دوکتۆر حوسێن عه‌زیز: به‌ره‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان.
(1)
ڕۆژی (25. 9. 2017)، له نێوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی باشووری (کوردستان)، گشتپرسییه‌کی سه‌رتاسه‌ریی کرا، ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، زۆر به په‌رۆشه‌وه، به‌ره‌و سندووقه‌کانی ده‌نگدان چوون و زۆر سه‌رکه‌وتووانه‌ش به‌ڕێوه‌چوو. له ئه‌نجامدا، له (72.16%)ی به‌شداربووان ده‌نگیاندا. ڕێژه‌ی (به‌ڵێ) بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌رزیی نه‌ته‌وه‌ی کورد (92.73%) بوو، به‌ڵام ڕێژه‌ی نەخێر (7.27%) بوو! ئه‌م سه‌رکه‌وتنه مه‌زنه، له هه‌موو به‌شه‌کانی (کوردستان)، گوڕ و تینێکی گه‌وره‌ی، به ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌خشی، به جارێ گڕی خۆشه‌ویستیی نیشتمانی، له دڵ و ده‌روونیان به‌ردا، تا پتر له‌سه‌ر مافه ڕه‌واکانیان سووربن!
(2)
به ئه‌و شێوه‌یه، یه‌که‌مین قۆناغی سه‌ربه‌خۆییمان بڕی. ئیدی کاتی ئه‌وه هاتووه، به‌ره‌و دووه‌مین قۆناغ بجوڵێین و به کرده‌وه هه‌وڵبده‌ین، دۆست و دوژمنه‌کانمان قایلکه‌ین، بۆئه‌وه‌ی پشگیری ئه‌نجامه‌کانی گشتپرسییه‌که بکه‌ن، ڕێز له ویست و داخوازییه‌کانی ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد بگرن. دوایه‌مین قۆناغیش ئه‌وه‌یه، ده‌وڵه‌ته سه‌ربه‌خۆکه‌مان دامه‌زرێنین.
ئه‌م کاره گرنگ و پیرۆزه‌ش خۆی له خۆیدا، پڕۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ن و سه‌خته، ڕێگه‌کانی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی (کوردستان)یش، به گوڵ و ڕیحانه نه‌چێنراون، به‌ڵکوو به دڕکوداڵێکی زۆر ته‌نراون و گه‌لێ که‌ندوکۆسپیشیان هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه ماندووبوون و تێکۆشانێکی زۆری ده‌وێ، تا به ته‌واویی مافه ڕه‌واکانمان بچه‌سپێنین و گه‌لانی جیهان پشگیریمانبکه‌ن، هیچ شتێکیش، هێنده‌ی سه‌ربه‌خۆیی نیشتمان، پێویستی به قوربانیدان نییه!
به‌ڵێ، ئه‌م کاره مه‌زنه، پێویستی به خه‌باتێکی به‌کوڵودڵی نه‌پساوه‌ی ڕامیاریی و دیپلۆماسیی زۆر هه‌یه، پێویستی به له‌خۆبووردن و ئارامگرتن هه‌یه. چونکه له جیهاندا، هیچ ده‌وڵه‌تێ نه‌بووه و نییه، له ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێکدا دا‌مه‌زرابێ و له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، ته‌واو و ڕێکوپێک بووبێ، هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌کیش، له مێژووی دوور و نزیکدا نه‌بووه و نییه، ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دامه‌زراندبێ، له هه‌موو ڕووه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی، نێونه‌ته‌وه‌یی، ڕامیاریی، دیپلۆماسیی، ده‌ستووریی، یاسایی، دێمۆکراسیی، ئازادیی، سۆسیالیستیی، ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و که‌لتوورییه‌وه، بێ که‌موکووڕیی و نموونه‌یی بووبێ! ئه‌و کوردانه‌ی هه‌ر له ئێسته‌شه‌وه، له‌به‌ر هه‌ر مه‌به‌ستێ بێ، له ڕه‌وش و پێکهاته و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی داهاتووی (کوردستان) ده‌سڵه‌مێنه‌وه، یا خه‌ون به ده‌وڵه‌تێکی نموونه‌ییه‌وه ده‌بینن، ئه‌وا مه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی بیری لێ ده‌که‌نه‌وه، هه‌ر ده‌وڵه‌تی یه‌کشه‌ویله‌ی قونقه‌ویله‌وه بێ!
(3)
بۆیه پێویسته، به هه‌موو توانامانه‌وه هه‌وڵبده‌ین، ڕیزه‌کانی گه‌له‌که‌مان ڕێکخه‌ین، هه‌موو تواناکان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانمان به‌گه‌ڕخه‌ین، هه‌موو ڕێکخراو و پارته‌کانی (کوردستان)، پێکه‌وه هاوکاریبکه‌ن و له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی ڕێکوپێکی تۆکمه ڕێککه‌ون، تا سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی به‌ده‌سبێنین. سا یا ئه‌وه‌ته، له ئه‌و ڕێگه پیرۆزه‌دا، هه‌موومان پێکه‌وه، سه‌ربه‌رزانه له (کوردستان)ێکی ئازاد و له سایه‌ی ده‌وڵه‌تێکی یه‌کگرتووی دێمۆکراسیی سه‌ربه‌خۆدا ده‌ژین، یا له‌پێناوی ئه‌و ئامانجه گرنگانه‌دا، هه‌موومان ئابڕوومه‌ندانه پێکه‌وه ده‌مرین و چیدیکه له ئه‌وه زیاتر، ژێرده‌سیی و سه‌رشۆریی نه‌ته‌وه‌یی قه‌بووڵ ناکه‌ین. ئه‌گینا ته‌نیا ئه‌و مه‌لانه‌ی له‌نێو قه‌فه‌سدا له‌دایکده‌بن، وا ده‌زانن، فڕین به‌ره‌و ئاسمانی به‌رینی ئازادیی تاوانه!