نەوزادى موهەندیس: کەرکوک بە ((بەڵێ )) بۆ ڕیفراندۆم کوردستانى بونى خۆى سەلماندەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان هەنگاوێکى گەلێک گرنگ و چارەنوسساز بوو بۆ یەکلاکردنەوەى دەنگى بەڵێ بۆ سەربەخۆیى و دەنگى نەخێر بۆ مانەوە لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقى عەرەبیدا. ڕیفراندۆم خاڵى وەرچەرخانى خەباتى کوردایەتیش بوو کە ئیدى خەباتى کوردایەتى دواى ڕیفراندۆم پێى ناوەتە ئاستێکى باڵاتر و بوێر تر چونکە دوور لەشەرم و ترسى پێشینان بەهەموو دونیا و ناوچەکە و عێراقى ڕاگەیاند کە گەلى کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیى خاک و نیشتیمانەکەیەتى ،وەک مافێکى ڕەواى گەلى کورد هاوشێوەى گەلانى دونیا و ناوچەکە لە عەرەب و تورک و فارس.
ڕیفراندۆم لەهەرێمى کوردستانى ئازادکراوى دواى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 و سەروو هێڵى 36 ى پانى کە بەهێڵى (سەوز) ناسراوە. بەلاى هەموانەوە لە عێراق و دەوروجیران و زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتوەکانیشەوە کارێکى زۆر ئاسایى و یاسایى و دەستوى بوو،بەڵام ئەوەى کە جێگەى نیگەرانى و توڕەبوون و دروستکردنى فشار و گوشارى سیاسى و ئابورى و سەربازیان بوو،ئەوەبوو کە ڕیفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەکانى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتیش شارى کەرکوک نەکرێت یان دوابخرێت .
کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بە پێى دیکۆمێنتە مێژوویى و جوگرافیاییەکان هەمیشە بەشێکى دانەبڕاوى هەرێمى کوردستان بونە و ناکرێت لەژێر پەردەى هیچ پاساوێکى سیاسیدا لە هەرێمى کوردستان داببڕێن،چۆن هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە و دهۆک خاکى پیرۆزى کوردستانن ئاوهاش کەرکوک و خانەقین و هەموو ناوچەکانى تر بەشێکى پیرۆزى خاکى کوردستانن. هیچ حیزب و سەرکردەیەکى کورد مافى ئەوەى نیە کە دەستهەڵبگرێت لەو ناوچانە و بەتابیبەتیش کەرکوک، چونکە کەرکوک ناسنامەى کوردستانە و بەبێ کەرکوک جەستە و لاشەى کوردستانى گەورە بەگشتى و کورستانى باشوور بە تایبەتى وەک لاشەیەکى بێ سەر و بێ ناونیشان دەمێنێتەوە.
کەرکوک و پێگە گرنگەکەى لەخەباتى کوردایەتیدا هەمیشە بریتى بوە لە دروشمى مەرکەزى سەرکردایەتى سیاسى کورد و مەرجى پێشوەختى کورد لە گفتوگۆکاندا و هەمیشەش خاڵى جێناکۆکى دەسەڵاتدارانى ڕژێمە یەک لەدوایەکەکانى بەغداد و کورد بونە و سەرجەمى شۆڕش و خەباتى کوردایەتى لەباشووردا هەمیشە لەسەر ئایندە و چارەنوسى کەرکوک نەگەیشتونەتە ئەنجام و نە ڕژێمەکانى بەغداد وازیان لەکەرکوک هێناەوە و نەکوردیش دەستى لەکوردستانیبونى کەرکوک هەڵگکرتوە.و لەو پێناوەشدا و تاکو ئێستاش ڕووبارى خوێن و فرمێسک بۆ کەرکوک دەبەخشێت.
کەرکوک لەلاى سەرکردایەتى شۆڕشى ئەیلول بەدڵى کوردستان و لاى شۆڕشى نوێى گەلەکەشمان بەڕابەرایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە قودسى کوردستان ناسراوە، کاتێک یەکێتى و مام جەلال کەرکوکیان بە شارى قودسى فەلەستین و عەرەبەکان چواندوە کورد و شۆڕشەکەى بەهێندەى ئێستا بەهێز نەبوون لەبەرامبەر 22 وڵاتى عەرەبیدا، ئەى چۆن لەئێستادا دەکرێت بەبیانووى جیاوازى حیزبى و کەسیەوە دەست لە کوردستانیبونى کەرکوک هەڵبگیرێت و جیا بکرێتەوە لەهەرێمى کوردستان و چارەنوسیشى بخرێتە دەست قەدەرەوە کە وەکو مادەى 140ى دەستور بۆماوەى 10 ساڵى ڕێکە پشتگوێ خراوە و چارەنوسى بەدەستى ئەنقەست و بە پیلانى پێشوەختە یەکلاناکرێتەوە.
کەرکوک چەندە بەلاى کوردەوە گرنگە ،دەهێندەش بەلاى عێراق و ئێران و تورکیاشەوە گرنگە و هەریەکە بە بیانویەکەوە دەستوەردەداتە کاروبارى ئەم شارەوە، هەربۆیە کەرکوک لەخەباتى کوردایەتیدا بەگشتى جێگە و پێگەى گەورە و گرنگ و کاریگەرى هەیە و لەلاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیش تایبەترە و ڕۆڵ و کاریگەرى و هەستیارى زیاترە،چونکە بەپێى پێگەى سیاسى و ئابورى و سەربازیەکەى هەمیشە پاشخانى دەسەڵات و پێگەى جەماوەرى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بوە و هەر کەمتەرخەمیەک بەرامبەر کەرکوک بکرێت دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان،بۆیە مافى هیچ سەرکردەیەک نیە کە چارەنوسى کەرکوک فەرامۆش بکات لەپێناو هەندێک دەسکەوت و بەرژەوەندى کەسى و گروپێکى دیاریکراودا.و کەرکوک ئەمانەتى مام جەلالە لەگەردنى هەموو سەرکردایەتى یەکێتى و کوردستانیشدایە، و خۆشبەختانەش دەنگە زۆرەکانى بەڵى لە کەرکوکدا ئەم جارەش هەر بۆ بوێرى و ئازایەتى سەرکردایەتى یەکێتى دەگەڕێتەوە و کەرکوکى جارێکى تر گەڕانەوە باوەشى نیشتیمانى دایک لە کوردستان.
بەشداریکردنى کەرکوک و کەرکوکیەکان لە ڕیفراندۆم و وەدەستهێنانى زیاتر لە 80% بەڵێ کان بۆ گەڕانەوەى بۆ سەرهەرێمى کوردستان و پێکەوەنانى دەوڵەتى کوردى سەربەخۆدا،چەند ڕاستیەکى دووپاتکردەوە،لەوانە:
1. کەرکوک بۆ هەمیشە کوردستانیبونى خۆى سەلماندەوە،لەگەڵ ئەوەى کە پێکهاتەى نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبى جیاوازى تریشى تیادایە.
2. بەڵێ ى کەرکویەکان جیاوازترە لەهەموو بەڵێ کانى تر، چونکە دەبێتە دۆکۆمێنتێکى مێژوویى زۆر بە نرخ بەڕووى دەسەڵاتدارانى بەغداد و ناوچەکەشدا کە کەرکوک زۆرینەى لەگەڵ کوردستاندایە، هەروەک چۆن ئێمەى کورد دوا نزیکەى 70 ساڵ دەستمانگرتوە بە ئامارى ساڵى 1957وە وەک دۆکۆمێنتێکى مێژوویى لەبەرژەوەندى زۆرینەى کوردا.
3. ڕاستە ئەو دەنگە بەڵێ یانەى کە لەکەرکوک دروان هەموانیان بۆ کورد ناگەڕێتەوە،بەڵکو بەشێکیشى بۆ نەتەوە و ئاینزاکانى تر لە عەرەب و تورکومان و مەسیحیەکان دەگەڕێتەوە، چونکە لەماوەى ئەم 14 ساڵەى ڕزگارکردنى عێراق و بەتایبەتیش دواى ساڵى 2014وە و هێرش و پەلامارەکانى داعش بۆ سەر کەرکوک بۆیان دەرکەوتوە کە تەنها کورد و هێزى پێشەمەرگە و ئاسایشى کوردبوە سەر و گیان و ماڵیانى پاراستوە و ئایندەشیان لەگەڵ کورددا بە قازانجترە وەک لەگەڵ بەغداد.
بەم شێوەیە بەڵێ کانى کورکوک و خانەقین و تەواوى ناوچەکانى ترى دەرەوەى هەرێمى کوردستان، تام و بۆیەکى تایبەتیان هەیە و سەرکەوتنى کوردستانیان هێندەى تر درەوشاوەتر کرد ، هەروەک چۆن لەڕاپەڕینى ساڵى 1991دا تاجى سەرکەوتنیان نایە سەر ڕاپەڕین ، ئاوهاش لە ئێستادا بە بەڵى کانیان تاجى سەرکەوتنیان نایە سەر ڕیفراندۆم.
بۆیە هەق وایە کە چیدى کەرکوک و کەرکوکیەکان و تەواوى ناوچەکانى تر ،لەلایەن سەرکردایەتى سیاسى کورد و حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە پشتگوێ نەخرێن و تەنانەت بۆ ئایندەش هەق وایە کە بەشداریبکەن لەهەڵبژاردنەکانى پەڕلەمانى کوردستاندا و نوێنەریان هەبێت هەروەک چۆن ئەو مافەیان پێدراوە کە نوێنەریشیان هەبێت لە پەڕلەمانى عێراقدا.
هەروەها پێویستە سەرکردایەتى سیاسى کورد لە کەرکوک و ناوچەکانى تر بۆ ئایندە زیاتر گرنگى بدەنە گیانى پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لەکەمە نەتەوایى و ءئاینى و مەزهەبیەکان و گیانى تەبایى و برایەتى گەشەپێبدەن.
بۆیە کەرکوک و کەرکوکیەکان لەدواى ڕیفراندۆمەوە مافى خۆیانە شانازى بکەن بەسەرکەوتنەکەیان و تەنانەت منەتیش بکەن بەسەر سەرکردایەتى کورددا چونکە سەرى کورد و دەنگى کورد و ڕەنگى کورد و کوردستانیان بەخشیەوە بەکەرکوک و کوردستانیبونى کەرکوکیان بۆ سەدان ساڵى تر گەش و تۆخ کردەوە.
ئەمەش دەیسەپێنێتە سەر سەرکردایەتى سیاسى کورد کە کەرکوک بەتەنها جێنەهێڵێت و بەتەواوى توانا و هێزى خۆیەوە پارێزگارى لێبکات چونکە کەرکوک و تەواوى ناوچەکانى تر هەمیشە سووتەمەنى و سەنگەرى یەکەمى ڕووبەڕووبونەوە بون لەگەڵ سوپا و میلیشاکانى ڕژێمەکانى بەغداد و هێزە کۆنەپارێز و تیرۆریستەکانى داعش و ئەوانى تریشدا.
بۆیە چارەنوسى کەرکوک چارەنوسى هەموو کورد و کوردستانە و بەبێ کەرکوک و ناوچەکانى تر هێز و دەسەڵات و حوکمڕانى هەرێمى کوردستان هەمیشە لاواز و لەرزۆک دەبێت و لە ئایندەشدا دەوڵەتێکى گەمارۆدراوى سیاسى و ئابورى و سەربازیش دەبێت،بۆیە کەرکوک کوردستانە و کوردستانیش بریتیە لەکەرکەوک.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی