شه‌ریف هه‌ژاری: جێی شكۆمه‌ندیه‌ له‌م تێكۆشانه‌ مۆدێرنه‌دا، مێژوی كوردستان به‌ جیهانیی ئه‌كرێ!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چه‌ند ساڵێكه‌ به‌شێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، به‌هره‌كانیان ته‌رخانكردووه‌ بۆ به‌ سینه‌مایی كردنی (نه‌هامه‌تیی و، ده‌رد و ژان و ئازاره‌كان)ی نه‌ته‌وه‌ی كورد، له‌ چه‌ندین فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی سینه‌مایی دا.
ئه‌م خه‌باته‌ ڕوناكبیرییه‌ به‌جیهانیی كردنه‌، له‌ لایه‌ك جێی شكۆمه‌ندكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورده و، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌قی سوپاسكردن و ستایشكردنی ئێوه‌ی هونه‌رمه‌ندانی خۆرهه‌ڵاتیشه‌!
ئێوه‌ له‌ ژێر ده‌ستی داگیركاریی و زاڵمترین ڕژێمی دژه‌ كورد، به‌و خه‌باته‌ ڕوناكبیرییه‌تان، پرس و ژانه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ جیهانی ده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێم ناخۆشه‌ ئه‌مه‌‌ ده‌ڵێم، به‌لام به‌داخه‌وه‌ لێره‌ له‌ باشوری كوردستان سه‌دان (به‌ناو) هونه‌رمه‌ند له‌ لایه‌ن پارتیی-یه‌كێتییه‌وه‌ زه‌وی و پاره‌ی باشیان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌ و. له‌ ژێر ده‌سه‌لاتێكی خۆماڵی دان، كه‌چی تائێستا ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیوه‌ به‌ باشی كاره‌ساته‌ زۆرگه‌وره‌كانی وه‌ك (كیمیابارانی كوردستان به‌تایبه‌ت هی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌نفال، زینده‌به‌چاڵ، ئۆردوگای زۆره‌ملێ، ڕاپه‌ڕین، كۆڕه‌ و زۆر تراژیدیی و سه‌رهه‌ڵدانی دیكه‌) به‌سینه‌مایی بكه‌ن و، له‌ ڕێی فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌وه‌، له‌ سینه‌ماكانی جیهاندا‌ (زیاتر و ڕونتر و خێراتر) پرسی كورد و تراژیدیا و تێكۆشانه‌كانی به‌ دونیا بناسرێ.
باشوری كوردستان هه‌ر مێژوویه‌كی هێنده‌ كورتی نیه‌ كه‌ له‌ ڕوداوه‌كانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیست دا كورتی بكه‌مه‌وه‌ و، هه‌ر هێنده‌ بتوانرێ فیلمی سینه‌مایی به‌ڵگه‌نامه‌یی له‌سه‌ر بكرێ.
به‌ڵكو، (هه‌ر له‌ تراژیدیای ئه‌نفالی هه‌مه‌وه‌نه‌كان به‌ده‌ست عوسمانیه‌كان كه‌ تائێستا نه‌ له‌ ڕوی مێژوویی و نه‌ له‌ ڕوی هونه‌ری فیلمی سینه‌ماییه‌وه‌ شتێكی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، تاده‌گات به‌: به‌تورككردنی كه‌ركوك، قاتوقڕی دانیشتوانی ویلایه‌تی موسڵ به‌تایبه‌ت سلێمانی له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، خه‌باتی شێخ مه‌حمود دژی ئینگلیز و دژی ده‌وڵه‌تی عێراقی دروستكراو، هێنانی عه‌ره‌ب بۆ كه‌ركوك و گۆڕینی دیموگرافیای شاره‌كه‌، به‌ عه‌ره‌ب كردنی خانه‌قین، شۆڕشی ئه‌یلولی 1961، ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر و په‌نابه‌ربونی جه‌ماوه‌ری باشوری كوردستان ڕووه‌و ئێران، شۆڕشی نوێ و، ده‌یان ڕوداوی دیكه‌).
هه‌مو ئه‌مانه‌ ئه‌توانرێ له‌ ڕێی كاری به‌ سینه‌مایی كردنه‌وه‌، ده‌یان فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی له‌سه‌ر بكرێ و، له‌ هه‌گبه‌یاندا كلتوری مرۆڤدۆستیی و ڕزگاریخوازی كوردی تێدا بسه‌لمێ و، كلتوری خوێنڕێژی داگیركه‌رانی تێدا ساغ بكرێته‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ڕێژه‌یه‌كی ئه‌وتۆی فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی سینه‌ماییان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌!
جێی خویه‌تی سوپاس و هاندانی زیاتری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی خۆرهه‌لات بكرێ كه‌ ڕوداو و تراژیدیاكانی خۆرهه‌لات به‌ سینه‌مایی ده‌كه‌ن و، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌جیهانیی ده‌كه‌ن. به‌تایبه‌ت دوا فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی سینه‌ماییان كه‌ له‌سه‌ر (تاعونی ساڵی 1975) ی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، كردویانه‌.
به‌ڵام ده‌بێت هونه‌رمه‌ندانی كورد به‌گشتیی و، خۆرهه‌لات به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌شیان هه‌میشه‌ له‌ یادبێت، كه‌: كوردستان یه‌ك خاك و یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌.
هه‌قوایه‌ هونه‌رمه‌ندانیش به‌تایبه‌ت (هونه‌رمه‌نده‌ به‌هره‌داره‌ سینه‌ماكاره‌كانی خۆرهه‌لات) سنوره ده‌ستكرده‌‌كان نه‌ناسن و، به‌و به‌هره‌ به‌جیهانی كردنه‌ی كه‌ هه‌یانه‌، ڕوداو و تراژیدیاكانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش به‌ فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی سینه‌مایی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی وینای كورد به‌ دیدی جیهان به‌گشتیی و، خۆراواییه‌كان به‌تایبه‌ت، بناسرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت