لەتیف فاتیح: فرمێسکى خەڵک و بزەى بەرپرسان.
لە کۆچى نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانیشدا خەڵکانێکم بینى بە کوڵ دەگریان، ئەوان هەرگیز ئەوانە نەبوون، کە لە ژیاندا دوو جار بە قسە تاڵەبانى و نەوشیروان مستەفایان دیبێت، هەرگیز گریانەکەشیان بۆ دەسکەوت و مەرایى و شتى تر نەبوو، گریانێک جگە لە راستگۆى هیچى ترى تیا بە دیناکرا، مەرگى تاڵەبانى ئەوانەى وەک مەرگى نەوشیروان مستەفا بە سوێ بوو، بۆ ئەو خەڵکەى لە دواى مەرگى سەرکردەو سەرۆکەکانەوە درک بە تەنیاى دەکەن، هەست دەکەن ئیدى ناخوداکە کاپتنى نیە، ئەوان گریانەکەیان قسەو باسى زیاتر هەڵدەگرێت،، ئەوان وەک بەرپرسەکان تاجە گوڵینە دانان، لێ لە ناخەوە خودا حافیزى لە سەرکردەکانیان دەکەن، رۆژى کۆچکردنى سەرکردەکان رۆژى لە بیر چوونەوە یان فەرامۆش کردنى هەڵەو کەموکوڕیەکانە، لەوێدا کەس بیر لەو هەموو نادادیە ناکاتەوە، راستى ئەمە لە ئاکارەوەیە یان هەر هۆیەکى تر، ناکرێت بە کەم سەیر بکرێت.
لە پێشوازى روفاتى تاڵەبانیدا ئەوانەى تا لە ژیاندا بوو لێیان خوارد نیو هەندى ئەوانە خەمبار نەبوون کە لە ژیاندا رێکنەکەوتوە تاڵەبانى ببینن، ئەوانەى دەگریان ئەوانە بوون کە هیچ نەبێت بەو گریانە هەندێک لە ئازارى ئەم ژیانە بشۆنەوە، ئەوانى تر کە وێنەیان دەگیراو گوڵیان دادەناو دور تر سێڵڤیان دەگرت و بە چپەشەوە بۆ یەکتر بزەیان دەکرد، ئەوانە بوون کە هەر یەک بە جۆرێک لە ژیاندا تاڵەبانیان ئازار داوە، یان لێیان خواردووە، یان تووشى هەڵەو پەڵەیان کردووە، ئیدى چیرۆکەکە دورو درێژە.
ئێستا تاڵەبانى چووە جێى خۆى، لێ کوڕو هاوسەرو برازاو کەس و کارى ماون ،با ئەوان بزانن کە خەمخۆرى راستەقینەى تاڵەبانى و فرمێسکى هەقیقى هى ئەو خەڵکە بوو، کە بە درێژاى دەیانکیلۆمەتر بە پێوە وەستابوون، نەک هى ئەوانەى رۆیشتنە باشترین چێشتخانەکان و سەعاتێ دواتریش وەک ئەوەى هیچ نەبووبێت کەوتنەوە پاشقولدان لە یەکتر، کوڕو هاوسەرو برازاو کەسەکانى ئەگەر مامجەلالیان دەوێت با لاى ئەو خەڵکە هەژارە دڵسۆزە بگرن و لانى کەمى وەسیەتەکانى لە واژوەگەى دەباشانەوە بێننە دى، نەک ئەوەى بە بێ هۆ ویستیان مام و کاکە نەوە بکەنە نەیارى یەکترو گرەویان لەسەر تێکچوونى پەیوەندیەکە دەکرد، باشە کە مام بڕواى بە بنەماڵەو خێڵ و عێل و خێزان نەبوو لە دەسەڵاتا، بائەوە بکەن ، کە بڕواى وابوو رێکەوتنى ستراتیژى بە زیانى یەکێتى کۆتاى هات، لانى کەم لەو ڕووەوە کە کارەکتەرە سیاسیەکانى یەکێتى لاى پارتى ئامێزیان بۆ دەکرایەوە، با کۆتاى بەو رێکەوتنە بێنن و کێشەکانى ناوخۆیان چارەسەر بکەن ، ئێ با یەکێتى بکەنەوە چەپکە گوڵەکە.
من پێشتریش بڕوام وابووە مام جەلال نابوو هەندێک کێشەو گرفتى بدایەتە دەست زەمەنەوە، نابوو کەچووە بە غدا لە یەک خول زیاتر سەرۆککۆمار با، نابوو کەچوو کوردستانى بەو جۆرە جێهێشتبا ، بەڵام خۆ دەکرێت ئەوانى دواى خۆى کێماسیەکان چاک بکەنەوە .
مام جەلال رۆیشت، ئەو شێوازى دانانى تاجە گوڵینەو رێکخستنى مەراسیمە پێویستى بە وردە کارى زیاتر بوو، چ لۆ ژیکێکە لە ریز بەندیدا سەرۆکى پارلەمان بخەیتە دواى وەزیرێکەوە، ئەو کێماسیانە جۆرێکە لە نەزانین و نەنگى، دواتر زۆر ئاساى بوو ئاڵاى عێراقیش وەک ئاڵاى کوردستان بەسەریەوە بوایە، تاڵەبانى زیاتر لە 10 ساڵى دواى روخانى بەعس گرنگترین کەسایەتى عێراق و کوردستان بووە، چۆن دەکرێت هەڵەى بەو جۆرە بکرێت.
تاڵەبانى بەردەوام باسى چەند شتێکى دەکرد ” نان و ئازادى، خانوە قوڕەکان، چەپکە گوڵەکە ” بۆ حزبەکەى گرنگە ئەم پەیامانە بکاتە کردار، بە تایبەت لە جیاکردنەوەى لە خەڵک لە مردنیدا هیچ خزمەتێک بە مام نەکرا، من ئومێدم ئەوەیە رۆژێک بێت روفاتى هەریەک لە نەوشیروان مستەفا، تاڵەبانى و برایم ئەحمەد لە یەک شوێن و بە تەنیشتى یەکەوە بنێژرێنەوە نەتاڵەبانى و نە نەوشیروان مستەفاو نەبرایم ئەحمەد بڕوایان بەم جیاکارى و دابڕانە نەبووە لە خەڵک.
- Latest Posts by لەتیف فاتیح فەرەج
لهتیف فاتیح فهرهج: له چ دهستێكی نا ئهمینداین.
-لەتیف فاتیح فەرەج: دەربارەی ئاکاری کوردی.
-لهتیف فاتیح فهرهج: قوربانیه بادینیهكان و موستهشارهكان.
- All Posts