نەوزادى موهەندیس: زیانەکانى هەرێم بە ژمارە لە داهاتى نەوت لەدواى داگیرکردنەوەى ناوچە دابڕێنراوەکان لە مانگێکدا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
داهاتى هەرێم لە فرۆشتنى نەوت بە بۆرى و بە تانکەر لە مانگى 9/2017دا بریتى بوە لە ( 1024952000 ) ملیار دۆلار. جگە لەداهاتى گومرک و فڕۆکەخانەکان و باج و دەرامەت و… هتد. کە مەزەندە دەکرێن بە 150 ملیۆن دۆلارى تر. واتە کۆى داهاتى هەرێم بریتى بوە لە ( 1174952000 ) ملیار دۆلار
ئەم بڕە پارەیە بە دینارى عێراقى ( گەر 100 دۆلار بە 125000 دینار ) بێت دەکاتە ( 1468690000000 ) یەک تریلیۆن و 468 ملیار و 690 ملیۆن دینار، کۆى خەرجى مووچە و خەرجیەکانى حکومەتى هەرێم لە ( 1 ) مانگدا بەم ((چارەک و نیوە مووچەیە) بریتى بوە لە 620 ملیار دینار
گەر ئەو داهات و خەرجیانە لێکدەربکەین ئەوا بڕى داهاتى ماوە بریتیى دەبێت لە ( 848690000000 ) ملیار دینار
ئەم داهاتى نەوتەى هەرێم لە 13 کێڵگەى نەوتى هەرێم ( تاوکێ و تەق تەق و شێخان وپیشخابور و کۆرمۆروعەینزال و سەرسەنگ و سەرقەڵاوهەولێر و خەلەکان و عەین سفنى وئەتروش ودەمیر داد) کە بەرهەمیان بریتیە لە (235000) بەرمیل /ڕۆژ و ڕێژەى 30% نەوتى باکورى عێراق پێکدێنن.
6 کێڵگەى نەوتى کەرکوک(( خۆرمەڵە و باى حەسەن و ئاڤانا و باباگوڕگوڕ و خەبازە و جەمبور)) کە بەرهەمیان بریتیە لە( 550000 ) بەرمیل /ڕۆژ و ڕێژەى 70% بەرهەمى نەوتى باکورى عێراق پێکدێنن.
واتە حکومەتى هەرێم ڕۆژانە بڕى(( 785000 ))بەرمیل نەوتى فرۆشتوە.لەم 19 کێڵگەیەوە.
لەدواى داگیرکردنەوەى کێڵگە نەوتیەکانى کەرکوک لەلایەن حکومەتى بەغدادەوە ، ئەوا هەرێم تەنها (13 ) کێڵگەى نەوتى لەبەردەستدا دەمێنێتەوە کە ڕۆژانە تەنها بڕى 235000 بەرمیل نەوت بەرهەمیان دەبێت.
لەمانگێکدا دەکاتە(( 7050000 )) بەرمیل و گەر نرخى (( 1 بەرمیل نەوت 45 دۆلار)) بێت ئەوا داهاتەکەى لەمانگێکدا دەکاتە( 310000000 ) ملیۆن دۆلار
کەواتە زیانەکانى هەرێم تەنها لەداهاتى نەوتدا بریتیە لە
1024952000 – 310000000 =((714702000 ))ملیۆن دۆلار
ئەگەر داهاتى نەوتى هەرێم( 310 ملیۆن دۆلار و داهاتەکانى تر 150ملیۆن دۆلار ) بێت ئەوا کۆى داهات دواى داگیرکردنەکە دەکاتە ( 460 ملیۆن دۆلار ) کە یەکسان دەبێت بە( 575 ) ملیار دینارى عێراقى
کۆى خەرجیەکان ( چارەک و نیوە مووچە + خەرجیەکانى تر ) لە مانگێکدا یەکسانە بە ( 620) ملیار دینار
کەواتە حکومەتى هەرێم لەمانگێکدا بڕى ( 45ملیار ) دینار کورتهێنانى دەبێت
بۆیە دەتوانێت تەنها لە ماوە( 2 مانگ جارێکدا یان زیاتر ) ( چارەک و نیوە مووچە ) بداتە فەرمانبەران.
کە ئەمەش هێندەى تر قەیرانى دارایى توندتر دەکات و حکومەتى هەرێم بەرەو ئیفلاس بوون دەبات، چونکە داهاتەکانى ناوخۆ وفڕۆکەخانە و دەروازە سنوریەکانیش دەبێت بگەڕێتەوە لاى حکومەتى بەغداد. کەواتە حکومەتى هەرێم تەنها دەبێتە خاوەنى ئەو ( 310 ) ملیۆن دۆلارەى کە داهاتى نەوتى کێڵگە نەوتیەکانى کوردستانە، خۆ ئەگەر حکومەتى بەغداد پێداگیر بکات لەسەر گەڕاندنەوەى ئەو بڕە داهاتەش ئەوا حکومەتى هەرێم هیچ سەرچاوەیەکى داهاتى لەبەر دەستدا نامێنێت. چونکە لە ئێستادا بەغداد سەرجەم کۆمپانیا نەوتیە جیهانیەکانى ئاگادارکردۆتەوە کە هیچ گرێبەست و مامەڵەیەک لەگەڵ حکومەتى هەرێمدا نەکەن بەبێ ڕەزامەندى بەغداد.کە ئەم هەنگاوەش هێندەى تر هەرێم دادەبڕێت لەسەرچاوەى داهاتەکانى.
ئەمە سەرەڕاى 20-30 ملیار دۆلار قەرزى دەرەکى و ناوخۆیى کە لەئەستۆى حکومەتدایە
کەواتە چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ لاى بەغداد بە زەلیلى و لاوازى، ئەمەش لە ئەنجامى سیاسەتى هەڵەى حکومەت و سەرکردایەتى سیاسى کوردەوە هاتە گۆڕێ. لەکاتێکدا حکومەتى هەرێم بۆخۆى وەک دەوڵەتى سەربەخۆ مامەڵەى دەکرد،بەڵام لە ئێستادا نزیکەى 51% خاکى هەرێممان تەسلیم بە بەغداد کردەوە و بەدەستى خۆمان سنور و دەسەڵات و شکۆى خۆمانمان بچوککردەوە و گەڕاینەوە بۆ سنورەکانى ساڵى 1991 و بەمەش لەجیاتى ئەوەى ئەم ئەزمونى حوکمڕانیەمان بەرەوپێش بەرین 26 ساڵ گەڕاندمانەوە بۆ دواوە لەسەر هەموو ئاستە سیاسى و ئابورى و سەربازى و ..هتد. و گەڕاینەوە بۆ چوار گۆشەى یەکەم.و بەداخەوە بۆ ئایندە شتێک نامێنێت بەناوى حکومەتى هەرێمەوە ،چونکە پایە گرنگەکانى هێز و توانى خۆى لەدەست دەدات لەهەریەکە لە ( شکۆ و هەیبەت کەبریتیە لە یاسا و دەسەڵات، بودجە و داهات، پلان و نەخشەڕێگا و کادرى شارەزا)، چونکە هەر حکومەتێک خاوەنى ئەم 3 پایە گرنگە نەبێت تانواێت حوکمڕانیەکى ڕەشید و سەرکەوتوو بەڕێوە ببات.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی