هۆمه‌ر نۆریاویی: میدیای ناپیشه‌یی و نانیشتمانی.
میدیا، ئه‌مڕۆکه به کۆڵه‌که‌ی چواره‌می دیمۆکراسی داده‌نرێت و یه‌کێکه له کاریگه‌رترین چه‌که‌کانی ده‌ست وڵاتان له ئاستی جیهاندا. له‌و نێوانه‌یشدا، میدیا و ڕاگه‌یاندنی نه‌ته‌وه‌یی، ئاوێنه‌ی باڵانوێنی کۆمه‌ڵگه ده‌بێت و باڵاترین ده‌ور له پێکهێنانی ته‌بایی و یه‌کڕیزیی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی وشیاریی و ئاگایی له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بینێت. شکاندنی شان و شکۆی که‌سایه‌تییه کوردستانییه‌کان و دابه‌زاندنی وره‌ی هێزی کۆڵنه‌ده‌ری پێشمه‌رگه له هه‌ر پار و به‌شێکی کوردستان بێت، ناحه‌قییه‌کی گه‌وره به‌رانبه‌ر به‌م گه‌له سته‌مدیده ده‌بێت و ئیدی سه‌رده‌می ئه‌م چه‌شنه ڕه‌وتارانه به‌سه‌ر چووه و بۆ هه‌مووان ده‌رکه‌وتووه که ئه‌م پرسه ته‌نیا ده‌که‌وێته خانه‌ی ئاو به ئاشی دوژمن‌دا کردن.
میدیای ئێستای کوردی پێویسته سه‌رده‌مییانه و پیشه‌ییانه ئیش بکات و خۆی دوور بگرێت له په‌یڕه‌وکردنی هه‌ر جۆره سیاسه‌تێکی نه‌زۆکی نانیشتمانی. له لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌و خزمه‌ته‌ی میدیای ناپیشه‌یی و نانیشتمانی به ناحه‌زانی کوردستانی ده‌کات و جه‌ماوه‌ر ده‌کات به دوو به‌ره‌وه و ناکۆکییه‌که قووڵتر ده‌کاته‌وه، خودی ڕاگه‌یاندنی دوژمن ئه‌وه‌ی به سووک و هاسان بۆ ناچێته سه‌ر. دیاره ئه‌مه نیشانه بۆ په‌روه‌رده‌ی حیزبیی زاڵ به‌سه‌ر ئه‌و جۆره که‌ناڵانه ده‌بێت که مخابن دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌یی تا کاتێک داکۆکی لێوه ده‌کرێت که له به‌رژه‌وه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی ئامانجه حیزبییه‌کاندا بێت. ئه‌م که‌ناڵ و ئه‌و که‌ناڵ، به‌رپه‌رچی ئه‌و که‌ناڵ و ئه‌و ده‌زگه‌ی ڕاگه‌یاندن ده‌داته‌وه و ئه‌مه هه‌مان خواستی ناحه‌زانی گه‌له. له دره‌نگانی دوێشه‌و و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه به هه‌زار داخ و که‌سه‌ره‌وه میدیا و ڕاگه‌یاندنی کوردی به شێوه‌یه‌کی ڕوونتر بووه به دوو له‌ته‌وه و که‌وتوونه‌ته تۆمه‌تبارکردنی یه‌کتر و جه‌ماوه‌ریان تووشی چهواشهییهکی سامناکی ئه‌وتۆ کردووه که خه‌ڵک به‌ڕاستی دۆش داماوه و نازانێت کامه‌یان خزمه‌تی نیشتمان ده‌کات و کامه‌شیان له سه‌نگه‌ر و خانه‌ی دوژمندایه.
کاتێک وه‌زاره‌ت و ده‌زگه و ناوه‌ند و سه‌نته‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی چاودێری به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی کوردییه‌وه نه‌بێت، ئه‌مه ده‌ره‌نجامه‌که‌ی ده‌بێت که ته‌نیا خزمه‌تی دوژمنان ده‌کات. به‌رژه‌وه‌ندی به‌رته‌سکی حیزبی ئه‌مڕۆکه کوردستانی به ئاقارێکدا بردووه که خه‌ریکه زۆر له ده‌سکه‌وته مه‌زنه‌کان له کیس ده‌چن. له ڕێی که‌ناڵ و په‌یامنێری گۆشکراو به ئه‌قڵییه‌تی حیزبییه‌وه، له جیاتی کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو تواناکان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی پیلان و په‌لاماری ناحه‌زانی کوردستان، که‌رتبوون و که‌لێنێک که‌وتۆته نێو ڕاگه‌یاندنی کوردییه‌وه که جێی داخێکی گرانه. ئه‌مه هه‌مان سیاسه‌تی سواوی پارته کوردییه‌کانه که ڕاگه‌یاندن و میدیای کوردی گوێ له مستیان بار هێناوه و ئه‌و ده‌رفه‌ته ناده‌ن میدیای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی دروست بێت . ڕاسته به‌شی فره‌یان بانگه‌شه‌ی میدیای نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆ و… ده‌که‌ن به‌ڵام له کاتی قه‌یرانه‌کاندا سیمای ڕاستینه‌یان ده‌رده‌که‌وێت و ته‌نیا ئاو له ئاشی دوژمن ده‌که‌ن.
گه‌ر به دوای هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ڕه‌وشه‌دا بگه‌ڕێین، ده‌بێت تیره‌که به‌ره‌و ڕووی خودی سه‌رکردایه‌تی پارته‌کان بکه‌ینه‌وه که گه‌لیان به‌م ده‌رده بردووه.
نه‌بوونی چاودێریی ڕاسته‌وخۆی ده‌زگه‌یه‌کی نیشتمانیی به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی کوردیی و خه‌مساردی و که‌مته‌رخه‌میی به‌رانبه‌ر به میدیای کوردی، ئه‌مڕۆکه‌ی دروست کردووه که تا دێت شه‌قبوونی زێتر ده‌خاته نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانه‌وه. ئه‌م، په‌یام ده‌گوێزێته‌وه و ئه‌و هێز و پارت و لایه‌نی پێ تۆمه‌تبار ده‌کات که فڵان شوێنی ڕاده‌ستی هێزی نه‌یار کردووه و ئه‌وی دیکه‌یش، له‌ملاوه ئه‌و به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کات که فڵانه شوێنی به‌بێ ته‌قه چۆڵ کردووه.
سێبه‌ری تاسه‌ر ئێسقان حیزبی به‌سه‌ر میدیای کوردییه‌وه ئه‌مه ئاکام و ده‌ره‌نجامه‌که‌یه‌تی و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی شتی ترسناکتریش بکه‌ین. دروستبوونی ئه‌و که‌لێن و له‌تبوونه له نێو میدیا و ڕاگه‌یاندنی کوردییدا ده‌رفه‌تێک ده‌خاته به‌رده‌م هێز و لایه‌ن و ڕه‌وته نیشتمانییه‌کان تا هه‌له‌که بقۆزنه‌وه و بۆ داهاتوو به‌رپرسیارانه‌تر بجووڵێنه‌وه و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری چاودێری وردی به‌سه‌ر کار و چالاکی ڕاگه‌یاندنی کوردییه‌وه هه‌بێت و هه‌ر جۆره ده‌زگه‌یه‌کی ڕاگه‌یاندنی لاده‌ر و پێشێلکار، وه‌به‌ر لێپرسینه‌وه و لێپێچینه‌وه بخات ئه‌گینا ئه‌م ڕه‌وته هه‌ژێنه‌ره هه‌ر وا درێژه‌ی ده‌بێت و سبه‌ی ده‌رهاویشته‌کانی، به‌رۆکی سه‌رپاک کۆمه‌ڵگه ده‌گرێت و فه‌رهه‌نگێکی سه‌قه‌ت و لاواز و نانه‌ته‌وه‌یی به نێو کۆمه‌ڵدا بڵاو ده‌کاته‌وه که گه‌ره‌ک(ده‌بێت) ده‌یان ساڵ ئیش بۆ سڕینه‌وه‌ی بکرێت. ده‌رکرانی په‌یام له لایه‌ن ئه‌م حیزب و ئه‌و پارته‌وه گۆمه‌که زێتر ده‌شڵه‌قێنێت و ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌نێکی کوردییدا نابێت و بگره که‌لێنی زێتر ده‌خاته نێو کۆمه‌ڵگه‌وه.
ڕاگه‌یاندنی کوردی پێویسته به ڕه‌چاوکردنی بنه‌ما و پره‌نسیبه‌کانی میدیایی بجووڵێته‌وه و نابێت به هیچ چه‌شنێک یاریی به ئاوه‌ز و فامی جه‌ماوه‌ری کوردستان بکات. گوێزتنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان وه‌ک خۆی، یه‌کێکه له ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کان و با میدیای کوردی، ڕاڤه، شرۆڤه و لێکدانه‌وه‌ی بویه‌ر و ڕووداوه‌کان به که‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕی نه‌ته‌وه‌یی و به دوور له ده‌مامکی حیزبی بسپێرێت و به‌رچاوڕوونی به گه‌ل ببه‌خشێت؛ ئه‌وه گه‌له بۆ خۆی بڕیار ده‌دات و هیچ پێویست به گێره‌شێوێنی ناکات. ئه‌م گه‌له سه‌دان ڕۆژی تاڵتر له‌مه‌ی بینیوه و ئه‌وه‌نده وریا و وشیاره که ده‌زانێت که‌ی و چلۆن و دژ به کێ ڕاپه‌ڕێت. ڕاگه‌یاندنی کوردی نابێت به هێج جۆرێک خۆی له قه‌ره‌ی داکۆکی ڕه‌ها له‌م پارت و ئه‌و لایه‌ن بدات و پێویسته قه‌تیش تخونی ناوزڕاندن و سووکایه‌تیکردن به هیچ که‌سایه‌تی و لایه‌نێکی کوردی نه‌که‌وێت و به شێوه‌ی تاکلایه‌نه، ڕووداوه‌کان نه‌گوێزێته‌وه. له‌به‌ر پاراستنی پیرۆزیه‌تی کوردستان و خوێنی شه‌هیدان، ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری ده‌کرێت و هه‌ڵمه‌تی ڕزگارکردنه‌وه‌ی ناوچه کوردستانییه‌کان، ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه، یه‌کگرتوو و یه‌کڕیز بن و سووکایه‌تی به یه‌کدی نه‌که‌ن و به‌ره‌نگاری پیلانی دزێوی دوژمنان ببنه‌وه. جارێکی دی برا به ده‌ست برا نه‌کوژرێت و شه‌ڕی هه‌ژێنه‌ری “براکوژی” نه‌خه‌نه‌وه ڕێ.
تکایه با به‌ڕێوه‌به‌رانی که‌ناڵه کوردییه‌کان هه‌موو هه‌وڵی خۆ له پێناو ڕێکخستنه‌وه و یه‌کخستنه‌وه‌ی ناوماڵی کورددا ده‌کار بێنن و پێش به په‌رته‌وازه‌یی کورد بگرن و به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕه‌وشه‌که بکه‌ن و هیوابڕاویی بۆ ناو کۆمه‌ڵگه نه‌گوێزنه‌وه. ئه‌رچی جیاوازن و هه‌ر یه‌که و نوێنه‌رایه‌تی پارت و لایه‌نێک ده‌که‌ن، لێ ،با سووکایه‌تی و بێڕێزی به شکۆی نه‌ته‌وه‌که‌یان نه‌که‌ن و بۆ داکۆکی و به‌رگریی له مافه ڕه‌واکانی میلله‌ته‌که‌یان ، ته‌با و یه‌کده‌نگ بن.
با خه‌مخۆرانی گه‌ل هه‌ست به هه‌ستیاربوونی دۆخه‌که بکه‌ن و ڕه‌وشه‌که بقۆزنه‌وه و ئه‌م شه‌ڕه ڕاگه‌یاندنه بخه‌نه خزمه‌ت به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پیلانه کرێته‌کانی دوژمنانی گه‌ل و نیشتمان و له پێناو سه‌رخستنی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا ده‌ستبه‌رداری مه‌رام و ئامانجی حیزبی بن. شه‌ڕێکی سه‌خت و تۆقێنه‌ر ده‌رماڵی پێ گرتووین، با ئه‌زموونه تاڵه‌کان دووجاره نه‌که‌ینه‌وه و بیر له سبه‌یه‌کی ڕووناکتر بۆ کوردستان بکه‌ینه‌وه. چیی دیکه برینه کۆنه‌کان مهکۆلێنهوه و بیر له یه‌کڕیزیی گه‌وره‌تر بکه‌نه‌وه.