تێکۆشەر حوسەین: شەڕی ناوخۆ چی بوو، لە پێناو چی بوو؟
ئەگەرچی شەڕیی ناوخۆ ڕەگ و ڕیشەی لە مێژینەی هەیە، هەر لەسەرەتای قوڵ بونەوەی ناکۆکیەکان سەردەمی ملا مستەفا بارزانی و برایم ئەحمد و تاڵەبانی و جیابونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی شەڕیی ناوخۆ دەستی پێکرد، کەوتنە تۆمەت بەخشینەوە و ناشیرن کردن و تخوین کردنی یەکتر بە عەمیلی وڵاتان و هەوڵدان بۆ مۆرکردنی ڕێککەوتنی دژ بەیەکتر لەگەڵ ساواک و مۆساد و بەعس و… هتد.
ئیدی وای لێهات دوای ڕاپەرین لە یەکەم هەڵبژاردنیشدا نەیانتوانی ملکەچی بەرهەمی شۆڕش و خەباتی چەندین ساڵەیان و خوێنی شەهیدان بن، نەیانتوانی ڕێز لە دیموکراسیەت و هەڵبژاردن بگرن، بەجۆرێک وای لێهات ئامانج لە شۆڕش لای ئەوان لە بری ئەوەی ئازادی گەل بێ، کەچی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات بوو.
هەریەک لە تاڵەبانی و بارزانی پۆست و دەسەڵات و داهاتی گومارگ و خاڵە سنوریەکان و نەوت وایلێکردن جەنگی ناوخۆیی بەرپابکەن، بەپێی ئامارێکی نافەرمی یەکێک لەو هۆکارە سەرەکیانەی بوە ئەنجامی بە کوشتدانی سی و شەش هەزار ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە ( گومرگی ابراهیم خلیل ) بوو، کە بۆ یەکەم جار لە بەرواری 02-05-1994 یەکەم تەقە و زەنگی براکوژی لێدرا، بە پێی ڕاپۆرتی بریکاری CIA ڕۆبرت بێرت ئاماژەی پێداوە بە پەلکێشکردنی سوپای بێگانەی تورکیا و پاسدارانی ئێران بۆ ناو خاکی هەرێم، دوای چەندین ئاگربەست و کۆبونەوە و ڕێک نەکەوتن لەسەر داهات و خاڵە سنوریەکان شەڕەکە درێژەی کێشا، هەردوو لا لەڕێگەی بە قاچاغ بردنی داهاتی سروشتی بۆ هەریەک لەدوو ووڵاتی تورکیا و ئێران و هەرزان فرۆشکردنی بۆئەوەی خۆیان پڕ چەک بکەن لە پێناو شەڕی ناوخۆیی دا.
هەردوولا هەڵسان بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی بەندی 688 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دواتر کارگەیشتە ئەوەی گەورەترین خیانەت بکرێ ئەویش پەلکێش کردنی هێزی گاردی نیشتمانی و بەعس و تانک و زرێپۆشەکانی حکومەتی ڕژێمی پێشوی سەدام حسین بۆ ناو پایتەخت و پەرلەمان ،تا ئێستاش ئاسەواری شەڕی ناو خۆ و خیانەتەکان بەسەر هاونیشتمنیان و خاک و پەرلەمان و دیموکراسیەتەوە بوونی هەیە.
ئیدی ئەمریکا هاتە خەت بۆ ناوبژیوانی ئەوەبوو لە بەرواری 17- ئەیلولی 1998 ڕێکەوتنامەیەک واژۆبکەن بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (مادلین ئۆڵبرایت) لە واشنتۆن بە ئامادەبوونی تاڵەبانی و بارزانی. هەرخۆشیان لە موئتەمەرێکی ڕۆژنامەوانیدا تەوقەیان کرد و دواتر هاتنەوە ووتیان: ئەوە ئێمە نین ناکۆکیمان هەیە، ئەوە خەڵکە کێشەیان هەیە و شەڕی براکوژی بەرپادەکەن !
دوای نزیکەی بیست ساڵ ئێستاش ئەمانە تەنها لەسەر ئەوە ڕێککەوتون چۆن داهاتی وڵات بەش بکەن لەنێوان خۆیان، ئەگینا لەسەر هیچ شتێ ڕێک نین، تەنها خاڵی هاوبەش خیانەت و دزی و بەتاڵان بردنی داهاتی گەل و هاونیشتمانیانە.
ئەوەتا لە دوایین ڕێککەوتنی ژێربەژێریان دۆزی کوردیان لە کروک گەڕاندەوە بۆ پێش 2003 و لە دوایین ڕێککەوتنیان لە ئەنجامی کەڵەکەبوی هەڵەکانیان لە سیاسەتدا خریکی ئەوەن تەواوی خاڵە سنوریەکان بە ئیبراهیم خلیلیشەوە ڕادەستی دوژمنەکانیان بکەنەوە کە تورکیا و عێراقن، کەچی ساڵانێکی زۆر ڕۆڵەی خەڵکی بێنازی ئەم نیشتمانەیان دا بەکوشت و دایکیان جگەر سوتاو کرد.