و ڕێزی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندی کورد بگرن.
خاڵی دووه‌م،ڕێزنان له دنیا گه‌ش و ساده و پاقژهکهی منداڵانه و گه‌ره‌ک ئێمه‌ی گه‌وره‌ساڵ ژیرانه پلان و به‌رنامه بۆ کۆنسێرته‌کان دابڕ‌ێژین و کۆنسێرتێک که له تاقه‌تی منداڵاندا نییه و ئه‌وان به‌رگه‌ی چه‌ندین کاژێر مانه‌وه له نێو هۆڵی کۆنسێرتێکدا ناگرن ،ئه‌و ناحه‌قییه هه‌م به‌رانبه‌ر به‌وان و هه‌میش خودی ئاماده‌بووانی کۆنسیرته‌که نه‌که‌ین و ئه‌و مافه به خه‌ڵکانی دی ببه‌خشین که چێژ له کۆنسێرته‌که ببه‌ن.
خاڵی سێیه‌م که گه‌لێک گرینگه ئه‌وه‌یه که کۆنسێرت و فێستیڤاڵ لێک جیا بکه‌ینه‌وه و خۆ له ئاڵۆزکردنی هۆڵی کۆنسێرته‌که و فیکه‌کێشان و فیتوولێدان و …په‌ڕ بگرین و ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ ئاماده‌بووان و به‌شداران بڕه‌خسێنین تا به ڕۆح، ئاوێته‌ی دنیای گۆرانی و مۆسیقا بن؛ئه‌رچی له‌و جێیانه‌ی که خودی هونه‌رمه‌ند داوای پاته‌کردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌که ده‌کات، ده‌توانین به شێوه‌یه‌کی شارستانییانه هاوڕێتی هونه‌رمه‌ند بکه‌ین.
شیاوی گوتنه هونه‌رمه‌ند “ئه‌ییووب عه‌لی”ساڵی 1973(1351ی هه‌تاویی) له شارۆچکه‌ی “سه‌نگاو”ی سه‌ر به پارێزگه‌ی “سلێمانی” له باشووری کوردستان له دایک بووه. خوێندنی سه‌ره‌تایی هه‌ر له‌وێ کۆتایی پێ هێناوه. دواتر ڕوو ده‌کاته سلێمانی و درێژه به خوێندنه‌که‌ی ده‌دات. پاشان خوێندنی زانستگه‌یی له کۆلیژی ئه‌ندازیاری، به‌شی مێکانیک له زانکۆی سه‌لاحه‌دین کۆتایی پێ دێنێت. ئه‌رچی هه‌لی خوێندن له کۆلیژی هونه‌ره جوانه‌کانی بۆ ناڕه‌خسێت به‌ڵام هه‌ر له قۆناخی خوێندنی زانستگه‌دا ئاشنا ده‌بێت به زۆر موزیکزان و هه‌ر ئه‌مه‌یش ده‌رووی دنیای هونه‌ری له ڕوو ده‌کاته‌وه. ئاشنابوون به هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک بڵند قه‌ره‌داخی،گۆران کامیل، زانا مه‌حموود هه‌ژار،سه‌باحی سه‌نتوور و گه‌لێک ناوی ئاشنای دی نێو بواری موزیکی کوردی، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه په‌لکێشی نێو دنیای سترانی کوردی ده‌کات. نزیکه‌ی ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کان بۆ یه‌که‌مجار سۆزی سه‌ر دڵه‌ی له ڕێی گۆرانییه‌وه بۆ جه‌ماوه‌ر ده‌گوێزێته‌وه که هێشتا له زانستگه‌دا ده‌بێت. ئه‌م حه‌زه هونه‌رییه ئیتر تا دێت زێتر بڵێسه ده‌ستێنێت و ده‌ستبه‌رداری نابێت و به شێوه‌یه‌کی چالاکانه‌تر خۆی به دنیای گۆرانی ده‌به‌خشێت و پتر ناوی ده‌که‌وێته سه‌ر زاران. له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کانیشدا کوردستان به جێ ده‌هێڵێت و ڕوو له غوربه‌تی هه‌نده‌ران ده‌نێت. ساڵی 2003 یه‌که‌مین ئه‌لبۆمی خۆی به ناوی “دڵم مه‌شکێنه” بڵاو ده‌کاته‌وه. دواتر له نێوان ساڵانی 2004 تا 2006دا دوو ئه‌لبۆمی “خه‌مێکی بێ کۆتایی” و ماڵئاوایی” پێشکه‌ش به داژدارانی ده‌کات. ساڵی 2009 ئه‌لبۆمی “مۆم” بڵاو ده‌کاته‌وه. ساڵی 2011 ئه‌لبۆمێکی بێ ناو بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌لبۆمی “بێ‌سنوور”به‌رهه‌مێکی دی ئه‌م هونه‌رمه‌نده دێته ئه‌ژمار که ساڵی 2014 بڵاو بۆته‌وه.
ده‌رهێنه‌ر و سپۆنسه‌ر و ڕێکخه‌ری گه‌شته هونه‌رییه‌که‌ی ئه‌ییووب عه‌لی ،به‌ڕێزان سه‌ردار سۆهرابی و بابه‌ک شافعی بوون که بۆ سه‌رخستنی ئه‌م کاره گرینگه هونه‌رییه ئه‌رک و ماندووبوونێکی زۆریان به‌ر که‌وت و پێویسته هه‌مووان قه‌درزانی خه‌مخۆریی ئه‌م به‌ڕێزانه به‌رانبه‌ر هونه‌ری مۆسیقای کوردی بین.
گرووپی ژه‌نیار بریتی له هونه‌رمه‌ندان ئالان سابیر به ئامێری کیبۆرد،نوێنه‌ر هۆگر به ئامێری که‌مان،فه‌رمان خه‌یلانی به ئامێری شمشاڵ، زانا ئه‌نوه‌ر به ئامێری قانوون و گۆران کامیل به ئامێری عوود و دیوان، یارمه‌تی هونه‌رمه‌ند “ئه‌ییووب عه‌لی”یان دا.
گۆران کامیل، به‌ڕێوه‌به‌ری کاره هونه‌رییه‌کانی هونه‌رمه‌ند ئه‌ییووب عه‌لی دێته ئه‌ژمار که سه‌رپه‌رشتی گرووپهکهیشی له ئه‌ستۆ بوو.
ئه‌م گرووپه هونه‌رییه له شاره‌کانی مه‌ریوان، سه‌قز ،سنه و کامێران دا چه‌ندین کۆنسێرتی به‌ڕێوه برد که به‌ره‌و ڕووی پێشوازییه‌کی به‌رفره‌ی جه‌ماوه‌ری هونه‌ردۆستی ڕۆژهه‌ڵات بووه‌وه.
سه‌رنجێک: خوێنه‌ری هێژا ،ئه‌م بابه‌ته هه‌ر دوابه‌دوای کۆنسێرته‌که‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌ییووب عه‌لی له کۆتاییه‌کانی مانگی خه‌رماناندا نووسراوه که‌چی له‌به‌ر سه‌رقاڵبوونی خۆم به کێشه‌کانی ژیانه‌وه ،پایزی به‌سه‌ردا هاتووه. وێنه‌کان به کامێرای به‌ڕێز “سه‌ردار سۆهرابی”وه‌رگیراون.