نەبەز گۆران: خۆهەڵواسین بە كلتووری نەوشیروان مستەفادا.
ئێستا مۆدێلێك قسەكردن پەیدابووە، خاوەنانی ئەم مۆدێلە قسەكردنە بەردەوام باس لەو كلتوورە سیاسییە دەكەن. گەر سەرنج بدەین زۆربەی ئەوانەی باسی ئەو كلتوورە سیاسییەی (نەوشیروان مستەفا) دەكەن، ئەو كەسانەن كە دورو نزیك هیچ پەیوەندییەكیان بەو كلتوورە سیاسییەوە نییە و، تەنها وەك پەردەیەك بۆ داپۆشینی ناشیرینییەكانی خۆیان بەكاری دەهێنن. بەڵام ئەوانەی كە بەراستی دەیانەوێت ئەو كلتوورە سیاسییە بپارێزن، جێبەجێی بكەن، ئامادەنین قسەیەكی لەسەر بكەن و بە كردە خەریكی جێبەجێكردنی دەبن.
بەر لەهەمووشتێك دەبێت بپرسین: ئەو كلتوورە سیاسییە نوێیە چییە (نەوشیروان مستەفا) دروستیكرد و، پاییەكانی چیین؟
یەكەم: دەست پاكی
دووهەم: ئاكار پاكی
سێهەم: راستگۆیی و روخساری بێ دەمامك
چوارەم: سیاسەتكردن بە ئەخلاقەوە.
ئەم چوار پاییە، چوار پاییە بنەرەتییەكەی ئەو كلتوورە سیاسییە نوێیە. هەركەسێك ئەم چوار پاییە لەژیانی خۆی و لە ژیانی سیاسییدا بوونی نەبێت، نەك هەرناتوانێت كلتوورەكە جێبەجێبكات، بەڵكو بۆشی نییە خۆی لێ بئاڵێنێت. خۆ هەڵواسین بەم كلتوورە و، خۆئاڵاندن لێی، نە مێژووی ئەو كەسانە پاك دەكاتەوە، نە دەیانكاتە كارەكتەرێك ببنە خاوەنی ئەم كلتوورە، چونكە خودی كلتوورەكە پێویستی بەكردەیە، نەك قسە. پێویستی بە جێبەجێكردنە، نەك باسكردنی. كەسێك كەخۆی بچوكترین شوێنی بەدەستەوە بووبێت و ئەو شوێنەی بۆ كارەتایبەتییەكانی خۆی بەكار هێنابێت، كەسێك كە هەركات فرسەتی بۆ دروستبووبێت گەندەڵی پیسخۆری_ كردبێت. كەسێك تەنانەت یەك پاییەی ئەم پایانە لە ژیانیدا نەبێت، بەقسەكردن لەسەری ناتوانێت خۆی بخاتە ناو فەزای ئەو كلتوورە سیاسییەوە.
ئێستا زۆربەی ئەوانەی بەردەوام لە شاشەكان و لەشوێنان باسی ئەم كلتوورە دەكەن، خراپترین و بێزراوترین دەموچاوەكانن، ئەوانەن مێژووەكەیان وێرانە. كەسانێكن دەستێكی باڵایان هەیە لە _گەندەڵی_پیسخۆری ئەم وڵاتەدا. كەسانێكن دەستێكی باڵایان هەیە لە گۆڕینی دەمامكەكانیان هەر رۆژی بەشێوەیەك. كەسانێكن هەرگیز خاوەنی بۆچوونێكی دامەزراو، دیدگایەكی پتەو، بروایەكی راستەقینە نین و هەر رۆژی بۆچوونێك و زمانێك و بروایەكیان هەیە. كەسانێكن بەرژەوەندییەكانیان لەكوێ بێت لەوێ دەبن، كەسانێك شەیدای پۆستن. كەسانێكن یەك راستە هێڵیان نییە و، هەر رۆژی لەسەر هێڵێكن. ئەمانە بۆ ئەوەی ئەم برینە گەورانەی لەسەریانە بیشارنەوە، دێن خۆیان دەكەن بەخاوەنی ئەم كلتوورە. ئیدی خۆشی لێرەنییە وەك عادەتەكەی خۆی بیانخاتەوە ناو قۆزاغەكەی خۆیان، بۆیە لە غیابی خۆیدا لەهەوڵی ئەوەدان كلتوورەكەش وەك خۆیان ناشیرین بكەن.( پاراستنی ئەو كلتوورە سیاسییە نوێیە، بە ناساندنی ئەم بازارچیانە پاك دەبێتەوە.)
( لەهەمووی كۆمیدیی تر، هەندێكیان جیاوازی لەنێوان كلتوور و كەلەپور ناكەن و باسی كەلەپوری (نەوشیروان مستەفا) دەكەن! بەرێزان كەلەپور یانی ئەو شتانەی بەدەست دروستدەكرێن، بۆنمونە: جاجم، كەوچك، قاپ، بەرماڵ، لێفە… هتد. لەژیانیدا (نەوشیروان مستەفا) خەریكی ئەم شتانە نەبووە. تۆیەك كە كەلەپور و كەلتوور لەیەك جیاناكەیتەوە، بۆچی خۆت هەڵدەواسی؟ كلتووری سیاسیی و كلتوور بەواتا گشتیەكەی زۆر جیاوازە، من تەنها قسە لەسەر كلتووری سیاسیی یەك كەس دەكەم، نەك كلتوور باواتا گشتییەكەی.)
بۆئەوەی ئەو مەخلوقانەی ئەو هەموو پاشخانە وێرانەیان چیترخۆیان هەڵنەواسن، پێویستە ئیدی قسە لەسەر كلتوورە راستەقینەكە بكرێت. پێویستە بزانرێت ئەو كلتوورە چییە و كێ دەبێتە خاوەنی. پێویستە خاوەنانی كلتوورەكە بێنە دەنگ و رێگری لەو حەشاماتە خۆ هەڵواسە بگرن و، نەهێڵن ئەوانە خۆیان بەم كلتوورە سیاسییەدا هەڵبواسن. چونكە ئەو كلتوورە كەسی خۆی دەوێت، كەسێكی دەوێت بتوانێت پشت لە ئارەزوە تایبەتییەكانی خۆی بكات، بتوانێت دەستی نەبێت لە پیسخۆری ئەم هەرێمە. بتوانێت یەك روخساری هەبێت و راستگۆیانە و راشكاوانە بەرگری لەبرواكانی بكات.
كەسێكی پێویست نییە لەناو میراسە پیسخۆرییەكەوە هاتبێت و حیزب كردبێتی بەخاوەنی میراسێكی زۆری پیسخۆریی و بیەوێت بەو كلتوورە رابردووی خۆی بشارێتەوە. كەسێكی ناوێت لەپێناو پۆست و مووچەیەكدا ئامادەبێت لەهەموو ئاوێك بدات. كەسێكی ناوێت كەس نەزانێت رۆژانە چەند دەمامك دەگۆڕێت. ئەوەی دەیەوێت ببێت بەخاوەنی ئەو كلتوورە با سەیرێكی مێژووی ژیان و هەڵتۆقینی خۆی بكات. باسەیرێكی گیرفانی خۆی و گیرفانی گەنجەكان بكات. باسەیرێكی دەمامكەكانی خۆی و راستگۆیی گەنجەكان بكات. باسەیرێكی خۆنەویستی گەنجەكان و بەرژوەندییە ژێربەژێرەكانی خۆی بكات. ئەم كلتوورەی كە خۆتان پێوە هەڵواسییوە نە دەتوانێت لەو مێژووە خراپەی هەتانە رزگارتان بكات، نە دەشتوانێت جوانتان بكات. چونكە ئەم نەوەیە ئەوەندە وشیارە دەزانێت ئێوەمانان لەپشت هاتووهاواری سەرشاشەكانەوە لەناو چ پۆخڵییەكدا دەژین. (پاشترین رێگا بۆداپۆشینی عەیبەكانیان، خۆكردنە بەخاوەنی ئەو كلتوورە!)
ئەمە تەنها كۆمەڵێك سەرنجی سەرتاییە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان بكەن بەخاوەنی ئەو كلتوورە. گەر پێویست بكات زۆر بەروردی لەسەر هەموو پایەكانی كلتوورەكە و، خاوەنە راستەقینەكانی ئەو كلتوورە قسە دەكەین. ئەگەرچی بروای تەواوم بەوەیە، هەموو ئەو گەنجە خۆنەویست و سادە و پاكانەی لەم هەرێمەدان، دەتوانن خۆیان بكەن بەخاوەنی ئەو كلتوورە، بەڵام ئەو شاشە چیانە و ئەوانەی كە ژیانیان پڕبووە لە پیسخۆری و فرە روخساری و پەتپەتێن و شەیدابوون بۆ پارە و پۆست و هاژەهاژی سەرشاشەكان، هەرچی بن، ناتوانن خۆیان بكەن بەخاوەنی ئەم كلتوورە.