دلێر حسێن پیرۆمەری: خۆ گوتمان.
هاوکارانی نوسەر: کارۆخ عوسمان – هۆشیار شێرکاوەیی
– گوتمان ھێنانە پێشەوەی پرسی ڕێفەراندۆم بەدیلی شەڕی (داعش) ـە بۆ غافڵگیری گەلی غافڵێنراو.
– گوتمان بارزانی گرنگترین پرسی نیشتمانی كردۆتە گاڵتەجاڕی و یاریەكی قێزەون دەكات بەقوربانیدان و ھەستی ناسیۆلیزمی ماندووەكانی شۆڕش.
– گوتمان دواكەوتەكانی بارزانی لەم ڕێفەراندۆمە بۆ پارووە چەورە چروكەكانیان بەددانی ساغ چڕیان لەسەروەتی خەڵك و ئافەرینی بارزانی گرتووە.
– گوتمان ھاش وھوشی ڕێفەراندۆم درۆیەكی گەورەیە لەنێو ئەو ھەزاران درۆیەی كەسەركردایەتی كۆنی كورد و حوكمڕانی ئێستا، كە ھەرزان فرۆشی دەكەن.
– گوتمان ئەوەی دووجار دەستی بسوتێ جاری سێیەم خەتای خۆیەتی، بۆیە نەدەبوو بەبارزانی و سەرسەریە دەھۆڵ كوتەكان بڕوابھێنن.
– گوتمان فیتی ڕێفەراندۆم زەڕڕەیەك پەیوەندی بەخواستی گەل و مافی چارەنووسەوە نیەو تەنھا بۆ بەردەوامبوونە لەم بێ شەرعی و بێ یاساییەی كە بارزانی بەھاوكاری سەربادراوەكان دەستی پێوەگرتووە.
– گوتمان ئامانجی سەربەخۆیی لای ئێمەیەو ئەوانەی خەڵكی پێ دەغافڵێنن جاش و خائینن، موستەشاری دوژمنی كۆن و نوێن.
– گوتمان حەماس نەتانگرێ، ئەمە زەوقی ڕەپی بەھارەو زەڕەی كەری ناو مێرگ و پێدەشتی لەوەڕگایە، بەیەك كەلیمەی لوتفی كوێخا دادەمركێ.
– خۆ گوتمان ئەوان مرۆی دەوڵەتداری نین، جگە لەجاشی جەیشی قەرەقۆش و ئاخون، عەمیلی حوكمی ئەنادۆڵ و قوم زیاتر ھیچیتر نین.
– گوتمان دەستەی سەرپەرشتیاری ڕێفەراندۆم دەستیان كەشفەو باش نیە باوەڕیان پێبكرێت، چونكە دزو گەندەڵ و چەتەو جەردەو مافیای نەوتن.
– گوتمان سەرۆكی بۆڕدی درۆگەورەكەی ڕێفەراندۆم لەسەر دزی دەركراوە، كەواتە دز ھەرگیز ناتوانێ ئامانجی سەربەخۆیی بەدەست بێنێت.
– گوتمان ڕێفەراندۆم بۆ دەوڵەت نیە چونكە ھیچ پێشمەرجێك ئامادە نەكراوە، بگرە ئەوەندە كەمەی كەھەشبوو لەناویان برد.
– خۆ گوتیشمان ئەوە پڕۆژەی توركیایەو دەرین دەوڵەتی تورك بەرھەمھێنەریەتی، بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانە سیناریۆكەی دەستی دەستەڵات و بێ شەرعیەتی بارزانی و ئەم ھەموو قازانجەی كە توركیا لەسەروەتی گەلی باشوری كوردستان دەیكات. بۆئەوەیشە كە پێش بەئێران بگرێت. كەچی لەگەڵی ڕێ ئەكەوێ.
– گوتمان بەو یاریی یە ناشیرینەی بارزانی و هاوبیرەکانی میللەت توشی نەهامەتی دەبێت، یار و نەیارمان دەبن بەبرا بۆ گیانمان.
گوتمان هاشو هۆشی دەوڵەت بۆبەئاگا هێنانەوەی دوژمنانی کوردەو بۆ لەباربردنی خەونی لەمێژینەی میللەتە.
– گوتمان ئەوەی هەشمانە لەسایەی ئەقڵیەتی ئەو بەناو سەرکردانەی كورد لەدەستی دەدەین.
– گوتمان ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم مەترسی لەدەست دانیان لەسەرە، بەڵام دیاربوو ئامانجیان ئەوەبوو.
– گوتمان بەدیلی ڕیفەراندۆم سەربەخۆییە نەک بەچۆكداھاتن لەبەردەم بێگانەو پارانەوەی شەفاعەتکردن و لێ خۆش بون.
– گوتمان بەهەڕەشەی سەری پەنجەکەت سەربەخۆیی بەدەست نایەت، لەجیاتی هەڕەشە ناو ماڵی کورد یەکبخە نەک پەرتە وازەی بکەی.
– گوتمان لێکدانەوەکانت هەڵەن، بەقەرەباڵغ کردنی دیوەخانت بەوکاڵفامە سیاسی و ماستاوچیانە دەوڵەت دروست نابێت و ئیتر درۆكردنیش بەسە.
– گوتمان زوو یان درەنگ تێدەگەن دەنگی ئێوە بۆ مانەوەی حوكمی ناشەرعیە نەک سەربەخۆیی، ئەوەتا دوای یەک دووهەفتە بەرهەمی دەنگتان: قیادە سەورە، گەڕانەوە بۆ بۆخەتی سی وشەش، لەدەستدانی تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان بەکەرکوکیشەوە، شەھیدبوونی پێشمەرگە بەئیحازی نابەرپرسانە، دەربەدەربوونی خەڵك بەم سەرمای پایزە. ئەوەش دەوڵەتەكەی كەڕنەڤاڵی تاكڕەوی بارزانی و گوتافی دەلەسەی نەژادپەرەستی.
گوتمان گوتمان گوتمان .