عماد علی: ناوبانگه‌كه‌ی به‌هۆی بنه‌ماڵه‌كه‌یه و خۆی لێ بووه به ڤۆلتێر.
رۆژ نیه ده‌یان شیكردنه‌وه و نوسین و بابه‌تی وا ده‌خوێنینه‌وه كه ته‌نها له سه‌ر بنه‌مای پشتخانێكی كه‌سی یان حزبیی ته‌سك ده‌نوسرێت و سه‌تان پێشبینی و بۆچون بڵاوده‌كرێته‌وه كه نه‌ك وه‌ك خۆی ده‌رناچێت به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌ی رووده‌دات و چه‌ندین هه‌ڵسه‌نگاندنه ده‌كرێت دوور له ئاراسته‌ی نوسینی راستكۆیانه و بابه‌تیانه و ته‌نانه‌ت ته‌نها له روانگه‌ی بۆچونی زۆر ته‌سكی شارچێتی یان كهسچێتیهوه ده‌رده‌برێن. ئه‌وه باسی هه‌مه‌چه‌شنی نوسینه‌كان ناكرێت كه خۆی له خۆیدا دووره له ئه‌و قسانه‌ی به خۆیان ده‌یكه‌ن كه هه‌موو شتێك پسپۆرێتی ده‌وێت و ده‌بێت نوسه‌ریش تایبه‌تمه‌ندی نوسینی خۆی هه‌بێت و نوسه‌ری فره‌چه‌شن واته وه‌ك كاره‌كته‌ری نێو چێشتی مجێورئاسا ده‌بێت و نوسینه‌كانی زانستیانه ده‌رناچێت.
كه‌س نیه نه‌زانێت به سه‌تان خه‌ڵكی پر توانای هه‌مه‌جۆری ئه‌ده‌بی و زانستی له زانكۆكانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌شی هه‌ن كه‌س ئه‌وه‌نده نه خۆیان و نه‌ش به‌رهه‌مه‌كانیان یانخوێنێتهوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه حزبین نه‌ش پیاوی كه‌سن، یان له قسه كردن له‌سه‌ر ئه‌م وه‌زعه ئاڵۆزه‌ی كوردستان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن بێهوده بوون و قه‌ناعه‌تیان به‌وه هه‌یه كه هیچ شتێك ئامانجی خۆی ناپێكێت. كه‌چی كاكی برا به‌هۆی ناوبانگ‌و شوهره‌تی مێژووی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه له رووی رۆشنبیری یان سیاسیه‌وه بێت خۆی لێ بووه به فۆڵتێر و كێسنجه‌ر و به راست و چه‌پدا ویعاز ده‌دات و شیكردنه‌وه‌كانی به مه‌به‌ست ده‌نوسێته‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی له بنه‌چه‌دا ده‌بێت له ژێر كاریگه‌ری نابابه‌تیانه‌ی ده‌روه‌ی خودی نوسینه‌كه‌یه و خۆی فه‌رزكردووه به‌سه‌ر مێشك و ده‌روونی نوسه‌ره‌كه. تۆمه‌تبارت ده‌كات به ره‌گه‌زپه‌رست و نه‌ته‌وه‌یی دواكه‌وتوو و به‌خۆی تا ئێستا له ژێر كاریگه‌ریكانی شارچێتی ده‌رنه‌چووه! و نه‌گه‌یشتووه به فكری نه‌ته‌وه‌یی كه له سه‌رووی شارچێتیهوهیه.
به خۆم براده‌رێك ده‌ناسم ( ناو و ناوبانگیشی هه‌یه) بیروبۆچونه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك بنیات ده‌نێت كه خه‌ڵكی ئاسایی به قێزه‌وه لێی ده‌روانن، له روكه‌شدا خۆی به مرۆڤدۆستانه و ته‌نانه‌ت بیری چه‌پی دونیایی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و كه‌چی سالێكی ته‌واو خه‌ریكی ئه‌وه بوو ناونیشانی جێنشینیهكهی له (تهزكهرهكهی) واته شوناسنامه‌ی باری شارستانی له ده‌ره‌وه‌ی شه‌ستی سلێمانیه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ ناوه‌وه‌ی، نه‌وه‌كو به خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی سلێمانی له‌قه‌ڵه‌م نه‌درێت و له‌و لاشه‌وه لافوگهزافی مرۆڤدۆستی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی لێده‌دات. تۆ ته‌ماشای ئه‌م یهكتربر و دژبهیهكیه بكه له‌م جۆره كه‌سانه‌دا كه جگه له زه‌ره‌رو زیانی گه‌وره به پرسی سه‌ره‌كی گه‌لی كوردستان هیچیان لێ ناكه‌وێته‌وه.
جا خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری راسته‌قینه ده‌بێت له دوور روانینیدا له ناوه‌خنی نوسین و راوبۆچونه‌كانی ئه‌وه‌نده به گشتی قسه بكات كه فكر و بیر‌و هۆشی بۆ سه‌رجه‌م گه‌ل بێت و هیچ كه‌سێك به‌قه‌د ئه‌و له ره‌فتار و كرداردا كوردستانیانه نه‌بێت و بیسه‌لمێنێت كه دلسۆزی گه‌له‌كه‌یه پێش هه‌ر شتێكی تر و، گۆرانكاری له هه‌ڵوێست و بۆچونه‌كانی په‌یوه‌ست نه‌بێت له‌گه‌ڵ كۆرانكاریه حزبی و سیاسیه‌كانی كوردستان و له‌ولاشه‌وه خۆی به بێلایه‌ن له‌قه‌ڵه‌م بدات. بۆ نمونه له‌ئاست پرسێكی گرنگی وه‌ك دۆراندنی كه‌ركوك نه‌ك له خۆشی‌دا گه‌شكه بكات، به‌ڵكو كتومت به هه‌مان بۆچونی حزبێكه‌وه بروانێت و ته‌نانه‌ت پاساو بۆ هه‌ڵه‌كان بێنێته‌وه و تیۆریزهشی بۆ بكات. ئه‌م جۆره كه‌سانه، هیچ كه‌سێك داوای ئه‌وه‌ی لێ نه‌كردوون كه بنه‌ماڵه‌كه‌یان یان شاره‌كه‌یان خۆش نه‌وێت، به‌ڵام ته‌نها لادان به‌ره‌و بۆچونێكی ته‌سكی شارچێتی و ته‌نانه‌ت گهرهكچێتی له رۆشنبیری گشتی راسته‌قینه ده‌رت ده‌كات بۆ هه‌مووان ده‌یسه‌لمێنێت كه ئه‌و پێگه‌یه‌ی تێیدایت زیاتر له‌به‌ر بنه‌ماڵه یان باوك و باپیره رۆشنبیره بهناوبانگهكهته زیاتر له‌وه‌ی به خۆت شایانی بیت و، ئێستا به هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌كانت زیان له سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان بده‌یت و خه‌ڵك وا بزانن به راستی تۆ جانجاك رۆسۆیت به‌رێزه‌كه‌م. ده‌بێت به خۆت بزانیت كه خه‌ڵكانێك له‌تۆ رۆشنبیرتر و به تواناتر هه‌ن و به هه‌ڵوێست و بیریان راستورهوان و روونترن و مێژوویهیكی جوانیشیان هه‌یه و، لێیان هه‌یه بۆ دوو ده‌یه زیاتره قسه كردن به زیان ده‌زانێت له‌وه‌ی قازانجی هه‌بێت و ته‌نها ته‌ماشا ده‌كات و وه‌زعه تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆیشی ئیستغلال نه‌كردووه كه خۆی بكاته زانا و دانا له ئاست ئه‌م میله‌ته به‌ش مه‌ینه‌ته‌و به قسه و وشه ریزكرن زیاتر زیانیان پێ بگه‌یه‌نێت له‌وه‌ی قازانجی لێ بكه‌ن، بۆیه ده‌ڵێت كه نه‌توانم شتێك چاك بكه‌مه‌وه با به قسه زیاتر تێكی نه‌ده‌م.
گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئه‌مانه ئه‌وه‌یه كه له وه‌زعێكی تایبه‌تی ته‌نها له روانگه‌ی بینینی ئه‌و كاته‌ی تێدا ده‌نوسن و خودی رۆژه‌كه به ته‌نها به دوور له دوارۆژ له‌به‌ر چاو ده‌گرن و نه‌ك دووربین نین، به‌ڵكو هه‌موو خه‌ته سوره‌كانی بارودۆخێكی وه‌ك كوردستان ده‌به‌زێنن و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی بیری لێنه‌كه‌نه‌وه قازانج و بهژهوهنی گشتی و زیانی وشه ریزكردن و بۆچوندهربرینهكهیانه، نه‌ك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك به‌ڵكو له‌سه‌ر سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان و، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها وه‌ك مۆدێل و له‌به‌ر ناوبانگی پشت به ماڵباته رۆشنبیره‌كه‌ی، زیاتر گه‌نجان روو له خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌مانه ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی بیر‌و هۆش و بۆچون و فكر و مێژوویان بناسن. به‌م شێوه‌یه نه‌ك هه‌ر سیاسه‌تمه‌داران به‌ڵكو رۆشنبیرانیش بونه‌ته رێگرێكی گه‌وره له پێشكه‌وتنی رۆشنبیری و سیاسی له‌نێو ئه‌م میله‌ته سته‌مدیده‌دا، ئه‌گه‌ر به خۆیان بزانن یان نا. بۆیه له‌م كاته زۆر زۆر هه‌ستیار و چاره‌نوسسازه‌دا كه له دوریانێكی خهتهرناكداین پێویست بوو سه‌رجه‌م رۆشنبیران به وردی له‌م مه‌سه‌له بروانن و زیاتر پاش قۆناغه‌كه له‌به‌رچاو بگرن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت ته‌نها وشه‌یه‌كیش نه‌دركێنن كه قازانج نه‌گه‌نێت به مه‌سه‌له زۆر گه‌وره و چارهنوسسازهكهمان له‌م كاته‌دا.
تێبینی: چه‌ندجار ئه‌م نوسینه‌م دواخست كه به ره‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر بۆ كه‌سانێك له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م كه تائیستا بێ هیچ بنه‌مایه‌ك بوغرابوون و میلهتهكهش زیانیان لێده‌بینێت، به‌ڵام نوسینێكی نابه‌رپرسانه‌ی یه‌كێك له‌و به‌ناو رۆشنبیر و نوسه‌رانه كه به هۆكاری بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه خۆی فه‌رزكردووه و ده‌ربرینه‌كه‌ی بێ له‌به‌رچاوگرتنی هیچ بنه‌مایه‌كی گشتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كوردستانی نوسیوه و به‌ڵكو دژ به وه‌زعی ئێستامان ده‌كه‌وێته‌وه نوسیوه و له چه‌ندین شوێنیش بۆی بڵاو كراوه‌ته‌وه، داخه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی پێویست كرد ئه‌م نوسیهنه بلاو بكه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت تۆزێك به‌خۆیاندا بچنه‌وه و باره رۆشنبیریهكهش زیاتر به ده‌ردی وه‌زعه سیاسیه‌كه نه‌برێت .