نەوزادى موهەندیس: لە ئێستادا دەستپێشخەرى سیاسى لەلاى چ حیزب و سەرکردەیەکە؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە حیزبى سیاسى وەک بونەوەرێکى زیندوو، بەقۆناغە جیاوازەکانى گەشەکردن و گەورەبوون و پێگەیشتن و دواتریش پوکانەوە و لاوازبوون و تەنانەت مردنیشدا تێپەڕدەکات، جا هەر حیزبێکى سیاسى گەر بیەوێت زۆرترین ماوە لەسەر شانۆى گۆڕانکارى و ڕووداوەکاندا بمێنێتەوە دەبێت هەمیشە لەهەوڵدا بێت بۆ ئەوەى دەستپێشخەرى سیاسى ((موبادەرەى سیاسى )) لەدەستدا بێت، هیچ حیزبێکى سیاسى بەبێ بوونى پێگەیەکى ڕابەرایەتى و فکرو ئایدیایەکى پێشکەوتوو و بەبێ بوونى بەرنامەیەکى خزمەتگوزارى و گەشەکردن و خۆشگوزەرانى هاوڵاتیان و کۆمەڵگاکەى و بەبێبوونى تێڕوانینێک بۆ ئایندە، ناتوانێت ئەو دەستپێشخەریە سیاسیە مسۆگەر بکات بۆ خۆى و وەک پاڵەوان ڕۆڵ و کاریگەرى بمێنێتەوە، بەتایبەتیش کە لە گۆڕەپانە سیاسیەکەدا چەندین هێز و لایەن و سەرکردە و حیزبى سیاسى تر هەن و لەهەوڵى گۆڕانکارى و جێگۆڕکێى سیاسیدان. بۆیە حیزبى سیاسى دەبێت هەمیشە لە پڕۆسەیەکى بەردەوامى خۆنوێکردنەوەدا بێت لە جەستە و عەقڵ و بەرنامە و تێڕوانینەکانیدا و نابێت خۆى قەتیس بکات لە چوارچێوەیەکى بچوک و داخراودا، چونکە زەمەن بەسەریدا بازدەدات و ئەمیش دەبێتە بەشێک لە ڕابووردوو، حیزبى سیاسى بۆ بەردەوامى و مسۆگەرکردنى ئایندە دەبێت هەمیشە لەجوڵە و داهێنان و پێشڕەویدا بێت و کێبڕکێ بکات لەگەڵ زەمەندا، چونکە بەتێپەڕبوونى کات و داواکاریە نوێکان و خواستەکانى کۆمەڵگا هێز و لایەن و سەرکردە و حیزبى نوێش دێنەکایەوە و پاڵەپەستۆ دروست دەکەن لەگەڵ سەرکردە و حیزبە کلاسیکى و موخەزرەمەکاندا.
بۆیە حیزبى سیاسى ماناى دەستپێشخەرى سیاسیە، هەرکات هەر حیزب و سەرکردەیەک نەیانتوانى کە ببنە خاوەنى دەستپێشخەرى سیاسى ئەوا بەماناى پاشەکشە و لاوازبوون و سستبوون دەچێت و هێواش هێواش ڕیزى پێشەوەى خەبات بەجێدێڵێت بۆ هێز و لایەن و حیزب و سەرکردەى نوێ.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، لە ئێستادا لەکوردستان و عێراقیشدا دەستپێشخەرى سیاسى لەلاى چ سەرکردە و حیزبێکى سیاسیە؟ کێ بڕیاردەر و خاوەن هێز و قورساییە لەسەر شانۆى سیاسى؟ ئایا هێزى سەربازى و ئابورى چ ڕۆڵێک دەبینن لە بون بەخاوەنى دەستپێشخەرى سیاسیدا؟
وەڵامى هەموو ئەم پرسیارانە ئەوەیە، کە هەر کات هەر حیزب و سەرکردەیەک توانى نێوماڵى خۆى وەک حیزب و دواتریش کۆمەڵگا یەک بخات و پتەو و یەکڕیز و یەک گوتاریان بکات، ئەوا زۆر بەئاسانى دەتوانێت کە ببێتە خاوەن دەستپێشخەرى سیاسى، چونکە توانیویەتى بە بەرنامە و کارو فکر و ئایدیا و تێڕوانینەکانى و دواتریش ڕاستگۆیى و ڕەسەنایەتى و دڵسۆزى و خەمخۆرى وایکردوە کە متمانەى زۆرینەى جەماوەر بەدەستبێنێت، لەگەڵ ئەمانەشدا گرنگە کە حیزبى سیاسى خاوەنى سیاسەت و ڕچە و ڕێباز و فکر ئایدیاى سەربەخۆى سیاسى خۆى بێت و بیکاتە شوناس و ناسێنەرەوەى خۆى و لەگەڵیشیدا خاوەنى ئابوریەکى چەسپاو وبەهێزیش بێت بۆ بەردەوامیپێدانى ژیانى خۆى و نەکەوێتە ژێر هەژموونى لایەنى ترەوە، لەدونیاى دیموکراسیدا حیزبى سیاسى نابێت خاوەنى هێزى سەربازى و چەکدارى خۆى بێت، لەکاتێکدا کە هەموو ئۆرگانەکان بەدامودەزگایى کراون و بونەتە ئۆرگانى نیشتیمانى و یاسا بەتەواوەتى سەروەرو بڕیاردەرە، بۆیە هێزى چەکدار لە دونیاى دیموکراسیدا ڕۆڵێکى ئەوتۆى نیە، بەڵام بەداخەوە لەم ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەى ئێمەدا و بەتایبەتى و بەگشتیش لە ڕۆژهەڵاتدا چونکە بیروڕاکان بنچینەى دیکاتۆرى و خۆسەپاندن و قۆرخکارى و ئایدیاى خێڵ و بنەماڵە دەسەڵاتیان هەیە هەمیشە سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان هەوڵى پێکەوەنانى هێزى سەربازى و چەکداریان داوە بەمەبەستى پارێزگارى کردن لەخۆ و خۆسەپاندن و هەڕەشەکردنیش لە نەیارانیان بەتایبەتیش لە قۆناغى شاخ و شۆڕشى چەکداریدا.
لەئێستادا و لەکوردستاندا، لەهەرقۆناغێکى مێژوویدا حیزب و سەرکردەیەک خاوەن دەستپێشخەرى سیاسى بونە و هەژموون و سایە و سێبەرى خۆیان سەپاندۆتە سەر هەموان و هەموانیشیان ناچارکردوە کە ببنە دواکەوتە و گوێڕایەڵى بەرنامە و کارى خۆیان.
1- ئەوەتالە عێراقدا کە کۆنترین حیزبى سیاسى بریتیە لە حیزبى شیوعى عێراقى کە لەساڵى 1934دا دامەزراوە تا ڕادەیەکى زۆر تا ساڵەکانى 1963 ( تاکۆتایى حوکمى عبدالکریم قاسم )کەم تازۆر خاوەنى دەسپێخەرى سیاسى بوە لە عێراقداو تەنانەت لەکوردستانیشدا، بەڵام دواتر بەهۆى زۆر هۆکارى بابەتى و خۆییەوە ئەو ڕۆڵەى لەدەستداوە و تائێستاش نەبۆتەوە خاوەن دەستپیشخەرى سیاسى و هەمیشەش بەرەو بچوکبونەوەى زیاتر هەنگاو دەنێت.
2- لە کوردستانیشدا،لەساڵى 1961 و هەڵایسانى شۆڕشى ئەیلولەوە پارتى دیموکراتى کوردستان وەک پارتێکى پێشڕەو و تاقانە بۆتە خاوەنى دەستپێشخەرى سیاسى و تا کۆتایى و نسکۆى ساڵى 1975ى شۆڕش خاوەنى دەسپێشخەرى سیاسى بوە.
3- لەساڵى 1975وە و دواى هەڵایسانەوەى شۆڕشى نوێى گەلەکەمان بەڕابەرایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، یەکێتى بوە خاوەنى دەستپێشخەرى سیاسى تاکو ڕاپەڕینى ساڵى 1991 و دواتریش دواى پێکهێنانى حکومەت و پەڕلەمانى کوردستان لەساڵى 1992دا و بەدەسهێنانىزۆرینەى دەنگەکان و بوونە حیزبى دەسەڵاتدار هەردوو پارتى و یەکێتى بونە خاوەن دەستپێشخەرى سیاسى، چونکە هۆکارێکى ترى گرنگى بون بەخاوەن دەستپێخەرى سیاسى بریتیە لە گرتنە دەستى دەسەڵات.
4- بەدرێژایى ساڵەکانى نەدەوەدەکان و دواتریش دواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامىلەساڵى 2003دا یەکێتى نیشتیمانى کوردستان تا ساڵى 2009 -2012 کەم تازۆر توانیویەتى بە خاوەندارى دەسپێشخەرى سیاسى بمێنێتەوە بەڵام بەبەهێزى نا، چونکە لەدواى جیابونەوەى بزوتنەوەى گۆڕان لەساڵى 2009دا یەکێتى هێز و تواناى جەماوەرى و ڕێکخراوەیى و سیاسى و ئابورى بەرەو لاوازبوون چوو، دواتریش بەهۆى نەخۆشکەوتنى مام جەلال و ململانێ ناڕەواکانى ناوخۆى خۆیەوە هێندەى تر یەکێتى کەوتە پەراوێزى ڕووداوەکان و تواناى موبادەرەى سیاسى نەما.
بەڵام لەبەرامبەردا پارتى بەبەهێزى خۆى مایەوە و تائێستاش هەر خاوەنى دەستپێشخەرى سیاسى و خاوەنبڕیار و دەسەڵاتە و هێزى سیاسى و ئابورى و سەربازیشى بەهێزە لەگەڵ پاشەکشەکردنى هەندێک لە جەماوەرەکەى.
5- بزوتنەوەى گۆڕان و هێزەکانى تر وەک ئیسلامیەکان توانیان بۆ ماوەیەکى کەم ببنە خاوەن دەستپێشخەرى سیاسى لەساڵى 2011دا و تا پێکهێنانى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێم و بەشداریکردنیان لە حکومەتداو چونە ناو دەسەڵاتەوە، بەڵام بەتێکچوونىپەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتیدا جارێکى تر ڕووە و لاوازى چونەوە و دەستپێشخەرى سیاسى و شەقامیشیان لەدەستدا بەتایبەتیش دواى کۆچکردنى کاک نەوشیروان.
لەم قۆناغ و چرکە ساتەى مێژووى خەباتى کوردایەتیدا، هیچ کام لە حیزب و سەرکردە سیاسیەکانى کوردستان، خاوەن دەستپێشخەرى سیاسى نەماون، لەدواى سازدانى ڕیفراندۆم و ڕووداو و کارەساتەکانى گەڕاندنەوەى سوپاى عێراق بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان و سەپاندنى هێز و تواناى سیاسى و ئابورى و سەربازى خۆیان بەسەر هەموواندا لەکوردستاندا، و شکسهێنانى سیاسى و سەربازى و ئابورى ئەم دەسەڵاتە سیاسیەى کوردستان دواى داگیرکردنەوەى کەرکوک وخانەقین و شەنگاڵ و جێگەکانى تر.
لەئێستادا تاکە هێز لە عێراق و کوردستاندا کە خاوەن دەسپێشخەرى سیاسى بێت بریتیە لە حکومەتى عێراق و کەسى دکتۆر حەیدەر عەبادى و حیزبى دەعوەى ئیسلامى، بەپشتیوانى وڵاتانى ئێران و تورکیا و سعودیە و تەنانەت ئەمریکا و ئەوروپیەکان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش.
لەهەرێمى کوردستاندا، کێرڤى هێزو تواناى سیاسى و ئابورى و سەربازى و تەنانەت جەماوەرى هەموو حیزب و سەرکردە سیاسیەکان بەرەو داکشان چونەو هیچ کامیان تواناى دەستپێشخەرى سیاسیان نەماوە و هەموان چاوەڕوانى دەست و بڕیارى حکومەتى عێراقین و لەوپەڕى بێدەسەڵاتى و لاوازیدان، لەکاتێکدا پێش پڕۆسەى ڕیفراندۆم هەموو خاڵە بەهێزەکان لاى سەرکردایەتى کوردبوون، سەرەڕاى بوونى ناکۆکى و ملانێى ناوخۆیى لەنێو ماڵى کورد و یەک و یەکنەگرتوویى خیتاب و کردارى کورد.
بۆیە گەر ئەم قۆناغى لاوازى و بێدەسەڵاتى و شکستەى کورد درێژە بکێشتێت و حیزب و سەرکردە کلاسیکیەکان نەتوانن خۆیان بگونجێنن و بگۆڕن لەگەڵ سەردەمەکەدا زۆر دوور نیە لەکوردستاندا کەس و رلایەن و حیزبى نوێ بێنە کایەوە و ببنە خاوەنى دەستپێشخەرى سیاسى و ڕابەرایەتى قۆناغى نوێش بکەن، بەکرداریش لە ئێستادا سەرەتاى ئەو هەنگاو و قۆناغە نوێیە سەریان هەڵداوە.
گرنگە بۆ هەموو کورد کە بەزوویى هەوڵى جدى بدات بۆ گەڕانەوەى پێگە و هەڵوێستى بەهێزى پێش ڕیفراندۆم لەگەڵ عێراق و وڵاتانى ناوچە و دونیاشدا، چونکە بەبێ بەهێزبونەوە و هاتنەوەى سەر شانۆى ڕووداو و گۆڕانکاریەکان سەختە بگەینە ئامانج و ئاواتەکانمان و درێژەش بەم دەسەڵات و حوکمڕانیەشمان بدەین. بۆیە قۆناغى نوێى خەباتى کوردایەتى پێویستى بە سەرکردە و عەقڵ و ژیرى و تێگەیشتن و کاریزما و پاڵەوانى نوێ هەیە،چونکە ئەم سەرکردایەتیە کلاسیکیانەى ئێستا شکستى گەورە و ماڵوێرانکارى زۆریان بەسەر کورد و کوردستاندا هێناوە و، ئیدى هەق وایە گۆڕەپانەکە چۆڵبکەن بۆ کەس و حیزب و سەرکردایەتى نوێ.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی