peshmerga

جیهاد موحەمەد: دۆعای کۆمەڵێک پێشمەرگە و شیکارییەکی بەندە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەندێک ڕووداوی گاڵتەجاڕیی بەسەرماندا تێدەپەڕێت بێ ئەوەی ئاوڕێکی جددی لێبدەینەوە، وای لێکدەدەینەوە کە تەنها بۆ پێکەنینە، لە ڕاستیدا ئەو جۆرە لە پێکەنین و گاڵتەجاڕییە پرس و مەسەلەی زۆر جددی لە پشتەوەیە، دەمەوێت بڵێم، کە یەکێک لە ڕەهەندەکانی پێکەنینە و پێکەنینەکەش بۆ داپۆشینی جددیەتەکەیەتی، وەکو تر چەندین ڕەهەندی تری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی هەیە، کە پیویستە بە گوێرەی توانا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەروا بە سانایی بەسەرماندا تێنەپەڕێت.
یەكێک لەو پێکەنین و گاڵتەجاڕییانە، پێکەنین و گاڵتەجاریی دۆعا و تکای پۆلێک پێشمەرگەی هەژارە لەو خواوەندەی بە دڵ و دەروونێکی پاکەوە بڕوایان پێیەتی، ئەم پۆلە پێشمەرگەیە یەکێکیان دۆعاکان دەکات و ئەوانیتر دەستیان بەرزکردۆتەوە و “ئامین” یارب العالمین ی بۆ دەکەن. بە پێویستم زانی بە گوێرەی توانا و سەلیقەی خۆم شیکارییەک بکەم لەسەر ڕەهەندە سیاسیی و کۆمەڵاییەتیی و چینایەتییەکانی ئەم پێکەنین و گاڵتەجاڕییە، تا بزانین بەڕاست ئەم پۆلە پێشمەرگەیە تەنها بۆ پێکەنین و خۆشییەکی ڕووت ئەم دۆعا و نزایە دەکەن یان پاڵنەرێکی دیکەی لە پشتەوەیە.
بە بڕوای من و وەک هەمووشمان دەیزانین وتە و قسەکردن و دەربڕینەکانی هەرچ مرۆڤێک یان کۆمەڵە مرۆڤێک دەربڕینی بیر و ئەندێشەیە، دیارە هەرچ مرۆڤێک بە گوێرەی پاشخانە هۆشیاریی و ڕۆشنبیرییەکەی خۆی گوزارشت لە بیر و ئەندێشەی خۆی دەکات. زۆر جار مرۆڤە سادەکان، دەربڕینی زۆر قووڵ و گرنگ و بەهێزیان هەیە، وەلێ بە زمانێکی سادە و ساکار دەریدەبڕن، بە داخەوە گرنگی بەو زمانە سادەو ساکارە نادرێت و هەروا بە سانای بەسەرماندا تێدەپەڕێت. زۆربەمان کاک (عەبدوڵلە)مان لە شاری سلێمانی دەناسی، کە بە داخەوە لە پڕ بە جەڵدەی دڵ گیانی لە دەستدا، ئەم پیاوە بەڕێزە، ڕۆژانە لە داخی هەژاریی و داماویی و بێکاری دەیان دۆعای لە خەڵکی هەژار دەکرد و بە گاڵتە جاڕیەیوە دیەوت:” خوایە هەرچی فەقیەرە نانی بە ئاوی نەگات، خوایە دەوڵمەندەکان دەوڵمەندتر بکات”
ئەمەی لێردە دانراوە، لینکی دۆعاکردن و نزا و پاڕانەوەی ئەو پۆلە پێشمەرگەیەیە کە وەک ئاماژەم پێدا، لە فەیسبووکدا بۆ پێکەنین و خۆشی خەڵک بۆ یەکتری دەنێرێت. تکایە بە وردی گوێ لە دۆعا و نزاکانییان بگرن پێش ئەوەی شیکارییەکەی من بخوێننەوە!

یەک یەک دۆعاکانیان دەنووسمەوە و بە گشتی قسەیان لەسەر دەکەم:
1/ “یاڕەبی خوایە هەرچی ئاڵتون و ئەڵماس هەیە گشتی بکەیت بە تەنەکە”.
2/ “یاڕەبی خوایە هەرچی پارە و دۆلار هەیە گشتی ببێت بە قاقەز”.
3/ “یاڕەبی خوایە هەرچی باخ هەیە ببێت بە دڕک و داڵ”.
4/ “یاڕەبی خوایە هەرچی عیمارە و ڤێللە و قەسری بەرز هەیە ببێت بە کەپری حەسیر وەک ئەم کەپرە حەسیرەی ئێمە”.
5/ “یاڕەبی خوایە هەرچی بۆریە نەوت و نەوت هەیە هەمووی ببێت بە چڵکاو”.
6/ “یاڕەبی خوایە هەرچی سەیارەی مۆدێل بەرز و وەنەوشە و مۆنیکا هەیە ببێت بە (کەریم کابان)”…. (لەگەڵ ڕێزمدا بۆ مامۆستا کەریم کابان، من لێرەدا قسەکەی ئەوان دەنووسمەوە).

ئەگەر بە وردی لە دۆعاو نزاکانییان وردبیینەوە، ئەم پۆلە پێشمەرگەیە کە نموونەی هەزاران پێشمەرگەی هەژار و داماو و کەمدەستن، لە بێچارەییدا ڕق و کینەیان لە هەموو دەوڵمەندەکان و خاوەن باخەکان و پاردار و خاوەن دۆلارکان و خاوەن ڤێللە و قەسەرەکان و خاوەن سەیارە مۆدێل بەرزەکانە. بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە دژایەتی هەموو ئەمانە دەکەن لە ناخی خۆیاندا، ڕقیان لە هەموویانە، کەچی لە هەمان کاتدا چەکی پێشمەرگایەتییان هەڵگرتووە و پێیان دەوترێت پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکان، بۆ بەکارهێنانیان ڕۆژانە لە تیڤییەکانەوە و لە رۆژنامەکانەوە لە ڕادیۆکانەوە جگە لە خەڵکی گشتی بەسەر زاری بەرپسانەوە بەوپەڕی ڕێزەوە ناویان دەهێنن و بە پاڵەوان و بە ئازا ناویان دەبن. تەنانەت لەسەر قسەیەکی کاک عەدانان عوسمان کە تەنها ئەوەندی وت کە ئەم هێزە چەکدارانە هێزی میلییشیایین، مەسعود بەرزانی گوایە زۆر ڕێز لە پێشمەرگە دەگرێت و زۆر پێشمەرگەی خۆشدەوێت هەڕەشەی لێکرد و ڕایگەیاند کە ئەوانەی ناوی پێشمەرگە بە میلیشییایی دەبن لە کوردستاندا جێگەیان نابێتەوە!، لە کاتێلدا کە کاک عەدان عوسمان ئەو کاتە ئەندام پەرلەمان بوو.
هەمووشمان ئەو ڕاستییە دەزانین و چەندین جار لە خودی تیڤیەکانی پارتی و یەکێتیشەوە ئەو پێشمەرگانەی کە بە ناچاری و بە دەم گریانەوە بەرماڵی سواڵییان دادەخست لەبەردەم مزگەوتەکان و سەرشەقامەکاندا پیشاندەدران. کە بە بەڕوای من ئەمە شکۆشکاندن و بێڕێزییە کە بە پێشمەرگە دەکرا، کە بە دوومانگ جارێک ـ جگە لەو ماوەیەی کە ئەمریکا موچەی بۆ پێشمەرگە دەنارد ـ 500 هەزار دیانر دەدار بە پێشمەرگە. بەردەوام پێشمەرگە بەدەست کەمی موچەکەیەوە هاواری بوو. لەهامانکاتدا ئەفسەرکانیان و بە تایبەتی ئەفسەرە پلەدارەکانییان موچەی چەندین ملوێنییان وەردەگرت، ئەوان پۆشتەوپەرداخ و ئەمانیش هەژار و داماو، ئەوان بە کاروانی ئوتومبیلی مۆدیل بەرزەوە هاتوچۆیان دەکرد وئەمانیش زۆر جار بۆ کرێی سەیارەی هاتووچۆی بەرەی جەنگەکان دادەمان. ئەوان ژن و کچەکانیان تا نێوەی گەردن و قۆڵ و باڵیان لە ئاڵتون هەڵکێشراو، ئەمانیش کچ و ژنەکانیان ڕووت و قوت و لە ساڵێکدا دوو دەست جلی بۆ نەدەکڕدرا. ئەوان پڕ باخەڵیان لە دینار و دۆلار و ئەمانیش باخەڵیان خاڵی. ئەوان نەوت و گازەکەیان دەدزیی و دوکەڵ و پیسییەکەشی بۆ ئەمان.
کەواتە ئەم دۆعاکردن و پاڕانەوەیە لە خوا لە ڕق و کینەیەکی ڕەوایانەوە هاتووە بەرامبەر بە بەرپرسەکانییان و بەرامبەر بە دەوڵەمەندەکان. ئەم ڕق و کینەیە ڕق و کینەیەکی چینایەتییە. چینە هەژارەکان ئەگەر هیچیان پێنەکرا و بێ دەسەڵات بوون لە بەگژاچوونەوەی چینە چەوسێنەرکان خۆ هیچ نەبێت ئەوەیان پێدەکرێت کە ڕقیان لێیان بێت و بەم جۆرە بە گاڵتەجاڕییەوە ڕق و کینەکانییان هەڵڕێژن.
هەڵڕشتنی ئەم ڕق و کێنەیە، لە لایەک ئارامییان پێدەبخشێت، لە لایەکی تریش چونکە بە گاڵتەجاڕیی و پێکەنینەوەیە ناکەونە بەر لێپرسینەوە و سزادان لە لایەن بەرپرسە دڵڕەقەکانییانەوە.
دەربڕینی ئەم ڕق و کینەیە، ئەوەمان پێدەڵێت، کە چەوساندنەوەی چینایەتی بنەمای هەموو چەوساندنەوەکانە، لە هەموو چەوساندنەوەکان بە ئازارتر و گەورەترە.
بەڵام ڕەهەندێکی تری ئەم ڕق و کینە چینایەتییە، ئەوەیە کە هەژارانی کوردستان زیاتر لە سەد ساڵە بەوە گۆشدەکرێن کە چەوساندنەوە و زوڵم و زۆر و بێدەرتانیی و کەمدەستیی و ماڵوێرانی تەنها لە چەوساندنەوەی نەتەوەییەوە هاتووە، ئەگەر ئەم چەوساندنەوەیە بسڕێتەوە چیتر خەڵک ناچەوسێتەوە و هەژار و داماو نابێت!. ئەم پەروەدەکردنە کارێکی کردوە کە ڕاستی ئەوە لە بیرهەژارن بەرێتەوە کە لە پێش چەوساندنەوەی نەتەوەیی و گەورەتر لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی چەوساندنەوەی چینایەتیە کە مرۆڤەکان دەهاڕێت. هەژارانی وڵاتی ئێمە بەوجۆرە پەروەردەیەکی شۆڕشگێڕیی نەکراون کە لە یەککاتدا دەتوانرێت بە گژ هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوەدا بچێتەوە و دنیاییەکی بەختەوەر و یەکسان و دادپەروەر بۆ خۆی بێنێتە ئاراوە. ئەم پەروەدەیە لە لایەن هێزە ناسیۆنالیستەکانەوە کاری لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت گەورەترین هێزی بۆ دروستبکرێت و لە هەمانکاتدا بۆ ئەوەی ئەم هێزە دنیایی چەوسێنەران و دەوڵەمەندەکان تێکنەدات. ئەم پەروەدەیە لەهەموو شۆڕس و بە ناو بزووتنەوەکانی ڕزگاری خۆازییدا هەروا بووە.
بۆرجوازیەتی دواکەوتوی کوردستان بەم پەروەردە سەقەتە ناسیۆنالیستیی و دینییە، توانیویانە خەڵکێکی زۆری پێهەڵبخەڵەتێن و بیانکەن بە هێزێکی گەورە بۆ مانەوەی دنیا پڕ لە نایەکسان و نادادپەروەر و نا مرۆڤییەکەی خۆیان. ئەگەر وردبینەوە لە ماوەی 26 ساڵی حوکمڕانی ئەم حیزبە دەسەڵاتدارە ناسیۆنالیستیی و دینییانەدا، بەردەوام خەڵکی هەژار و داماو بوون بە پارێزەرییان و هەرچ کاتێکیش ویستبێتیان وەک ڕانە مەڕ مۆڵیان داون، یان ڕاپێچی بەرەی جەنگەکانییان کردوون. ئەم خەڵکە هەژارە بەردەوام بە هاژاری و داوماویی ماونەتەوە و حیزبەکان و مەکتەب سیاسییەکانیان و سەرکردەکانیان و بنەمالەکانیان و کەسوکارەکانییان و هەندێکیش لە بازرگانە چاوچنۆکەکان بە دەمەوڵەمەندی ماونەتەوە.
ئەم پەروەردەیە، لە بنەڕەتەوە پەروەردەی خێزانەکانە، چونکە خێزانەکانی وڵاتانی دواکەوتوو پەروەدەیەکی ترادسیۆنیی و کولتوورێکی دواکەوتویی بەسەرچوویان هەیە. دوای خێزانیش، هەمان پەروەردە لە باخچەکانی ساوایان و قوتابخانەکان و تەنانەت زانکۆکانیشدا منداڵ و مێرد منداڵ و خوێندکارەکانی پێ گۆشدەکرێت. کەواتە ئەم پەروەدەیە فەرهەنگێک دێنێتە ئاروە کە بریتییە لە فەرهەنگی چەوساندنەوە و ژێردەستەیی، بریتیە لە فەرهەنگی بێدەسەڵاتیی، بریتیە لە فەرهەنگی نەزانین و نەخوێندەاری، بریتیە لە فەرهەنگێکی پڕ لە نادیموکراتیی و نا یەکسانیی و نا دادپەروەریی.
بۆیە پێشمەرگە هەژارەکان، یان سەربازە هەژارەکان و زۆربەی زۆری خەڵکی گشتی هەژار و بەشمەینەت نازانێت چۆن شۆڕشگێڕانە شۆرشی خۆی بەرپا بکات دژی هەموو جۆرە چەوساندنەوەکان. ئەم پۆلە پێشمەرگەیە، بێ دەسەڵات و ناچارن، چونکە گۆشنەکراون بە پەروەردە و فەرهەنگێکی شۆرشگێرانە و ئازایانە. لە هەمانکاتدا پڕ لە ڕق و کینەن بەرامبەر بە چەوسێنەران، لە مزگەوتەکانەوە فێری ئەوە کراون کە خواوەند حەقی بزنی کۆڵ لە شاخدار دەکاتەوە، بۆیە ئەمانیش لە خوا دەپاڕێنەوە کە ماڵ و موڵکی هەموو دەوڵەمەندەکان وێرانبێت، لە جیاتی ئەوەی شۆرشێک بەرپابکەن بۆ دنیاییەکی پڕ لە بەختەوەری و یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت