هاوکار حوسەین: تۆقاندنی خەڵک بەناڕەوا.
رۆژنامەی واشنتۆن تایمز راپۆرتێکی لەبارەی ئەو جموجوڵە عەسکەرییەی دەوروبەری کەرکوک بڵاوکردەوەو لەزاری یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی ئەمریکاوە حەقیقەتی بابەتەکە دەخاتەروو.
پێش ئەوەی پوختەی بابەتەکە باسبكەم، دەبێت سەرەتا نیەتی ئەم هەڵایە ئاشکرابکرێت: دەزگای پاراستنی پارتی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو و لەرێگەی دەزگا میدیایەکانی خۆیانەوە، بابەتەکەیان تا ئاستی تۆقاندن لەقەبارەی خۆی گەورەتر کرد؛ مەبەستی سەرەکیشیان ئەوەیە دەیانەوێت سەرنجی خەڵکی توڕە لەشکستی ریفراندۆم و ئەو نەهامەتیانەی بەدوایدا هات، بگۆڕن بۆ ئەوەی کە لەبەردەم مەترسی شەرداین و بابەتەکە لەبیر خەڵکی بەرنەوە. لەهەموشی گرنگتر دەیانەوێت بەجوڵاندنی سۆزو ترس سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی ئەم گەمارۆیەی ئێستا رابکێشن. جا ئەوانەی دەڤەری ئەمبەریش کە واجیهەی پشتەوەی پارتین لەبابەتی کۆسرەت و نەجمەدین کەریم و شێخ جەعفەر و حەمەی حاجی مەحمود، کە جگە لە تەلی زبری شەڕو شۆڕ هیچ دەرمانێک رویان سپی ناکاتەوە، مەوزوعەکەیان بەهەلزانی تا قەرەبوی ئەو سەهوە بکەنەوە کە لە 25ی ئەیلول کردیان و ئەوەندەی تر رەوشەکەیان لەخۆڕا گرژکرد.
ئەسڵی بابەتەکە لەدەمی ئەو فەرماندە مەیدانیەوە کەناوی جەنەراڵ وایتە، ئەوەیە کە هیچ نیەتێک نیە حکومەتی عێراق بیەوێت کۆنترۆڵی کەرکوک بکاتەوە بەهێز؛ دەشڵێت: هیچ بەڵگەیەک نیە کە لەهیچ ئاستێکی باڵای سەربازیی عێراقەوە پەیامی هەڕەشە و شەڕئامێز رەوانەی هەرێم کرابێت. هۆکاری گردبونەوەی هێزەکەی عێراقیش تەنها بۆ گەمارۆی حەویجەو رێگرتن بوە لەمناوەرەی چەکدارانی داعش.
راپۆرتەکە بەناراستەوخۆ ئاماژە بەو هەڵا پوچ و شەرە دەرونیەی ئیعلامی پارتی و کەناڵەکانی جوت ئامۆزا دەکات، کە لەخۆڕا دەنگۆی هەڵایسانی شەڕیان فوتێکردوە. بەڵام ئەگەر یەکێتی وریا نەبێت لەم مەسەلەیەدا؛ ئەوا ئەگەر عێراقیش نەیەوێت، دورنیە بەپلانێکی پارتی؛ لەشەڕێکی خوێناوی لەگەڵ حەشدی شەعبی تێوەنەگلێت.
لینکی راپۆرتەکەwashingtontimes