عوسمان عومەر: هونەریى گفتوگۆ – فن التفاوض.
ئایا کورد چ لە گفتوگۆکانى لەگەل رژێمە یەک لەدوایەکەکانى عیراق دوریوەتەوە تا لە ئیستادا بیدورێتەوە.!؟
بەشى یەکەم
هونەرى گفتوگۆ ئەو چالاکیەیە کە دوو لایەن یا زیاتر کۆدەکاتەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ کیشەی نەتەوەیەک لەگەل نەتەوەیەکى تر یاچارەسەرى کێشەیەکى چەکدارى و سەربازى لەئەنجامى ناعەدالەتى کۆمەلایەتى , تاکرەوى لە دەسەلات و دان نەنان بەمافى نەتەوەیەک و زەبر و زەنگ بەکارهێنان لە نیوان شۆرشگیران لە وولاتێک لەگەل حکومەتى ناوەند دا. گفتوگۆى نیوان دوو عەشرەت هەرگفتوگۆیە و نیوان دوو بنەمالەش لەسەرکێشەیەک هەر بەگفتوگۆ دادەنرێ، بەڵام ئایا جیاوازى نییە لەنیوان هەموو جۆرە گفتوگۆکان بیگومان بەڵێ.
یەکێک لە پرنسیبەکانى کەسانى گفتوگۆکار ئەویە پێویستە سەرنجى خێراى هەبێ (سرعة البديهية) لەگەڵ ئەوەش پێویستە پشودرێژ و خۆراگر و چۆن موراوەغە بکات بێ ئەوەى درۆ بکات وا بکات بەرامبەرەکانى هەمان شتى لەگەل نەکەن. زانستى گفتوگۆ لەسەر دوو بنچینە دروست دەبێ یەکیان زەرورەت دووەم حەتمى گەر لایەنى دووەم وەرگرین کەحەتمیەتە ئەوا بۆمان دەردەکەوێ رێگەچارەیەکە لەنیوان لایەنەکان بۆ چارەسەرى کێشەیەک بەلام هەردوو لایەنى کفتوگۆکار دەسەلات و هێزو توانا یان هەیە کە ناتوانرێ ئیرادەى خۆى بەسەر لایەنەکەى تردا بسەپێنێ.
گەر سەیرى گفتوگۆى ی ن ک بکەین لە سالى 1983- 1984 هەم زەرورەت بوو هەم حەتمى بوو بە ميانگیرى شەهید دکتۆر عبدالرحمن قاسملو. حەتمى بوو چونکە رژێمى بەعس دەیزانى ی ن ک هیچ پەیوەندیەکى لەگەل کۆمارى ئیسلامى نیەو لەشەردایە بە پشتیوانى کردنى لە حدکا لە شەرەکانى کونە مشکێ و ئەڵوەتان و ئەوەشى دەزانى کە هێزەکانى ی ن ک لەپشتەوە خەنجەرى ژەهراوى لەسوپاى عیراق نادەن هەرکاتێ پیویستى کردبێ بۆ نەکەوتنە نیوان دوو بەرداشەکە لەناوچەکانى ژێر کۆنترۆلى خوى کشاوەتەوە، ئەمەش لەلایەن سەرکردەو فەرماندە سەربازیەکانى ئەوکاتى عیراق بە پرنسیبێکى نیشتیمانى لەقەڵەم دەدرا و لەلایەکى تریش گەر بەدرۆش بووبێ بەعس دەیویست تارادەیەک هەوڵى چارەسەرى کێشەى کورد لەعیراق بدات گەر وولاتانى ئیقلیمى دەستى تێوەرنەدەن چونکە کاریگەرى دەبوو بەسەر کوردانى وولاتانى خۆیان ئەوانیش راست دەبونەوە.
گفتۆى سالى 1983 – 1984 بۆ بەعس گرنگ بوو چونکە نەیدەتوانى لە دوولاوە شەر بکات یەکیان لەگەل دەوڵەتێکى بەهیزى ناوچەکە بوو ئەوی تر بەرەى ناوخۆ گرنگ بوو بۆى، کە ئارام بێ لەگەل ئەوەش هەولى کڕین یا تیرۆرکردنى هەندێ سەرکردەو فەرماندەکان بدات، کە بەداخەوە ئەوەى دووەمى زیاتر پێ کرا توانى چەندین پێشمەرگەى قارەمان و فەرماندەى وەک مامە ریشەو سەیید کەریم بەپلان شەهید بکات.
من پێم وابوو ئەوەش یەکیک بوو لە تاکتیکەکانى بەعس بۆ ئەوەى وا لە پێشمەرگە بکات کە متمانە بە سەرکردایەتى خۆى لەدەست بدات و بلێن کە ئێمە لەگفتوگۆداین چۆن دەگیرێین و مەشغول کردنى سەرکردایەتى ی ن ک بەهەندێ شتى لاوەکى و کێشە بۆ نانەوەى خۆ راستە هەندێکى خەتاى پێشمەرگەى تێدا هەبوو، بەڵام هەموى نا.
بەهەرحاڵ ئەوەشێوەیەک بوو لەگفتۆ گۆ لەکاتى شۆرش دا دوو هۆکار کاریگەرى لەسەر هەبوو کە سەرى نەگرت یەکیان لایەنى هێزە ناوخۆییەکوردیەکان بوو کە بەشدار نەبون هەرچەندە بەپێى زانیاریم نامە و نوینەر نێردایە لاى هەندێ لایەن بۆ بەشداربون بەلام لەژێر کاریگەرى لایەنیک و ئێرانیش کە نەیدەویست ئەو گفتوگۆیە سەر بگرێ و سوود لەتوانا و هێزو ناوچەکانى ژێر دەسەلاتى ی ن ک وەرگرێ بۆ لەناوبردنى دوژمنى هەردوولا و سەرکەوتن بەسەر بەعس لەو جەنگە و کۆتایی پێ هێنانى حوکمرانیەکەى هەرچەندە یاسا نێودەولەتیەکان رێگایان نەدەدا کە ئێران عیراق داگیر بکات، بەڵام بە شێوازى پشتیوانى کردنى شیعەکان دەسەلاتى عیراق بخاتە ژێر رکێفى خۆیەوەو چون ئیستا لەبەرچاومانەو دەبینین
دووەمیان/ وەک لەپیشەوە ئاماژەم پێداوە لایەنى دەرەکى کەتورکیا بوو فشارى دەخستە سەرعیراق و نەهێلانى گەیشتن بەرێککەوتن لەگەل ی ن ک . نمونەیەکى ترى گفتوگۆى کورد سالى 1970 بوو کە بەیاننامەى 11ى ئادارى میژویی لێکەوتەوە ماوەى 4 ساڵ ئارامى دیسان بۆ مەبەستى شاى ئەو سەردەم کە نەیدەویست ئەنجام بدرێ شەر دروست بۆوەو ئەمجارەیان بە پلان و کۆمەکى نێودەلەتى ئاشبەتال بە شۆرشێکى چەند سەد هەزار کەسى کراو کورد گەیشتەوە خالى سفرو سەر لەنوێ شۆرش کردنەوە ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ نەشارەزایی کەم و ئەزمونى سیاسەتمەدارانى کورد لەهونەرى گفتوگۆ و خولانەوە لەتەوەرێک و نەتوانینى ئیسپاتکردنى مافى چارە خۆنوسین و دەرنەچون لە ویستە ئیقلیمەیەکان بۆ بەرژەوەندى خۆیان با بگەرێنەوە سەر گفتوگۆى ساڵى 1991 لەو کاتەدا رژێمى بەعسى لەناوچوو زۆر لەتواناکانى لەدەست دا بوو بەهۆى شەرى کەنداو و جەنگى گەردەلولى بیابانەوە سەرکردایەتى کورد بەوپەرى بەهێزیەوە کە زۆربەى شارەکان و جومگەکانى دەسەلاتى بەدەست بوو سەرەراى پشتیوانى نێو دەولەتى کەچى بەعس زۆر لەوان بەهێزتر دەستى دایە گفتوگۆ و توانى لایەنێک داببرێ لە زۆرینە و بیخاتە ژێر کاریگەرى خۆیەوەو ژێر بەژێر پەیوەندى دروست بکەن و هاوکاریى یەکتر بن تا کار گەیشتە ئەوەى کە 31ى ئاب دروست بوو دژى زۆرینەى لایەنە سیاسیەکان ئەولایەنە بەسەرکەوتنى خۆى دەزانى بەلام ئەوە گەورەترین خیانەتى نیشتیمانى و نەتەوەیی بوو کە نەدەبوایە سەرکردایەتى سیاسى بەرەى کوردستانى ئەوکات رێگە بدات تاک لایەنیک بەنوینەرایەتى هەموان گفتوگۆ بەردەوام کات. لێرەشەوە دەگەینە ئەوەى کە گفتوگۆ تواناى کاریگەریى کردنە سەر لایەنى بەرامبەرى هەیە و وەک ئەو هاوکێشەیە وایە کە دەیخەمە بەر دیدى خوێنەرانى بەرێز:
بەهێزى گفتوگۆ = هێزى ماددى × قورسايي واقيعى × تواناى گفتوگۆ و ئاستى زمانەوانى و تێگەیشتن و خوێندنەوەى بیروبۆچون و رستەکانى بەرامبەر.
لەکۆتا خستنە ڕووى ئەو چەند دێرەى سەرەوە دەگەینە ئەوەى بەتەنها ڕیگە بەتاک لایەنێک نەدرێ گفتوگۆ بکات، بەڵکو نوینەرى هەموو هێزو لایەنەکان پێکەوە بچنە ناو گفتوگۆ هەرچى ئەنجامێــــــک بەدەست هێنرا بەچاک و خراپەوە هەموو لایەنەکان لەئەستۆى بگرن و نەکەونە یەکتر تاوانبارکردن کە بۆ بەرژەوەندى حیزبایەتى چاوپۆشى و تەنازول بۆ هەندێ شت بکرێ و بەرژەوەندى گشتى گەل بخرێتە پێش هەموو شتێ.
بەشى دووەم
مەرجەکانى گفتوگۆ کردن:
یەکەم هێزى گفتوگۆ
یەپوەستى هیزى گفتوگۆ بەئاست یا سنورى ئەو دەسەلاتە و ئەو نوینەرایەتی کردنە کە دەدرێ بە کەسەکە بەگفتوگۆکردن لەو چوارچیوەی رێگە پێدراو و لانەدان لەرێبازەکە لەوکێشەیەى گفتوگۆى لەسەر دەکرێ.
دووەم زانیاریە گفتوگۆیەکان:
ئەوە دەگرێتەوە کە تیمى گفتوگۆکار چەند زانیارى لایە بۆ وەلامدانەوەى هەموو ئەو پرسیارانەى سەبارەت بە بابەتەکان لێیان دەکرێ, راستە وەک عورفى دانوستان کەسێک سەرۆکى تیمە گفتوگۆ کارەکەیە بەلام لایەنى بەرامبەر دەیەوێت بزانێت تاچ رادەیەک تیمەکە لەسەر هەمو بابەتە قسە بکەن و نەک تەنها سەرۆک قسە بکات و ئەوانى تر وەک دەلێن جەماعەتى ئەشەهدوبیلا بن.
سێەم توانا گفتوگۆییەکان:
ئەمەش پەیوەندی بە ئەندامانى تیمەکەو و ئاستى زیرەکى و لێزانى (مهارە) و پسپۆرى و تواناى ئەو تیمە هەیەتى لەهەموشى گرنگتر گرنگى دانە بەتواناى گفتو گۆیی ئەو تیمە بەهۆى چەند خاڵیکەوە لەوانە:
1- هەڵبژادنى باش بۆ ئەو ئەندامانەى گفتوگۆکار لەسەرچەند بنچینەیەک لەوانە پسپۆرى, شارەزایی چ لەڕووى زمانەوانى یا پسپۆرى لەو باتەى گفتوگۆى لەسەردەکرێ .
2- تەبایی لە نێوان ئەندامانى تیمى گفتوگۆکار و هیچ جیاوازیەک لە بیروڕاو بوچون لەنیوانیان دا نەبێ .
3- بەدوادا چونى وورد بۆ ئەداى ئەندامانى تیمى گفتوگۆکار و هەر گەشەکردنێکى ئەندامانى تیم کە هەستى پێدەکرێ .
4- راهێنان و رۆشنبیرکردن و دەمە زەرد کردنەوەى زانیاریەکانى ئەندامانى تیمى گفتوگۆکار بە پیدانى داتاو زانیارى و تەنانەت ئاسانکاریى دارایی بۆ بەرێوەبردنى گفتوگۆکان.
چوارەم ئارەزوى یا نیەتى هاوبەش:
بە یەکێکێ لەخاڵە گرنگەکان دەژمێردرێ ئارەزوو یا نیەت پاکى هەبێ لاى هەردوو لاى تیمى گفتوگۆکار بۆ دۆزینەوەى چارەسەرکردنى کێشەکان و هەر لایە هەوڵى ڕازى بوون بدات کە گفتوگۆ باشترین چارەسەرە یا دانانى سنورێکى دیاریکراو بۆى.
پێنجەم کەش وهەواى دەوروبەر:
کەش وهەواى گفتوگۆ لەسەر دوو بنچینە دەوەستێ ئەویش .
1- خودی بابەتى گفتوگۆ لەسەرکراو لەم حاڵەتدا پیویستە بابەتى ئانى گەرموگوڕ بێ تا بابەتەکە گرنگ و گەرموگورتربێ ئەوا چالاکانەو بەگەرمى گفتوگۆى لەسەردەکرێ .
2- هاوسەنگى بەرژەوەندیەکان لەنێوان هەردوو لادا .
پیویستە کەش و هەوایەکى کاریگەر سازبدرێ لەچوارچیوەى گفتوگۆکان و هاوسەنگى هەبێ لەنیوان لایەنەکانى گفتوگۆکار رێز لە بەرژوەندیەکانى هەردوو لادا بگیرێ واتە بەماناى تەواوى گفتوگۆى سەر ڕاست، لەهەمان کاتیش نابێتە خۆبەدەستەوە دان وەرگرتنیش هەیە و خورانى مافى لایەک لەسەر حسابى ئەوى تر نییە.
بوارەکانى گفتوگۆ:
بیگومان کە باسى گفتوگۆ هاتە پێش پیویستە ئەوەش بزانین چەند جۆرێکى هەیە کە دەیخەمە روو زۆر ناچمە ناوئاخنى خالەکانەوە:
1- گفتوگۆى سیاسى یا دبلۆماسى.
2- گفتوگۆى ئابورى و بازرگانى .
3- گفتوگۆى نێوان دەولەت هەیئەتێکى نێودەولەتى .
4- گفتوگۆى نێوان دەولەت و کۆمپانیا یا کۆمپانیا تایبەتمەندەکان:
جۆرێکە لەجۆرەکانى گفتوگۆى ئابورى و بازرگانى ئەمجۆرە گفتوگۆیە دواى پەرەسەندنى پەیوەندیە ئابوری و کۆمەلایەتیەتى و پیشەسازیەکان و تێکهەلکیش کردنى پەیوەندیە هاوبەشەکان و دروست بونى کێشەو گرفت لە نێوان خاوەن کارو کریکارو لێپرسراوانى دەزگا پیشەسازیەکان و جەماوەردا.
5- گفتوگۆى کۆمەلایەتى .
6- گفتوگۆى پەرەپێدان :
ئەمجۆرە گفتوگۆیە لە نیوان دەولەتێک یا هەرێمیک دەکرێ بەهۆى لاوازى بارى دارایی و نەبونى تواناى خەلکى بۆ ئاوەدان کردنەوەى ناوچە کارەسات بارەکان و تیکچوەکان لە ئەنجامى شەرو پێکادان و کاوکاریەکانى.
جۆرەکانى گفتوگۆ:
1- گفتوگۆى سودى هەموان:
گەرهاتو لایەنەکانى گفتوگۆکار شیوازى بەرژەوەندی هاوبەشیان گرتەبەر ئەوکات گفتوگۆکان لەسەربەرژەوەندیەهاوبەشەکان قسەى لەسەردەکرێ ئەمەش وا دەکات زوو بگەنە چارەسەرو پەیماننامەیەک و سودى هەمو لایەکى تێدا بەرجەستە دەکرێ و ئەو کیشەوگرفتانەى هاتۆتە پێش یا رێگر بووە بەزویی چارەسەردەکرێ .
2- گفتوگۆ بۆ راکێشانى لایەک: یا خستنە داوى لایەک، کاتێ یەک لە لایەنەکان پرنسیپى بردنەوەى کردە ئامانج لەسەر حسابى لایەنى بەرامبەر یا لاکانى بەرامبەر بەپلەى یەکەم لە بەرژەوەندى خۆى، کاتێکێش ڕوودەدات کە هاوسەنگى لەنێوان هەردوولا دا نەبێ یا لایەنێ کاتى گفتوگۆى هەلبژاردبێ و دووربینانە بیرى نەکردبێتەوە، لێرەدا تەرازوى هێز ئاوەژوو دەبێتەوە.
3- گفتوگۆى هیور یا ئارامکردنەوەى بارودۆخ :
ئەم جۆرە گفتوگۆیە کاتێ دێتە ئاراوە بۆ ئارامکردنەوەى بارودۆخەکە یا بەهوى قورسیەکەى یا بۆ کەمکردنەوە دۆخى گرژى وئالۆزیەکان بۆ دروستکردنى کەشیکى لەبار بۆ گفتوگۆى داهاتو کەکونجاو بێ بۆ لایەنێک یا هەردوولا .
4- گفتوگۆى چارەسەرى خێرا .
ئەمجۆرەشیان مەبەستى دۆزینەوەى چارەسەری خیراو یەکلایی کەرەوەیە چونکە هۆکارى کات دەبێتە پریشەرێکى بەهیز لەسەر لایەک یا هەردوو لا و ناشبێ کات بەفیرۆ بدرێ لەوکاتەى بۆى دیارىکراوە .
5- گفتوگۆ بۆ کاریگەرى خستنەسەر لایەک کە دیار نییە :
مەبەستى ئەمجۆرە گفتوگۆیە کاریگەرى نیە بەسەر ئەولایەنەى ڕاستوخۆ لەکردارى گفتوگۆدا بەشدارە بەلکو بۆ کاریگەرى خستنە سەر لایەنى سێیەمە وراکێشانىەتى بۆ دیاریکردنى راوبۆچونەکانىەتى لەسەر ئەوناکۆکی وبارگرژیەى لەگەل دوژمنە راستەخۆکە.
ستراتیژیەت و تەکتیکى گفتوگۆ:
لەو ستراتیژیانەى لەکاتى گفتوگۆدا دەخریتە بەرچاو چەند خاڵێکن لەوانە:
1- ستراتیژیەتى گرنگى سودى هاوبەش :
ئەم ستراتیژیەتە هەولى دۆزینەوەى چارەسەرى تر کە بەدڵى هەموو لایەنەکانى بەشدار لەگفتوگۆ و پەرەپێدانى هاوکارى و قولکردنەوەى پەیوەندیەکان و و فراوانکردنى بوارەکانى وکردنەوەى بوارى نوێتر بەنمونە ئەو گفتوگۆ تاک لایەنەى پ د ک لەگەل تورکیا سەرەتا تەنها بوارى نەوت بوو دواتر بوارى ئاسانکارى بۆ هاتوچون دواتر مەسەلەى غاز هێنرایە گۆرێ و دواتر بازرگانى کردن هەموو ئەوانە تەنها بەقازانجى بازرگانەکانى دەڤەرى ئەولا و سەرانى ئەو حیزبە بووە ئەو بوارانەى ئاماژەم پێدا لەپێشەوە لەم ریگایانەوە دەبێت :
1- دۆزینەوەى هۆکار بۆ زیادکردنى سەرچاوەکانى بابەتى گرژیەکان یا گفتوگۆ.
2- جێ بەجێ بوونى ئامانجى لایەنیک لەسەرتێچوى کەمتر بۆ لایەکەى تر.
3- لایەنێک قەرەبوى لایەکەى تر دەکاتەوە لەبەرامبەر ئەو سازانە(تنازلات)ى پیشکەشى دەکات.
4- هەر لایەنێک سازان پێشکەش دەکات لەبەرامبەر ئەو خالانەى ئەولەویەتیان کەمترە .
لەم ستراتیژیەتە دەتوانرێ تەکتیکى وەک:
1- دەست پێشخەرى کردن بۆ سازان بەهۆى ئەوەى وا دادەنرێ لایەکەى تریش سازان دەکات .
2- روونکردنەوەو بەدیارخستنى ئامانج و بەرژەوەندیەکان .
3- ئاماژەدان لەپشتى پەردەوە یا لەریگاى میانگەر کەهەول بۆگەیشتنە چارەسەریکى ناوەنجى
2- ستراتیژیەتى باڵا دەستى
لەم جۆرە ستراتیژیەدا هەولدان بۆ رازیى کردنى لایەنى بەرامبەر کە چارەسەرى بەدیل هەیە بەپلەیەک بەرژەوەندى خۆى تێدایە هەر بەم ستراتیژیەتە دەتوانرێ تەکتیکى فشارخستنە سەر, ماندوکردن, درێژەدان بەکار بهێنری وەک هەولێک بۆ کۆنترۆڵ کردن و خستنە ژێربارى لایەکەى تر بەرازیبون.. لەو تەکتیکانە بۆنمونە پێشکەشکردنى داواکارى لەئاستى خۆى زیاتر و موکڕ بون لەسەر هەلویستەکان کە هیچ دەستکارى و گۆرانکارى تێدا ناکرێ و هەروەها هەولدان بۆ ناچارکردنى بەرامبەر بۆ پێشکەش کردنى سازان و دواخستن و جێ هیشتنى گفتوگۆکان و هەرەشەکردن و …. هتد.
ئەمجۆرە گفتۆگۆیە لەلایەن پ د ک وە یەیرەوکرا لەگەل لایەنە کوردستانیەکان لەکاتى پێکهێنانى حکومەت و هەروەها مەسەلەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و دەسەلاتەکانى دواجاریش لەم چەند رۆژە وەفدى ی ن ک سەردانى پ د ک یان کرد کەچى ئەوان هەر سوربوون لەسەر هەلوێستەکانیان.
چەند جۆرێکى تر لە ستراتیژیەتى گفتوگۆ هەیە لەوانە کەمکردنەوەو پیداچونەوە بە داواکارىانەى خراونەتە سەر مێزى گفتوگۆ بەئامانجى خیراترکردن و کۆتایی هێنان بەگفتوگۆکان و ستراتیژیەتى خۆخستنە سەرپشت (مماطلة) کات بەسەربردن و دواجار پەکخستنى گفتوگۆ, ستراتیژیەتى گفتوگۆى ناراستەوخۆ بۆ کاریگەرى خستنە سەر لایەنى سیەم.
بەشى سیەم
هونەرى پرسیارکردن لەکاتى گفتوگۆدا
زۆربەى لێکۆلەران سەبارەت بە گفتۆگۆ جۆرى پرسیار و ئاراستە کردنى پرسیار گرنگى تایبەتى خۆى هەیە لەرەوتى پیشخستنى گفتوگۆ و سەرخستنى وبەدەستهێنانى ئامانجەکانى بەهۆى ئەم هۆکارانەوە:
1- ئەو پرسیارانەى ئاراستە دەکرێ پێویستە بەشێوەیەک دابڕێژرێ و دیراسە بکرێ کە وا بکات کاریگەرى بەسەربیرکردنەوەو هەلویستى لایەنى بەرامبەرەوە هەبێ .
2- پرسیار ئاراستەکردن هۆکارێکە بۆ بەردەوامى چەند وچون و دوورخستنەوەى کێشە ناراستەوخۆ .
3- ئەو پرسیارانەى ئاراستە دەکرێن وا لەلایەنى بەرامبەر بکات کات و بیروهۆشى جەنجاڵ بکات ونەهێلێ بیرى بۆ شتى تر بچێ تەنها هەولدان بۆ دۆزینەوەى وەڵام بۆئەو پرسیارانە .
دواى ئەوەى لە پێشەوە ئاماژەمان بە ستراتیژیەتى گفتو گو وهونەرى پرسیارکردن پێویستە ئەوەش بخەینەپال ئەویش شارەزایی و تواناکانى کەسى گفتوگۆکارە لەوانە :
4- گفتوگۆکارى سەرکەوتو ئەو کەسەیە پرسیارى راستەوخۆ ناکات تا رێ بە بەرامبەر نەدرێ کە بەلگە و قسەى زۆر بکات.
ئایا گفتوگۆکانى ئەمجارەى هەرێم لە خالى بەهێزیەوەیە یا لاوازى؟
دواى ئەو نوچدانەى کەبەسەر کوردا هات لە 16ى ئۆکتۆبەر ئەویش بەهۆى عینادى سیاسى و کەلە رەقى هەندێ لە سیاسیەکانمان بە لوتبەرزیان دەیانروانییە هەلویستى دەولەتان بەتایبەت هەلویستى روونى تیلەرسن بەدوا خستنى ریفراندۆم بۆ ماوەیەکى دیاریى کراو و بەکارهێنانى چەکى گفتوگۆ لەگەل دەسەلاتدارانى عیراق و ئاراستەى کۆمەلگاى نێودەولەتى لەگەل یەکپارچەیی خاکى عیراق بوو دەبوایە بەوە رازى بین، هیچ نەبێ مەسەلەى نەوت رادەستى حکومەتى عیراق بکرێ کە خۆمان بەناشەفانە بەکارمان دەهێنا وبە 17% کە رازیى بوینایەو ناوچە داڕێنراوە رزگارکراوەکان هیچ نەبوایە هەندێکى دەمایەوە و ئەوکات بەحوکمى دەستورو مادەى 140 بەئاگادارى کۆمەلگاى نێودەولەتى و هاوپەیمانى دەتوانرا گفتوگۆى چڕى لەسەر بکرایە نەک وەک ئیستا لەدەستمان بچێ.
بێگومان زۆر دەمێکە هەندێ لە زلهێزەکانى دونیا ئەوەیان پێشان داوین کە کێشەکانى هەرێم پیویستە لەگەل بەغدا چارەسەربکرێ و هەر لەسیاسەتى نەوتى و نەقدى تەنانەت دبلۆماسیش و ئەوەشیان راگەیاندوە کە لەکاتى ئیستادا راگەیاندنى دەولەتى سەربەخۆ کارێکى ئەستەمە و تا رادەیەک لەگەلى نین ورەنگبێ هەندێ جار بۆ پێ هەلخلیسکاندن و بەرژەوەندى ئەوەمان لەژێر لێوەوە پێ بلێن پشتگیرى دەولەتەکەتان دەکەین بەلام پێم وایە ئەوە لەناخیانەوە نییە چونکە دەزان:
1- کورد گاڵتە بەدیموکراسیەت دەکات خۆى هەلدەخەلەتێنى کە تینوى دیموکراتیەتە.
2- تا ئیستا کورد بە سیستەمى بنەمالەیی و کپ کردنى دەنگو میدیاو رۆژنامەو تەنانەت تیرۆرى کەسانێک کە بەراشکاوى دەنگى نارەزایی دەردەبرن و سەرکوت کردن و نەهێشتنى خۆپێشاندانى مەدنى لەپایتەخت بە بیانوى پڕوپوچ و بێ بنەما.
3- زلهێزەکان ئەوەش دەزانن تا ئیستا کە دزى و ناشەفافى و گەندەلیەکى زۆر لەهەرێم هەیە بۆ مەبەستى بنەمالە و حیزبى.
4- نەتوانىنى کورد بۆ قۆستنەوەى شەرى داعش بەقازانجى خۆى و لاسارى کردن بە ئەنجامدانى ریفراندۆم.
5- گۆرینى دەم و چاوى خەلکانى گفتوگۆکار لەحیزبی و بنەمالەییەوە بۆ نەتەوەیی.
بریار بوو پێش ریفراندۆم ئەم بابەتە بلاو بکەمەوە چونکە قەناعەتم وابوو هەڵەکەى سەدام دووبارە نابێتەوە بە گوێ نەگرتن لە کۆمەڵگاى نێودەلەتى و هاوپەیمانان تا وەک سەدام مەینەتى بۆ گەلەکەمان دروست نەکەین و بەبەهێزیەوە بچینە ناو گفتوگۆ نەک وەک ئەوان بێ دەسەلاتى بچینە ژێر خەیمەکەى سەفوان کە ئیستا بەراى من واى لێهات.
- Latest Posts by عوسمان عومەر
هیپاتیا، ژنێک لەسەردەمی نەخوێندەواری.
-بۆچی فرۆکەخانەی ئەتاتورک ناونرا؛ صبیحە.
-تا بەرانی شاخدار هەبێ، من خوریەکەی ببڕمەوە بیفرۆشم.
- All Posts