بورهان شێخ ڕەئوف: خورماتوو برینێکى ترى بەسوێ.
یەکەم جارو دواجار نابێت کارەسات و جینۆساید و ئەنفال و قڕکردن ببێتە دیارى بۆ خەڵکى کوردستان بە پاساوى تیرۆریست و ئاژاوەگێڕى و جووداخوازى لەلایەن وڵاتان و میللەتانى دراوسێى کوردەوە لە کاتێکدا لە مێژووى دوورنزیکى کوردا هەر لە حاڵەتى بەرگریدا بووەولەسەرخاک و ماڵى خۆى.
ئەگەرچى من چاوەڕوان نەبووم دواى جینۆسایدى ئەنفال و کیمیابارانى هەڵەبجەو تێکدان و خاپوورکردن هەزاران گوندو سەدان شارۆچکە و دواى پرۆسەى ئازادى عێراق و و حوکمڕانى کورد لە هەرێمى کوردستان، کورد جارێکیتر بەرشاڵاوى دڕاندانەى وەکو شەنگال و خورماتوو بکەوێت، وام دەزانى ئیتر نەوەکانمان هەر لە لاپەڕەکانى مێژوودا ئاشناى ئەو کارەساتە جەرگبڕانە دەبنەوە.
ئەوەى لە خورماتوو ڕوویدا زۆر کارەساتێکى شەرم هاوەرو برینێکى بەسوێ بوو هەر لە کووشتن و بڕین و تاڵان و دستدرێژى بۆ سەر شەرف و نامووسى خەڵکى بێتاوان و سڤیل و ڕاکێشان و شێواندنى تەرمى قوربانیەکان و سووتاندنى ماڵو حاڵى خەڵک و دەربەدەرکردنیان و زۆر شتى تر و تاوان وگەورە کەدەچنە خانەى تاوانى جەنگەوەو گەلێک چیرۆکى سامناک کەحەزناکەم لێرەدا باسیان بکەم.
هەموو ئەوانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە عێراق خاوەنى دەستووروپەرلەمان و حکومەتو یاساو دادگا و پۆلیسى ئیتیحادى و سوپایە لە هەرێمیش بە هەمان شێوە خورماتوو نە هێڵى پێشەوەى جەنگە و نەوڵاتێکى داگیرکراو، بەڵکو خەڵکەکەى بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ساڵانێکى دوورو درێژە بە بێ کێشە بەیەکەو ژیاون دەکرێت بپرسین خێرە لەم ساڵانەى دواییدا و لە عێراقى بەناو نوێدا هەموو ئەو تاوانانانە ئەنجام بدرێت؟
ئەمجارە خورماتوو بەر شاڵاوێک کەوت کە هاوپەیمان و هاوسەنگەرەکانى کورد سەرکردایەتى دەکەن کە لە ڕابردوودازۆرێک لەوانە لەڕیزەکانى ئۆپۆزەسیۆنى عێراقدا بوون لە کوردستاندا چالاکى سیاسى و سەربازییەکانى خۆیان ئەنجامداوە و پێکەوە دەستوورى عێراق و زۆر دەستکەوتى تریان تۆمارکرد بۆیە ئازارەکەى بە سوێتر و نیگەرانیەکەى گەلێک قورسترە.
بەڵێ خورماتوو ئەو شارۆچکەیەى کە لە مێژووى نزیک و شۆڕشەکانى کوردستاندا پێگەو ڕێگەى گرنگ و دیارى هەبووە قوربانییەکانى ئەوان هەمیشە لاپەڕەیەکى پرشنگدار و داستانى قارەمانێتى و بەرخۆدان و گیانبازى گەورەن کە ناکرێت لە وتارێکى وا کورتدا من هەموویان بەیان بکەم .
خورماتوو ئەو شارە کارەساتبارەى قوربانى دەستى لاوازى یاساو دامودەزگاکانى دەوڵەتە ئەگەر لە پێشوودا هەربەهەمان هۆکار چەند کێشەو ململانێیەکى ئتنیکى و تائیفى سەرى هەڵدابێت دواتر تەشەنەى کرد بێت لە نێوان پێکاهاتەکانى دا بە تایبەتى کوردو تورکمان بە هەردوو ئاینزاى شیعەو سوونەوە ڕێى بۆ ئەو تاوانانە خۆشکردبێت ئۆباڵ بەرپرسیارێتیەکى دەکەوێتە سەر کاربەدەستانى هەردوو حکومەتى ناوەند و هەرێم بەڵام بە پلەى جیاواز و دەکرێت کۆمیتەیەکى لێکۆڵینەوەى بێلایەنى بۆ پێکبهێنرێت بەهاوبەشى یونامى واتە نەتوەیەکگرتووەکان لە عێراق بۆ ئەوەى لە ڕێگەى یاساوە چارەسەر بکرێت.
هەموو ئەمانە ڕوویداوە دکتۆر حەیدەر عەبادیش سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى حکومەتى ئیتیحادى عێراق لە پرێس کۆنفرانسى هەفتانەى خۆیدا ئاماژەى بۆ کارەساتەکانى خورماتوو کرد و وتى پێشێلکارى ڕوویداوە و کاردانەوە بووە، ڕاستە وتەکانى ئەو بەڵام ئەوە کارو ئەرکى حکومەتە ڕێگرى بکات لە کاردانەوەو و یاسا جێ بەجێ بکات و تاوانبان و دەستدرێژکاران بۆ سەر خەڵکى سڤیل بێتاوان بپارێزێت و دەستگیریان بکات و پێشبگرێت لە تاوان و بێحورمەتى بە خەڵکى ئەو شارە لەلایەن هەرتاقم گروپێکەوە بێت.
لە ئێستادا خەڵکى خورماتوو بە تایبەتى پێکهاتەى کورد دەربەدەرى دەشت ودەر بوون ئەو شارە ئازارى زۆرى پێگەیشتووە و حکومەتى عێراق و ئەنجوومەنى نوێنەران و هەموو لایەنە سیاسى و مەرجەعە ئاینیەکانى عێراق باس لە دەستوورو یەکپارچەیى خاکى عێراق دەکەن لە کاتێکدا خورماتوو لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە نزیکترن شوێنى ناوچە جێناکۆکەکانە لە بەغداى پایتەختەوە ئایا ئەوان چ چارەسەرو دەستەڵاتێکى دەستوورى عێراقیان بەکار هێناوە بۆ ئاسایى کردنەوەى دۆخى ئەو شارە تێکۆشەرو خۆشەویستە؟
یان یەکپارچەیى و پێکەوژیان و دەستوور و یاساو مافى مرۆڤ و یەکسانى هەر وشەى بریقەدارو دروشمن بۆ کاتى هەڵبژاردنەکان و سەپاندنى هێزوو هەژموون بە ئاگرو ئاسن کەرەسەى ئاسان و خۆشدەسن بۆ کۆتایى هێنان بە ناکۆکییەکان؟