تێکۆشەر حوسێن: سیناریۆکانی بەردەم بزووتتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا
ئەگەر بێ و هەڵسەنگاندێک لە زیهنیەت و توڕەیی و ناڕەزایی یەکانی شەقام بەگشتی و هەڵسوراو و هەوادارانی بزووتنەوەکە بکەین بەتایبەت تر بۆ ئەدای بزووتنەوەی گۆڕان ئەبێ چاوێک مێژووی بە بزووتنەوەی گۆڕاندا بخشێنینەوە ، چونکە لە دنیادا وایە کاتێک پارتێکی سیاسی دێتە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە هەڵگرێ کۆمەڵێک گوتاری سیاسی تایبەت بەخۆی دەبێ هەروەها کۆمەڵێک پڕۆژە لە چاکسازی و گۆڕانی ڕیشەیی ئەکات بە بەرنامەکانی خۆی لە یەکەم قۆناغدا بزووتنەوەی گۆڕان بە بەدەست هێنانی 25 کورسی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی بە دەسەڵات هەڵبژارد وەک خەباتێکی مەدەنی پەرلەمانی دوای تاقی کردنەوەی قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوون و سەرکەوتنی بۆ قۆناغی دووەم هۆتافی ( بەرەو دەسەڵات ) کرد بە گوتاری سیاسی خۆی و هەڵمەتی بانگەشەکانی
ئیدی لەم قۆناغەشدا ئەگەر چی وەرگرتنی دەسەڵاتەکانی تەنها لە هەیکەلیەی وزاریی خۆی بینیەوە بێ ئەوەی شۆڕبێتەوە بۆ هەڕەمی پەیوەست بەتەواوی دام و دەزگاکان و یەکە ئیداریەکانی بەڕێوەبردن دیسان سەرکەوتنی بە دەست هێنا لە تاقیکردنەوەی وەرگرتنی دەسەڵات لەوەزارەتەکان ، بەڵام هەمان سەرکەوتنەکەی جەنگی پڕۆسەی ئازادی عێڕاق لەسەردەمی ویلایەتەکەی بۆش ، چونکە ڕاستە ئەوان لەو جەنگە سەرکەوتن لە کۆتایی هێنان بە حوکمی دکتاتۆریەتی ڕژێمی پێشوو، بەڵام لە گوتاری سیاسی وڵاتەکەیان شکستیان هێنا تەنانەت لەڕووی ماددیشەوە .
بەهەرحاڵ لەدوای ئەوەی پارتی دیموکرات بە بیانوی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان هاتووە لە ڕێی پەرلەمانەوە ئەجێندا سیاسی یەکانی خۆی جێبەجێ ئەکا لەڕێی دەسبردن بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بە بیانوی لە بەرچاو نەگرتنی دۆخی هەرێم لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، بزووتنەوەی گۆڕان هەم لە پەرلەمان هەمیش لە حکومەت لە 12 ی ئۆکتۆبەر ئاوت کرا .
هەر دوای ئەو کاردانەوەیەی پارتی لەبەرامبەر دەرکردنی بزووتنەوەی گۆڕان، فشارەکان زیادیان لەسەر خودی نەوشێروان مستەفا بەوەی کە ئاخۆ ئەو ئەڵتەرناتیڤی بۆ چارەسەری ئەم دۆخە چیە، نەوشێروان مستەفاش هەموو شتێکی هەڵگرت بۆ قۆناغی دوای تەواوبوونی شەڕی دژ بەتیرۆر، بەڵام مخابن قەدەر دەرفەتی نەدا ئەو کارەکانی تەواو بکات.
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ لە مردنی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەمان ڕۆژی ساڵیادی دروست بونی دا لە هەڵبژاردنێکدا بە دوو قۆناغ بۆ سکرتێری جڤاتی گشتی و لە قۆناغی دووەمیشدا بۆ ڕێکخەری گشتی و پێکهێنانی خانەی ڕاپەراندندا قۆناغێکی نوێی تێپەرکرد. ئێستا هاونیشتمانیان و تەواوی لایەنە سیاسیەکانی تریش و دەنگدەر و هەوادار و لایەنگرانی بزووتنەوەکە چاویان لەچنینەوەی بەرهەمەکانی ئەو بزووتنەوەیە.
گرنگترین سیناریۆکانی چارەسەر بۆ دۆخەکە :
یەکەم: حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی
لێرەدا کاتێ تۆ دێی پڕۆژەکەت هاوشێوەی بەیاننامەیەک بڵاو دەکەیتەوە، هیچ نەبێ بۆ ئەوەی خۆت پێ بنێیتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە لانی کەم یەکەم قۆناغ ئەبێ دەست لەکارکێشانەوە بە وەزیرەکانت پێشکەش بکەیت و لەڕێی سەرۆکی پەرلەمانیشەوە پراکتیزەی حکومەتی کاتی ڕزگارکەری نیشتمانی پێکبهێنی ، نەوەک بێدەنگ بمێنیتەوە.
دووەم: دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمان
مادام تۆ لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حکومەت نیت، ئەبێ دەست لەکارکێشانەوە بە دکتۆر یوسف پێشکەش بکەیت، چونکە باڵەخانەی پەرلەمان هیچ گرنگیەکی نەماوە بە مانا دیموراسیەکەی.
سێ یەم: بانگەوازی هێزی پێشمەرگە
کاتێ تۆ زیاتر لە 19 هەزار دەنگت لە ناو هەریەک لەوەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە هەبێت، ئەتوانی بانگەوازێک بکەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببیت بە ئەمری واقع لە ناوچەکە، وەک چۆن نەوشێروان مستەفا لە دوایین دیداری لەگەڵ هەڵسوراوانی گۆڕان دا لە لەندەن ڕایگەیاند خەباتی پەرلەمانیشمان تاقی کردەوە ئیدی کاتی تاقیکردنەوەی بژاردەی ترە کە لە بەردەستن.
پێویستە بێ ترس ئەبێ بڕیاری کۆتایی بدرێ، وەک چۆن دوای 2003 حکومەتی فیدڕاڵی بڕیاری دا بە دروستکردنی دوو فەیلەقی 12 هەزار کەسی و 15 دەبابە و دوو فڕۆکەی جەنگی لە زمنی ئەو دوو فەیلەقە لە کۆی 7 فەیلەق لە هەموو عێراق دا، بوونی مەرج وایکرد لە هەموو کوردستان یەک کەسیش دەرنەچێ لە تاقیکردنەوەی بوون بە قائد فەیلەق لەبەر کەمی ئەزموون و خەریجی ئەکادیمی لێهاتوو لە هەرێمەکەمان بۆ سلکی عسکری، دواتر لەبەر نەبوونی کەسی دەرچووی ئەکادیمی ، عێراق بڕیاری دا بەدروست کردنی هەردوو فەیلەقەکە بەڵام قائدەکانی عێراق دایاندەنێت، ئیدی کورد ڕازی نەبوو، ئەگینا کورد ئەبوو بەخاوەنی دوو فەیلەقی نیشتمانی مودەڕڕەب هەم مونەززەم، کورد جورئەتی نەکرد بە بیانوی ئەوەی چۆن ئەکرێ کۆنە بەعسیەکان ببن بە قائد فەیلەق بەسەر کوردەو, بەداخەوە لەبەرئەوەی هێزەکانمان نیشتمانی نین و سەر بەحزبن بۆیە کەفائەتی بەرپرسانی سەربازیش هیچیان بە قۆناغی ئەکادیمیای عسکری ڕەت نەبوون ، بۆیە وا حاڵمان خۆشە، تەنها لە سەردەمی (عوسمانی حاجی محمود) دا کاتێ ئەو وەزیری ناوخۆ بوو بس لە سلێمانی 170 کەس پلەی ئامر لیوای هەبووە، لەکاتێکدا لە سەردەمی ڕژێمی سەدامدا کە 35 ساڵ حوکمی کرد ژمارەی ئامر لیواکان نەگەیشتە ئەو عەدەدە ، چونکە ئەوسا بەخشینەوەی ڕوتبە نەبوو .
چوارەم: جوڵاندنی شەقام
لە دوایین سیناریۆدا گۆڕان ئەتوانی شەقام بجوڵێنیت و خۆپیشاندانی ملیۆنی و سەرتاسەری ڕابگەیەنی و بەرپرسیاریەتیش لە ئەستۆ بگری، ئەگینا بە ڕاستی ئەبێ لەمەودوا هەموومان بەیەک دەنگ بڵێین بەڵێ نەوشێروان مستەفا کۆچی دوایی کردوە، بەڵێ ماڵئاوایی کردوە، ئێمە ئەوە نەبووین کاتێ پێمانت ئەوت بزووتنەوەی گۆڕان بەمردنی کەسانێک و ڕۆشتن و وازهێنانی چەند کەسێک کۆتایی نایە !