بەهرۆز جەعفەر: کەتەلۆنیا و فەرمانڕەوایی کلیپتۆکراتەکانی کوردستان.
یەکەم: کاتێک کۆمپانیاکان بڕیاریاندا هەرێمی کەتەلۆنیا جێبهێڵن، هوتێلەکان و کۆمپانیاکانی پەیوەندیی کردن بڕیاریاندا هاوکاریی هاوڵاتیانی کەتەلۆنیا بکەن و، پرۆسەی ڕیفراندۆم سەربخەن بەوەی ڕای گشتی ئۆروپی بخەنە ژێر پرسیارەوە، بۆ نمونە یەکێتی ئیسپانی بۆ کۆمپانیاکان کەوتە ژێر ڕکێف و خزمەتی کەتەلۆنیاوە، کەتەلۆنیەکان لە سەدەی نۆزدەیا دوو کۆمپانیای پەیوەندیکردنیان دامەزراندوە، لە کوردستانیش کۆمپانیا حزبیەکان بۆ ماستاو کردن بە ملیۆن دۆلاریان داوەتە دەزگای خێرخوازی بارزانی. “بارزانی”یش لە شۆڕشی ئەیلولا وەکو پێشمەرگە مانگانە دوو صابون و گوێزانێک و حەوت دیناری وەرئەگرت!. ئێستا کۆمپانیای نیشتەجێبوون هەیە یەک ملیۆن دۆلاری داوە تەنها بۆ دروستکردنی چوار ئاڵا گوایە ببریقێتەوە!.
ستراتفۆرد، فۆرد، بلۆمبێرگ، ئەو ناوەندە ئەمنی و ستراتیجیانە شەریکاتەکانیان فەندیان ئەکا لە بەریتانیاو ئەمریکا. جگە لەوانە هەر لە ئەمریکا تۆڕی (ABC) هی کۆمپانیای دیزنی یە، تۆڕی (NBC) هی کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیکتریکە، تەنانەت (CNN) یش بەشێکە لە کوتلەی “AOL”. دیققەت بە لە هەموو زانکۆ پێشکەوتوەکان لە ” بەڕێوەبردنی گشتی – ٳدارە عامة” لە پۆست گراجوەیت دا، وانەیەک هەیە پێی ئێژن ” حوكمة الشركات -Corporate governance”.
دووەم: قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا و یۆرۆ زۆن و، بەهای دۆلار و کێشە لە باشوری ئەوروپاو، سەرهەڵدانەوەی شیوعیەت و، قەیرانی دارایی و قەرزەکانی یۆنان و، سێبەری ڕووسیا بەسەر خۆرهەڵاتی ئەوروپاوەو، گەمارۆدانی ناتۆ لە لای پۆڵەنداوە بۆ ڕووسیاو، کێشە لە ئۆکراین و دوورگەی کریما “قرم” و، ئەوجا جیابونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئۆروپاو، دەنگە دەنگی سکۆتیەکان لە بەریتانیاو، هەژموونی ئابوریی ئەڵەمان بە سەر ئەوانی ترداو، لەسەروو هەمووشیانەوە هەڕەشەی تیرۆریزم بۆ سەر بەهاکانی ئۆروپا. ئەوانە هەموو کێشەی هەنووکەیی ئۆروپابوون. لە هەرێمی کوردستان یەک کێشە هەبو، ئەویش پارتی و یەکێتی بوون، کە مومکین نییە دەوڵەتیش دروست بکەن یەک خولەک ڕێگەیان پێ بدرێ حوکم بکەنەوە، لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە ( 3250) شەهید لەسەر ناوچە دابڕاوەکان دراوە، جگە لەوەی لە دوای پرۆسەی ئازادیشەوە هەزاران کەس بونەتە قوربانی ئەو ناوچانە، کەچی ئەو دوو حزبە لە شەوو ڕۆژێکا هەموویان دا بە دەسەوە!. ئیتر پێویست ناکات زۆری لەسەر بڕۆین و خەڵک و سایت و چی و چی لە یەکتر هان بدەین، گەنجانی کوردستان ئەو خوێنەی لە سەنگەرەکان ئەیڕێژن ئەبێت لە ناو خۆدا فیداکاری بکەن بۆ بەدیهێنانی ئازادی و حوکمێکی باش. یان ئەبێت خەڵکی کوردستان ئەوە قبوڵبکات سبەی ئەو خاکەشی کە ماویەتی ببێتە گۆڕەپانی شەڕێکی ئیقلیمی، یان ئەبێت حوکمی پارتی و ڕاوێژکارە فشەکەرەکانی کۆتایی پێ بێنێ، دەستی بێسەروبەری و خیانەتی یەکێتیش دوور بخاتەوە لە هەموو بوارێکی سیاسیی. کەتەلۆنیا ڕووبەرەکەی تەنها (32000)کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، هەرێمی کوردستان لە حەفتاو دوو کاتژمێردا زیاتر لە (48000) کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە دەستداوە. یەکێتی لە گوڵاڵەوە تا حەمرین تا دووز تا کەرکوک و پردێ، پارتیش لە پردێ وە تا مەخمور تا خازر شنگال تا تا بەنداودی موسڵ و ئەوجا لەو دیویشەوە ڕەبیعەو سنونێ یان داوە بە دەسەوە. مەگەر ئەم دەرەنجامە ترسناکانەم لە ساڵی (2016) و سەرەتای ( 2017) لە دوو دیراسەدا لە دە سایت و دەستگا بڵاومان نەکردەوە و، بە دەستییش پێمان نەدان؟ یەکەمیان بەناونیشانی کوردستان و هێڵەکانی ووزە: ناکۆکی یان هاریکاریی هەرێمایەتی. دووەمیش بە ناونیشانی ” جیوپۆڵەتیکی نوێی ووزەو کاریگەری بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، نزیکەی (47) لاپەڕە ئەبوون !.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts