دلێر حسێن پیرۆمەری: پێویستە گۆڕان چی بكات بۆ ئەم قۆناغە؟
هاوکارانی نوسەر لەم نوسینەدا: كارۆخ عوسمان- ھۆشیار شێركاوەیی
دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕێفەراندۆم پێویستە گۆڕان لەو دۆخە چەق بەستوە بێتە دەرەوە، جوڵەی سیاسی دەست پێ بکاتەوە بەنەھج و ئەدای ساڵانی پێشوو.
هەرچەندە گۆڕان زۆر هەوڵیدا بۆ دواخستنی ڕێفەراندۆم، بەسود وەرگرتن لەدەست پێشخەری دۆستان و هاوپەیمانان دوای دیراسەکردنی وردو لێكدانەوەو شیكاری تەواو كە بەرچاوی ڕوون كردین لەوەی زەرەری زۆرمان دێتە پێشەوە، بەداخەوە دەستەڵاتی سیاسی بەتایبەت پارتی و یەکێتی و هاوڕاکانیان بەبێ گوێدانە بەها باڵاکانی وڵات و بەرژەوەندیە گشتیە دوورمەوداكان، ڕەئی خۆیان فەڕزکرد بەبێ ھیچ ئامادەسازی و خوێندنەوەی واقیع بینانە بۆ دۆخی دوای ڕێفەراندۆم و لێکەوتەکانی كارتی ئامانجی سەربەخۆیی گەلی كوردیان خستە مامەڵەیەكی گوم ناوو بێ سەروبەرەوە، بۆیە پێویستە گۆڕان هەرچی زووە ئەم هەنگاوانە بگرێتەبەر كە لەبەرژەوەندی ئێستا و ئایندەی خەڵك و خاكەكەماندایە:
1- داوای ئاشتەوایی گشتی بە پەلە لەسەرجەم ھێزە سیاسیەكان بکرێت و بەھەرجۆرێ بێت پارتی بێننە ژێرباری گشتی، ئەولەویەت بدرێت بەڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، لەپێناو خەڵكی چاوەڕێی ئەم ھەرێمە.
کەدەڵێن پارتی بھێنرێتە ژێرباری گشتی; گومان لەوەدانیە کەپارتی و ھاوبازەكانی سەرچاوەی هەموو کێشەکانی هەرێمی کوردستانن. دەبێ بەم دوو خاڵەی خوارەوە دەستەڵاتدارێتی ھەرێم بێتە ژێرباری چاككاری:
A- هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتەی ئێستاو دروستکردنی حکومەتێکی ئیئتلافی لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە، بۆ ئەوەی ھاوسەنگی دەستەڵاتی هەرێم لەنێوان لایەنە سیاسیەکان پارێزراو بێت بۆ هەمو لایەک، چونکە ئەم حکومەتەی ئێستا بەھۆی شكستە لەدوایەكەكانی متمانەی جەماوەری لەدەست داوە، بۆتە سەرچاوەی سەرەكی نەھامەتیەكانی میللەت.
B- چارەسەری ڕیشەیی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم بكرێت، کەلەئێستادا بەهۆی تازەترین ڕێکەوتنی پارتی ویەکێتی کەباس دەکرێت، هیچ ڕۆشنایەک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە دانەنراوە.
2- ئەگەر پارتی نەهاتە پێشەوە پێویستە گۆڕان بەڕاشکاوی و بێ دوو دڵی بەرەیەک دروست بکات، سەرۆكی پەرلەمان (یوسف محمد) سەرۆکایەتی بكات، بکەوێتە مفاوەزات لەگەل حكومەتی مەركەزی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر وبەغداد. وەک چۆن پارتی تاکە شەرعیەت کە هەیبێت و بەناوی میللەت قسە بکات(38) کورسی پەرلەمانیە. لەبەرامبەردا گۆڕان خاوەنی (24) کورسیەو كۆمەڵی ئیسلامی (6) كورسی وھەندێك لەبرادەرانی یەكێتی و یەكگرتووش ڕەئی پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی ھەرێمیان ھەر ماوەو دژی ئەم شێوگە حوكمڕانیەن، كەواتە ئەگەر پارتی جارێک مافی ئەوەی هەبێت بەناوی گەل قسە بکات ئەوا بزوتنەوەی گۆڕان دووجار ئەو مافەی هەیە، خۆهیچ نەبێت سەرۆکی پەڕلەمان کە لەلای گۆڕانە شەرعیەتی یاسایی ماوە بە بەراورد بەپۆستی سەرۆکایەتی هەرێم كەلای پارتیەو چەندین ساڵە شەرعیەتی یاسایی لەدەست داوە، وە سەرۆكایەتی حكومەتیش كەفەشەلی بەئیدارەی ھەرێم ھێناوە.
3 – پێویستە گۆڕان پەیوەندیێکی بەهێز لەگەڵ ووڵاتان وبەتایبەتی دەوڵەتانی دراوسێ و بەغداد دروست بکات، لەسەرئاستی ئۆپۆزسیۆنی و خاوەندارێتی كردن لە مافی گشتی خەڵكی كوردستان، پەیوەندیەک بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت بۆ ڕزگارکردنی میللەت لەو نەهامەتیانەی كە پارتی ویەکێتی بەجووت لەم ھەرێمە خوڵقاندویانە لە پێناو مانەوەی خۆیان لەدەسەڵاتی سیاسی بۆ ھێشتنەوەی پڕۆژە بازرگانیەكەیان. ناکرێ چارەنوسی میللەت وا بەنادیاری بمێنتەوەو بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی کۆمەڵێ سیاسی بەبازرگان بوو و چەتەكانی نەوت.
4- لەدۆسیەكانی گەندەڵی، دەبێت گۆڕان وەک چۆن لەڕابردوو کاری کردووە لەداهاتوش بەهەمان نەفەس کاربکات بەبێ جودایی كردن، ناکرێ کاریگەری قەومیەت کاری تێ بکات. دەبێت بەیەک ئاست و تێڕوانین لەهەولێر بەغداد دژی گەندەڵی بوەستێ، وەک ڕابردوو هەر کەس ولایەنێک دەستی بۆ دۆسیەی گەندەڵی وگێڕانەوەی پارە دزراوەکان برد گۆڕان هاوکار و پشتوانی بێت.
5- گرنگتری خاڵ بەلای ئێمەوە، ڕكابەربوونی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ ئیدارەو دەستەڵاتدارێتی ھەرێم، نەك بەتەنھا ڕكابەری پارتی بێت.
لای ھەموان ڕوونە كە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەقەبارەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەستی لەگەندەڵی و مۆنۆپۆڵی سیاسی و ئیداری و ئیقتسادی ھەرێمدا ھەیە. كەوایە دەبێت گۆڕان سەرەتا خۆی نەجات بدات لەو پڕۆتۆكۆڵە بێ ئەنجام و كردارەی دەباشان نێوان خۆی و یەكێتی كە جگە لەچاوەڕوانی خەڵك و فێڵەبەردەوامەكانی یەكێتی ھیچیتری لێ نەبینرا.
بۆیە زەروورە بزوتنەوەی گۆڕان ڕكابەری كۆی سیستەمی سەقەت و پەقەتی ھەرێم بێت نەك تەنھا ئەو بەشەی لای پارتی دیموكراتی كوردستانە.