کارۆخ فەهمی: پێش دەوڵەت. بەشی پێنجەم و کۆتایی.
نەوت، تاعونی ڕەش
نەوت ئەگەر بۆ وڵاتانی دونیا (جگە لە وڵاتانی کەنداو) بووبێتە مایەی جۆرێک لە خۆشگوزەرانی و بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەت، ئەوا لە عێراق و کوردستان جگە لە دەردێکی کوشندە هیچیتری بەدوای خۆیدا نەهێناوە. نەوت و سامانە سرووشتییەکانیتری سەر زەوی و ژێر زەوی بوونەتە مایەی برسیکردنی زیاترو شڵەژاندنی زیاتری ئارامی دەروونیی. لەبەرانبەریشدا کەمینەیەک هەیە هەتا دێ زیاترو زیاتر قەڵەو دەبێت. چەند خێزانێک هەموو کوردستان وەک حەوشەو حەساری خۆی دەبینێت، لەکوێ نەوتی دۆزیەوە بە موڵکی خۆی دەزانێت. ئەم سیاسەتی چەتەگەری و قاچاخچییە نەوتییە، ئەم دۆخە نادڵنیایەو ئەم دونیا وێرانەی لێرە درووستکردووە. نەخێر هەرگیز نەوت نەبووەتە مایەیی خۆشبەختی، ژیانێکی باشتر، ئابوورییەکی بەهێز، سیاسەتێکی شەریفمەندانە، پتەوکردنی پایەکانی دەوڵەت.. بەڵکو وەک تاعونێکی ڕەش، وەک دەردێکی سامناک تەشەنە دەکات. ساتی دۆزینەوەی نەوت و فرۆشتنی ئازادانەی، لە دیدی زۆرینەیەکی برسیکراودا، ساتی کۆتاییهاتنی داهات و بەتاڵبوونی گیرفانیەتی. بۆ چەند خێرانێکی دیاریکراویش ساتی دۆزینەوەی دوورگەی گەنجینەیە.
سیاسەتی نەوت تا ئێستاش سیاسەتی خاچاخچیەتییە. بازرگانییەکە چەندکەسێکی کەم ئاگاداری پلان و گرێبەستەکان و داهات و خێروبێرەکەیەتی. لەراستیدا حکومەت و دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ نەوت ناکات، چەند بازرگانێکی ناو (خێزانە دیاریکراوەکان) لەژێر ناوی حکومەت نەوت دەفرۆشن. وەک چەکێک بۆ بەهێزکردنی بوونیاد و پێگەی حزب و خێزان بەکاردەهێنرێت. ئەم سیاسەتی تاڵانییە بێ متمانەیی، نائارامیی، توڕەیی لە هەمووشتێک، سەرهەڵگرتن و رقبوونەوە لەهەمووشتێک.. بەرهەمەکەیەتی. کە بەڵێنی بە دوبەییکردنی کوردستانیان دەدا، مەبەست لێی خۆشگوزەرانی و باڵەخانەی هەوربڕو سەیارەی فیراری نەبوو، بەڵکو هەمان سیستمی حوکمڕانی و ژیانی شاهەنشایی چەند خێزانێک بوو. دوای بیست و شەش ساڵ کوردستان ئەوەندەی لە کابوڵ و مەقەدیشۆ نزیکە، نیوئەوەندە لە دوبەی نزیک نیە. کە دوبەی هەرگیز ئەو شوێنە نیە خۆزگەی بۆ بخوازرێ. ئێمە تەنها لە بازرگانی نەوت و بە خوداییکردنی سەرکردەکان لە دوبەی دەچین.
دوای فرۆشتنی نەوت بەو شێوە ترسناکە، وڵات رۆژ بەرۆژ بەرەو وێرانبوونی زیاتر دەڕوات. هیچ ئومێدێک نیە کە ئەو دەوڵەتەی درووستدەکرێ سیاسەتێکی باشترو روونتری نەوت پەیڕەوبکا. سبەی دەوڵەتێکیش درووستبکرێ هەمان ئەو بازرگانانەی ئێستا دەیفرۆشن. دەبوو نەوت بخرێتە خزمەت درووستکردنی دەوڵەت و بەهێزکردنی پایەکانی. دەبوو بەر لەدەوڵەت میللەت خێروبێری نەوت ببینێ و هەستبکا لە دەوڵەتی تازەدا مافەکانی ناخورێن. بەڵام سیاسەتی نەوت ئەوەندەی لە تاڵانییەوە نزیکە ئەوەندە لە بازرگانییەکی نیمچە شەفاف و نوێ نزیک نیه. وەک ئەوەی کەسیتر لە بوارەکەدا شارەزایی نەبێت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چەندین کابینەیە یەک پیاوی ژیکەڵەکە لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە.
لەو ڕۆژەوەی نەوتەکە دەفرۆشرێ نەهامەتی گەورە رووی لە کوردستان کردووە، مووچە کرا بە نیوە، چەندین کۆمپانیا ئیفلاس بوون، باجێکی زۆر خرایە سەر خەڵک، سیاسەت پڕ بەواتای وشە چەقی بەستووە، خەڵکێکی زۆر ناچاربوون لەدەست بێدای سەریان هەڵگرن.. ئەمانە هەمووی بەرهەمی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆیە. سامانێک کە دەبوو ژیانێکی باشتر دابین بکات، چەکێک کە دەبوو لەرۆژی نەهامەتیدا پشتی پێ ببەسترێ، بەڵام سیاسەتی شاردنەوەی داهات، هەموو خەونەکانی کرد بە تۆز. نەوت ئەو تاعونە ڕەشەیە کە نامانکوژێ و لێدەگەڕێ نەهامەتی زۆرتر ببینین.
دەبوو بەر لە باسکردنی دەوڵەت سیاسەتی نەوت گۆڕانکاری تێدا بکرایە، کەسانی شارەزای بوارەکە دەسەڵاتیان پێ بدرایە، نەک چەند کەسێکی کەم دەست بەسەر هەمووشتێکدا بگرن. دەبوو بەر لە دەوڵەت بۆ خەڵکی بسەلمێنن کە نەوت هی هەمووانە، دەبوو وابکەن میللەت وەک نەهامەتی سەیری سامانی وڵات نەکات. پێش دەوڵەت دەبوو ئەو هەستی متمانەیه درووستبکرایه کە سامانی وڵات لە دەستێکی پاکدایە و دڵنیابێ مافی ناخورێ. بەڵام کە دەبینێ چەند خێزانێک سودمەندی یەکەمن لێی، مافی خۆیەتی وەک شێرپەنجە، وەک پەتایەکی سامناک لێی بڕوانێ.
سیاسەتی ئێستای نەوت سیاسەتی بەرلە درووستکردنی دەوڵەت نیە، بەڵکو هی پێش دەوار هەڵدانە.