كاروان ئەنوەر: پیاوێك نــــــــــازانێت بڕوخێ.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
رۆژی 6/9/1988 ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتی شۆڕشی سەر بە حزبی بەعسی ئەو سەردەمە. بەیانێكی بڵاوكردەوە، تیایدا كۆتایی هاتن و سەركەوتنی هەڵمەتەكانی ئەنفالیان دژی كورد راگەیاند، هاوكات لێبوردنێكی گشتی بۆ سەرجەم عیراقیەكان جاڕ درا، جگە لە یەك كەسی عیراقی نەبێت، ئەویش جەلال تاڵەبانی بوو.
ئەو رۆژە، تاریكترین و رەشترین و ترسناكترین رۆژ بوو لە مێژووی كورددا، چونكە 182,000 كورد بێ سەرو شوێن و بێگۆڕ كرابوون، 4500 گوند سوتماك كرابوون، یەك كارێزو كانیلەی باشوری كوردستان نەمابوو كوێر نەكرابێتەوە، بیرۆكەی راگواستنی هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك- یش لەئارادا بوو، كە لە شاری هەولێر و بەناوی پارێزگای حوكمی زاتی (ئۆتۆنۆمی) جێگیربكرێنەوە. رۆژ لەمە سەختتر و رەشتر دەبێت، كام رۆژە بێت!؟
هەر لەو رۆژەدا هەردوو بلۆكی سۆسیالیست و سەرمایەداری پشتگیریی تەواوی رژێمەكەی بەغدایان دەكرد، ئیسلامیەكان و ئیخوان موسلمینیش دەستخۆشیان لە هەڵمەتەكانی ئەنفال دەكرد، هەموو كورد بۆ تروسكاییەك لە ئەوسەری تونێلی مێژوودا چاوێكیان كردبوە هەزار. كەم پیاو لەسەنگەردا مابوون، كەم ژن ورەیان بەرنەدابوو.
قڕكردن و لەناوبردنی ئەم میللەتە تەنها و تەنها پێویستی بەكات بوو، لەناو بردنمان ببوە مەبەستێكی ستراتیژی و سەرەكی بەعسیەكان و رژێمەكەیان.
لەو رۆژەدا، ئەو پیاوەی كە تەنها لە هەموو عیراقیەكان جیاكرایەوەو لێبوردن نەیگرتەوە، دەزانن چی دەكردو چی دەوت بە دوژمنەكانی؟
ئەو پیاوە بەپێوە مابوو، وەك شێر دەینەڕاند بەسەر دوژمنەكانیدا. گاڵتەی بە لێبوردن و دیوارە پۆڵاییەكانی بەعس دەكرد، باسی بەرگری و سەربەرزی دەكرد، باسی تۆڵەو نەعرەتەی پێشمەرگەی دەكرد، بەعسیەكانی دەتۆقاندو پێی دەوتن پەتی زوڵم و زۆر لە ئەستووریدا دەپسێت، بەباسی دیموكراسی و كۆمەڵگەی مەدەنی دەیترساندن، لەو رۆژگارە رەشەدا باسی ئەمڕۆی پڕ ئازادی بۆ بەعسیەكان كردو قاقا بە قامچیەكانی دەستیان پێدەكەنی.
پێی وتن: ئێمە سەردەكەوین، ئێوە تەفرو تونا دەبن، ئێمە وڵاتەكەمان ئاوەدان دەكەینەوە، ئێوەش فڕێ دەدرێنە زبڵدانی مێژوو، ئێمە دیموكراسی دەچەسپێنین، ئێوەش لە دادگاكانی میللـەتدا سزای خۆتان وەردەگرن، ئێمە میدالی شەرەف وەردەگرین، ئێوەش تف و توڕەیی میللـەت، ئێمە دەیبەینەوە ئێوەش دەدۆڕێن.
لە ترۆپكی نەهامەتی و رەشەكوژی میللەتدا، لەساتێكدا زۆربەی پیاوەكان وەك پەیكەر دادەڕمان و چۆكیان دادەدا. ئەو پێشبینی بەهاری ئازادیی بۆ دەكردن، ئەو كێوێك بوو لە ورە، ئەو دەریایەك بوو لە هیوا، ئەو بووە سونبلی مقاوەمەت و وتی:
بەڵێ رووخان شتێك نیە پێی بدۆڕێین. لەم شەوە تاریك و توشەدا خۆرێكی رووناكتر دەبینم، ئەم نشوستەی ئێستا هیچ نیە تەنها وچانی تێكۆشەرێك نەبێت، لەم ئەنفالستانەدا پاشەڕرۆژی گەشترو ئاڵتر دەبینم.
دەزانن چۆن و بۆچی هەموو وتەكانی هاتنەدی؟
چونكە ئەو پیاوێكە نازانێت بڕوخێت.
لە کوردستانی نوێ وەرگیردراوە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە