کامیار سابیر: داگیرکردنی هەولێر، یان ئازادکردنی.
چونکە هیچ بەرژەوەندییەکی ماددیی و مەعنەوییم لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە سیاسییەی پارتیی ویەکێتییدا نییە، چونکە وەکو پرەنسیپی سیاسیی و فیکریی، باوەڕم بە خورافاتی نەژادیی، طائیفیی و نەتەوەیی نییە، چونکە نیشتمانییانە( نەک نەتەوەییانە) و تۆلێرانسانە بییر دەکەمەوە، بە جورئەتیشەوە، بێ ترس لە پۆپۆلیزمی کوردایەتیی و بێ ترس لەوەی خوێنەر لە دەست بدەم و خەڵکم لێ بتەکێتەوە، بێ ترس لەوەی بەر تەخوین و بەئەهریمەنکردن بکەوم، لە هەموو کات و ساتێکدا، بەوپەڕی ئاگایی سیاسیی و فیکرییەوە، خاڵ لەسەر حەرفەکان دادەنێم.
شاری هەولێر لە 1996 ەوە داگیرکراوە، من پارتیی و بنەماڵەی بارزانیی بە مەترسیی ستراتیژیی بۆسەر ئاییندەی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە دادەنێم نەک سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی، بۆیە گەڕانەوەی پۆلیسی فیدراڵ و دەسگا شەرعییەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی کانە نەوت و غازەکانی کوردستان، بۆ کۆنترۆڵکردنی خاڵە گومرییەکان و مەطارەکان، لە ئێستادا زۆر زۆر پێویستە بۆ ئەوەی درۆی کوردایەتیی و دراوی رەیع لەم چەتە و مافیایانەی کوردستان بسەندرێتەوە.
گەلی کورد، لە کوردستانی عێراقدا، هیچ کێشەیەکی سیاسیی، ئابووریی و نەتەوەیی نییە. لە هیچ سیستەمێکی فیدراڵێی ئەم دونیایەشدا، کەمە نەتەوەیەک نییە ئەوەندەی کوردی عێراق، لە دەستوری وڵاتەکەیدا، مافە سیاسیی و ئابوورییەکانی سەلمێندرابێت. ئەوە فاشیزمی کوردایەتیی و فاشیزمی طائیفیی سوننییە کە گێچەڵ بە عێراق دەفرۆشێت و شەڕەقۆچ لەگەڵ فاشیزمی شیعییدا دەکات. شەڕی قەومیی دژی عەرەب، دژی تورکمان، شەڕی مەذهەبییش دژی شیعە، مانیفێست دەکات.
ئەگەر هەژموونی بنەماڵەی فاسیدی بارزانیی بەسەر گەلی کوردستان و ناوچەکەدا کەم بکرێتەوە و تەحجیم بکرێن، نەک هەر گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا، بەڵکو گەلی کورد لە کوردستانەکانی تریشدا، دەروویەکی خێریان لێدەکرێتەوە و گەلانی عێراقیش، لای کەم صەبوورییەک بە گەروویاندا دێت. ئەمانەت قبوڵ نییە، ئەوە تۆ نەژادپەرستیی، نەتەوەپەرستیی و طائیفییبوونی سوننیی، لە کوردبوون و لە ئینسانبوونی خستوویت. ئەمە بابەتێکی فیکریی و سیاسییە و وەکو پرەنسیپی ئینسانیی، داکۆکیی لێدەکەم. تۆیش ئازادیت بەناوی کوردایەتییەوە هەتا دەمریت، کۆیلەی مافیاکانی نەوت بیت.