بورهان شێخ ڕەئوف: کێ بەرپرسیارە لەوەى ڕوویدا؟
ئەوەى لە ڕۆژى 16/10/2017 ەو ڕۆژانى دوایى ڕوویدا لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى ترى دەرەوەى هەرێم شتێکى چاوەڕوان کراوبوو، لە دەستدانى نیوەى خاکى مێژوویى کوردستان بوو لە هەمان کاتدا کە کورد لە شەڕى تیرۆر و داعشدا لە هاوپەیمانى نێو دەوڵەتیدا ئەندامێکى کاریگەر بوو بە قەولى ڕۆژئاواییەکان خۆیان چ ئەمریکاو چ ئەوروپیەکان.
کە چاوەڕوان دەکرا کورد لە باشوور کە یەکێک لە لایەنە براوەکانى ئەو شەڕەبوون خاوەنى دەستکەوت و غەنیمە بن بەڵام بە پێچەوانەوە بوون بە یەکەم قوربانى لە سایەى سەرى کاربەدەستانى هەرێمەوە.
لە دەستدانى هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتى و ئیقلیمیەکان و ناوخۆییەکان بە عێراقیشەوە، داخستنى هەردوو فڕۆکەخانەکانى هەولێرو سلێمانى هەڕەشەى داخستنى هەموو دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان لە گەڵ وڵاتانى ئێران تورکیا.
ئەگەر لەماوەى ڕابردوودا هەرێمى کوردستان خاوەنى تایبەتمەندییەکى خۆى بوو سەرەڕاى ئەوەى کە هەرێمێکى فیدراڵى عێراق بوو زۆر دەستەڵاتى فراوان و سەربەخۆى هەبوو بەڵام لە ئێستادا وادیارە ئیتر حکومەتى ئیتحادى قایل نابێت بەو فۆرمەى جاران حوکمڕانى بکات و بەند بەندى دەستوورو یاساکانى بەسەردا دەسەپێنن دواى ئەوەى ئەمریکا و هاوپەیمانى کانى لەسەر مەسەلەى ڕیفراندۆم زیز بوون لە کاربەدەستانى هەرێم وتیشکى سەوزیان بۆ بەغدا داگیرسان.
بەڵێ لە ئێستادا لە دواى لە دەستدانى زۆربەى کارتە بەهێزەکانى دەستى هەرێم بەهۆى زۆر فاکتەرەوە لەوانە پەکخستنى پەرلەمان و دەستاودەستنەکردنى دەستەڵات تا سەرکێشى ڕیفراندۆم و گوێ نەگرتن لە هەموو هەوڵەگرنگەکانى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا و نامەکەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و ئەنجومەنى ئاسایش و وڵاتانى دراوسێ و ئەمیندارى کۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبى بۆ داوخستنى و نەکردنى ڕیفراندۆم.
لە هەموو ئەوانە نیگەرانکەرتر پاشەکشەى کوردو پێگەکەى لە عێراق و ناوچەکە یەکگرتن و هەمانەهەنگى هەموو یارونەیارەکان دژ بەکورد و تازەبەتازە کاربەدەستەکانى عێراق لە ناو هێنانى کوردستان خۆیان دەپارێزن و وەکو تورکیا ئەمانیش دەڵێن باکوورى عێراق.
ئێستا لە دواى ئەو شکست و نووشستیە پڕ ئازارە کاتى تۆمەت بەخشینەوەو بەزم و بالۆرە نیە کاتى بڕیارى بۆێرانەو ئازایانەیە کاتى داننانە بە شکست و کاتى چوونە ژێر بارى بەرپرسیارێتیە لە ئاستى باڵادا بە دەستلەکار کێشانەوە ، چونکە وڵات هەر بەوە لەم قەیرانە قوورسە ڕزگارى دەبێت و دەرگاى وتوێژو دان و سان لەگەڵ هەموولایەکدا دەکرێتەوە.
بە پێچەوانەى ئەوەوە هەمان ئەزموونى سەدام حوسێن دووبارە دەبێتەوە کە نەچووە ژێر بارى هیچ بەپرسیارێتى و ئامۆژگارى یارونەیارەکانى تاوەکو بەکارهێنانى هەموو کارت و فشارەکان بە سەربازیشەوە تا کۆتایى یان پێهێنا.
لە هەمان کاتدا دەبێت کاربەدەستانى حکومەتى ناوەندى عێراق باش بزانن کە گەڕانەوە بۆ شێوازو ئەزموونە کۆنەکانى عێراقى سنتراڵ حوکمڕانى عێراق ناکرێت و جارێکیتر دەمبانبەتەوە بۆ توندوتیژى و خوێن ڕشتن.