بەهرۆز جەعفەر: شەڕی ئیرادە بە مناڵی فەقیر و پێشمەرگەی برسییەوە مەکەن.
ئەوە بەغدا ی دوای پرۆسەی ئازادی نییە مافی کوردی خوارد بێت، ئەوە تەنها پێنج بەرپرسی کورد کە چوار یان بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستانن کە نزیکەی (٤۳۰) چوارسەت و سی ملیار دۆلاری حکومەتی عێراقیان ئاودیو کردووەو، لەسەر گەندەڵی دەرکراون هەندێکیان.
ئەوە عێراق نییە هێرشی کردبێتە سەر کەرکوک، بەڵکو پارێزگار و بەرپرسانی کوردی شارەکەن، هەموو شتێکیان تاڵان و فەرهوود کردووە ( بۆ زانیاریتان ئەمریکیەکان زۆر بە ووردی ئاگاداری ئەم مەسەلانەن).
حکومەتی عێراق، نزیکەی نەوەت هەزار چەکدار و پۆلیسی فیدراڵی لە باشور و ڕۆژئاوای کەرکوک جێگیرکردووە، دەی فەرموو با منداڵ و کەسوکاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بچن شەڕی ئیرادە بکەن!. عەزیزم بەغداو تاران و ئەنقەرەو واشنتۆن ئیرادەی ئێمەیان نەکوشتووەو هەڕەشە نیین لەسەر ئیرادەی ئینسانی کورد، بەرپرسانی کورد و دەس و دایەرەی ئەم قیادە سیاسیانەی کورد گەورەترین هەڕەشەن لەسەر بوونی کوردستان، ئێوە کوردستان وەک خاک و فەرهەنگ بە پیرۆز نازانن، تەنها وەک کارتێکی سیاسیی و گۆڕەپانێک بۆ پەلاماردانی تاکی کورد و داهاتی کوردستان سەیری کوردستان ئەکەن. جلوبەرگ و ئۆتۆمبیل و حیسابی بانکی و سەردانی پزیشک و سەرخەو شکاندنتان لەدەرەوە، ماڵو مناڵ و ئیقامەو هەویەو ڤیەللاو پرۆژە و خوێندنتان لەدەرەوە، دزی کردن و قووڕ بەسەرهێنانی میللەت و دەنگە دەنگ تان لە ناوەوەیە. دەی فەرموو یەک ساڵە یەک یەک هەرچی ئێژین مانگی دوای ئەوە دێتە دی. فەرموون هەفتەی داهاتوو شەڕی ئیرادە بکەن، بەس هانا بۆ ئەمریکییەکان و برێت مەکگۆرک نەبەن!. ئەوانەی ئەم دۆخەیان گەیاند بە ئیمڕۆ مەجموعەیە مرۆڤی خۆ دەرخەر و فشەبازی دەوروبەری بارزانی و، شەش تا حەوت کوردی تەقاعودکراو و فەسڵکراوی ناو حکومەتەکەی مالکی و عەبادی بوون. نەخێر… نەخێر ..بۆ ئەم جۆرە لە کوردایەتی… نەخێر بۆ کوردبوونی لەم چەشنە، نە خێر بۆ ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی کە بەم شێوەیە دروستی ئەکەن!. ئەو دەوڵەتەی جەماعەتی داش عێراق باسی ئەکەن و هەندێ نوسەر و کەناڵ داهۆڵی سواوی کوردایەتی بە مۆدێلی سەدەکانی ناوەڕاست بۆ ئەکوتن، بە یەک سەرە قەڵەمی من بکرێت نایکەم. چونکە جەوهەری ململانێکە بەغداد نییە، بە تایبەتی لەماوەی ساڵانی (۲۰۰۳بۆ۲۰۱۷) بەغدا هیچ هەڕەشەو مەترسییەکی نەبووە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرکردایەتی کورد خۆیان عێراقی دوای سەددام یان دروستکردەوە، خۆیان دەستوریان نوسیوەتەوە، خۆیان یاسای بوودجەیان دەرچواندووە، سەرۆک کۆمار، وەزیری دارایی، وەزیری دەرەوە، سوپاسالاری عێراق، لەشکرێک پەرلەمانتار و وەکیل وەزیر و سەفارەتیان بە دەستبووە، هەزاران بن دیواریان هەبووە لە خزم و کەسی خۆیان، بۆ یەک ڕۆژیش بەغدا لە هەرێمی نەپرسیوەتەوە چۆن پارە سەرف ئەکەن!. بۆ یەک ڕۆژیش جوندییەکی عێراقی لە سلێمانی لە هەولێر لە کەرکوک نەبووە، بە ئارەزووی خۆیان هاتوون و چوون و ئەمیان هێناوەوئەویان بردووەو، قسەیان فڕێداوە.!. تەنانەت سیاسەتی هەڵەی هەرێمی کوردستان زەوقی تایەفی و قەومی عەرەبیی بەرانبەر کورد هەستاندۆتەوەو، لەبەرژەوەندی گروپێک و چەند کەسێک شەڕێکی گەورەیان هەڵگیرساندووە.
ئەها، خەڵکینە، بیرتان بێ ئەوەی داکۆکیتان لێ ئەکا سبەینێ لە بەغداو لای ئەم و ئەوی بیانی و لە میدیای دەرەوە ئێمەو مانانین، کە ئێوە تاوانێکتان نییەو فریودراون و خزێنراونەتە دۆخێکەوە، ئەوەی کوردستانی وێرانکردوەو یاسای پێشیلکردوەو داهاتی بەهەدەرداوە هەڵدێ. ئێمە خاوەنی ڕاستەقینەی نیشتیمانیین.